٢٣\٤\٢٠١٤
بادانەوە وەک
مۆدیلێکی نوێ!

ئەرسەلان سافیە
ئەوڕۆ لە کوردستان باوی بادانەوەیە، بادانەوە نەک شوفێرک بێ و بە
ترومبێلەکەی لە سەر شەقامێکی گشتیی کوردستان بابداتەوە.. بەڵکو بەناو
کەسە سیاسییەکانمان لە کوردستان ١٨٠ پلە بادەدەنەوە.. لە ناو پارتێک بۆ
ناو پارتێکی دیکە، تا رۆژێک پێش گێڕ گۆڕینەکەیان
تا سەر ئێسقان دژی بوون و هەموو ئایدیۆلۆژیا و بەرنامە و کارەکانی
پارتەکەیان پێ هەڵە بوو، کەچی لە شەو و
رۆژێکدا خۆیان لە ناویاندا دەبینەوە و بە بێ
وەستان تا لای سەرۆکە نوێیەکەیان ناوەستن.
خەڵکی کوردستان ئەو راستییە باش دەزانن کە ئەو جۆرە کەسانە تەنیا بۆ
بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان ئەو خۆهەڕاجکردن و خۆفرۆشتنە سیاسییە
ئەنجام دەدەن.. تا چەند پووڵێکی زۆرتریان
دەستبکەوێ لە نێو پارتە تازەکەیان یان پێشتر لە نێو کۆنە پارتەکەیان کە
دوا جار وازیان لێهێناوە، بە واتایەکی دیکە ئەوانە بازرگانی سیاسیین و
هیچ بایەخێک و گرنیگییەکیان نامێنێ لە لای خەڵکی کوردستان تەنانەت
رەوشتی سیاسییشیان لە دەست دەدەن، لە نێو کۆمەڵگاش بە چاوێکی نزم
تەماشا دەکرێن.
ئەگەر ئەو جۆرە کەسانە پێش هەڵبژاردنەکانیش گێڕی خۆیان بگۆڕن.. مەبەستم
پێش بانگەشەی هەڵبژاردن و خۆکاندیدکردن ئەو کارە بکەن ئەوە لەوانەیە
خەڵکانێک بڵێن ئەوانە لە ئەنجامی ناکۆکیی هزریی و سیاسیی یان
دروستبوونی باوەڕێک کە چیتر پارتەکەیان ناتوانێ ئامانجی گشتیی خەڵک
وەدیبهێنێ بۆیە جودابوونەتەوە بەڵام لە سەروبەندی هەڵبژاردن و
خۆکاندیدکردن بۆ پارێزگا و ئەندام پەرلەمان و وەزیر و گزیرەکان کە نانە
چەورەکەیان پێوەیە ئەو کارە بکەن ئەوە بە بێ هیچ گومانێک سادەترین کەسی
نێو کۆمەڵ تا کەسێکی رۆشنبیر دەزانن ئەوە بۆ مەرام و بەرژەوەندییە
تایبەتیەکانی خۆیانە.
من خۆم پرسیارگەلێکی یەکجار زۆرم لەسەر ئەو هەڵبژاردنانەی کوردستان
هەیە و خۆم دەنگ نادەم و خەلکیش ئازادن دەنگ دەدەن یان نا.. بەڵام
پێویستە ئیدی خەڵکی کوردستان زۆر وریا بن و دەنگی خۆیان بەو پارت و لایەنانە
بەفیڕۆ نەدەن کە ئەو جۆرە کەسانە لە خۆ
دەگرن.
ماڵپهڕی ئهرسهلان
سافیە
|