ئازاره‌کانی ( دوعا ) .. ئازاره‌کانی خۆمی له‌یادکردووم.
که‌ژاڵ ئیسماعیل
زۆر سته‌مه کاتێک مرۆڤ ڕوبه‌ڕوی ڕاستییه‌کی تاڵ ئه‌بیته‌وه ، ڕاستییه‌کی زیندوو ، ڕاستییه‌ک چه‌ن خۆمانی له‌ده‌ست قوتار بکه‌ین ئه‌و زیاتر ئازارمان ئه‌دات .. ڕاستیه‌کانی ئێمه هه‌میشه تاڵن .. له‌مێژه بووینه‌ته سووتماکی ئه‌و ئازارانه‌ی ده‌ستبه‌ردارمان نابن .. له‌گه‌ڵ یه‌که‌م قومی شیر ده‌ڕژێته نێو ده‌ممان و تێکه‌ڵ جه‌سته‌مان ئه‌بێت بۆ ئه‌به‌د .. ئاخر ژیان لای ئێمه ته‌نها گه‌مه‌یه به شته جوانه‌کان و پێکه‌نیه به‌و ڕاستیانه‌ی پڕن له‌مه‌رگه‌سات ، لای ئێمه ژیان هه‌یه وه‌لێ مه‌رگ زاڵه ، پێکه‌نین قه‌د‌غه‌نیه که‌چی له‌گریاندا ئازادی خۆمان ئه‌دۆزینه‌وه ، سه‌ربه‌ستی به‌ناو سه‌نراوه که‌چی کۆیله‌ین بۆ هه‌میشه‌ییی و زاتمان نییه به‌ده‌نگێکی زوڵاڵ هاوار بکه‌ین ئێمه هه‌ین ، کتێب زۆره و خوێنه‌ر مه‌یلی وا به‌لای هێڵه‌کانی سه‌فه‌ره‌وه تا ساتێک زووتر له‌د‌ست هه‌راسانی ده‌رباز بێت ، لای ئێمه ده‌شت سه‌وزه و ئاسمان شینه ڕووبار پڕه له‌هاژه و حه‌زمان به سه‌یرانه له‌سه‌ر ڕۆخی ئه‌و ڕووباره شیرینه‌ی ته‌نها به‌مناڵی ڕێیان ئه‌داین بێ گوناهیمانی تیا بشۆینه‌وه .. له‌نێو ڕیزی ئه‌و هه‌موو کۆشک وته‌لاره ڕازاوانه‌ی شاردا بۆشاییه‌ک نییه ماڵێکی بۆ ژیان تێدا چێ بکه‌ین و و به‌سه‌ربه‌ستی بیکه‌ینه هێلانه‌ی حه‌زه‌کانمان .. ژیان لای ئێمه ته‌نها ژاوه‌ژاو خۆماندوکردنه .. گه‌ڕانه به‌دوای هیچدا .. خوێندن ته‌نها بۆ خۆقوتارکردنه له نه‌خوێند‌واری ، فه‌لسه‌فه کاری پێناکرێت ، ئازادی ته‌نها شوعاره و له‌مه‌مله‌که‌تی ئێمه ئینسانه‌کان له‌بێسه‌وادی خۆیاندا شه‌ڕ به جوانی ئه‌فرۆشن !!یاسا ته‌نها له‌سه‌ر لاپه‌ڕه بێ گیانه‌کان بوونی هه‌یه .
چی ئه‌بوو ئه‌گه‌ر یه‌کمان خۆش بویستایه و به‌ئازاری یه‌ک به‌خته‌وه‌ر نه‌بووینایه ؟؟ ئاخر ژیان به خۆشه‌ویتییه‌وه جوانه ، گه‌ر له‌م راستییه خۆمان هه‌ڵه کرد ئه‌وسا ئه‌بینه دوژمنی سروشت و ژیان ئه‌که‌ینه دۆزه‌خ ، ئێمه گووڵ هه‌ڵئه‌وه‌رێنین ، کانی لێڵ ئه‌که‌ین ، سه‌ردیواره‌کانمان کردووه به‌ده‌فته‌ری یاده‌وه‌ری ، شه‌قامه‌کانیش به‌زبڵدان ، گوێ له‌یه‌کناگرین ، ڕێز له به‌ئینسانبوونی مرۆڤه‌کان ناگرین .. بۆیه هه‌میشه گله‌یی وگازنده‌مان ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌کانیان پڕ کردووه ، خۆمان تاوانه‌کان ئه‌نجام ئه‌ده‌ین و هه‌رخۆشمان داکۆکی له تاوان‌لێ‌کراو ئه‌که‌ین ، ژیان لای ئێمه ته‌نها ڕه‌خنه‌یه ، هه‌ڕه‌شه‌یه ، ئازاردانه و کوشتنه کوشتن ! کوشتن له‌پێناوی مانه‌وه‌ی نه‌سلێکدا.
مێژوو زوڵمێکی گه‌وره‌ی لێکردووه و به‌ناوی دابونه‌ریت وکه‌لتووره‌وه بۆ مانه‌وه‌ی سالاری خۆی فێره ئازاردانی کردووه ، کوشتنی ئینسان له‌لایه‌ن ئینسانه‌وه بۆته گه‌مه‌یه‌کی ترسناک ، وه‌ک ئاوخواردنه‌وه ئاسانکاری بۆ کراوه ، ئازاردانی ئینسانه‌کان یه‌ک بۆ ئه‌وی دی بۆته جێێ شانازی وخۆهه‌ڵنان ، زه‌وتکردنی مافی یه‌کسانی وئازادی یاسای نێوه‌ته نێو بیرێکی قوڵی سه‌رداپۆشراو ، ئه‌وی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه ژیان به‌و هه‌موو جوانیه‌وه کراوه‌ته دۆزه‌خی سه‌رزه‌وی ئینسان ، زۆر جار له‌خۆم پرسیار ئه‌که‌م کێێن ئێمه‌ی ئینسان و چه‌ن ژێنده‌رین وا چاومان به‌یه‌ک هه‌ڵنایه‌ت و به‌هێزو لاوازمان کردووه به ئاوه‌ڵناوێکی هه‌میشه‌یی بۆ خۆمان؟ ، ئێمه بێ لاواز و ئه‌وان به‌هێز ئێمه‌ی ژن کاتێک مێژوو زوڵمی لێ‌کردین که کردینی به کۆیله‌ی پیاو ، پیاویش کاتێک خۆی هه‌ڵخه‌ڵه‌تان به‌هێزی بازوو گورزی گرته ده‌ست و ئه‌قڵی وه‌لانا ، ئاخر ئێمه‌ی ژن و ئه‌وانی پیاو هه‌ردووکمان خاوه‌ن ئه‌قڵین و که‌چی هیچ کاممان نه‌مانتوانی و ئێستاش ناتوانین بۆ سه‌لماندنی به‌ئینسانبوونی هه‌ردوولامان وه‌ک یه‌ک کاری پێبکه‌ین !
ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌ردوکمان ته‌واوکه‌ری یه‌کین و بێ یه‌ک ناتوانین به‌رده‌وامی بۆ ژیان مسۆگه‌ر بکه‌ین ووته‌یه‌کی کۆن و بیستراو دووباره ئه‌که‌مه‌وه ، ئه‌مه ڕاستییه .. زۆرن ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی یه‌کسانیمان ئه‌سه‌لمێنن ، که‌چی سودمه‌ند نه‌بووین له‌و خه‌سڵه‌تانه و خۆمان بۆ ئه‌به‌د داوه‌ته ده‌ست قه‌ده‌ر . قه‌ده‌ریشمان یان چه‌وساندنه‌وه‌یه یان مه‌رگ جا چ ئه‌گه‌ر به‌زۆر بمانکه‌نه میوانی مه‌رگ یان خۆمان مه‌رگ هه‌ڵبژێرین .
تاوانی به‌رده یان به‌ربه‌رییه‌ت ؟
نامه‌وێت بابه‌ته‌که‌م بکه‌مه بابه‌تێکی جوگرافی و باس له پێکهاتی به‌رد بکه‌م چون هه‌مووئه‌مه ئه‌زانین و ناشمه‌وێت مێژوو بگه‌ڕێنمه‌وه بۆ سه‌رده‌می جه‌هاله‌ت و باس له جه‌نگی ته‌رواده‌کان بکه‌م و به‌رد بکه‌م به میحوه‌ری باس له جه‌نگ ، دیاره به‌رد زۆر له‌مێژه به‌کارهێنراوه بۆ ئازاردان و کوشتنی بونه‌وه‌ران به‌گشتی و مرۆڤ به‌تایبه‌تی ئه‌وی سه‌یریشه هه‌ر هه‌موو سه‌رزه‌نشتی به‌رد ئه‌که‌ین و پێمان وایه به‌رد تاوانباره ، نه‌به‌در فێری کردوین بیگرینه باڵنده و نه زمانیشی هه‌یه تا پێمان بڵێت من پاڵه‌وانم بمکه‌نه که‌ره‌سه‌ی به‌ردبارانی ئه‌و ژنانه‌ی سه‌رپێچی یاساکانی پیاوسالاری ئه‌که‌ن ، نه‌به‌رد خۆی کرده که‌لتورو یاسای جه‌نگه‌ڵستان و نه ووتیشی من سه‌ربه‌کام ئایین ومه‌زهه‌بم و نه‌به‌ردیش په‌یامی سه‌ده‌کانی جاهیلی له‌گه‌ڵ خۆی بۆ هێناین ! ئاخر ئێمه‌ی ئینسان وا ڕاهاتویین هه‌میشه به‌دوای ئه‌و ڕابوردوانه‌دا ئه‌گه‌ڕێین که پڕن له شه‌رمه‌زاری و ئازار ، ووشه‌ی که‌لتورمان کردووه به به‌هانه بۆ ئه‌نجامدانی تاوان و پیاده‌کردنی هه‌موو ئه‌و پۆخڵه‌وات وخراپه‌کاریانه‌ی سه‌دان ساڵ به‌ر له‌بوونمان نه‌ماون و سه‌رله‌نوێ دروستمان کردونه‌ته‌وه ، ده‌یان ڕێگه‌مان وا له‌به‌رده‌مدا و کامیان چه‌وت وتاریکه موجازه‌فه به‌و ڕێگه‌یه ده‌که‌ین بۆ ده‌رخستنی توانا‌و به‌هره سه‌قه‌ته‌کانمان ، ئه‌مانه‌وێت به‌زه‌بری د‌سه‌ڵاتی چاوسورکردنه‌وه و کۆشک وته‌لاری سارد‌و سڕی به‌ئاسمانا چوو و ئاڵتوونی زۆر و سه‌یاره‌ی سفرو .... به‌مه‌ده‌نیه‌ت بوونی خۆمان فه‌رز بکه‌ین ، یه‌کمان خۆش ناوێت ، گه‌ر به ووشه‌یه‌کیش بێت یه‌ک بریندار ئه‌که‌ین ، ڕۆشنبیره کانمان له‌لووتکه‌ی دزینی ووشه‌و گه‌مه کردن به‌قه‌ڵه‌مدا هه‌موومان به گه‌مژه ئه‌زانن ! داوای یاسایه‌ک ئه‌که‌ین موڵکی هه‌موومان بێت و ڕێزی لێنه‌گرین ئاخر ڕێز نه‌گرتنی یاسا بێسه‌وادییه‌کی گه‌وره‌یه گه‌ر ڕووله‌هه‌رکۆمه‌ڵگه‌یه‌ک بکات ، ئه‌وی نه‌بێت لای ئێمه ئازادی ڕاده‌ربڕینه ، ئه‌و هه‌موو ڕۆحه بێ جوانین و ئه‌و هه‌موو جوانییه تاڵن .. چون که‌س ته‌نها جارێک له‌گه‌ڵ ڕۆحی خۆی نادوێت به‌ڕاستی و که‌س قایل نییه ده‌مامک فڕێ بدات و جوانی خۆی ده‌ربخات ، به‌ڵی ئه‌مه‌یه ڕاستی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی منی تیا گه‌وره بووم و ئه‌و نیشتمانه‌ی که تاسه‌ر ئێسقان خۆشم ئه‌وێت ، منی ژن ، منی کچ ، منی دایک ، منی خوشک ، منی هاوسه‌ر و سه‌یریشه تاکوئێستا سه‌رباری ئه‌م هه‌موو نازناوه‌ی پێم به‌خشراوه به‌خۆشه‌ویستی و ستایشه‌وه قه‌ره‌بووی ته‌نها یه‌ک نازناویشم نه‌کراوه ، بۆمن به‌سه ته‌نها به‌ئینسان بوونی خۆم وه‌ک ژن دوابکه‌م ، داوا له‌کێ ؟؟ئایا پێم ڕه‌وا ئه‌بینن ؟
له‌ڕاستیدا مێژووی ئازاردانی ژن تازه نییه به‌ڵکو ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای دروست بوونی ، جا به‌درێژایی چاخه‌کانی مێژوو و له‌ته‌واوی دونیادا ، ژن هه‌ر کۆیله بووه ، هه‌ر ئه‌رکی خێزان و منداڵ بوون و تێرکردنی پیاوی له‌سه‌رشان بووه ، هه‌رکۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌شێوازێکی جیا ژنی لاواز کردووه ، به‌ڵام له‌هه‌موویان ترسناکتر کوشتن و به‌رده‌بارانکردنی ژن بووه له‌لایه‌ن پیاوه‌وه جا به‌هه‌ر تاوانێک بوبێت ، دیارده‌ی کوشتن وئازاردانی ژن به‌درێژایی مێژوو وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه وهیچ کام له پێشکه‌وتن و گۆڕانکارییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه نه‌یانتوانیوه کۆتایی به‌م دیارده‌یه بهێێن و هیچ نه‌بێت کاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر که‌مکردنی ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رابه‌ر ژن ئه‌کرێن ، کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری یه‌کێکه له کۆمه‌ڵگه پێشه‌نگه‌کان له‌و بواره‌دا واته له‌بواری وه‌لانانی ماف وئازادییه‌کانی ژن و کوشتن وهه‌تکردن وئازاردانی ژن تا ئه‌گاته ڕاده‌یه‌ک خێزانه‌کان کچی خۆیان ئه‌کوژن وته‌رمه‌که‌ی ئه‌سووتێنن یان ئه‌یشێوێنن وفڕێی ئه‌ده‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان ڕزگارکردبێت له کیسێک زبڵ وخاشاک ، کوشتن به‌ناوی ( شه‌ره‌ف پارێزی ) یان کڕینه‌وه‌ی ناموس بۆته ئاوخواردنه‌وه ، پیاو شه‌ره‌فی خۆی وخێزان وبنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ستووه به کچه‌که‌ی وژنه‌که‌ی وخوشک ودایکییه‌وه ( ئه‌ی خۆی چی بۆ ئه‌مێنێته‌وه ؟) له‌کاتێکدا هه‌ر ئینسانێک خۆی خاوه‌نی شه‌ره‌فی خۆیه‌تی ، پیاو ته‌ماشا کردن ، خۆشه‌ویتی ، چاوبازی ، مێبازی ، نێربازی ، ژن هێنان به‌ئاره‌زوی خۆی ، فره ژنی ، ... بۆخۆی حه‌ڵاڵ کردووه و به‌حه‌رامی ئه‌زانێت گه‌ر کچه‌که‌ی خۆشه‌ویستی بکات ، ئه‌وکات شه‌ره‌فی له‌که‌دار بووه و ئه‌بێت ده‌ستبه‌جێ بۆ کڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌فی کچه‌که‌ی بکوژێت یان زیندانی بکات و به‌ئاره‌زووی خۆی بیداته ئه‌و پیاوه‌ی خۆی بۆی هه‌ڵئه‌بژێرێت !
به‌داخه‌وه ساڵانێکه ئه‌م دیارده‌یه زۆر ڕووله‌زیاد بوونه ، ڕۆژ نییه ژنێک یان کچێک نه‌بێته قوربانی ئه‌و مێشکه بۆگه‌نانه ، ڕۆژ نییه ژنێک به سووتاوی یان به‌کوژراوی یان سه‌ربراوی له په‌نابه‌ردێک یان زبڵدانێک نه‌دۆزرێته‌وه گه‌ر به‌ده‌ستی خۆشیان ژن نه‌کوژن ئه‌وا هێنده‌ی ئازار ئه‌ده‌ن و سوکایه‌تی پێئه‌که‌ن تا ژیانی ئه‌بێته دۆزه‌خ و خۆی ناچار مه‌رگ هه‌ڵئه‌بژێرێت .... ئه‌وه نه‌بوو به‌دیار چاوی هه‌موومانه‌وه ساڵیک له‌مه‌وبه‌ر ( دوعا ) یان چۆن به‌پرچ ڕاکێشایه گۆڕه‌پانی مه‌رگ و به‌ردبارانیان کرد!؟ ، به‌ڵێ تادوا هه‌ناسه به‌ردیان پیاکێشا .. وه‌ک ئه‌وه‌ی جه‌لادێکی دوژمنی مێژوویان چنگ که‌وتبێت خۆیان کرده جه‌لاد و ( دوعا ) ش به داستان ، ( دوعا ) بووبه‌داستان و هه‌موو دونیا مه‌رگی بینی و ماڵ نه‌ما به‌خوێنی ڕژاوی ( دوعا ) شه‌ڵاڵی فرمێسک نه‌بێت ، هه‌رهه‌موومان نه‌فره‌تمان له‌به‌رد کرد‌و که‌سمان نه‌مانتوانی ئه‌و مه‌رگه ساته ڕابگرین ، چیمان نووسی وچیمان خوێنده‌وه ڕه‌شه‌کوژی ژنانی نه‌وه‌ستاند ( دوعا ) بووه سه‌رقافڵه‌ی کاروانی سه‌دان ژنی شه‌هید و له‌جاران زیاتر پیاو تاوی ئه‌سپی زۆرداری نا به‌ره‌و مێژووی پڕ له‌تاوان و نابه‌رابه‌ری ژن ، نه‌یاسا هاته زمان و نه‌ده‌سه‌ڵات توانی چۆک به بکوژانی ژنان دادات .
ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر تراژیدیای له‌خاچدانی ( دوعا ) شار و شه‌قام و دڵه‌کانی پڕ کرد له‌نه‌فره‌ت ، فێری کردین له‌ئاست بێ توانایی و بێده‌سه‌ڵاتی ئینسانه‌کاندا شه‌رم بمانگرێت ، پرسیارێکی نایه به‌ر ویژدانی هه‌رهه‌موومان ( ئایا خۆشه‌ویستی هێن تاوانێکی گه‌وره‌یه ؟ ) ئاخر تاوانی دوعا خۆشه‌ویستی بوو ، ئه‌و هێن به‌پاکی خۆشه‌ویستی کردبوو له‌کاتێکدا مه‌رگ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ئه‌بوو .. ئه‌و دامه‌نی ته‌نووره‌که‌ی ئه‌دایه‌وه به جه‌سته‌یدا تاوه‌کو جه‌لاده‌کانی به‌مردوێتی چاونه‌بڕنه ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی که له‌پێناویدا شه‌هیدیان کرد !! ئێستاش درامای خاتوودوعای کچه ئاشق وا له‌نێو مۆبیلی سه‌دان پیاوی چاوبرسیدا و دوورنییه خه‌و نه‌بینن به‌لاشه‌ی خرتوخۆڵی نێچیره‌که‌یانه‌وه !
له‌دوای شه‌هیدکردنی ( دوعا) ده‌یان وسه‌دان کچی نیشتمانه‌که‌م لاشه‌ی جوانیان نرایه ژێر گڵ و که‌سێک نه‌بوو بپرسێت بۆ ؟
پار ( دوعا ) و شه‌ونم و نه‌سرین و به‌هار و لیزا و ( به‌ناز) و هه‌موو ناوی کچه‌کان.. ئه‌مساڵ ( دوعا ) و ده‌یان دوعا وهه‌موو دوعاکان .. ئاخۆ سبه‌ی به‌مه‌رگی کامه خاتون دڵی دایکێک گڕ ئه‌گرێت و قاقای سه‌رکه‌وتنی هه‌زاران جه‌لاد به‌ره‌و جه‌حیم ئه‌ڕوات ؟؟ ئاخۆ که‌ی ئه‌شق ئازاد ئه‌کرێت ؟ کێ ئه‌بێته مافناسی ژن و کام به‌ندی یاسا ئه‌بێته قه‌ڵغان بۆ جه‌سته‌ی پیرۆزی ژن ؟؟ که‌ی من و تۆ و هه‌موو ژنانی نیشتمانه‌که‌م به‌ئازادی له‌که‌نه‌فی خۆشه‌ویستیدا باڵه‌فڕکێمان دێت ؟ خۆشه‌ویستی ژیان و خۆشه‌ویستی یه‌کمان بۆ ئه‌وی دی !؟ .
(( گه‌ر ده‌یان لاپه‌ڕه ڕه‌ش بکه‌م به ووشه ته‌نها ساتێک له‌دیمه‌نی کوشتنی دوعام له‌یاد ده‌رناکات ))
تێبینی : داوایلێبورد له ڕۆحی زیندوی ( دوعا ) و هه‌موو خوێنه‌ران ئه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ریم بۆ ئه‌و ده‌سته‌م ئه‌نجامداوه که‌پێێ ئه‌نووسم نه‌متوانی پێش وه‌خت بابه‌ته‌که بڵاوبکه‌مه‌وه و ئازاری ساڵیادی شه‌هیدکردنی دوعا ئازاری له‌بیربردومه‌وه و وایکرد که سه‌رپێچی داواکاری دکتۆره‌که‌م بکه‌م .
5-6-7- ابریل - 2008 هوڵندا
|