٢١\٥\٢٠١٢
باجی عێراقیبوون،
عێراق، بنەچەی دیکتاتۆریەت؟!

ستار محەمەد قادر
سەیرە هێندێک بە شێوەیەک شرۆڤەی رەوشی کوردو عێراق دەکەن، وەکو ئەوەی
ئەگەر کوردستان دابەش و نەتەوەی کورد لە هەموو مافێکی بێبەش نەکرابایە،
کورد نانی نە دەبوو تا بیخواو لە برسانیشدا سەری دەنایەوە، لەوەیش
سەیرتر ئەوەیە، کاتێک گوێبیستی ئەو سەرنج و تێڕوانینانە دەبین کە
درووستکردنی دەوڵەتی کوردی نەک بە خەون بەڵکو لە مۆتەکە خەرابتر وێنەی
بۆ دەکێشرێت. یەکێک دەڵێت: "بە پێی دەستووری عێراقی نوێی فیدراڵ، کورد
مافی بڕیاردانی چارەی خۆ نووسینی نیە، هێندێکی دیکەش لە هەوڵی بە
ئەهریمەن کردنی کوردو داکۆکی لە پاکیزەیی نیەتە پەنهان و شاردراوەکانی
ئەوی دیکە دەکەن"؟!
من نازانم دەبێت چی ئومێدێکمان بە عێراقێک هەبێت کە جگە لە دیکتاتۆر تا
ئەمڕۆ یەک حوکمڕانی نیمچە دیمۆکراتیشی بە خۆیەوە نەبینیوە، بە چاوی
خۆمان پەتای عێراقی بوون دەبینین، دەبینین کاراکتەرە لیبڕاڵ و
دیمۆکراتخوازەکان چۆن و بە چ شێوەیەک دەیانەوێت سوود لە کات ببینن و لە
واقیعە دەستووریەکەی عێراق را بکەن، دەبینین چۆن حیزبێک لە هاوپەیمانە
شیعەکانمان، ئەوانەی وا هەرگیز گومانی ئەوەمان لێیان نەدەکرد بەم
شێوەیەی ئێستا بکەونە دژایەتی کردنی کوردو مافە سرووشتیەکانی کۆمەڵانی
خەڵکی کوردستانەوە، من لێرەدا دەپرسم: ئایا سەر دانەواندن بۆ ئەو
بوودجەیەی وا دەیانەوێت لە رێیەوە ریسەکەمان بکەنەوە بە خوری، ئەوە
دەهێنێت؟! بێ گومان عێراق چ کۆن بێ و چیش نوێ ، هیچ لە واقیعی ناگۆڕێت،
چونکە دیمۆکراتی بە ناولێنان بەرجەستە نابێت، بەڵکو هۆشیاریە، ئەگەر
سەرکردەیەکی سیاسی بە زار دیمۆکرات بێ و بە ناخ دیکتاتۆر، ناتوانێت لە
رووی مۆڕاڵیەوە بە بنەماکانی پا بەند بێت، ئەگەر دیمۆکراتی بریتی بێت
لە باڵا دەستی زۆرینە، ئەوا نابێت ئێمەی کورد شوێنی بەرژەوندیە
نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانمان بکەوین!
ئەوەی ئەمڕۆ مالیکی لە کورد داوای دەکات، کاتی خۆی ئینگلیزیش هەر هەمان
داوایان لە مەلیکی کوردستان هەبوو، ناکرێت لە دوو سەردەمی جیاوازدا
بهێڵین هەمان هەڵە دووبارە ببێتەوە، ئاخر هەڵە کردنیش ئەندازەی خۆی
هەیە، ئایا هەڵەکان بە بێ بیرکردنەوە بەسەرماندا گوزەر دەکات، یان
ئەزموونیان لێ وەردەگرین؟! کێشەی کورد زۆر لەوە گەورەترە هیی حکومەتی
ئێستای عێراق یان وڵاتێکی بیانی بێت، راستە ئەوان سەرچاوەی
درووستکردنیانن، بەڵام ئایا هەر لە سەرەتاوە هەستمان بە تاریکی ئەم
توونێلە نەدەکرد، نەماندەزانی ئەوە تەنها دەمو چاوەکانن گۆڕاون، نەک
ئەقڵەکان؟! کورد نابێت چاوەنواڕی ئەوە بێت بەرانبەرەکانی لە گەڵیدا
بگۆڕێن، بەڵکو پێویستە ئەمجارەیان خۆی بگۆڕێت، ئاخر هەڵەیەکی گەوەرە
دەکەین ئەگەر مژاری ئەوە بکەین، ئەوان داد پەروەری و دەستوورو یاسامان
بۆ جێبەجێ دەکەن، مافمان دەدەنێ و دەیپارێزن، بەڵکو دەبێت خۆمان لەسەر
ئەرزی واقیع جێبەجێیان بکەین!
بە بڕوای " نیتشە " ئەوە ئەو پەڕی شێتیە ئێمە بەردەوام هەمان هەڵە
دووبارە بکەینەوەو چاوەنواڕی دەرەنجامێکی جیاوازی لێبکەین، چونکە بەم
میتۆدە لە بیرکردنەوە ناتوانین هیچ کێشەیەک چارەسەر بکەین، بۆیە
باشترین چارەسەر لەوێدایە بە شوێن میکانیزمێکی دیکەدا بگەڕێین،
میکانیزمێک ئاسۆیەکی روونی هەبێت، نەک تەمو مژاوی!
کورد ستەم دەرهەق بە خۆی دەکات بەردەوام ئەوە دووپات دەکاتەوە، عێراقی
نوێ و سوپاکەی لەسەر دەست و خوێنی ئەو بونیات نراوەتەوە، لە بەر ئەوە
زۆر جار مرۆڤ بە هەڵە هەموو هێزو وزەی خۆی لە شتێکدا خەرج دەکات و جگە
لە ماندوو بوون هیچ سوودی لێ نابینێت، دەکرێت ئێمەیش ئەمجارەیان
هەڵەمان کردبێت، گرنگە کاتێک رەخنە ئاڕاستەی سیاسەتی مالیکی دەکەین،
گلەیی ئەوەیان لێدەکەین لە واقیع را دەکات، با جورئەتی ئەوەشمان تێدا
بێت، دان بەو راستیەدا بنێین، کێشە قەیراناویەکانی ئەم وڵاتە سەرەتانی
و بکووژن و بێ چارەسەرن، بۆیە ئەگەر بمانەوێت " رۆح بۆ عێراقێک
بگەڕێنینەوە بەر لە هەشتا ساڵ بە مردوویی هاتوەتە دونیاوە " نابێت لە
نەزیف و خوێن رشتنی بەردەوام و رشاندنەوە قەڵس و دڵگران ببین!
عێراق و عێراقیبوون پاروویەکی دژوارن بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی
دیمۆکراسیانە، رەنگە فیدراڵیەتی ئەمجارە لە رووی ماددیەوە کۆمەڵێک
دەسکەوتی بۆ کورد تێدا بێت، بەڵام رەنگە لە رووی مەعنەویەوە زیانی
گەورەی تێدا بکەین، ئەوان ئێستا بە پاڵ پشتی ئەو دەسکەوتە ماددیانەوە
گەمەی کاتمان لە گەڵدا دەکەن، بە داخێکی زۆرەوە سیاسەتی حیزبایەتی لە
کوردستانیش، ئەوەندەی لایەنی ماددی زەق کردۆتەوە، لایەنە مەعنەویەکەی
فەرامۆشکردووە، بۆیە ئەگەر کورد لە بەرنامەیدایە عێراق بگۆڕێ و بیکات
بە وڵاتێکی دیمۆکرات، باشتر وایە رۆژێک زووتر خۆی بگۆڕێت، چونکە ئێمە
وەکو کورد ئەزموونێکی تاڵمان لە گەڵ عێراقدا هەیە، پێویست ناکات لەمە
زیاتر خۆمان بەم وڵاتەوە ماندوو بکەین، عێراق بەر لە هەشتاو ئەوەندە
ساڵ بە مردوویی هاتووەتە دونیاوە، جگە لە ناشتن، ناکرێت هیچ مژارێکی
دیکەی بۆ بکرێت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|