په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٤\٢٠١١

با بەردەرکی سەرا نەبێتە کەپکی حەمەدئاغا.


ستیڤان ئەحمەد  


زۆربەمان دوێنێی تاڵی شەڕی ناوخۆی نەوەدەکانی سەدەی رابردووی کوردستانمان لە یادە، مێژووەکە زۆری بەسەردا تێنەپەڕیوە، بەڵکو هێشتا سوێ و ئازار و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە ناوخۆییە جەستەی زامداری تاکی کورد ئەشکەنجە دەدات و شوێنەوارەکانیشی بوونەتە دوومەڵێکی شێرپەنجەیی و بە تەوێڵ و جەستەی حکومڕانی و سەرلەبەری کایە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسیی و ئابووری و فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردییەوە نوساوە و وەک ئەختەبووتێک پڕی پێدا کردووە و بەهیچ کلۆجێک توانای هەڵاتنمان نییە لێی. بەهەرحاڵ هەرچەند بنووسین لە بارەی ئەو رووداوە خوێناوییانەی لە 1994-1998 لە نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستاندا روویاندا، هێشتا کەمە و ئەو فیلمە تراژیدییەی شەڕی ناوخۆ هێندە ئازار و فرمێسکی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، کارێکی باش ناکەین جارێکی دیکە ئەو لاپەڕە رەشانە بۆ نەوەی نوێ هەڵبدەینەوە.


من دەمەوێ لێرەدا سەرنجتان بۆ یەکێک لە ساتەوەختە هەستیارەکانی شەڕی ناوخۆی ئەوسای کوردستان رابکێشم، چرکەساتێک هەموو هەوڵێکی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ببووەوە شەڕکردن و قوربانیدان بۆ لوتکەی چیا و کەپێکێکی وەک حەمەدئاغا، کە ئێستا چۆڵەوانییەکی ترسناک و شاخێکی رووتەنی بێکەسە و لەسەر دڵی کوردستان فڕێدراوە، هەموو لە بیرمانە چۆن ماکینەیەکی میدیایی گەورە کاری ببووە هاندان و تەحریزی پێشمەرگە و لایەنگرانی حزب بۆ سەندنەوەی کەپکی حەمەدئاغا، ئاخر ئەوکاتە ئەو تەپۆڵکەیە لە کەرکووک و لە تێکڕای شوێنە داگیرکراوەکانی تری کوردستان بەهای زیاتر بوو، پیرۆزتر بوو، رەمزی شەرەفی هێزە شەڕکەرەکان بوو، کەپکی حەمەدئاغا ببووە جوگرافیایەکی ئەفسانەیی، ئەو جێگەیەی لە نێو حکایەتەکانی داپیرەماندا بە گەنجینەی گەوهەر و زێڕ و زیوی دونیا پێناسە دەکرا، بۆیەکا ئەو بەرزاییە ببووە رەمزی سەرکەوتن و رەمزی پێشڕەویی هەر حزبێکی شەڕکەر.


سەیر بکە، چەندان قوربانی درا و چەند شەڕی خەست و خوێناویی بەرپاکرا، بۆ سەندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەو بەرزاییە، کەچی ئێستاکە نەک هەر بایەخێکی نییە، بەڵکو لایەنە شەڕکەرەکان لە خەونیشدا بیریان ناکەوێتەوە، تەنانەت هەیانە هەر نازانن ئەو کەپکە لەسەر نەخشەی کوردستان بدۆزنەوە، لەوە تراجیدتریش ئەوەبوو ژمارەیەک نووسەر و رۆشنبیری ناو حزبەکان کە توانای مانەوەیان لەو زنجیرە چیایەدا نییە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بە چەشنی کەواسووری بە لەشکر، شیعر و ئینشا و پەخشانیان بۆ سەندنەوە و کۆنترۆڵی ئەو بەرزاییە دەهۆنییەوە، ئەگەر ئێستاکەس لێیان بپرسی ئایا کەپکی حەمەدئاغات دیتوە؟ بێگوومانم وەڵامەکەی نەخێرە. من پێموایە بەردەرکی سەرای سلێمانی وەک کەپکی حەمەدئاغای لێهاتووە و کۆی هێزە سیاسییەکان لە پێشبڕکێدان بۆ سەندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەو گۆڕەپانە، ئەوەتا هەر لە ئێستاوە ژمارەیەک رێکخراو و حزبی سیاسیی بانگەشەی "ئازادکردنی" بەر دەرکی سەرا دەکەن لە رۆژی یەکی ئایاردا، هەرواش دەسەڵات سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بە پرۆسەی خۆپیشاندان لەو گۆڕەپانەدا. ئێستاکە مەترسییەکی ترسناک دەبینرێت لەمەڕ خاوەندارێتی هێزەکان لەسەر ئەو گۆڕەپانە و پێشبینی ئەوە دەکرێت سەراش ببێتە کەپکی حەمەئاغا و قوربانی زۆری بۆ بدرێت و گەنجی زۆری بۆ بە قوربان بکرێت، کە ئەمەش کارێکە نابێت رێگەی پێبدرێت.


گوومان لەوەدانییە هیچ جێگەیەک پیرۆز نییە بەو جێگایانەشی لایەنگرانی ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان وەک جوگرافیای پیرۆز بەرگریی لێدەکەن، بەر دەرکی سەرا جێگەیەکی پیرۆز نییە و چەند سەد مەترێک زەوی ئاساییە و هێزە رەمزییەکەشی لەوەدا بەرجەستە دەبێت: شوێنێکی مێژوویی شارە و مەیدانی کێشمەکێش و ناڕەزایی سیاسیی جۆراوجۆر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێندە گرنگ و پیرۆز نییە لەسەرووی گیانی مرۆڤەکانەوە بێت، لەبەر ئەم هۆکارە ساکارە پێویستە خۆپیشاندەران لە روانگەیەکی ترەوە سەیری پرسە بکەن و نابێت بە هەمان ئەو عەقڵییەتە پیاوسالارییە مامەڵە بکەن و وا بزانن سەرا شەرەفیانە و دەبێت بیسەننەوە ئەگەر بۆ سەندنەوەی ئەو شەرەفەش قوربانیدانی زۆر پێویست بێت!، بەپێچەوانەوە چاوەڕوان دەکرێت خۆپیشاندەران جێگە و ئامڕازی تری خۆپیشاندان و ناڕەزایی بدۆزنەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە شەڕ لەسەر چەند سەد مەترێک زەوی نەکرێت و وێنایەکی خەیاڵاویی بۆ نەکێشرێت، چوون ئەمە دەبێتە سەرەتای کۆتاییەکی تراجیدیی.


هەر ئەوەندە دەڵێم سەرا ئەگەر لە ئێستادا لە رووی رەمزییەوە پێگەیەکی بەرزتریشی پەیدا کردبێت، بەڵام ئەم پێگە بەرزە لەوە زیاتر نییە کاتی خۆی کەپکی حەمەدئاغا هەیبوو، لەم سۆنگەوە چاوەڕوانیم لە هەموو لایەک هەیە بۆ سەرا و سەندنەوەی ئەو گۆڕەپانە قوربانی بە ژیانی مرۆڤەکان نەدەن، چاوەڕوانیم هەیە لە هێزەکان کەپکی حەمەدئاغا وەک چرکەساتێکی کارەساتئامێز لە مێژووی نوێی کوردستاندا بووبێتە پەند بۆیان و نەهێڵن جارێکی دیکە هیچ جێگەیەکی تر ببێتە ئەو بەرزاییە و لافاوێک خوێنی لە پێناودا بڕێژرێت.

 


Shamzini79@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک