په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١٢\٢٠٠٩

با مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران خۆشیمان بۆ بێنێ نەک تەپوتۆز.
- کەمپین بۆ تەرخانکردنی داهاتی گومرگی مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بۆ باڵەکایەتی -

 


بۆ رای گشتیی و خەڵکی باڵەکایەتی..

باڵەکایەتی بەدرێژایی مێژو، شوێنی خۆی لە کوردایەتی و خزمەت بە شۆڕشەکان گرتووە. هەرگیز خەڵکی باڵەکایەتی سڵی لەوە نەکردۆتەوە سینگی خۆی بداتە پێشەوەی هەر هەوڵدانێک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی رەوای گەلی کورد.


مێژوی هەر گەلێک پڕیەتی لە قوربانی. کوردیش وەک هەر گەلێک، هەمیشە قوربانی داوە. ئێمە لە بەشێکی گەورە لە مێژوی نوێی بزاڤی رزگاریخوازیی کورد، لە پێشی پێشەوە بوینە. قوربانییمان داوە. خوێنمان رشتووە بۆ ئازادیی وڵات. بەڵام قەزای چۆمان تا دوێنێ قوربانی بو، ئەی ئەمڕۆ بۆ؟

هیچ بستێک زەوی باڵەکایەتیی نییە دڵۆپ دڵۆپ بە خوێنی شەهیدان ئاو نەدرابێ. هیچ بستێک خاکیشی نییە کە پێشمەرگەکانی کورد تێیدا نەبەردییان تۆمارنەکردبێ. ئێمە شانازی بەوە ئەکەین کە بەشی زۆری ئەو دڵۆپانە، دڵۆپە خوێنی رۆڵەی باڵەکایەتیی بونە. شانازیش بەوە دەکەین کە ئەو نەبەردییانەی لە ناوچەکەی ئێمە تۆمارکراون، هەمویان نەبەردیی مێژویین و بە ورەی پۆڵایینی خەڵکی ئەو دەڤەرە تۆمارکراون.


ئێمە هەرگیز بیرمان لەوە نەکردۆتەوە ئەو شانازییانە بە هیچ شتێک بفرۆشینەوە. هەرگیزیش ئەوە ئەخلاقییاتی خەڵکی ئێمە نەبووە مێژو بە هیچ شتێک بگۆڕینەوە. پێشمان وایە خەڵکی ئێمە بە وەفاترین خەڵکە بۆ خاک و نیشتیمانەکەی. هەر ئەو خەڵکەش زۆرترین بێوەفایی بەرامبەر کراوە و کەمترین ئاوڕی لێدراوەتەوە.


باڵەکایەتی، تا دوێنی بۆ گەلەکەی ژیا. ماڵ و سەروەت و سامانیان کردە قوربانیی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان. ئەمڕۆ هیچ کەسێک و لایەنێکیش ناتوانێ هیچ موزایەدەیەکمان بەسەردا بکات. بۆیە؛ ئەمڕۆ پێویستە ئاوڕی جدیی لە باڵەکایەتی و خەڵکەکەی بدرێتەوە.


دوای ساڵی 1991 و ئاوەدانکردنەوەی چۆمان، دیسان چۆمان بووەوە مەیدانی جەنگ و شەڕی ناوخۆ لێینەگەڕا خەڵکەکە ئاسودە بێت. خەڵکەکە لە هەژارییەکی سەختدا ژیانی بەسەر برد. تا ساڵی 2003 و ئازادکردنی تەواوی عێڕاق لە دەستی رژێمی بەعسی بەدناو.


ئێمە چاوەڕێبوین قەرەبوی زۆرمان بکرێتەوە، هەم لایەنی مەعنەوی و هەمیش لایەنی مادی. باڵەکایەتی سێ جار وێران کراوە. خەڵکەکەی دەیان جار دەربەدەر و راگوێزراون. تا ئێستاش هیچ قەرەبویەک نەکراوەتەوە. ئەوەی بەسەر خەڵکی باڵەکایەتیی هاتووە، زۆر زیاترە لەوانەی کە قەرەبوئەکرێنەوە و بە چەندان دەفتەر دۆلار وەرئەگرن و خانووەکانی خۆیان پێنۆژەنئەکەنەوە و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گەورە گەورەیان بۆ دەرئەچێت.
ئەوەی لە باڵەکایەتیی کراوە، نەک حەقی خۆی پێنەدراوە، بەڵکو چەندان غەدری گەورەشی لێکراون. مرۆ سەریسوڕئەمێنێ لەوەی کە ئەبێ شۆڕشەکانی کورد کە باڵەکایەتی خانەخوێیان بو، باڵەکایەتی چ خیانەتێکی بە شۆڕش کردبێ کە حکومەتی بەرهەمی ئەو شۆڕشانەی کە لە باڵەکایەتیی بون 19 ساڵە حوکمی کوردستان ئەکات و ئاوڕی جدیشی لێنەداوەتەوە و ئەوەشی بۆی ئەکا، هیچی وا نییە.


ئەوە خەریکە باڵەکایەتی گوندەکانی چۆڵ ئەکات. خەڵکەکەی لە قەزا و ناحیەکانی ئەگیرسێنەوە و هیچ ئیشێکی ئەوتۆش نییە بیکەن. گەنجانی ناتوانن ژن بێنن و خانو دروسبکەن. هیچ پڕۆژەیەکی لێنییە کە شیاوی دڵپێخۆشکردن بێ. ئەمە لە کاتێکدا، نە قەزای چۆمان، نە ناحیە و گوندەکانی دیکەش، ئەوەندە گەورە نین کە حکومەت بەوە رانەگات پڕۆژە و خزمەتگوزاریی باشیان بۆ جێبەجێبکات. ئەگەر لە سەدا بیستی هەندێک ناوچە بۆ چۆمان و ناحیە و گوندەکانی سەرفبکرێت، ئەوا بە هەمو شێوازێک دەبوژێنەوە.


لە عێڕاقدا، چونکە داهاتەکەی لە نەوتەوەیە، هەمو ئەو کێڵگە نەوتییانەی ئەکەونە شارێک، بڕێک لە داهاتی هەر بەرمیلێک بۆ شارەکە ئەبێ. لە مەرزی پەروێزخانیش کە دەکەوێتە نێوان ئێران و عێڕاق و هەرێمی کوردستان، دیسان داهاتی گومرگەکە بۆ شاری کەلار و خانەقین ئەبێ.


باڵەکایەتی ئەگەر تا دوێنی پێگەی شۆڕش بوبێ، ئەوا لەدوای 1991 کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئابورییش بو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەو چەند ساڵەی دوایی داهاتەکانی ئەوەندە نەبون و نەیدەتوانی بە هەمو کوردستان رابگات، خەڵکی باڵەکایەتی بیری لەوە نەکردەوە داوای بەشێکی داهاتی ناوچەکەی بکات. نزیکەی 19 ساڵە تەنها تەپ و تۆزی لۆرییەکان بۆ ئێمەیە. زۆربەی ئەو پۆستانەی کە گرنگیشن لە سنورەکەدا، ئەوانیش هەر بۆ خەڵکی باڵەکایەتیی نەبونە.


لە کوردستاندا، نمونەی مەرزی پەروێزخانمان هەیە. لەو مەرزەدا، داهاتی مانگانەکەی، بە شێوەیەکی یەکسان دابەشئەکرێتە سەر دو قەزا و دو ناحیە. داهاتەکە، %25 بۆ کەلار، %25 بۆ خانەقین، %25 بۆ ناحیەی قۆرەتو و %25یش بۆ ناحیەی مەیدان. ئەو پارەیەش راستەوخۆ ئەچیتە سەر داهاتی شارەوانی. شارەوانییش ئەبێ بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان سەرفی بکات.


باڵەکایەتی لەبەرئەوەی زۆرترین جار وێران کراوە و خەڵکەکەشی هەژارە، گەر تا دوێنێ داوای ئەو داهاتەی حاجی ئۆمەرانی نەکردبێ، ئەمڕۆ مافێکی رەوای خۆیەتی کە داوای بکات. تا دوێنێ هاوکاریی حکومەتی هەرێممان کرد، داوای ئەو داهاتەمان نەکرد.

ئەمڕۆ کە حکومەتی هەرێم لەسەر پێی خۆی وەستاوە و بودجەیەکی باشی لەبەر دەستدا دایە، ئێمە کەمپینێک ئەکەینەوە و ئیمزا کۆئەکەینەوە بۆئەوەی لە پارلەمانی کوردستانەوە داوا لە حکومەتی هەرێم بکرێت و حکومەتی هەرێمیش قبوڵیبکات. ئێمە وەک باڵەکایەتی چەند داواکارییەک ئەخەینە بەردەم پارلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان:


1- پێویستە ئەو داهاتەی گومرگی حاجی ئۆمەران بە شێوازێکی یەکسان دابەشبکرێت لەنێوان حکومەت و باڵەکایەتییدا.
2- ئەو بودجەیە، کە مانگانە لە 3 سێ ملیار دینار زیاترە، بکرێتە دو بەش. %50 بچیتە سەر بودجەی حکومەت و %50 بچێتە سەر بەدجەی شارەوانی چۆمان.
3- ئەو بودجەیەی کە بۆ باڵەکایەتیی تەرخانئەکرێت، بە شێوازێکی یەکسان، بەپێی پێویستی بۆ هەر چوار ناحیەکەی باڵەکایەتی، حاجی ئۆمەران، گەڵاڵە، قەسرێ و سمیلان و سەنتەری قەزاکەی، چۆمان، بێت.
4- حکومەت بە هیچ شێوەیەک نابێ بودجەی ساڵانە کە بۆ سنوری قەزای چۆمان (واتا تەواوی باڵەکایەتی) تەرخانئەکات، کەمبکات بەهۆی تەرخانکردنی بڕێک لە داهاتی گومرگی سنوری مەرزی حاجی ئۆمەران.
5- ئەو داهاتە کە بۆ سنوری قەزای چۆمان تەرخانئەکرێت، لەڕێی لیژنەیەکەوە چاودێری بکرێت کە لەلایەن خەڵکی سنوری چۆمانەوە دەستنیشاندەکرێت. (وردەکاریی سەرفکردنی ئەو داهاتە چۆنیەتی دانانی لیژنەکان، دوای قبوڵکردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گفتوگۆی لەسەر ئەکرێت.).
6- سەرفکردنی ئەو داهاتە، راستەوخۆ بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بوژانەوەی ناوچەکە ئەبێ. هیچ کەسێکی حیزبی ناتوانێ بەشدار بێ لەو لیژنانەی کە بۆ سەرفکردنی داهاتەکە دیاریئەکرێن. تەنها خەڵکی باڵەکایەتی بڕیاردەدات کە ئەو داهاتە بۆچی سەرفبکرێت بە هاوکاریی شارەوانیی قەزای چۆمان و ناحیەکانی.
7- ئەو داواکارییەی خەڵکی باڵەکایەتیی ئەگەر وەڵامی ئەرێنییانەی نەدرێتەوە، هەڵوێستی مەدەنیی دیکەیان ئەبێت.
8- ئێمە لە کاتێکدا داوای ئەو داهاتە ئەکەین کە ئێستا داهاتەکە ئەچێتە سەر بودجەی عێڕاق نەک بودجەی راستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاووڵاتیی خاوەن شکۆ، هاووڵاتییانی باڵەکایەتی، ئێمە داوای ئیمزای تۆ ئەکەین. تۆش ئیمزا بکە بۆئەوەی دەنگمان بگەیەنینە پارلەمان و حکومەت و ناوەندە بەرپرسەکان. باڵەکایەتی شیاوی هەمو خزمەتێکە. با هەمومان بەیەکەوە لەمەو دوا داوای مافە زەوتکراوەکانمان بکەین. ئەوە هەنگاوێکی سەرەتایی ئەبێ بۆ سەندنی مافەکانمان، ئاخر لە هەمو دونیا و لێرە بەتایبەتی، ماف ئەبێ بسەندرێت، نادرێت.

 


کەمپین بۆ تەرخانکردنی داهاتی گومرگی مەرزی حاجی ئۆمەران بۆ باڵەکایەتی

 

_____________________

بۆ زانیاریی پتر:
کەمال چۆمانی
07504725776
chomani_85@yahoo.com