١٨\٢\٢٠٢١
با ئارامیی شاری ھەولێر بپارێزین.

ئهحمهد رهجهب
رۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٢/١٥ ناحەزان و دوژمنانی گەلی کوردستان چەند
مووشەکێکیان ئاراستەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرو شاری ھەولێر و
دەوربەری کردو بەر چەند شوێنێک کەوتن و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان
کەسێک کوژراو ژمارەیەک قوربانی و برینداربوونی لێکەوتەوە جگە لە
زیانێکی زۆری مادیی و لە ئەنجامدا بووەتە ھۆی پەشێویی و نیگەرانی و
دڵەراوکێی ھاوڵاتیان.
تا ئێستا بە تەواوەتی نازانرێت خاوەن موشەکەکان کێن و، مەبەستیان چییە؟
بە پێی میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاسایشی ھەولێر حەشدی
شەعبییە بەڵام پێویستە تیرۆریستەکانی دەوڵەتی ئێسلام ( داعش) لە بیر
نەکرێن و ھەروا زۆرانبازی نێوان ئەمریکاو ئێران و ھەرەشەکانی تورکیا بۆ
داگیرکردنی شەنگاڵ.
پێش چەندد رۆژیک یەکێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی لە رێی
پاشا عەبدوڵلای ئەردەن ئەتوانین کەناڵیک لەگەڵ رەغەد کچە گەورەی سەدام
حوسەین بدۆزینەوەو لەو سونگەیەوە دەستکاری بارودۆخی عێراق بکەین و،
بەپێی ھەندێ دەنگوباسی بڵاوکراوە دەنگوێ ئەوە ھەیە رەغەد سەدام
ھاتووەتە ھەولێرو نیازی وایە بەسەرپەرشتی ئەمریکا لە گەڵ بەرپرسانی
کوردستان و بەعسی و سوننە ھەڵاتووەکان و موستەشارجاشەکان کۆ ببێتەوە.
ئەمریکا لە کاتی دۆناڵد ترامپ سەری بۆ داواکارییەکانی ئەردۆگانی
تیرۆریست شۆر کردو ناوچەیەکی فراوان و چەندین شارو گوندی لە رۆژئاوا
داگیرکردو زۆر ملھورانە ھاتە ناو خاکی باشوری کوردستان و چاوی لە سەر
داگیرکردنی تەللەعفەرو شەنگاڵ و کرکوکەو لە ھاتنی خلوسی ئاکار وەزیری
بەرگری دەوڵەتی تورکیا بێشەرمانە لە ھەولێر وتی نیازمان ئەوەیە بچینە
شەنگاڵ و بنکەی سەربازی وەک بنکەکەی باشیک { بەعشیقە} دابنێێن و، بە
ئاشکرا لە ھەفتەی رابردوو ھێرشی کردە سەر شاخی گارەو خۆشبەختانە تووشی
شکست بوو.
ئەگەر ئەو دەستدرێژییەو موشەک ھاویشتنە بۆ سەر شاری ھەولێر حەشدی شەعبی
بێت بەبێ شک بە ھاندانی ئێرانەو ئەیانەوێت دەسەڵاتەکانی جۆ بایدنی
سەرۆکی ئەمریکا تاقی بکەنەوەو بزانن کاردانەوەی چی ئەبێت و، بەو کارەش
جۆ بایدن تاقی ئەکەنەوەو ئەزانن بایی چەندە.
ھەولێر موشەک باران کراو دیارە ئەمە پێشتر روویداو تاقی کرایەوەو
ئەمرۆش جاریکی تر روویداو ناحەزان ودوژمنان واز لەو کارە قیزوەنە
ناھێنن و ئەم کارە گڵاوە بووەتە پیشەیان و چەندین جاریتر دووبارەو
سێبارەی ئەکەنەوە.
ئەگەر راستبێت حەشدی شەعبی ئەو کارەی کردبێت ، ئەوا حکومەتی عێراق
بەرپرسە چونکە حەشدی شەعبی وەک بانگەشەی بۆ ئەکەن بووەتە بەشێک لە
سوپای عێراق و، ئەبێت حکومەتەکەی مستەفا کازمی سزای تاوانباران بدات و
ئەو کردەوانە بوەستێنێت و ئاسایش و ھێمنی وئارامی ھەولێرو کوردستان
تێکنەدەن.
بۆ ئەوەی تەبابی لە نێوان کورردستانیان بەرقەرار بێت ھەوڵ بدرێت
کوردستان دوور بێت لە ململانێی ئەمریکاو وڵاتانی دەوروبەری کوردستان
بەناو دراوسێ..
بە زوترین کات حکومەتی کوردستان زیندانیانی بادینان و ھەولێر ئازاد
بکات بۆ ئەوەی شیرازەی کومەڵگا نەپچرێت و چیتر وەزارەتی ناوخۆ ناوی
ئەوانەی داوای موچەیان کردووە بە سیخورو قاچاغچی ناو نەبات.
ھەوڵبدەن نەوت رادەستی بەغدا بکەن و واز لە شاند نارد بێنن بۆ ئەوەی
ھادی عامری نەبێت بە بریاردەری چارەنووسی گەلی کوردستان.
باشە حکومەتی کوردستان پشت بە گەلی کوردستان ببەستێت و موستەشارجاش و
بەعسییەکان دوور بخاتەوەو بە ھیچ شێوەک نەکەوێتە داوی ئەمریکاوەو
رێگربیت لە گەرانەوەی حزبی بەعس بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی عێراق.
پێویستە حکومەتی کوردستان ھەوڵ بدات دەزگای ھەواڵگیرییەکانی تورکیاو
ئێران ( میت و ئیتیلاعات) و بنکەکانی تورکیا لە کوردستان دەر بکات.
با بۆ پاراستنی ھەولێرو شارەکاتی تری کوردستان تێبکۆشین و، سەرکەوتن
ھەمیشە لە یەکگرتندایە.
١٦\٢\٢٠٢١
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|