٢\٩\٢٠١٥
با من و تۆ
کازیوە بین.

شوان
حهسهن
تازە دڵنیا بووم
لە یەک بزر نابین
نهێنیی رێڕەوەکانتم لە گوڵاو دزیوە و
خواردنگە تایبەتییەکانت لەگەڵ تۆ بانگی منیش دەکەن
چای لاتێ لە کافێتیریایەکەی ئەوبەر نەبێ ناخۆیتەوە
دەڵێی ئەو شارە هەر من و تۆی تێدایە...!؟
لە دارستانی شەونما، تەم تەڕمان دەکات و
دڵۆپەکانیش چێژ لە منداڵبوونەوەمان وەردەگرن
شوێن پێیەکانت نادەمە زمانم
نەبادە لە ماچێک لێم بدزی
هێندە دەزانم دەستبەرداری هەندێکیان نابی؟
لەگەڵ هەموو هاوبەشییەک
دوو جیهانی جوداین
ئەو بە ئارامیی (جەنگ، گەندەڵیی، راماڵینی دەسەڵات)ی دەستەمۆکردبوو
لە مۆمێکی داگیرساو
قومەکان هێدی هێدی لە قاوەکەی دەستی دەنوستن
نیگایەکانی پەردەیەکی کپی بەسەر مێزەکە داهێنابوو
دەستم گرت:
''دوێنێ داعشت دیت
لە مۆزەخانەکەی نەینەوا
خۆیان لە رووحی پەیکەرەکان دۆزیەوە
گای باڵداریان کەوڵکرد و
بیرەوەرییەکانی (ئاشوور پانیپاڵ)یان لەسەر نووسیەوە''!
راچلەکی
دوای رامان!!!
فووێکی لە مۆمەکە کرد و بە شەوشادێک جێیهێشتم
منیش لەگەڵ نامە و لایکەکانی فەیسبوک قاوەکەم تەواوکرد
پۆستێکیترم دابەزاند
چیدی درۆمان لەگەڵ مەکەن
مێژوو لە دووبارەبوونەوەی نابێتە کۆمیدیا
تراژیدیاش هەر تراژیدیایە
کەڤرێک غلۆردەکەمەوە قوڕگی بێدەنگیی و
ئەو (حۆری)انە راودەنێم
کە چەندان ساڵە لچکی دووگردەکەی باوکمیان گرتووە
ئەگەر (خودا!) ئێوەی دەوێ
بۆ واز لە کچە ئێزیدییەکانمان ناهێنی؟
ئەو شانۆیە پڕ دووکەڵ کەن
ئەرێ ئەو دایکە بۆ کوێ چوو؟
چما تەرمی کوڕەکەی جێهێشت؟ دەبێ سەری کوڕەکەی دۆزیبێتەوە؟
پرسیاری مەرگم لێمەکەن
ئەو باوکە دەستی بۆ ئاسمان بەرزکردۆتەوە و
(شوکری خودا دەکا!) تەرمی کوڕەکەی نەشێوێندراوە
(زۆمبی)یەک هات و
خۆڵبارانی کردین.
* * *
ببوورن چیدی باسی مێژووتان بۆ ناکەم
پاڵەوانەکانم نامۆن بە خەرمانی زانست
لە زەنگی پەیوەندیی و مامۆستای ژن دەترسن
لە شار بزر دەبن
حەز لە ژیانی ناو رەشماڵ دەکەن
دەبا بەئاگایان نەینین...!!!
چەند ئێرەیی بەو زارۆکە دەبەم
پێیگوتم: (پاڵەوان) واتە (خۆشی)
(مێژوو)ش (ئێستا).
ماڵپهڕی
شوان حهسهن
|