په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک
 

بادەی شەوان .

بورهان هەژار        

 

هەناری مزری سەرسنگی

ژنێکی شۆخ

سۆزی ئەڤینی دەروونمە..

بادەی شەوان

کاتێ نیگاو تێڕوانینم دەخرۆشێنێ

بە رەنگی تۆخ،

زەردەخەنەو ماچی لێوان

خەونێکی قووڵی شیرینمە..

دامەن و سەرتاپای لەشی لەناخما

پێوەندو زڕەی زنجیری سەرگەردنمە..

نیگاری بەژن و باڵاشی

پەنجەکانم بهەژێنێ

لە قووڵایی رەنگەکانیا

 وەک هەناسەی نێو دەروونمە ..

* *

مەستی بەرەو تاسە دەمبا

بە ئەڤینی کەنیشکە جوان لێره‌ و لەوێ

دڵم لەرەی بەر شنەبا

دەشنێتەوە بەبێ وچان وەک سەرخەوێ..

* *

نمەی کام بارانە گوڵم

تک تک دەدا لە رووی کوڵمی

دەمەو پاییز

پەروانە ئاسا بسووتێم

ئەشقم نەخاتە بەر زوڵمی...

* *

لە دنیادا چی خۆشترە لە تامی ژن

وەک بریسکە

بگاتە دامەنی ئەشقی

بە ماچ گڕی بشواتەوە هەموو ساتێ

هەناوی من..

چبکەم ئازیز

ئێوارەنشینێ داهات

گوڵەکانی پاییز وەریین

لەم غوربەتە

جووتێ گیانی ماندوو شەکەت

بەسانایی

بۆ ئاسمانی ( فەنا )فڕیین..

* *

کەنگێ باران

نم نم بدا لە پرچی ئەو

ئەز لێرەوە

دڵم دەبێتە کوورەی گڕ..

ئۆقرە لە گیانی تەزیووم

هەرەس دێنێ

نیگای دووری دەمنێتە خەو

ئەوساتانەم بەجۆشترە

پەرداخی دەستی بادەی پڕ

لە قووڵایی چاوم بڕژێ..

 

بەرلین

17/04/2007