باجێکى قورس!
بەشدار
عهلی
کێن ئەوانەى لە ووتنى راستیەکان دەترسن؟!کێن ئەوانەى دەرگاى دیالۆگ
لەسەر خۆیان و بەرامبەرەکانیان دادەخەن؟!کێن ئەوانەى وەڵامى رەخنە
ونارەزاییەتیەکان بە گوللە و ئاسن دەدەنەوە؟!تەنها ئەوانەى بە شەفافیەت
کۆتاییان پێ دێت.
کامە هێز تونیویەتى بەکوشتن و بڕین و سەرکوت و داپلۆسین درێژە بە
تەمەنى خۆى بدات؟!ئەوە کامە سیاسەت و ئایدۆلۆژیایە بەرێگاى لەناوبردنى
بەرامبەرەکەى دەیەوێت پایەکانى خۆى لەنێو کۆمەڵگا بچەسپێنێ؟!ئەوە چ
دەسەڵات و حیزبێکە دەیەوێت ترس و تۆقاندن بکاتە تەوقێک و لەگەردنى
تاکەکانى بئاڵێنێ،بۆئەوەى خۆى(ئازادانە)مامەڵە بکات؟!دەست بردن بۆکارى
کوشتن و تیرۆر و تۆقاندن تەنها لەسیستەم و بەرنامەى حیزبە فاشى و
دیکتاتۆرەکان جێگاى دەبێتەوە،بەڵام کاتییە!
هیتلەر و ناپلیون توانیان ووزە و ئیرادەى تاکەکان وورد و خاش بکەن و
ماوەیەک (پاڵەوان)بنٍ، ێدام حسێن گەورەترین هێزى تەرخانکردبوو بۆ
سرینەوەى رەقیب و بەرامبەرەکانى لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق،بەڵام
بەهەوادا رۆیشتن و کەوتنە بەرنەفرەتى مێژوو،ئەوانەشى کە لەسەر ئەو
کارانە بەردەوامن چارەنووس و ناوباگیان لەمان باشتر نابێت،چونکە ئیستا
نەوەیەک پەیدابووە دیکتاتۆریەتى رەفزە،بۆ هەموو کارێکى نەشیاو دەنگ
هەڵدەبرێ و قسە دەکا و گوێش دەگرێ.
سۆران مامە،رۆژنامەنوسێکى گەنجى شارى کەرکوک بوو لەماڵەى خۆیدا تەقەى
لێکراو تیرۆریان کرد!،پێش ئەوەى پەنجەى تاوان بۆهەر لایەک درێژبکەین
پێویستە چەند شتێک روونبکەینەوە:سۆران وەکو گەنجێکى نارازیى ئەو
کۆمەڵگایە بەشێکى زۆرى کارەکانى خۆى بۆ بێ سیستەمى و بەربەریەت و زوڵم
و ستەم و نایەکسانى و بەرتەسک کردنەوەى ئازادییەکان لەلایەن
دەسەڵاتدارانى کرکوک بەتایبەت پارتى و یەکێتى تەرخان کردبوو،نەبونى و
برسیەتى و سەرگەردانى و یاریکردن بە چارەنوسى خۆى و هاوشارییەکان و تۆخ
کردنەوەى هەستى تائیفى و قەومى لەنێوانیاندا بۆ دزینى سەروەت و سامانى
زیاترى شارەکەى،فشاریان بۆ هێنابوو،بۆیە دەستى کرد بە نوسین و
رەخنەگرتن لەبەرێوەبردنى ئەو عەقلیەتە دۆگمایە(لەودواین ووتارى سۆران
ئەمە زۆر بە روون و ئاشکرا دەربڕاوە) بێگومان ئاشکراکردنى راستیەکان و
پەردەهەڵماڵین لەسەر دزى و راووڕووت و رێکەوتنە رێرەوژوورەکانیان و
باسکردن لە ئێش و ئازار و کێشەکانى خەڵک لەماوەى دەسەڵاتى ئەو حیزبانە
لەماوەى دوو دەیەیى رابردوو بە کوشتن و لەناوبردن تەواو بووە و لیستێکى
درێژیش لەبەردەستدان.
سەردەمانێک لە هەولێر و سلێمانى کاردەست کەوتن و دامەزراندن مەرجێکى
سەرەکى تەزکییەى پارتى بوون و یەکێتى بوون بوو،هەزارەها گەنج و لاوى
ئەو مەملەکەتە نان بڕاو کرا تەنها لەبەر ئەوەى ملى بۆ سیاسەتەکانى
ئەوان دانەنواند،بەسەدان خەڵکى نارازى و توڕە زیندان و سوکایەتى و
ئیهانە و تێر شەق کران،ئەوانەشى کە بەردەوام بوون لە رەخنە و
نارەزاییەتیەکانیان بە مەرگ سپێردران و پیاوە قەزەمەکانى حیزبیش
بەهانەکیان بۆ داتاشى وەکو ئەوەى ئیستا خەریکن بۆ سۆرانى دورست دەکەن
لەبابەت کێشەى شەخێى و دەستى دەرەکى و نەیار و دوژمنەکان و تێکدەرانى
وڵات!
هەموو ئەوانەى لەپێناو دەست راگەیشتن بە ژیانێکى باشتر و ئارام و بێ
زوڵم و زۆردارى و نابەرابەرى تێکۆشان، باجێکى قورسیان بە ژیانى خۆیان و
خێزانەکانیاندا و تیاچوون،بەڵام سەروەرى و مێژوویەکیان بۆ خۆیان
تۆمارکرد بۆ هەتا هەتایە جێگاى شانازییە بۆ بەشەرییەت،بوون بە
وانەیەکیش بۆ ئێمە ئیتر دەبێت ئەو دەسەڵات و سیستەمانە بگۆردرێن،چونکە
ناکۆکیان لەگەڵ عەقڵ و بیرکردنەوەى ئەو سەردەمە هەیە و دەبێت بچنە
زبڵدانى مێژووەوە،ئەگەر بە تیاچوونى ئێمەش کۆتایى پێ بێت جێگاى
شانازییە،با بکوژانى سۆرانەکانیش باش بزانن دەست بردن بۆ کارى کوشتن و
تیرۆر و پەلاماردان ئاماژەیەکى روونە و پەلەقاژیەکە بۆ مەرگیان و کۆتای
پێ هاتنیان و ئەمە دوا وەسیلەیە بەدەستیانەوە.
Bashdar_net@yahoo.com
|