بانگەشەی
هەڵبژاردن و قسەی سەر مێز!

ستار محەمەد قادر
ئەگەر بانگەشەی هەڵبژاردن لە وڵاتانی
دیمۆکراسی لە لایەن حیزبی بەرهەڵستکارەوە بریتی بێت لە تیشک خستنە سەر
چەند خاڵێکی لاوازی حیزبی دەسەڵاتدار، ئەوا بە داخێکی زۆرەوە لە لای
ئێمە خۆی لە گۆڕینی سەرجەم کایەی دەسەڵاتدا وێنا دەکات. ئەمڕۆ نەک
لیستە بەناو بەرهەڵستکارەکان خۆیانیان خستۆتە ژێر بارێکی قوورسەوە،
بەڵکو هەردوو حیزبی دەسەڵاتداریش بەبێ ئەوەی بە خۆیان بزانن شانیان
داوەتە بەر ئەو بارە کە رەنگبێت هیچ لایەکیان لە تووانایاندا نەبێت
پشتییان لە ژێریدا راست بکەنەوە!
ئەگەر لە بانگەشەی بەرهەڵستکارەکان بڕوانین، دەبێت لە ماوەیەکی زۆر
کەمدا ئەگەر هاتنە سەر حوکم، ئەوا کوردستان دەکەن بە وڵاتێکی
دامەزراوەیی و ئەوەی خەوش بێت بە زەڕەبینیش بۆی بگەڕێین تێیدا
نایدۆزینەوە، چونکە بەرنامەی کاریان گشتگیرەو فراوانە. شوێنێک شک
نابەین کە ئاماژەیان پێی نەکردبێت. لە کاتێکدا دەبووایە ئەوان بەرنامەی
کاریان بۆ یەک بووار تەرخان بکردایە کە ئەویش چالاک کردنی پەرلەمانە،
لەوێوە هاوکێشەکان دەگۆڕێن و لە تووانایاندا دەبێت پەرلەمان لەو
پەرلەمانەوە کە ئیشی دەست بەرز کردنەوە بوو لە رابردوودا، بگۆڕن بۆ
پەرلەمانێک کە خاڵ بخاتە سەر پیتەکان! چونکە کێشەی هەرە گەورەی ئێمە لە
کوردستاندا نەبوونی سیستمە، سیستمێک کە ئەرک و فەرمانەکان بۆ هەموو
لایەک دەست نیشان بکاو لە هەوڵی ئەوەدا بێت کە دادگا سەربەخۆ بکاو حیزب
و حکومەت لێک جوودا بکاتەوە. نەک وەکو ئەوەی ئەمان و ئەوان لە پڕێکدا
بیانەوێت ببن بە کوڕێک!
ئەو بانگەشەیەی کە حیزبە بەرهەڵستکارەکان پێی هەڵدەستن تا رادەیەک
رەنگبێت بە شیوەیەک لە شێوەکان چاو پۆشی لەو هەموو پەیمانانەیان بکرێ و
بۆ ماوەیەک دەست و پەنجە لە گەڵیاندا نەرم بکرێت، لێ ئەو وەعدو
پەیمانانەی کە لیستی هاوپەیمانی لەم پرۆسەیەدا دەیدا بە گوێی
هاوڵاتییانی کوردستاندا، بە راستی بەوە دەکەن کە ئەوانیش تا ئەم ساتە
وەختە بەرهەڵستکار بووبێتن و لە ماوەی ئەم هەژدە ساڵەدا بۆ ساتێکیش بە
بەهەشتی دەسەڵات شاد نەبووبێتن! چونکە پڕو پاگەندەی هەڵبژاردنی ئەوانیش
شموولییەو ئەگەر مرۆڤ بە وردی لێی بکۆڵێتەوە بە باشی لەوە دەگات کە جگە
لە ماددەیەکی ئیعلامی باوەڕ ناکرێت شتێکی دیکەی تێدا بێت.
ئەمڕۆ کێشەی هەرە سەرەکی لە کوردستاندا کە بووە بە خاڵی لاوازی لیستی
هاوپەیمانی کوردستان گەندەڵییە، دەکرێت بپرسین گەندەڵی لە کوێوە بنبڕ
دەکرێت و کەسی گەندەڵکار چ شوێنێک لە بارتەقایدایە لێپرسینەوەی لە
گەڵدا بکات؟ جگە لە پەرلەمان کە دەبێت رەقیب بێت لە سەر حکومەت، هیچ
شوێنێکی دیکە ناتوانێت ئەو کارە بە ئەنجام بگەیەنێت. بۆیە رەنگبێت
باشترین بانگەشە بۆ حیزب و لیستە جیاوازەکان خۆی لە کارا کردنی
پەرلەماندا وێنا بکردایە باشتر بوو لەوەی بەو شێوەی ئێستا پەرش و بڵاوی
لە بەرنامەی کاریاندا ببینرایە!
من لێرەوە بانگەشەی هەموو لیستەکان بە قسەی سەر مێز دەچوێنم، چونکە زۆر
جار دەبینین یان دەبیستین کە کەسانێک بە خواردنەوەی چەند پێکێک مەی لە
پڕێکدا دەچنە سەر مانگ و کۆمەڵێک پەیمانی سەر گەرمی لە گەڵ یەکدیدا
دەبەستن کە تەنها تا ئاستی مێزەکە بڕ دەکات، بەڵام کە رۆژ دەبێتەوە و
بەیانی دێنەوە سەر هەمان مێز کەسیان بە دووا چوون ناکەن بۆ قسەکانی
شەوی رابردوویان!
برادەرێکم هەیە هەموو شەوێک لە گەڵ کۆمەڵێک لە هەوادارانی دادەنیشێت،
رۆژێکیان پرسیاری ئەوەم لێی کرد ئایا ئەو کاتە کە لە سەر مێزن و
دەخۆنەوە باسی چی دەکەن، لە وەڵامدا وتی: " جاری وا هەیە هەر لەو شوێنە
دانیشتووینە دوو سێ کەسیان پلیتی تەیارە دەبڕن و بەرەو تورکیا
بەڕێدەکەون، هەر ئەوەندەی ماوە خوودا حافیزییمان لێ بکەن، سەد جار ئەوە
دووپات دەکەنەوە کە تەواو بڕیاریان داوە سەفەر دەکەن، بەڵام کە بەیانی
دێنەوە کەسیان ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە بگەڕێنەوە ئەو بنێشتە
بجاونەوە، چونکە خۆیانیش بە باشی ئەو راستییە دەزانن کە ئەوە یەکێکە لە
نەشئەی خواردنەوە، بۆیە وتی ئێمە بەم شێوەیە شەو بەڕێدەخەین، قبووڵیش
ناکەین یەکێک قسەی شەوی رابردوو هەڵگرێت بۆ شەوێکی دیکە" چونکە ئەمەیە
بەزمی خواردنەوەو ئەوانەی وا ئالوودە بوونە پێیەوە!
من لەو باوەڕەدام بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنەی کوردستانیش بەو شێوە
شموولییە هەر لە قسەی سەر مێزی ئەوانە دەکات کە بە شەو شتێک دەڵێن و بە
رۆژ لە بیری دەکەن، خۆزگە لیستێک سەر گەرمی دەسەڵات و کورسی بەو شێوەیە
تەیاری نەکردایە کە خۆی بخاتە ژێر بارێکەوە کە بە هەمووان هەڵناگیرێت،
نەک تەنها بە لایەک، بەڵکو بە شێوەیەکی بابەتییانە بەرنامەی کاری لە
چەند تەوەرێکیدا دیاری بکردایە، تا ئەم بانگەشەیە بانگەشەیەکی
بابەتییانە ببوایە، نەک بە قسەی سەر مێزی بکردایە!
star_qadr@yahoo.com
|