په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٠\٢٠١٤

با ئیسلامییەکان کوێخایەتی نەکەن!
- بۆ پشتیوانیی بەرنامەی بەرنامە -

حەمە غەفور     


یەکگرتوو و کۆمەڵ دژی بەرنامەی بەرنامە خۆیان کردۆتە کوێخای خەڵکی کوردستان‌و بەناوی پیرۆزیی‌و شتی واوە بەنیازن گوشاری کۆمەڵایەتی بۆ ئەو ستافە کۆمیدییە درووست بکەن!

 

بەڵام ئیسلامییەکانی کوردستان بەم کارانەیان سەلماندوویانە، هێندەی شتە کۆن‌و بەسەرچووەکانیان بەلاوە گرنگە، دەرسەدێکی هەرە بچووکیش بێت، ئێستاو بەهاو فەرهەنگ‌و نۆرمی مرۆڤی ئەمڕۆو ئاستی ووشیاری‌و هیواو ئارەزووەکانی ئینسانیان بەلاوە بایەخ‌و گرنگیی نییە!

ڕابردوو هەرچییەک بووبێت، ناتوانێت لەبەردەم شارستانییەت‌و پێشکەوتن‌و خولیاو ڕوانگەی نەوەی نوێدا وەکو سەردەمی کۆن خۆی ڕاگرێ‌و ئەبێتە جێگای گاڵتەو بەرهەمی جۆراو جۆری کۆمیدیی لێ دروستئەکرێت! ئەوەش ئاساییەو ڕێگادراوە لە ڕووی یاساو لەڕووی نەریتی کۆمەڵایەتیشەوە.

کۆمیدیا شێوازو سەکتەرێکی هەرە گرنگی تەفریح‌و تەرفیهی کۆمەڵگاو پەروەردەو فێرکردنە. لەژێر هیچ بیانوویەکدا، هیچ هێزو لایەنێک ناتوانێت سنوور بۆ ئەم بوارە هەستیارەی ژیاریی ئێمە دابنێت‌و دەرگای شادی‌و کەیف‌و خۆشی کڵۆم بکات!


ئیسلام‌و کەلەپووری ئیسلامی پڕە لە دیاردەی ناشیرین‌و شایەنی کۆمیدیاو گاڵتەپێکردنە! هەر دیاردەیەکی دیکەی مرۆڤایەتیش بە هەمان شێوە. ئیسلامییەکان ئەگەر گەرەکیانە لەنێو چوارچێوەی نۆرمی کۆمەڵگای هاوچەرخدا درێژە بە ژیانی سیاسییان بدەن، پێویستە دەم لەم جۆرە فتواو دەردەسەرییانە نەژەنن بەنێوی پیرۆزیی شتی ئیسلامەوە! یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی با زەحمەتبکێشن‌و بچن لە موسڵ‌و لەژێر سایەی خەلافەتی داعشدا عەرزی داعش بکەن، کە ئێوە "داعش" گوزارشت لە ئیسلام ناکەن! ئەوسا ئەزانن کۆمیدیا چەند گرنگە!

بەرنامەی بەرنامەو ستافەکەی کارێکی گەلێک ئاسایی‌و باشیان ئەنجامداوەو هاوڵاتیان پێشوازیی گەرمیان لەو بەرنامەیەیان کردووە! هاوڵاتیان خۆیان وشیارن‌و ئیسلامییەکان بۆیان نییە ببنە کوێخای خەڵکی‌و بەناوی ئەوانەوە گوشار بهێنن بۆ ئەو ستافە! خەڵک خۆی ئەزانێت چی باشەو چی خراپە! مادام ئیسلامییەکان نیگەرانن بە بەرنامەکەی بەرنامەی بەرنامە، واتای ئەوەیە کارەکەیان سەرکەوتووەو جێگای خۆی گرتووە! دەستیان خۆش بێت‌و من لای خۆمەوە ئەوپەڕی پشتیوانییان لێئەکەم.

_______________________________
یەکگرتوو + کۆمەڵ: ''ڕێگەپێدراو نیە دروشم و ڕەمزی ئیسلامی كە ئایەتی قورئان و فەرموودەی لەسەر بێت ئیهانەو گەمەی پێ بكرێت''.
لینکی ڕاگەیاندنی کۆمەڵ‌و یەکگرتوو سەبارەت بە بەرنامەی بەرنامە: www.dorbeen.co/Drizha.aspx?id=2218&LinkID=1

 

٤\١٠\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک