په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٢

با ٨ی مارس ھەڵبوەشێتەوە!

ئەیوب رەحمانی    


ھیچکەس ناتوانێت نکۆڵی و حاشا لەوە بکات کە ژنان بە گشتیی ئازار لە ستەمی ڕەگەزیی سیستەمی مەوجوودیی پیاومەزنیی کە بەرھەمیی ئایینە ئیبراھیمییەکانە دەکێشن و ئەم ستەمە بە تایبەت لە وڵاتانی دوواکەوتوو و ئایینیتر، بە داب و نەریتیی کۆنەپارێزانەوە، بەداخەوە زۆر زۆر زەقتر، تووندوتیژتر، نامرۆڤانەتر و دڕندانەترە، کە ھەموومان ڕۆژانە شاھیدی ھەین و ھەواڵەکانی لێرە و لەوێ دەبیستین! بۆیە خەباتی ڕۆژانەی ھەموومان بە ژن و بە پیاوەوە بۆ یەکسانیی و دەستەبەر کردنی مافە کۆمەڵایەتییەکانی ھەردووک ڕەگەزی نێر و مێ بە بێ جیاوازیی پێویست و زەروورییە.‌ دیارە لە حاڵی حازردا لە وڵاتانی ئێمە گەیشتن بەو یەکسانییە لە ڕێگای دەستەبەر کردنی مافەکانی ژنان لە ئەولەوییەت و فەورییەتدایە، بەڵام بە چ شێوەیەک؟ کە دوواتر دێمەوە سەری!

لە وڵاتانی پێشکەوتووتری ڕۆژئاوایی بە گشتیی ژنان توانیویانە ھەنگاوگەلێکی مەزن بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان ھەڵبگرن و تەنانەت لە ھەندێک وڵات ژنان لە باریی یاسایی و ئابوورییەوە ھێندە بە ھێز بوون کە بە پێچەوانە، ئێستا ئەوان ئازاری پیاوان دەدەن، بە چەشنێک کە پیاوان بزووتنەوەگەلی ماسکولینیستییان دامەزراندووە. (کە من پارێکە ڕاپۆرتێکم لەو بارەوە بڵاو کردەوە) وەک شتێک مەزنایەتیی بەس ھی پیاو و بۆ پیاو نییە و ھی ژن و بۆ ژنیش نییە، بەڵکوو ئەمە دەردێکیی مرۆییە جا چ ژن بیکات و چ پیاو، تەنیا ھەل ئەیبڕێتەوە کە کێ بتوانێت ھەلەکە بقۆزێتەوە، کە ئەم ھەلپەرەستییە، جا ھەر ڕەگەزێک بیکات،‌ گرفتیی سەرەکییە. واتە ئەوە داب و نەریت و پەروەردە و فەرھەنگیی تووندوتیژییەکە و یا خۆمەزنییەکەیە کە کێشەسازە و دەبێت چارە بکرێت، نەک ڕگەزێکی نێر یا مێ!

ئازاری ڕەگەزیی لە پاڵ ئازار و ھەڵاواردنەکانی دیکەدا وەک ھەڵاواردنی قەومیی و نەتەوەیی، ڕەنگی پێست، زمان و کولتوور، ھەڵاواردنی ھەژارن، باڵا کوورتان، ناشرینان و تەنانەت ھەڵاواردنی ئاژەڵانیش و ھتد، بە ھەموو باریاندا قێزەون و دژی ھەموو پڕنسیپێکیی ئەخلاقیی و ئینسانین و دوورن لە تەمەدوون و شارستانییەت. وە ئەم ھەڵاواردنانەش تەنیا مووختەسیی ژن یا پیاو نین، بەڵکوو ھەر دوو ڕەگەزەکە دەیکەن. لە پاڵ ئەوەدا کە پیاوی زۆردار و دیکتاتۆڕ ئەتوانێت بوونی ببێت یا بە درێژایی ئایین بوونی ھەیە، ژنی دیکتاتۆڕیش ئەتوانێت بوونی ھەبێت، یا بوونی بووە و ھەیە، بەڵام ئێستا کە کۆمەڵگا بە تایبەت دوواکەوتووەکان پیاومەزنن، بۆیە دیکتاتۆڕ بوونی ڕەگەزی مێ کەمتر بەرچاو دەکەوێت و بگرە بە پێچەوانەکەی ماخووران و بێ مافکران و تووند و تیژی لە ئاستیاندا وەک لە سەریشەوە ئاماژەم پێکرد، زۆر زیاتر و بەرچاوترە. (لە پەراوێزدا بڵێم کە من ھەڵاواردن لە ھەموو فۆڕم و ستڕاکتۆر و شێوەکانیدا بە بێ ئەخلاقی دەزانم. لە وڵاتانی ئێمە کە زۆر شت پێچەوانەیە، بێ ئەخلاق بە کەسانێک دەکووترێت کە خۆشەویستیی دەکەن، لە حاڵێکدا بێ ئەخلاقیی تەنیا ئەتوانێت بنبڕکردنی ئازادییەکان و مافە مرۆییەکان و ھەڵاواردنەکان و تەنانەت گەندەڵیش بێت و ئەوانەی بێ بەرپرسانە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئەم مافانە پێشێل دەکەن، شایانی ئەوەن کە بە بێ ئەخلاق ناویان لێ ببردرێت، نەک خۆشەویستیی کردن بێ ئەخلاقیی بێت!)

کورتەیە: ئیدەی ڕۆژی جیھانی ھاوپشتیی ژنان بۆ یەکەم جار لە لایەن ژنە شۆڕشگێڕی ئاڵمانی کلاڕا زتکین لە کۆبوونەوەی جیھانیی ژنان لە کۆپنھاگنی دانماڕک لە ٢٧ی ئاگووستی ١٩١٠ی زایینی ھێنرایە گۆڕ بۆ قسەوباس لەسەر کردن، بێ ئەوەی لەو کۆبوونەوەدا ڕۆژێکی بۆ دیاری بکرێت. باسەکەش ئەمە بوو کە ڕۆژێک بۆ ژنان دیاری بکرێت کە "ھاوتەبا بێت لەگەڵ تێگەیشتوویی چینایەتیی ژنان و بە ئاگابوونی ئەوان لە ھاوپشتیی چینایەتیی ژنانی کرێکاری نیوەی کۆمەڵ پێ بە پێی پیاوانی کرێکاری نیوەکەی دیکەی کۆمەڵ، کە بە ھەردووکیان زۆرینەی پڕۆلیتاریا پێک دێنن"، دوواتر پاش کۆبوونەوەگەلی جۆربەجۆری ژنان و پێشنیازگەلی جۆراوجۆر، لە ساڵی ١٩١٣دا، دەبیرخانەی ئینتێرناسیۆناڵی ژنانی چەپ و سۆسیالیست، کە خۆی ڕێکخراوی سەر بە ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیستی دووھەم بوو، ڕۆژی ھەشتەمی مارسی پەسەند کرد، بە ھۆی ئەوەی کە ھەر لەو ڕێکەوتەدا واتە ٨ی مارس بەڵام لە ساڵی ١٨٥٧ ژنانی کرێکار لە نیۆیۆڕک بۆ زیادکردنی حەقدەستەکانیان ڕژابوونە سەر شەقامەکان و لە لایەن پۆلیسی پارێزەریی دەسمایەداری نیۆیۆڕکەوە بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکووت کرابوون. ئەوە بوو کە ھەشتیی مارس لە لایەن ئەو دەبیرخانەوە ھەڵبژێردرا بە ڕۆژیی جیھانی ژنان بۆ دەستەبەر کردنیی مافەکانیان بۆ گەیشتن بە یەکسانیی.‌ دوواتر ڕێکخراویی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ١٩٧٧ ئەو ڕۆژەی بە فەرمیی ناسیی!

شێوەی دەستەبەر کردنی یەکسانیی.


وەک وتم پیاومەزنیی بەرھەمیی ئایینە ئیبراھیمییەکانە، ھەر لە یەھوودییەتەوە تا مەسیحییەت و ئیسلام. وە ئەم ئایینانەش دەور و بەری پێنج ھەزار ساڵ قێدمەت و مێژوویان ھەیە، بۆیە پیاومەزنیی لە ناو یەک بە یەکی داب و نەریت و ھەڵس و کەوت و قسە کردن و ھزر و خەون و خوێن و ڕەگ و پێستیشماندا چ پیاو و چ ژن ڕخنەیان کردووە و بوونە بەشێکی گەورەی ئەخلاقییات و کاراکتەری مرۆڤەکان. کورد ئەڵێت دوو گا بکەرە ژوورێک یا ڕەنگی یەک دەگرن یا خووی یەک، جا وەرە مرۆڤ پێنج ھەزار ساڵ کارتێکەریی و تەئسیراتی ئایینی بە سەرەوە بێت، ئیتر ئەبێ ببێ بە چی؟ ئایینیش وەک دەزانین و کتێبەکانیان و شێوەی پەروەردەیان، بەڵگەن، ھەم بنەڕەتییان پیاومەزنانەیە و ھەم دژیی ڕەگەزی ژنن. بە قسە دەڵێن ژنان مەخلووقاتی ئازاد و یەکسانن لەگەڵ پیاو، بەڵام تێڕوانینەکانیان و دووان لەسەر تایبەتمەندییەکانی دیکەی ڕەگەزیی مێ و ژنکووژییەکانیان و تەوەھووماتیی نامووسپەرەستانەیان بۆمان دەر دەخەن کە بنەڕەت و بنەمای ئەو ئایینانە لە دژایەتیی تەواو لەگەڵ بوونی ڕەگەزی مێدان و ئەمانەش لەکەس شاراوە نین!


وەھمێک بە ناوی نامووس جینایەتەکان و دژایەتییەکانی ئەوان لە دژیی ماف و ئازادییەکانی ژنان پاساو دەکات و ئەوان بە بێ ئەوەی ئازاری ویجدان بیانگرێت، تەنیا لەمەڕ وەھمیی خەیاڵیی ئایینیی خۆیان بە ناوی "پارێزگاریی لە نامووسی خۆیان کە پیاون" ژنان دەکووژن! قەت نەبووە بە شێوەیەکی ئەقڵانیی لە خۆیان بپرسن کە ئەرێ ئەگەر ئەو نامووسە ھی ئەوانە لە ناو گەڵی کەسێکی دیکەدا بۆ حەشار دراوە و بۆ لە ناو گەڵی خۆیاندا نییە؟ ئەگەر ھەندێک لەم وتە ورد ببنەوە، پێکەنینیان بە خۆیان دێت! ژنیش وەک پیاو مرۆڤێکی سەربەست و ئازادە و لەشی ئەویش وەک پیاو تەنیا ھیی خۆیەتی و مڵکی خۆیەتیی، ھەست و سۆزیش ھەر ھی خۆیەتیی و فکر و ھزریشی تەنیا ھی خۆیەتیی و ئەگەر تۆی پیاو ئازادی، ئەوی ژنیش ئازادە و بە من و تۆی پیاو مەڕبووت نییە چۆن ئەژیی! ئەمە ئازادیی تاکە کەسیی و تایبەتیی مرۆڤەکانە بە نێر و بە مێوە و ئەو ئازادییەش مافی مرۆڤە و پێویستە بۆ گەشە کردنی ئەقڵ و ھزر و توواناییە جۆربەجۆرەکانی مرۆڤ چ ژن و چ پیاو.

کەواتە بۆ بنبڕ کردنی ڕیشەیی ستەمیی جنسیی و ڕەگەزیی لە سەر ھەر دووک ڕەگەزی نێر و مێ یا مرۆڤ بە گشتیی، پێویستە کە ئێمە لە ڕەگەوە کاری لەسەر بکەین. لە ڕۆژئاوای مەسیحی تا سەدەکانی ناوەڕاستیش کەنیسە دەسەڵاتی زاڵ بوو و ژنان وەک زانایانیش بە دڕندانەترین شێوەکان ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرا. لە پاش ڕێنێسانس و سەردەمی ڕۆشنگەریی و ھاتنەئارای ئازادیی زیاتر بۆ مرۆڤ، ئیدەی جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایین ھاتە ئاراوە و پاشانیش بە کردەوە بینیمان کە سێکۆلاریزم گەورەترین کارتێکەریی لەسەر ئەم ئازادییە بووە کە ئێستا لە ڕۆژئاوا بۆ ھەردووک ڕەگەزی نێر و مێ بوونی ھەیە، دیارە بە شکڵ و فۆڕمگەلی ئاڵۆزیی خۆیەوە کە بەستراوەتەوە بە یاسای وڵاتەکان. وە ژنانی تێکۆشەر و یەکسانیخوازی ڕۆژئاوا پێ بە پێی پیاوانی یەکسانیخواز توانیویانە کۆمەڵێک لە گەورەترین دەسکەتەکان بۆ مرۆڤایەتیی بە گشتیی و ژنان بە تایبەتیی دەستەبەر بکەن، کە ئەمڕۆکە ژنانی ئەم وڵاتانە لە سایەی ئەو خەباتانەدا چێژ لە ئازادییەکانیان وەردەگرن و پێ بە پێی پیاوان لەگەشە کردندان. کەواتە با ئێمەش ئەو ئەزموونە سەرکەوتووانە ڕەچاو بکەین و بەرەو سێکولاریزم و دەستەبەرکردنی مافە کۆمەڵایەتییەکان ھەنگاو ھەڵبگرین، کە بە شێوەی خۆسەر ئازادییەکان و مافەکانی ژنانیشیان ھاوکات لەگەڵ پیاوان پێکەوە تێدایە و ھەنگاوێکی گەورەیە بەرەو مرۆڤ مەزنیی لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتیش.


ئەمەش بڵێم کە ئەگەر چی پیاوان ئایینیان ھێنایە ئارا، ھەر پیاوانیش بوون کە فەلسەفە و باسی ئازادییەکان و مافە مرۆییەکانیان ھێناوەتە ئاراوە، کەواتە وەک لە سەریشەوە باسم کرد، گرفتیی پیاومەزنیی تەنیا نەخۆشیی پیاوان نییە، بەڵکوو نەخۆشییەکی مرۆییە کە پێویستە بە ھەموومان لە دژی ڕاوەستین تا دەستەبەرکردنی یەکسانیی بۆ ھەموو بوونەوەرانی سەر زەویی!

لەم روانگانەمەوەیە کە من چەند ساڵانێکە لە ڕێپێوانەکانی ھەشتی مارس بەشداری ناکەم و وەک لە ھی پیاوانیشدا بەشداری ناکەم، پێموایە ئێمە نابێت بۆخۆمان پەرە بە جیاوازیی ڕەگەزیی مرۆڤەکان بدەین و بگرە من لەگەڵ ھەڵوەشانەوەی ڕۆژی ھەشتیی مارسیشدام. ئەگەر ئێمە مرۆڤ بە نێر و مێوە بە یەکسان ئەزانین، ئەی بۆ نایەین شان بە شانی یەک، ھەموو ڕۆژێک لە دژیی چەوسانەوەی ڕەگەزیی بین؟ لە دژیی ژنکووژیی و ئایینە ژنکووژەکان بین؟ بۆ ھەموو ڕۆژێک ناکەین بە ڕۆژی ژن و پیاو؟ یا نەخێر بۆ ڕۆژێک ناکەین بە ڕۆژی مرۆڤ؟


١٦ی ڕەشەمەی ٢٧١١
ماڵپه‌ڕی ئه‌یوب ره‌حمانی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک