٢١\٤\٢٠١٣
ئازیزه‌کم نیگات
ئاوێته‌ی نیگاکانم بکه و له دوور بڕوانه ئاسۆ روونه، ئاسۆ روونه!!!

نەهیەی خۆشکەلام
یادت
ئه‌که‌م!
به یادی شه‌هید ناسری خۆشکه‌لام که ٣٠ ساڵ
له‌مه‌وبه‌ر به ده‌ست کاربه‌ده‌ستانی کۆماری
سێدارەی ئیسلامی له ته‌مه‌نی ٢٥ ساڵیدا له
ڕێکه‌وتی ٣ی گوڵان ١٣٦٢ له شاری بانه لەسێدارە
درا.
''هه‌ر شه‌وه ئه‌ستێره‌یەک
داده‌گرن
هه‌تا ئێستاش ئه‌م ئاسمانه ماته‌مـپۆشه لێوانڕێژه له ئه‌ستێره'' .
خۆم ده‌سپێرمه ده‌ست شنه‌بای نه‌سیمی خه‌یاڵ و هێدی هێدی به کاوه‌خۆ ده‌گه‌ڕێمه‌وه
بۆ لات، به ئه‌هوه‌ندی هه‌نگاو ده‌نێم نامه‌وێت ڕات بچڵه‌کێنم، له
دووره‌وه چاوم له گڵکۆته له لای سه‌روی سڵێمانبه‌گ و ئه‌و داره‌ی که
ئاوه‌ها مات به سەرتدا نوشتاوه‌ته‌وه، ده‌ڵێی سه‌ری بۆ گه‌وره‌یی ڕۆحت
دانەواندووه و چاووم له تیشکی زێڕینی خۆره‌تاوه که چه‌پکه‌چه‌پکه به
نێو لق و پۆی داره‌که‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و گۆنای خاکت ڕاده‌مۆسێ، نامه‌وێت
ئه‌و دیمه‌نه جوانەت لێ بشێوێنم، چاووم ده‌به‌ستم و چه‌پکێک تیشکی
زێڕینی خۆره‌تاو ده‌چنم و به دیاری ده‌یهێنمه سه‌ر گڵکۆت، به ئه‌هوه‌ندی
هه‌نگاو ده‌نێم به دڵنیایه‌وه بست به بستی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده خه‌ماویه
دڵێکی گه‌نجی له ئامێز گرتووه.
پێم
خۆشه لێره بویتایه، سه‌رم بنایه سه‌ر شانت و پێت بڵیم که چه‌نده‌ت بۆ
بێ‌تاقه‌تم، به قه‌د باڵای ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌ی که لێره نه‌بویت، پێم
خۆشه باسی دڵته‌نگیه‌کانمانت بۆ بکه‌م به قه‌د قورسایی سێبه‌ری خه‌مێک
که ساڵیانێکی درێژه باڵی به سه‌ر ژیانی ته‌واوی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی
ئێمه‌دا کێشاوه، پێم خۆشه پێت بڵێم که چه‌نده پڕ له ئێش و ئازاره
ته‌لاری به‌رزی ئاواته‌کانت لاواندنه‌وه، به قه‌د هاوار و شینی دایکم
دوای تۆ بۆ بوکی ڕه‌ش‌پۆشی به جێ‌ماوت، پێم خۆشه باسی قوڵی ئه‌و
زامانه‌ت بۆ بکه‌م که هیچ کاتێک سارێژ نابێته‌وه و هه‌تا هه‌تایه له
گه‌ڵ خۆمان ده‌یگێڕین به قه‌د قوڵی و ئێشی برینی دڵی دایکم له دوای
سێداراەکردنی تۆ.
پێم خۆشه لێره بۆیتایه سه‌رم بنایه سه‌ر شانت و تێر تێر بگریامایه،
چاووم ده‌به‌ستم و له سه‌ر په‌لکه‌ی کاڵەوەبووی بیره‌وه‌ریه‌کانم له
تارمایی خه‌یاڵێکی بێ‌کۆتایی به بێ تۆیی سه‌ر ده‌نێمه سه‌ر شانت و تێر
تێر ده‌گریم....
ڕایان سپاردوم که له بیره‌وه‌ریه‌کانم له گه‌ڵ تۆدا بۆیان بدوێم، به‌ڵام
ئازیزم هه‌ر چی بیر ده‌که‌مه‌وه خۆ ته‌مه‌نی ئه‌وساڵانه ی که بێ تۆ
تێپه‌ڕمان کرد زۆر درێژخایه‌نتره تا ئه‌و ساڵانه‌ی که پێکه‌وه بوین
بۆیه بڕیار ئه‌ده‌م نیگام بکه‌مه میوانداری نیکاکانت به زه‌رده‌خه‌نده‌یک
له سه‌ر ده‌ست بێم به‌ره‌و پیرت به‌ره‌و وڵاتی خۆر و بۆ ساتێک بتهێنمه‌وه
بۆ ناو ئه‌و کاتانه‌ی به بێتۆیی، بۆ ناو ئه‌و بۆشاییه بێ کۆتاییه...
زه‌رده‌په‌ری ده‌مه‌و ئێواره‌ی دوایین ڕۆژه‌کانی وه‌رزی به‌هاره،
دوایین تیشکه‌کانی خۆره‌تاوی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده خوێناویه سوجده ده‌باته
به‌ر شه‌و و ڕێگه ئه‌دات به ئاسمانی ئه‌ستێره‌چنی شه‌و که پشوو بدات به
جه‌سته‌ی ماندووی زه‌وی و به تروسکه تروسکی ئه‌ستێره‌کانی ئامێزی بۆ له
خۆگرتنی هه‌وێنی ڕۆژێکی نوێ ده‌کاته‌وه و خێوه‌تێ ڕه‌شی ئاسمان خه‌رامان
خه‌رامان باڵ به سه‌ر دونیادا ده‌کێشێت.
له ماڵی ئێمه تازه ژیان ده‌ستی پێ کردووه، یه‌کێک ماڵ خاوێن ده‌کاته‌وه،
یه‌ک په‌رده‌کان چاک ده‌کات و یه‌ک چای و شیرێینی بۆ میوانیێکی گه‌وره
ئاماده ده‌کات و باوکم تۆی ڕاسپاردبوو بچیت بۆ لای ئیمام جومعه‌ی شار و
بانگهێشتی بکه‌یت و پێی بله‌یت که ئه‌و شه‌وه شه‌وی ماره‌برینته......،
به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو که هه‌واڵیان هێنا کاک ناسر گیراوه بۆ ساتێک هه‌موومان
بێده‌نگ بوین، بێده‌نگیکی مات و سه‌رسوڕهێنه‌ر وڵاتی داگرت هه‌ر که‌سه
له جێگای خۆی دانیشت و بزه له سه‌ر لێوی هه‌مووان بزر بوو، زۆر
جاریتریش تۆ گیرابوویت و ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه کرابوویت، به‌ڵام نازانم
بۆ ئه‌مجاره‌یان له‌وه ده‌چوو له گه‌ڵ جاره‌کانی‌تر فه‌رقی هه‌بێت، ده‌تگوت
ئه‌م جاره‌یان گه‌وره‌یی بڕیارێکی پیرۆز شکاوه. چه‌ند سه‌یره له‌م
وڵاته خه‌م‌گرتووه چه‌نده کورته مه‌ودای نێوان پێکه‌نین و گریان. سه‌ره‌ڕای
هه‌موو شتێک یه‌کترمان دڵخۆشی ئه‌دایه‌وه، هیچ نیه ئه‌م جاره‌ش هه‌ر وه‌ک
جاره‌کانی‌تره، خۆ ئه‌مه هه‌وه‌ڵین جار نییه که کاک ناسر گیراوه... به
دڵنیایه‌وه ئه‌م جاره‌ش ئازاد ده‌بێت.
٩ مانگ تێپه‌ر بوو، ٩ مانگی پڕ له خه‌م و خه‌فه‌ت و چاوه‌ڕوانی تا کو
دیسا‌نه‌وه له ڕۆژێکی وه‌رزی به‌هاردا له‌و کاته‌دا که بۆنی ژیان
دونیا مه‌ست ده‌کات و دار و ده‌وه‌ن چرۆ ده‌کات و چیرۆکی کۆنی ژیانه‌وه
و له دایک بوون به گوێی دونیادا ده‌چرپێنێت ئێمه‌یان له قوتابخانه بۆ
ماڵه‌وه بانگهێشت کرد، پێم سه‌یر بوو له ڕێگه‌دا هه‌ستم ده‌کرد که خه‌ڵکی
شار هه‌ر ئه‌وانه‌ی که هه‌موو ڕۆژێک به به‌ر ده‌میاندا تێپه‌ڕ ئه‌بووین
و چاک و خۆشیمان لێیان ده‌کرد کاتێک ئێمه‌یان ئه‌دیت ڕوویان وه‌رده‌گێڕا
و نیگاکانیان ئه‌دزیه‌وه. له خوشکم پرسی بڵه‌ی چی بووبێت یان بڵه‌ی
ئێمه چیمان کردبێت که ئه‌م خه‌ڵکه وا ڕوومان لێ وه‌رده‌گێڕن و قسه‌مان
له گه‌ڵ ناکه‌ن ئه‌و کات نه‌مده‌زانی که ئه‌و خه‌ڵکه ڕوویان وه‌رده‌گێڕن
تا ئێمه فرمیسکه‌کانیان نه‌بینین. له دووره‌وه دیمه‌نی ماڵه‌وه‌م سه‌یر
ده‌هاته به‌ر چاو. له به‌ر ده‌رگا و له سه‌ر بان پاسدار چوارده‌وری
ماڵه‌که‌یان گرتبووین، به‌ندی جه‌رگ و دڵمان پچرا و ڕه‌نگمان په‌ڕی ،
بڵه‌ی چ قه‌ومابێت؟! که نزیک که‌وتینه‌وه به ده‌م شنه‌بای نه‌سیمی وه‌رزی
ئه‌م به‌هاره خه‌م‌گرتووه گوێمان له ده‌نگی لاواندنه‌وه‌یک بوو...
ناسینه‌وه‌که‌ی سه‌خت نه‌بوو، ئه‌و ده‌نگه ده‌نگی دایکم بوو... دایکم
بەخێرهاتنه‌وه‌ی پێ وتین و وتی بەخێر بێنه‌وه بۆ زه‌ماوه‌ند و خه‌نه‌به‌ندانی
براکه‌تان، ئاخ خه‌نه‌ی ئه‌و خه‌نه به‌ندانه چه‌نده به نرخ بوو خوێنی
کاک ناسر.
له‌و ڕۆژه‌وه زۆرم هه‌وڵدا و به ناو ته‌وای قاموسه‌کاندا ده‌گه‌ڕێم بۆ
وشه و بۆ ڕه‌سته‌یەک، به‌ڵکو بتوانم دیمه‌نی ئه‌و کاتانه‌ی پێ بکێشمه‌وه،
به‌ڵام بڕوا بکه هیچ وشه‌یەێک نیه که بتوانێت چیروکی بڕیار و ئه‌وینی
به ئه‌نجام نه‌گه‌شتووی ئێوه و ته‌لاری ڕووخاوی ئاواته‌کانی ئێوه و
ئێمه بگێڕێته‌وه، بڕوا ناکه‌م هیچ وشه‌یه‌ک ببێت له دونیادا بتوانێت
قوڵایی ده‌رد و ئازاری دڵی دایکێکی جه‌رگ سوتاوو که ته‌رمی ڕوڵه‌ی ٢٥
ساڵه‌ی دێته‌وه به‌ر ده‌ست و بۆ خۆی خوێنی جێ گوڵه‌ی ناوچاوانی پاک ده‌کاته‌وه
بگێڕێته‌وه. ئه‌و کاته من نه‌مده‌زانی مانای بوونی تۆ چیه، له نه‌بوونتدا
تازه ئه‌مزانی که کێمان له ده‌ست‌داوه و که چ کاره‌ساتێکمان لێ‌قه‌وماوه.
به‌ڵام مخابن، داخ و ده‌رد ئیتر ئێجگار درنگ بوو. له ژێر چاودێری چه‌ک‌به‌ده‌ستانی
کۆماری ئیسلامی نانی زه‌ماوه‌نده‌که‌تمان له ماته‌مینیه‌که‌تدا خوارد و
بوکی به جێ ماوتمان ده‌وره گرت...
زۆرمان هه‌وڵ دا که به هێز و به قوەت بین و له سه‌ر داوا و وه‌سیه‌تی
خۆت دوژمن شاد نه‌که‌ین، به‌ڵام هه‌یهات، چ داوایه‌کی دژوارت کردبوو.
مه‌گر ده‌کرا بە هێز بین و سه‌ر خۆمانی نه‌هێنین ئه‌و کاتانه‌ی که
دایکم ده‌یکردیه‌وه به کۆرپه‌یکی ساوا و له ئامێزی ده‌گرتی و برینه‌کانی
سارێژ ده‌کرد و ده‌ی‌لاواندیه‌وه، مه‌گر ده‌کرا؟
هیچ ده‌زانی ئێستاش ڕقم له وه‌رزی به‌هارە، هیچ ده‌زانی پشکوتنی گوڵه
ئه‌رخوانه‌کان، گوڵه‌کانی سه‌ر گڵکوتم بێر ده‌هێنێته‌وه و چیروکی
عومری کورتی گۆڵ، هیچ ده‌زانی ئێستاش دوای ئه‌و هه‌مووه ساڵه که تێپه‌ڕبووه
کاتێک گوێم له وشه‌ی سێدارە و لەسێدارەدان ده‌بێت زه‌مین و زه‌مانم لێ
ته‌نگ ده‌بیت و ژیانم لێ تاڵ ده‌بێت، هیچ ده‌زانی له دوای تۆ کازێوه و
ده‌سپێکی هه‌ر به‌ره به‌یانێک کاتێک گوێمان له ته‌قه‌ی گوله‌یه‌ک ده‌بوو
هه‌موو دیمه‌نی گوله‌بارانی تۆمان له به‌ر چاوی خۆمان ده‌کێشاوه و ڕۆژی
دوایی به دڵێکی پڕ له ناسوره‌وه به بێ ئه‌وه‌ی به یه‌کتری بڵین چاوه‌ڕێ
بیستنی خه‌به‌ری ناخۆشمان ده‌کرد و هیچ ده‌زانی کاتێک هه‌واڵی
لەسێدارەدانی یه‌کێکیان ده‌هێنا له ماڵی ئێمه دوباره وه‌ک سه‌ره‌خۆشی
ده‌چوو. ئاخ ئازیزه‌که‌م! چ داوایه‌کی دژوار و ئه‌سته‌مت کردبوو.
ئازیزه‌که‌م ئه‌مه بوو چیرۆکی من، ئه‌مه بوو چیرۆکی ئێمه و به دڵنیایه‌وه
چیرۆکی هه‌زاران خوشکی وه‌ک من ، هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ی وه‌ک ئێمه. بۆیه
له‌و ڕۆژه‌وه که تۆ نه‌مای له گه‌ڵ پشکوتنی هه‌ر سویسنه و گوڵه گه‌زیزه‌یه‌ک
خه‌م دام ده‌گرێت، له‌و ڕۆژه‌وه که تۆ نه‌ماویت قورسایی سێبه‌ری خه‌می
نه‌بوونت له ناو ڕۆحمدا بوو به هه‌وێنی بڕوایه‌کی پێرۆز بۆ به‌شداربوون
له خولقاندنی دونیایه‌کی میهره‌بانتر، جیهانێک که تێیدا چیتر ده‌سپێکی
به‌رە به‌یان مانای سه‌مای مه‌رگ له پای داری سێداره‌دا نه‌دات... دڵم
کرده لانکه‌یک بۆ لاواندنه‌وه‌ی برینه‌کانت و به مه‌کۆی عه‌شق و ئه‌وین
و هیوا بۆ داڕشتنی ئاسۆیێکی ڕوون و ڕێبوارێکم له گه‌ڵ ئه‌م کاروانه بێ‌کۆتاییه
و به‌ره‌و شه‌فه‌ق هه‌نگاو ده‌نێن، به‌ره‌و ئاسۆ، ئاسۆیەک که تێیدا
چیتر دایکیک به خوێنی ڕۆڵه‌که‌ی خه‌نه‌به‌ندان بۆ بوکی به جێماوی نه‌گرێت.
ئازیزه‌کم نیگات ئاوێته‌ی نیگاکانم بکه و له دوور بڕوانه ئاسۆ ڕوونه،
ئاسۆ ڕوونه...!!!!
nahyeh@yahoo.de
|