٢٦\٣\٢٠١٠
با چیتر بازرگانى
بە ئایینەوە نەکرێت.
- وەزارەتى کاروبارى
ئایینى و قورئانخوێنانى کوردستان بەنموونە -

شاخەوان برایم عەبدوڵا
لەسەرەتاکانى دەرکەوتنى ئایینى ئیسلامەوە، تاوەکو ئەم لەحزەیەى کە ئەم
قسانەى تێدا دەنووسرێت، کەسانێکى زۆر هەبوونەو ئێستاکەش ڕیِژەیان لە
زیادبووندایە کە بازرگانى بە ئایینى ئیسلامەوە دەکەن.
دیاردەى بازرگانیکردن بە ئایینەوە، مێژووەکەى کۆنەو چەندین لق و پۆپى
جۆراوجۆرى لێدەبێتەوە، لەڕابردوودا تارادەیەک نووسەران و رۆشنبیرانى
کورد و عەرەبى و جیهانى لەم بارەیەوە قسەیان کردووەو رووبەڕووى
توندوتیژى و ئارایشەش بوونەتەوە.
هەرچەندە بازرگانیکردن بە ئایین، تەنیا ئایینى ئیسلامى نەگرتۆتەوە،
بەڵکو زۆرێک لە ئایینەکانى تریش بەدەست ئەم دیاردەیەوە گیرۆدەبوونەو
رووبەڕووى هەمان مەترسى بوونەتەوە کە پیاوانى ئایینى، ئایینیان بۆ
مەرامى تایبەتى خۆیان بەکارهێناوە.
دامەزراندنى وەزارەتێک لە کوردستان بۆ کاروبارى ئایینى، خۆى لە خۆیدا
گەندەڵییەکى گەورەیە کە پیاوانى ئایینى لە کوردستان تێوەیگلاون، ئاخر
ئایین پێویستى بە وەزارەت و بەشداریکردن لە دەوڵەتدا نییە،
بەپێچەوانەوە ئایین هەستێکى رۆحى مرۆڤە، ئەگەر ئەو هەستە رۆحییە،
ماددەو بەرژەوەندى سیاسى جێگەى گرتەوە، ئایین کاڵدەبێتەوەو دەبێتە
ئامرازێک بۆ بارزگانیکردن.
مەلاکانى کوردستان لە سەدا نەوەدیان مووچە لە وەزارەت وەردەگرن، کەواتە
فەرمانبەرى حکومەتن و بەشدارن لە ڕاپەڕاندنى کاروبارەکانى حکومەتدا بە
پێى بوارەکەى خۆیان. هەر فەرمانبەرێکى حکومەت، جگە لە مووچەکەى کە بە
پێى یاسا بۆى دیاریکراوە، لە کاتى ڕاپەڕاندنى ئەرکەکەى یاخود ڕاییکردنى
کاروبارى خەڵکییەوە، هەر بڕە پارەیەکى ترى دەسکەوێت، جا بە هەر شێوەیەک
بێت، دەبێتە هۆى گەندەڵى و ئیستیغلال کردنى هاوڵاتیانەوە.
لە ئێستاکەدا مەلاکانى کوردستان لە بڕى نۆ کاتژمێر قورئانخوێندن لە
پرسەیەکدا، پارەیەکى خەیاڵى لە خاوەن پرسەکە وەردەگرن، ئەویش بە شێوەى
مامەڵەکردن، نەک بە ڕەزامەندى خاوەن پرسەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە مووچە
لە حکومەت وەردەگرن بە مەبەستى سەرپەرشتى کردنى دامەزراوە ئایینییەکان
و بەڕێوەبردنى مەراسیم و و بۆنەکان، ئاخر پرسەش یەکێکە لە مەراسیمە
کۆنەکانى ئایینى و لە ئێستاکەدا بەم هۆیەوە تەواوى خەڵکى کوردستان
ئیستیغلال دەکرێن لەلایەن هەندێ کەسى بەرژەوەندخواز بە ناوى مەلایەتى و
قورئانخوێندنەوە.
بۆچى مووچە بۆ مەلاکان بڕاوەتەوە؟ مەگەر بۆ ڕاییکردنى کاروبارى ئایینى
خەڵکى نییە، ئاخر پرسەگێڕانیش مەراسیمێکى ئایینییەو لە مزگەوت
بەڕێوەدەچێت. کەواتە بۆچى دەبێ لە بڕى قورئانخوێندن، مەلاکان پارە لە
خەڵکى بەدبەختى کورد وەربگرن؟ ئەمە ئەو پرسیارە جیدیەیە کە دەبێ
وەزارەت و قورئانخوێنانى کوردستان وەڵامى ڕاشکاوانەى بدەنەوە، ئەگەر
وابێت بۆ گلەیی لە فەرمانبەرانى حکومەت بکەین، کاتێک بەهۆى پێشخستنى
فایڵێک یاخود ئەنجامدانى کارێک لەنێو فەرمانگەکەیدا، پارە لە خاوەن
کارەکە وەردەگرێت، بە دڵنیاییەوە ئەو پارانەى کە فەرمانبەرەکەو
قورئانخوێنەکە وەریدەگرن، هەردووکیان دەچنە بازنەى گەندەڵى و
چەواشەکردنى خەڵکییەوە، ئاخر هەم مەلاکەو هەم فەرمانبەرەکە بۆ
ڕاییکردنى کاروبارى خەڵکى مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە بۆ ئەوەى هەر یەکەو
لەلاى خۆیەوە خزمەت بە بوارەکەى خۆى بکات، کاتێ بە پارە دەیکات، ئەمە
چەواشەکردنى خەڵکییەو پەیوەستە هەڵوەستەى جیدى لەسەر بکرێت.
بۆ ئەوەى چیتر بازرگانى بە ئایین و قورئانەوە نەکرێت، چونکە ئێستاکە
خەڵکانێکى زۆر بەم هۆیەوە دەوڵەمەندبوونە لەسەر حیسابى خەڵکى هەژار و
سادەى ئەم کۆمەڵگە دواکەوتووەدا، بۆیە پێویستە حکومەت لە دیاردەى
بازرگانیکردن بە ئایینەوە بەدەنگ بێت و ڕێگە نەدات ئیدى لەم سەردەمى
تەکنەلۆژیاو بەجیهانیبوونەدا خەڵکانێک بازرگانى بە ئایینەوە بکەن کە
ئێستاکە لە زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانى دونیادا، ئایین بە جیا
کاروبارەکانى خۆى بەڕێوە دەبات و مەگەر خەڵکانێکى تایبەت پێوەى
پەیوەستبن. مادام هاوڵاتیان بڕوایان بە قورئانخوێندن هەیە لە پرسەى
کەسوکاریاندا، هەقوایە ڕێگە نەدەن لەلایەن چەند کەسێکى بەناو مەلاوە
ئیستیغلال بکرێن و لەسەر حیسابى ئەواندا ببنە خاوەن ئۆتۆمبێلى دوا
مۆدێل و خانووى چەند نهۆمى و ..... لەسەرووى هەموویانەوە مووچەو
ئیمتیازات لە حکومەت وەربگرن، بەهۆى بەکارهێنانى پێگە ئایینیەکەیان
لەنێو کۆمەڵگەدا.
ئێوە پیاوانى ئاییى لە وەازرەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى، مادام
بانگەشەى ئەوە دەکەن کە ئایینى ئیسلام ئایینێکى گشتگیرەو بۆ خزمەتکردنى
مرۆڤایەتى دروستبووەو هەوڵدەدات کەموکوڕى لەنێو مرۆڤایەتى نەهێڵێت و
یەکسانى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى بڵاو بکاتەوەو هەوڵى هوشیارکردنەوەى
خەڵکى دەدات، بۆ ئەوەى بێنە سەر ڕێگەى راست و دوور کەونەوە لە درۆ و
کارى خراپ.
بەدڵنیاییەوە ئەم بانگەشانە قسەیان زۆر لەسەر کراوەو هەروەها پێویستە
زیاتر قسەیان لەبارەوە بکرێت و بەدیدێکى ڕەخنەییەوە هەڵبەسەنگێنرێن.
سەرەتا پێویستە بەر لە هەموو شتێک لە پیاوانى خۆتانەوە ئەو بانگەشانە
لە خەیاڵەوە بکەن بە واقیع، ئاخر میللەتى ئێمە ئیدى لە خەیاڵ بێزاربووە
و تینوى واقیعەو چیتر ناتوانێت لە نێو کۆشکى یۆتۆپیا ژیان بگوزەرێنێت،
ئەمەش بەهۆى کاریگەرى و پێشکەوتنى تەکنەلۆژیاوەیە کە لەڕێگەیەوە دونیا
بچووک بۆتەوەو شارستانییەت و کولتوورە جیاوازەکان بە خێرایی تێکەڵ
بەیەک دەبن، ئەم بارزگانیکردنەى پیاوانى ئێوە، بە ئایینى ئیسلامەوە،
مێژووەکەى زۆر کۆنەو ئێوە خەریکن بەیاسایی دەکەن، ئەگەر ئایینى ئیسلام
بۆ مەبەستى بازرگانى دروست بووە؟ (هەرچەندە سەرەتا پیاوانى ئایینى
ئیسلام بە ئاشکرا خەریکى بازرگانیکردن بوون) بەڕاشکاوى بڵێن کە ئێستاکە
لە کوردستان بازرگانی بە ئایینەوە دەکرێت، بۆ ئەوەى بەر بەو
چەواشەکارییە بگیرێت و خەڵکى لە دەستى پیاوانى بەرژەوەندخوازى
ئایینیەوە ڕزگاریان بێت.
Shaxewan_braim@yahoo.com
|