با هەموومان چەک
نەفرەت بکەین!!
- بانگەوازێک بۆ
دەسەڵات و هاووڵاتى -
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
تەنها لەبەرئەوەى نەتەوەیەکى جیاواز بووین، بەرامبەرە دڕندەکانمان
هەلاهەلای کردووین، گشت کەرەستەکانی زەبروزەنگ و توندوتیژی بۆ
قەڵاچۆکردنمان بەکارهاتوون.. ئاسوودە و دڵنیا نەبووین لە
ژیانمان..چونکە مێژوویەکی درێژمان لەگەڵ مەترسی فەنابوون و مەرگدا هەیە،
چرکەکانی حەوانەوەو پشوومان هێند کەمبوون، متمانەمان بە دەوروبەرو کەسی
بەرامبەر کەمبووە.. لەبەرئەوەى دوژمنەکانمان هەمیشە چەکیان بەدەستەوە
بووە، گەرەنتیمان بۆ مانەوە زۆر کزبووە.. لە پەرچەکرداردا و بە ناچاری
پەنامان بۆ چەک بردۆتەوەو مێژووى نەگریس چەکی نەفرەتى لێکردوینەتە
هاوەڵ و یاوەر! ئەم نیشتمانەی ئێمە بێنمونەیە لە دیمەنە پڕ لە خوێن و
سەربڕینى مرۆڤەکانی خۆیدا.. ئەم کۆمەڵگایە، سیخناخە لە دیرۆکی کوشتارو
قڕکردنی تاکەکانى خۆیدا، ئارەزووی چەک هەڵگرتن لاى هەر تاکێکمان بۆتە
هۆکار و پاڵنەرێک کە بە یەکسانی هەر ماڵە و چەکێک یان زیاتری بەربکەوێت..
بۆیە ئیگۆىEgo کورد بکەر بووە، لە داپۆشینى ئەو حاڵەتە کێماسییەدا کە
بەدەمانچەوە ڕۆڵى خۆبەزلزان و خۆگیڤردنەوە لە کۆڵان و شەقامدا بگێڕێت و
رۆحى تۆڵەسەندنەوە و قارەمانێتى ببێتە خەسڵەتی سەرەکى تاکی کورد.. بۆ
سەلماندنى ئەم بۆچوونەمان، بڕوانە لە هەموو خێزانێکدا دەمانچە دەدەینە
دەست کوڕ و بوکەشووشە بۆ کچە بێنازەکانمان ئامادەیە.. کە لە ئێستادا
کوڕەکان بە زەبری پەروەردەی چەواشەمان بەو چەکە دایک و خوشک و خێزانی
خۆیان دەکوژنەوە!
جەرگبڕ ئەوەیە وەکو حکومەت، بێپلان و بێبەرنامەین بۆیە بازرگانەکانمان
کە دەچنە دەرەوەی وڵات، چەک و تەقەمەنیان بۆ منداڵ و گەنجی ئەم وڵاتە
هەناسەساردە بیرناچێت.. تەنانەت وایلێهاتووە کە نێو خوێندنگەو تاکسی و
نەخۆشخانەو چاخانەو ماڵەکانمان جمەیاندێت لە چەکى هەمەجۆر..!
بەکاریگەری لاسابیکردنەوە ئەم حەزو ئارەزووە لای منداڵی کورد گەورە
بووە و لەنێو گەنجانیشدا بە رێژەیەکی بەربڵاو زیادی کردوەو لە
تەشەنەکردندایە، رێژەیەکی زۆر لەگەنج.. لە پیاوان هەڵگری چەکن.. بۆیە
لێرەولەوێ کارەساتی دڵتەزێن روودەدەن.. فاکتەریش ئاشکرایە: زۆرجار
لەسەر شتێکى زۆر بێماناو بێنرخ، لەبەر قسەیەکی رەق و جنێوێک، لەبەر بێ
حەوسەڵەیی و بێئارامى و یەکتر قبوڵنەکردنمان رۆژانە چەندان قوربانى
پێشکەش بە گۆڕستانەکان دەکەین. مەڵبەندو بنکەکانی پۆلیس.. لوورەی
نەجدەو ئیسعاف، نێو بەندیخانەکان: شاهید و گەواهی ئەوە دەدەن کە ئەم
دیاردەیە زۆر خراپ زیادیکردوەو پەتاکەى ئەمەریکا گەیشتۆتە لامان، چونکە
رۆژ نییە کەسێک بریندار یان کوژراو نەبێت.
هۆکارەکانى چەکهەڵگرتن و پەرەسەندنى تاوان و کوشت وبڕین فرە هۆکارن و
بریتین لە نەزانى و نەخوێندەوارى و هەژارى و بێکارى و دواکەوتوویی و
ڕێز لە یاسانەنان و پاشاگەردانیی پەروەردەى کۆمەڵایەتى و رکێفى
دابونەریتى کۆمەڵایەتیى کۆنەپارێز و وتارى ئاینیى پەڕگیر و دواجار
فەرهەنگى توندوتیژى ورۆحى تۆڵەسەندنەوەش بەرکەماڵە.
چارەسەرکردنى ئەم دیاردەیە ئاسان نییە بە تایبەتى کە چەک بۆتە هاوەڵ و
براى زۆرینەمان، وەکو گەنمێکى پڕژاوى نێو دڕکى لێهاتوە و کۆناکرێتەوە..
بەڵام ئەرکى حکومەت و دەسەڵاتە کە پێویستە یاسا سەروەر و سەردار بکات
و سزاو غەرامە پتەو و سەقامگیتر بکات.. رێکخراو و سەنتەرى ئەهلى و
مەدەنى و حکومیى ئاکتیڤ و خەمخۆرتر بکات بەتایبەت لە شارۆچکە و
گوندەکانى کوردستاندا، میدیاکان چالاکتر بن لە هۆشیارکردنەوەداو
کولتوورى ئاشتیخوازىو تەبایی و برایەتى بکەنە ڕێساو یاسا، چەک نەفرەت
بکرێت و هەڵگرتنى نایاسایی ئەم بەڵا نەگریسە بکرێتە تاوان.. سزاو
غەرامەى توند بخرێتە سەر سەرپێچیکاران و ئاشقانى چەک و تەقەمەنى..
کۆمەڵگاکەمان لەقۆناغى وەرچەرخان و بوژاندنەوەى ئابووریدایە، کە دەبێت
باجەکەى ئەم دیاردانە بێت: رێژەى تاوان و دزى و ژنکوشتن و تەڵاق و
درۆکردن و لەشفرۆشی و لەشکڕین و قومارکردن و ئالودەبوون بە خواردنەوەى
کحولییات و حەشیشە و تریاک کێشان و روو لەهەڵکشانن..
بەندە پازدە ساڵان لە ئەوروپا ژیاوم و بۆیە دەزانم کە لەوێش حکومەت و
پۆلیس زۆر توندن لە هەمبەر چەکبەدەستاندا.. چەقۆو دەمانچەى شەخسی
نایاسایی وەکو کوفرێک دەرهەق بە مرۆڤایەتى حسێبى بۆ دەکرێت!
بۆیە حکومەت و حیزب و دەسەڵاتى کوردى دەبێت وشیارتر و دڵسۆزتر و
کاراتربن بۆ قەلاچۆکردنى چەک، بەڕاستى ئیدى ناکرێت باسی کۆمەڵگەى
مەدەنى بکەین و بە کەمتەرخەمیەوە حوکمڕانبین.. تاکى کوردو هاوڵاتیش
ببنە گورگەکەى هۆبز دژ بەیەک. دەبێت دروشمى حکومەت ئەمە بێت: با
هەموومان چەک نەفرەت بکەین و لاسایی گاندیی مەزن بکەینەوە کە
هیندستانێکى زەبەلاحى بەبێ چەک ئازادکرد..ئەگەر هەقبێژ وراستگۆبین
دەڵێین: لە داماڵینى چەکدا یەکگرتووى ئیسلامى پێشەنگە.
|