په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\۴\٢٠١٠

باجى راستى قورسە..!


بەشدار عه‌لی  


سەرم سورماوە لەم هەموو کێشە و رووداوانە دەسەڵاتى سیاسى چون فریاى چاودێریکردنى زمانەکانمان دەکەوێت،لێتان ناشارمەوە لەوەیاندا زۆر موعجیبى ئەو دەسەڵاتەم ! باکى بەهیچ شتێک نیە،خەڵک بە ماددەى ئیکسپایەر ژەهر خوارد دەکرێت،رووداوەکانى هاتووچۆ بۆتە مۆتەکەیەک و لە پەنجەى دەستەکانمان زیاتر لێمانەوە نزیکە و لەسایەى نەبونى رێگاوبانى گونجاودا رۆژانە دەیان کەس دەبنە قوربانى،رۆتینات و گاڵتەکردن بە شعور و ئیحساسى تاکەکان لە دامودەزگاکانى میرى بۆتە دیاردە،جیابونەوە و تێکچونى شیرازەى خێزانەکان و پێکنەهێنانى ژیانى هاوسەرى لاى گەنجان،سیماى بەرچاوى کۆمەڵگاى کوردییە، بێ سەروبەرى و بێ سیستەمیەک بە کۆى سیستەم و کایە ئیدارییەکانەوە دیارە و وەکو دارستان گەورە بچوک دەخوات و هەنگاوێکیش نابینین بۆ بەدواداچوون،خەڵکى کوردستان لەنێو دەیان کێشە و گرفتى وەکو بێ خانە و لانەى و کرێى گران و نەبونى سەرەتاترین خزمەتگوزراییەکان دەناڵێنن،کەچى دەسەڵاتى سیاسى هەر خەریکى چاودێریکردنى دەمى رۆشنبیران و نوسەران و رۆژنامەنوسانە و خەڵکى نارازى کوردستانە،بەداخەوە زۆرجار قسەکردن لە هەموو ئەم ناعەدالەتى و دزى و فەسادییە بە قوربانى گەورە تەواو بوە و تەواو دەبێت،ئەمجارەشیان لەسەر ئاشکراکردن و خستنەڕووى کەمێک لە فەزیحەتەکانى بەناو دادگاى سلێمانى (قوبادى جەلیزادە) سزاى بەسەردا سەپێندرا...،برۆن مێژووى هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تۆلیتارەکانى دنیا بخوێننەوە،ئەم جۆرى سزادانانەى قوبادى جەلیزادە بەشێکە لە کار و کردەوەى ئەو جۆرە دەسەڵاتانە و لەم دەسەڵاتانە جێگاى دەبێتەوە کە کێشەیەکیان لەگەڵ شەفافەیەت و راستى و یەکسانیەوە هەیە.


19 ساڵە ئەحزابى ناسیونالیستى کوردى سات و سەوا بە خەڵک دەکات،بە سەرکوت و زیندان و کوشتن و بڕین دەنگە نارازییەکانت خامۆش دەکاتەوە، دواکەوتوترین سیستەمى لە کۆمەڵگادا چێکردوە،بە یاساو دەستورە مەتاتیەکانیان( کە تەنها خەڵکى بێ دەسەڵات دەگرێتەوە و خۆیان لەسەرووى هەموو شتێکن) فەرهەنگى خەڵکیان تا خوار هێلى سفر بردوە،19 ساڵە حکومەتیان دامەزراندوە نەیانتوانیوە کێشەى کارەبا و ئاو رێگاوبان چارەسەر بکەن لە کاتێکدا تاکو ئەو ساتەش زۆرترین ئیمکانیاتیان لەبەردەستا بوە،کەچى هەر خەریکى قوفڵکردنى دەم و زمانى خەڵکن،ئەگەر ئێوە دەسەڵاتێکى تەندورست بەڕێوەبەرن و لە کەرامەت و شەخێیاتى خۆمان دڵنیابین و چارەنوسى کۆمەڵگا نەخەنە دەستى هێزە رەشەکان و سەروەت و سامانى خەڵک بەیەکسانى دابەش بکرێت و سیستەمیک بونى هەبێت و میزاج و بەرژەوەندى رۆڵى سەرەکى نەبینێت لە کار و پرۆژەکان وەکو ئیستا هەیە، ئێمە بۆ رەخنەدەگرین؟


لە کوردستان کوشتن و کۆتاى هێنان بە ژیانى ئینسانەکان و پەراوێزخستنیان لە کۆمەڵ و کۆمەڵگا ئاسانە،بەهانە و ناو و ناتۆرە و تۆمەت دورستکردن هێندە زۆرە بە شەو و رۆژێک جەلاد دەکەنە فریشتەیەکە و لە ئاسمانەکانى هەولێر و سلێمانى دیفڕێنن و پاکترین و دڵسۆزترین کەسیش (ئەگەر لەگەڵیان نەبێت) دەیکەن بە سیخور و بەکرێگیراو و جەلاد و تیررۆریس و حوکمى مەرگى بەسەردا دەسەپێنن) هیچ داموودەزگایەکیش نیە بەرگرى لە گیانى تاکەکان بکات.


چاوەرێ کردن بەدیار تەرمەکان ،تەنها نیگەرانی و بێ ئومێدى دەکاتە نسیبمان،ناکرێت ئێمە هەر چاوەرێ بکەین و رۆژانە دۆست و ئازیزەکانمان ببنە قوربانى و رۆژێکیش بە تۆمەتێک و بەهانەیەکى پوچ سڕەى ئێمەش دێت،با بەیەکەوە لە دژى کەلتور و فەرهەنگێکى نامەدەنى ، یاسا و دەستورێکى دواکەوتوو،دەسەڵاتێکى نامەدەنى کە رەخنە جێگاى نابێتەوە،بێینە مەیدان و بە یەکجارەکى کۆتاى بەم مەرگە هەرزانانە بێنین،تەنها راپەرین و ژێرەو ژوورکردنى تەواوى سیستەمەکانى نێو کۆمەڵگا، زامنى بەرگرتنە بە دووبارە نەبوونەوەى سزادانى قوبادەکان.