٢٤\٧\٢٠١٤
ئازادیخوازان له
حکومه‌تدا.*
دانییل گیرین |

و. لە عەرەبییەوە: سەلام عارف |
پاش ئه‌و هه‌موو ڕه‌زاگرانکردن و له‌کاویکردنی
حکومه‌ته، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌ناکاو ئازادیخوازه‌کانی ئیسپانیا که‌وتنه
سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی حکومه‌تدۆستی، له (به‌رشه‌لۆنه) دوای شۆڕشی ١٩ی ته‌موز،
به‌ماوه‌کی کورت دیمانه‌یه‌ك له‌نێوان چالاکی ئازادیخواز (گارسیا
ئۆلیڤه‌رGarcia Oliver) و بۆرجوا لیبریال (کۆمپانیسCompanys) سه‌رۆکی
گشتی کاتالۆنیادا ئه‌نجامدرا، (ئه‌و سه‌رۆکه له پله‌که‌یدا مایه‌وه،
هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا ڕازیبوو ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆسته‌ی خۆی ببێت،
کۆنفدرالی نیشتمانی بۆ کار و نێونەتەوەیی فیدراسیۆنە ئەنارکیستەکان،
دەستبەرداری پەیڕەوکردنی"دیکاتۆریی" ئازادیخوازانە ببن، له نێوه‌ڕاستی
سێپتەمبەردا ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا، بۆ هاریکاریکردن له‌ته‌ك چه‌ند
ده‌سته‌یه‌کی چه‌پڕه‌وی دیکەدا، هه‌ر ئه‌و کاته‌ش بوو، که داوایان له
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی حکومه‌تی نێوه‌ندی (لارگۆ کبالیرۆ Largo
Caballero) کرد، که له پازده که‌س (ئه‌نجومه‌نی به‌رگری) دروستبکات،
ئه‌و ڕازیبوو، که ئه‌و ئه‌نجومه‌نه دروستبکات، به‌ڵام له پێنج که‌س،
ئه‌و داواکارییه خۆی له خۆیدا، به‌چه‌شنێکی دیکە و به‌ناوێکی دیکە‌وه
لایه‌نگریی بیرۆکه‌ی به‌شداریکردن له حکومه‌تکارییدا بوو. ئازادیخوازه‌کان
ڕازیبوون، کە به چه‌ند پله‌یه‌کی وه‌زیری له هه‌ردوو حکومه‌ته‌که‌دا
به‌شداربن، واته حکومه‌تی گشتی کاتا‌لۆنیا و حکومه‌تی مه‌درید، له ١٤ی
نیسانی ١٩٣٧ له نامه‌یه‌کی کراوه‌دا بۆ هاوڕێ خاتوو (فێدریکا مونتسنی
Federica Montesney) ئازادیخوازه‌کان به‌وه تاوانبارکران، که به‌شداریکردنیان،
له بارمته‌یی و ڕوکه‌شی ڕامیاریی و ماستاوکردن ده‌چێت بۆ دوژمنی
چینایەتی**، له واقعیشدا هه‌روابوو،چونکه
ئه‌و ده‌وڵه‌ته، که ئه‌وان خۆیان پێداهه‌ڵواسیبوو، هه‌ر ده‌وڵه‌ته
بۆرجوازییه‌که بوو، که وه‌ك خۆی مابووه‌وه، فه‌رمانبه‌ره‌کانی و
سیاسه‌تبازه‌کانی، بەرانبەر به کۆماری بێوه‌فا بوون ، که‌واته له
وه‌ها حاڵه‌تێکدا، ئه‌و گه‌مژه‌ییه بۆچی؟
شۆڕشی ئیسپانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌کی پرۆلیتاری بوو دژی کوده‌تای دژه-شۆڕش،
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌ها پێویستبوو، که جه‌نگاوه‌ره‌کانی دژه
فاشیزم دژی سه‌ربازانی به‌تالێونه‌کانی فرانکۆ بجه‌نگن، هه‌ر ئه‌وه‌ش
بوو وه‌هایکرد له سه‌ره‌تاوه شۆڕش سیفه‌تێکی خۆبه‌رگری وه‌ربگرێت،
واته سیفه‌تێکی سه‌ربازی به شۆڕش به‌خشی، له به‌رامبه‌ر مه‌ترسییه‌کی
ئاوا هاوبه‌شدا ئازادیخوازه‌کان چاریان ناچار بوو، ده‌بوو په‌نایان بۆ
یه‌کێتی له‌ته‌ك هێزه سه‌ندیکاییەکانی دیکدا ببردایه، هه‌روه‌ها له‌ته‌ك
ئه‌و پارتییە ڕامیارییانه‌شدا، که ئاماده‌بوون ڕێگه له‌و یاخیبوونه
بگرن، واته کوده‌تا سه‌ربازییه‌که، چه‌نده هێزی فرانکی هه‌ڵکشایه و
زیاتر پشتگیری فرانکیستی بکردایه، هێنده زیاتر ململانێ دژی فاشیزم ده‌بووه
جه‌نگێکی ڕاسته‌قینه، جه‌نگێکی سه‌رتاپایی له جۆره کلاسیکییه‌که‌ی،
نه‌ده‌کرا ئازادیخوازه‌کان له‌و ململانێیه‌دا به‌شداریبکه‌ن،گه‌ر زیاتر
و زیاتر له‌سه‌ر ئاستی ڕامیاریی و سه‌ربازی ده‌ستبه‌رداری بیروباوه‌ڕه‌کانیان
نه‌بوونایه، چونکه به بیر و بۆچوونی ئه‌وان وابوو، مه‌حاڵه به‌بێ
بردنه‌وه‌ی جه‌نگ، سه‌رکه‌وتنی شۆڕش مسۆگەربکرێت، واته سه‌رکه‌وتنی
شۆڕش پابه‌ندی بردنه‌وه‌ی جه‌نگه، له‌به‌رئه‌وه جه‌نگیان له پلەی یه‌که‌مدا
ڕیزکردبوو، (سانتیان) واته‌نی "هه‌موو شتێکیان کرده قوربانی" له‌و
بواره‌دا ڕه‌خنه‌کانی (بێرنێري Berneri) له ڕیزبه‌ندی یه‌که‌می جه‌نگ،
هیچ ده‌نگدانه‌وه و به‌هایه‌کی نه‌بوو، ئه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرده‌وه،
که تێکشکانی فرانکۆ، به‌بێ جه‌نگێکی شؤڕشخواز مه‌حاڵه، خه‌فه‌کردنی
شۆڕش بێهێزکردنی چه‌کی سه‌ره‌که‌ی کۆمارییه، واته به‌شداریکردنی گه‌رمووگوڕی
جه‌ماوه‌ره، له‌وه مه‌ترسیدارتر ئیسپانیای کۆماری ملکه‌چی بڕینی په‌یوه‌ندییە
دیموکراتییه ڕۆژئاواییه‌کان بوو، که به کێشکردنی سوپاکانی فاشیزم هه‌ڕه‌شه‌ی
ده‌کرد، ئیسپانیای کۆماری بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌رده‌وامبێت، پێویستی
به یارمه‌تی سه‌ربازی ڕوسی بوو، ئه‌و یارمه‌تیه‌ش پابه‌ندی دوومه‌رج
کرابوو:
١- ده‌بێت پارتی کۆمونیستی ئیسپانی زیاتر له ئازادیخوازه‌کان له‌و
یارمه‌تییه سودمه‌ندبێت.
٢- ستالین خوازیاری سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوو له
ئیسپانیا، نه‌ك هه‌ر له‌به‌رئه‌وه، که ئه‌و شۆڕشه،شۆڕشێکی
ئازادیخواز ده‌بێت، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ش بوو، که یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له‌ته‌ك
بازنه‌ی دیموکراتییه‌کاندا دژی هیتلەر هاوپه‌یمان بوو، ئینگلته‌ره'ش
له ڕێگه ئه‌و بازنه دیموکراتیانه‌وه هاوپه‌یمانی سۆڤیه‌ت بوو،
سۆڤیه‌ت له‌وه تۆقی بوو، که ئه‌و شۆڕشه سه‌رمایه‌کانی ئینگلته‌ره
داگیربکات، پارتی کۆمونیستی ئیسپانی نکۆڵی لە هەبوونی شۆڕش له
ئیسپانیا ده‌کرد، له دیدی ئه‌و پارتییه‌دا ئاوا بوو، که حکومه‌تێکی
ڕه‌وا هه‌یه و ،سه‌رقاڵی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی یاخیبونێکی سه‌ربازییه.
دوای چه‌ند ڕۆژێکی خویناوی له ئایاری ١٩٣٧ له به‌رشه‌لۆنه، له
ژێر سه‌رکردایه‌تییه‌کی ستالینیستیدا، هێزه‌کانی ڕژێم کرێکارانیان چه‌ککرد
و ئازادیخوازه‌کانیش به‌ناوی یه‌کێتی کاره‌وه دژی فاشیزم ڕێگرییان
لەوە کرد، که کرێکا‌ران به‌رپه‌رچی هێرشه‌که بده‌نه‌وه، ئازادیخوازه‌کان
گلابوون له هه‌ڵه تاریکه‌کانیانه‌وه و نوقمی هه‌ڵه‌ی به‌ره‌ی گه‌لی
بووبوون، ئه‌وه به‌و جۆره مایه‌وه، تا تێکشکانی کۆتایی کۆماریخوازه‌کان،
ئه‌و باسه له دەرەوەی چوارچێوەی ئه‌م په‌ڕتوکه‌دا یه.
_______________________________
په‌ڕاوێز:
*
په‌ڕتووکی (الأنارکیة من العقیدة الی الممارسة، دانییل غیرین) خوێنه‌ری
هێژا،تکایه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته دامه‌بڕه ،له بابه‌تی(شۆڕش
نه‌ك ڕامیاری).
**
کۆمه‌ڵه‌ی نیونەتەوەیی کرێکا‌ران [A.I.T]، که کۆنفدرالی نیشتمانی بۆ
کار به‌شێکیەتی، له ١١-١٣حوزه‌یرانی١٩٣٧ لە پاریس کۆنگره‌یه‌کی
نائاسایی به‌ست، له‌و کۆنگریه‌دا له‌سه‌ر پرسی به‌شداریکردن له حکومه‌تدا،
ڕه‌خنه‌ی له کۆمه‌ڵه‌ی نیونەتەوەیی کرێکا‌ران [A.I.T] گرت. هه‌ره‌ها
ڕەخنە له‌و ده‌ستبه‌رداربوونانەی که له پێناوی ئه‌و به‌شداریکردنه‌دا
ئەنجامیداون گرت، (سیباستیان فۆرێ) بڕیاریدا کە له ژمارەکانی گۆڤاری (لو
لیبرتر) ٨، ١٥، ٢٢ چه‌ند بابه‌تێك له‌ژێر تایتڵی ( المنحنی المشؤوم) ئه‌و
بابه‌تانه ده‌رباره‌ی به‌شداریکردنی ئازادیخوازان له حکومه‌تدا،کۆنفدرالی
نیشتمانی بۆ کار ئه‌رکێکی زۆری کێشا بۆ لابردنی(پییەر پێنار) سکرتێری
کۆمه‌ڵه‌ی جیهانی بۆ کار.
ماڵپه‌ڕی سه‌لام عارف
|