١٢\٨\٢٠١٠
با چێشتخانەکانیش
کراوە بن، مامۆستایانى ئاینى بۆ سەغڵەت دەبن ؟!

هیوا رەش
لە هەواڵێکدا خوێندمەوە گوایە لەسەر ئەوەى بەرپرسانى پارێزگاى سلێمانى
بڕیاریان داوە تەواوى چێشتخانەکانى پارێزگاکە لە مانگى ڕەمەزاندا کراوە
بن، ئەگەرى ئەوە لە ئارادایە مامۆستایانى ئاینى هەڵوێست وەربگرن ،
ئەمەش دەقى هەواڵەکەیە کە لە ماڵپەڕى ستاندەر بەرچاوم کەوت :
(( بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لەوڵاتى ئیسلام دۆستدا لە مانگى ڕەمەزانى
پیرۆزدا ڕێگە بە تەواوى چێشتخانەکانى سلێمانى دەدرێت کە لەو مانگەدا
کراوە بن ئەوەش نیگەرانییەکى زۆرى لاى خەڵکى سلێمانى و کوردستان دروست
کردووە .
بڕیارى کردنەوەى تەواوى چێشتخانەکان لە سلێمانى لە لایەن بەرپرسانى
پارێزگاکە دراوە و مامۆستایانى ئاینییش حکومەتیان ئاگادار کردۆتەوە گەر
بێت و بڕیارەکە نەگۆڕن ئەوا هەڵوێست وەردەگرن بۆیە پێدەچێت ئەو بڕیارە
ئیلغا بکرێتەوە . ))
گەر تەماشاى چۆنێتى داڕشتنى هەواڵەکە بکەین ئەڵێى لە ماڵپەڕێکى
ئیسلامیدا بڵاو کراوەتەوە و داڕێژەرەکەشى لە موجاهیدێکى تاڵیبانى
ئەفغان ئەچێت و غەمخۆریى بەزاندووە و گەییشتۆتە نیگەرانى و پیش
خواردنەوە لە خۆیەوە پێچاوە و پیرۆزیى مانگى ڕەمەزانیش بە خەڵک
ئەفرۆشێتەوە ، ئینجا وڵاتەکەشى بە ئیسلامدۆست شوبهاندووە کە ئەمە خۆى
لە خۆیدا هەڵەیەکى زەقە و دەکرا لە دەستورەوە پێناسەى وڵاتەکە بکرایە
کە ئیسلامییە نەک ئیسلام دۆست و لە ژێر ئاڵاى وڵاتێکى ئاوا نەک (
کافرێکى دیموکراسیخواز ) دا کورد ئەنفال کرا و ماددەى 140 گورگان خوارد
دەکرێت .
نازانم ئامادەکەرى هەواڵەکە چۆن بەو پەلەپڕوزێیە خزایە دەروونى خەڵکى
سلێمانى و کوردستان و لەبرى ئەوان توانیویەتى بڵێ کە نیگەرانییەکى زۆرى
لایان دروست کردووە ؟ ! بۆ ئەمەیان ڕەنگە ئەم ماستە گوریسێکى تێدا بێت
، نیگەرانییەکەى هێندە قەبە کردۆتەوە ئەڵێ : مامۆستایانى ئاینییش
حکومەتیان ئاگادار کردۆتەوە گەر بێت و بڕیارەکە نەگۆڕن ئەوا هەڵوێست
وەر دەگرن --- لێرەدا ئەگەر ئەمەیان ڕاست بێت ئەوا ڕووى دەمم لە
مامۆستایانى ئاینیى دەکەم و پێیان دەڵێم : قوربان زۆر شتى دى هەیە
هەڵوێستى لەسەر وەربگرن و دەکرا فتواشتان بۆ حەرام کردنى نەوتى قاچاغ و
بە تاڵان بردنى سامانى وڵات دەربکردایە بەڵام نەتان کرد ، دەکرا هێرش و
پەلامارەکانى تورکیاتان بۆ سەر باکورى نیشتمانمان تەحریم بکردایە و
هاوپشتیى گەریلا شۆڕشگێڕە گیان لەسەر دەستەکانتان بکردایە بەڵام نەتان
کرد ، دەکرا سێدارەى بە کۆمەڵى ڕۆڵەکانى گەلەکەمانتان لە ڕۆژەڵات لەسەر
دەستى ئاخوندەکانى ئێرانى ئیسلامیى ڕیسوا بکردایە بەڵام نەتان کرد ،
زۆرن ئەو کارە نائینسانییانەى دژى گەلەکەمان لە ناوخۆ و دەرەوە پیادە
دەکرێت و داواى هەڵوێستتان لێ دەکات و نایکەن ، دیارە گۆڤارى لڤین و
مانگى ڕەمەزان مەترسییان بۆ سەر ئاساییشى نەتەوایەتیمان زیاترە ، جا تۆ
بڵێى وا نەبێت ؟ ! ئەى ئەگەر وا نیە هیچ نەبێت نەتانهێشتایە
یەکێتییەکانتان لە ژێر هەیمەنەى دوو حزب دوو لەت نەبوایە .
من وەکو تاکێکى کورد لە کۆمەڵگاى کوردستان دەسخۆشیى لە بەرپرسانى
پارێزگاى سلێمانى دەکەم و ئەملاولایان ماچ ئەکەم بۆ ئەو بڕیارەى
داویانە و داواکارم پێداگریى بکەن ، بەڵێنیشیان ئەدەمێ هەر سێ ژەمەکەم
لە چێشتخانەکان نان بخۆم بە مەرجێک بڕیارەکەیان سەر بگرێ .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|