په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بابان عوسمان:

حکومەتی هەرێم یان زەلیلی بەغدایە،

یان خۆشی رێککەوتنی بۆناردنەوەی پەنابەران ئیمزاکردووە!

 دیداری:تاڤگە سابیر

- ئامانج لە دامەزراندنی رێکخراوی فیدراسیۆونی پەناران چی؟

 

- ئێمە رێکخراوێکی مرۆڤدۆست و خێرخوازین کار دەکەین لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی پەنابەران و مسۆگەرکردنی باری ژیان و گوزەرانیان و تا ئێستا بە رادەیەکی باش خزمەتمان پێشکەشی پەنابەران کردووە، هەروەها توانیومانە دەنگی خۆمان بگەیێنینە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی سوید بۆ ئەوەی موعاناتی ئەو پەنابەرانەی کە تا ئێستا لە کەمپەکانن و چاوەڕوانی وەڵامن یان ئەوانەی رەفزیان بۆ دەرچووە، ئێمە توانیومانە پارێزەریان بۆ بگرین تاکو لەبەردەم دادگا و یاسادا بەرگرییان لێ بکات، زۆر پەنابەر هەبووە کاتی مانەوەی بەسەرچووە ئێمە لەرێگەی پارێزەرەوە توانیومانە کاتەکەی بۆ درێژبکەینەوە و زۆر خزمەتی جۆراوجۆریتریشمان پێشکەش کردوون.

 

- ئێوە وەکو فیدراسیۆن پەیوەندیتان کردووە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان یان تەنسیقێکتان هەیە لەم بوارەی کارەکەتاندا؟

 

- بەڵێ چەندین جار نامەمان ناردووە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبەکان  بەتایبەتیش وەزارەتی مافی مرۆڤ بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هەر وەڵامیشیان نەداوینەتەوە، داوامان لێکردوون دژی ئەوە بوەستنەوە کە پەنابەران بە زۆر دیپۆرد بکرێنەوە و رەوانە بکرێنەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بە دەنگمانەوە نەهاتووە و لەوە ئەچێت حەز بکەن پەنابەران بە زۆر رەوانەی کوردستان بکرێنەوە، بە داخەوە حکومەتی کوردی نەیتوانیووە باری گوزەران و ژیانی هاوڵاتیانی ناو کوردستان رازی بکات، کەچی ئەیەوێ خەڵکی پەنابەریش بۆ کوردستان بە زۆر بگێڕدرێنەوە! بۆ تا ئێستا هاوکارییەک یان داخەلەتێکیان نەکردووە بۆ پەنابەران کە وەربگیرێن و باری ژیانیان چاک بکرێت.

 

- هۆکار چیە حکومەتی هەرێم وەڵامی ئێوە ناداتەوە؟

 

- لەبەر ئەوەیە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق رێکەوتنیان کردووە لە گەڵ حکومەتی سوید و بەریتانیا تا پەنابەران بە زۆر بگێڕنەوە، بەڵام دیارە رێکەوتنەکەیان بە نهێنیە، ئەگینا چۆن ئەتوانن 50 تا 70 پەنابەر بەزۆر بخەنە ناو فڕۆکە و هەر پەنابەرێکیش 2 پۆلیسی لەگەڵ بنێرن و رەوانیان بکەنەوە؟ ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە!

 

- کۆچی لاوان لە کوردستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بۆ چی دەگێڕیتەوە؟

 

- بەشێوەیەکی گشتی باری ژیان و گوزەرانیان لە کوردستان خراپە و بیر لە ئارەزووەکانیان ئەکەنەوە، ئەیانەوێ بگەنە ئەو خواستانەی کە لە خەیاڵیاندایە، وا دەزانن ئێرە بەهەشتێکە هەموو ئاواتەکانیان دێنێتە دی ، هەر باری گوزەرانی بەرزبوونەوەی ئاستی ژیانیان و تێرکردنی حەز و هەوەسەکانیان تا دەگاتە کچ و ژنی جوان ، بەڵام من تەنیا قسەیەکم هەیە بۆ ئەو لاوانەی روویان لە ئەوروپا کردووە، کە راستە ئەوان وڵاتیان گۆڕیووە بەڵام ئەبێ ئەقڵیشیان بگۆڕن هەر بە تەنیا بە دوای حەزەکانیان نەکەون، بەڵکو پێویستە لەسەریان بیرکردنەوەشیان نۆژەن بکەنەوە و ئایندەیەکی گەش و پڕشنگدار لێرە بۆ خۆیان و کەسوکاریشیان دروست بکەن  و خۆیان لەبەرتەسکی عەقڵ و دۆگمایی رۆژهەڵاتیانە رزگاربکەن. لە راستیدا لەگەڵ ئەوەی لێرە مافی مرۆڤ هەیە بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک فاکتەر هەیە وای کردووە حکومەتی سوید زۆر گرنگی بە پەنابەرانی کورد و عێراقی نەدا، بۆ نمونە کوردێک لێرە کە ژنەکەی دەکوژێ یان لە منداڵەکەی دەدات یان کچەکەی دەکوژێ ئەمانە هەمووی دژە ئاڕاستەن لەگەڵ فەرهەنگ و کەلتوری سوید، لەلایەکیتریش حکومەتی عێراق حکومەتی کوردستان وەک باسم کردهەم رێکەوتنیان کردووە لەگەڵ سوید و بەریتانیا هەم لە راگەیاندن میدیادا وای نیشان دەدەن کە کوردستان بۆتە بەهەشت! بەڵام کام بەهەشت؟!

 

- لە میدیاکانی سوید زۆر رەخنە ئاڕاستەی حکومەتی کوردستان دەکرێت لەسەر ئەوەی کە توندوتیژی هەیە لەبەرامبەر تاکی کورد، ئەی بۆچی پەنابەران بە زۆر ئەنێرنەوە یان وەڵامیان نادەنەوە و مۆڵەتی ئەوەیان پێنادەن لێرە وەک هاوڵاتییەک بژین؟

 

- وەکو ووتم لەگەڵ ئەوەی زۆر هۆکاری سیاسی هەن، بەڵام خودی پەنابەرانیش خۆیان بەشێکن لە کێشەکان زۆربەیان کاری نایاسایی ئەکەن یان توندتیژی بەکاردێنن کە ئەم شتانە دوورە لە کەلتور و فەرهەنگی سوید، پێویستە پەنابەران خۆیان لەگەڵ کەلتور و دابونەریتی نوێخوازانەی ئێرە بگونجێنن و خۆیان بگۆڕن.

 

- دەنگۆیەک بڵاوبۆتەوە گوایا 900 پەنابەری عێراقی لە سوید مافی پەنابەریان پێ دەدرێت ئایا ئەمە راستە و پەنابەری کوردیش دەگرێتەوە؟

 

- ئەم هەواڵە لە تەلەفزیۆنی ktvبلاوبۆوە بەڵام پێم وایە ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نیە، من خۆم پەیوەندیم کرد بەم تەلەفیۆنە هیچ وەڵامێکیان نەدامێ و دەستی دەستیان پێکردم ، لەراستیدا ئەو 56 پەنابەرەی کە بە کەلەپچەکراوی لە سویدەوە رەوانەی هەولێر کرانەوەو حکومەتی هەرێمیش باوەشی بۆکردنەوە لە جیاتی ئەوەی وەریان نەگرێتەوە و فرۆکەخانەی هەولێر پێشوازی لەم فرۆکەیە نەکات هەستان ئەم هەواڵەیان دروست کرد بۆ چەواشەکردنی خەڵک، زۆر لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش ئەڵێن ئەوە ئێمە نین ئەوە حکومەتی بەغدایە رێکەوتنی کردووە لەگەڵ سوید و وڵاتانیتری ئەوروپا بۆناردنەوەی پەنابەران، ئێ باشە ئەی دەوری حکومەتی هەرێم چیە بۆچی ناتوانێ هەڵوێستێکی بەکردەوە وەرگرێت؟ یان ئەوەتا هیچیان پێناکرێ لەبەرامبەر بەغدا و زەلیلی حکومەتی بەغدان یان خۆشیان لەگەڵ رێککەوتنەکەدان، هەرچەندە سەفیری عێراقیش لە سوید وتبووی رێککەوتنێک نیە لەگەڵ حکومەتی سوید بەڵام ئەمە راست نیە !

 

_______________________________________

پرۆفایل:

بابان عوسمان لەساڵی 2001 وە لە وڵاتی سوید دەژیت و لەساڵی 2002وە لە رێکخراوی فیدراسیۆنی پەنابەران کاردەکات ئێستا گەیشتۆتە پلەی سکرتاریەتی رێکخراوی ناوبراو.