په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

با هەڤدەی تریش بە قوربانی ئەوان بێت!


ستار محەمەد قادر


هەڤدە ساڵە ئێمەی میللەت شەوانە بە دیار هەوەسی بەرپرسانەوە ئێشک دەگرین، دۆعا دەکەین و لە خودا دەپاڕێینەوە، بۆ ئەوەی شەوە بەریان بداو بڕێک ئارام ببنەوە، تا بە خۆیاندا بێنەوە، بەشکوم بتوانن قەڵەمباز بکەن و هیچ نەبێت تۆزێک چاوەکانیان بکەنەوەو بۆ جارێک ئاوڕ لەو (شەوە) یە بدەنەوە کە هی ئەوانەو ئێمەی گردووە!


هەڤدە ساڵە ئێمە دەسبەرداری بەرهەمی خۆمان بووینەو دەبین و لە سەر وڵاتانی دی بووینە بە مشە خۆر، هەڤدە ساڵە دێکانمان بە کاولی و تا بێت شارەکانمان جەنجاڵ تر دەبێت!


هەڤدە ساڵە، رۆژ لە دووای رۆژ پچڕانی زیاتر و زیاتر لە نێوان شیرازەی میللەت و نەتەوەو خاکدا لە ناخی تاک بە تاکی ئێمەدا چەکەرە دەکاو رەگ دا دەکووتێ و لە واقیعدا خەریکە بەر جەستە دەبێت!


هەڤدە ساڵە کێشەی کورسی و دەسەڵات و ململانێی نا تەندرووستی حیزبیی لە برەو داندایە، لێ هەموو شتەکانی دیکە، ئەوانەی وا پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی خەڵکانی هەژارەوە هەیە لە پساندایەو بە هۆی فەرامۆش کردنمانەوە وا خەریکە ئێمەیش لە خۆشەویستی بۆ خاکی دایک دەپسێنێت!
هەڤدە ساڵە ئێمە زۆر باشین، لێ لە ئەوپەڕی خەراپیداین، هەڤدە ساڵە خێزان و لاوی کورد بەرەو هەندەران رەو دەکەن، وڵات بە جێدەهێڵن و سەری خۆیان هەڵ دەگرن، کەسیش لێیان ناپرسێت بۆ و بۆ کوێ دەڕۆن!


هەڤدە ساڵە باسی دیمۆکراسی دەکەین و میللەت ئامادەیە بۆ دەنگدان، لێ بە قودرەتی قادر لەم وڵاتەدا دیمۆکراسیش لە بارتەقایدا نییە جێ بە بەر پرسێک لەق بکات!


وا هەڤدە ساڵی دووای راپەڕینی بەهاری 1991 بوو بە رابردوو، بەڵام هەرگیز ئامادەیی ئەوەمان تێدا نییە دەسبەرداری رابردووی پێش ئەو هەڤدە ساڵە ببین؟!


با هەڤدەی دیکەش بێتە بان ئەم هەڤدەیە، نەوەی نەوەکانی دوای هەڤدەش بێنە دونیاوە، با ئەو جار بزانین کام هەڤدە دەکرێت بە رابردوو و کام رابردوویش تا ئەزەل لە هەموو بۆنەو یادەوەرییەکاندا تیشک دەخرێتە سەری و گوڵی سەروەری له‌ یه‌خه‌ی دەدرێت !؟