٢٩\٧\٢٠١٠
باریا، هاوارێکى
چەپڕەوانە بە رووى فاشیزمدا.

ئا: کــاردۆ
فیلمى
باریا یان دەروازەکانى با ،یەکێکە لە شاکارەکانى خانمە دەرهێنەرى
ئیتاڵیایى جیۆزێبى تۆرناتۆرى ، وێنەگرتنى بەشێکى زۆرى دیمەنەکانى لە
وڵاتى توونس ئەنجامدراوە و بریتییە لە گێڕانەوەى سەربوردەى ژیانى
دەرهێنەر ،لەو میانەدا باس لە گرنگترین ئەو قۆناغانە دەکات کە شارەکەى
((سیشیلیا)) لە نێوان ساڵانى سییەکان بۆ پەنجاکان پێیاندا گوزەرى
کردووە،هەرلە دەسەڵاتى رژێمى فاشیست و جموجۆڵى گرووپەکانى مافیا تا
دەگاتە سەردەمى دەسەڵاتى کۆمۆنیستەکان لە دوورگەى سیشیلیا کە دەکاتە
شوێنى لە دایکبوونى دەرهێنەر.
فیلمەکە سێ نەوەى خانەوادەى "بیبینۆ" دەگرێتەوە ،منداڵى پاشان قۆناغى
لاوێتى و دواتر قۆناغى بەساڵاچوون و باوکایەتیى، بیبینۆ ئەو منداڵەیە
کە سەربە خانەوادەیەکى هەژارە و وەک ئەو خەڵکەى ترى سیشیلیا لە ژێر
زەبروزۆرى هەژارى و ستەمى فاشیستەکان و دەسەڵاتى مافیادایە هەروەها
پاڵەوانى سەرەکیى و دیدى دەرهێنەرەکەیە کە لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکى
ترمان دەبات .
((سیاسەت هونەرە)) وشەیەکە بیبینۆ لە باوکییەوە بۆى ماوەتەوە و لە
فیلمەکەدا ئامادەگییەکى بەهێزى هەیە و و داینەمۆى کردەکانە دواتر ئەمیش
بۆ منداڵەکانى جێیدەهێڵێت ، بیبینۆى منداڵ کە لەقۆناغى گەندەڵیى سیاسى
و ستەمى فاشیستەکان ژیاوە و کارەتیرۆریستییەکانى مافیاى ئیتاڵى بینیوە
،لەهەڕەتى لاوێتییدا پەیوەندیى بە ریزەکانى چەپڕەوەکانەوە دەکات و
ئەبێتە کەسێکى دیارى نێو بزووتنەوەکە.
بیبینۆ هەوڵئەدات حەزى سیاسەت و گۆڕان و چاکسازیى بەپێى تێڕوانینى
کۆمۆنیستەکان لە لاى منداڵەکانى چێبکات ،لە دیمەنێکدا و لەوەڵامى
پرسیارى کوڕەکەى سەبارەت بە چەمکى چاکسازیى و کەسى چاکساز دەڵێت"
چاکساز دەخوازێت بە پێى لۆژیکێکى درووست جیهان رزگاربکات ،چونکە ئەو
دەزانێت گەر مرۆڤ رووبەڕووى تێکڕاى جیهان ببێتەوە ئەوا خودى خۆى تووشى
زیان دەبێت"
فیلمەکە بەدەر نییە لە لایەنى مرۆڤایەتى و سۆز خۆشەویستى بەتایبەتى
خۆشەویستى بیبینۆ بۆ ژنەکەى لەلایەک لەلایەکى ترەوە ئەو خۆشەویستییەى
کە بۆ دانیشتوانى سیشیلیا هەیەتى .
دەرهێنەر لە کۆتایى فیلمەکەدا لەگەڵ بینەردا موفارەقەیەک درووستدەکات ،
بیبینۆ نووستووە و کە بە ئاگادێتەوە تەمەنى لەسەرووى پەنجا ساڵەوەیە
دەرئەنجام بۆمان دەرئەکەوێت تەواوى رووداوەکان لە رێى خەوبینینەوە
پێمانگەیشتوون .
ماڵپهڕی کاردۆ
|