بانگەوازێک بە
هیوای ئەوەی گوێڕابگیرێ لێی.

جەمال نەبەز
بۆ بەڕێزان
ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و،
ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی کوردستان و،
کاربەدەستانی پارتی دێمۆکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سڵاڤــ
جەماوەری سەربەرز و قوربانیدەری کەرکووک، لە خۆپێشاندانی چەندسەت
ههزاری رۆژی 28/7 یاندا و، بە بەخشینی گیان و خوێنی خۆیان سەلماندیان
کە سەرەڕای هەموو بەشمەینەتی و ناهومێدی وپشتگوێخستنێکیان لە لایەن
بەڕێوەبەرانی هەرێمی کوردستانەوە، هەستی هاونیشتمانێتی وپێوەندارێتییان
بە خاک و واری کوردستانەوە، وەک خۆی ماوە و، بگرە بە تینتریش بووە.
بریاری ئەنجومەنی شاری کەرکووک لە رۆژی 31/7/ دا بۆ گێڕانەوەی کەرکووک
بۆ هەرێمی باشووری کوردستان، بریارێکی بوێرانەیە بۆ دیاریکردنی
چارەنووسی ئەو شارە خۆشەویستە و، شەپازللەیەکی بە هێزیشە بۆ بناگوێی
هەموو ئەوانەی خەریکی قومارکردنن بە جێ و نزرگەی باوەگوڕگوڕی پیرۆزەوە.
ئەم خۆپێشاندانە دەبوو پێنج ساڵ لەمەوبەر بکرایە. لە گەڵ ئەوەشدا هێشتا
لە جێی خۆیایەتی. دەسا ئێوەش، تکایە بە زووترین کات، رۆژێک
دەستنیشانبکەن بۆ وتووێژ ودەنگدان لە سەر ئەو بریارە مێژووییە و،
کەرکووک بە شێوەیەکی دیوانی (رەسمی)، وەک ستانێکی دیکەی هەرێمی باشووری
کوردستان وەربگرن.
خۆ ئەگەر بە پێویستیش زانرا، ئەوا کاتێکی نێزیک دابنێن بۆ گشتپرسییەک
لە هەر سێ ستانەکەدا بۆ هێنانە دی بریارێکی بنجبڕ، بۆ ئەوەی ئەم
دەرفەتە بە نرخە کە هەڵکەوتووە لە دەستنەچێ، وەک هەموو دەرفەتەکانی دی،
کە نابەرپرسیارانە لە دەستدران و، ئەوجا کەرکووکیش بە شێوەیەکی
دەستووری ودێمۆکراسی، بچێتەوە باوەشی گەرمی کوردستان، ئەو کوردستانەی
کە وڵاتی کورد وهەموو ئەو نەتەوە ورەگەز وئاین وئاینزایانەیە کە لە
سنووری جوگرافیایی ئەم نیشتمانەدا نیشتەجێن و، ودەبێ هەمووشیان لە خێر
وبێری وڵاتەکەدا بەشداربن.
رامیارانی کورد، بە تایبەتی کاربەدەستانی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە،
نابێ بە دەربڕینی وتەی تەمومژاوی و سەرلێشێوێنەرانە و، بەکارهێنانی
وشەی دووفاق، گومان بە مەبەستی راستینەی ئەو بریارە مەزنە لای خەلکی
پەیدابکەن ومرداری بکەنەوە، بەلکو دەبێ بە پەلە وبابەتانە ولێبڕاوانە
بیخەنەکایەی جێبەجێکردنەوە و، لە قوربانییەکانی کەرکووکیش بپرسنەوە،
تاوانی ئەو تێرۆرە نەخەنە ئارشیڤەوە بۆ راگرتنی دڵی داگیرکەران.
چاوێکیش بگێڕنەوە بە هەڵوێستی پڕ لە هەڵە وکورتبینانەی خۆیاندا
بەرامبەر هەموو جۆرە هەڤاڵبەندێنییەک کە هەتا ئێستە بەستوویانە، چ لە
گەل ئەمریکا و دەولەتە زلهێزەکانی دی و، چ لە گەل داگیرکەرانی کوردستان
و، چ لە گەڵ حیزبە شیعە و سوننیەکانی عێراق. ئەوەتا، ئەمریکا کە گوایە
هەڤالبەندی ئەم دوو حیزبەیە، بە یەک وشە دەمی ناکاتەوە لە دژی
بۆمبابارانکردنی باشووری کوردستان لە لایەن رژێمی ترک وفارسەوە و،
هەڵوێستیشی بەرامبەر کێشەی کەرکووک وخەلکی باکووری کوردستان، وەک
هەڵوێستی داگیرکەرانی کوردستانە و، هەڵوێستی شیعە و سوننەکانیش لە
پەرلەمانەکەیاندا، رۆن وئاشکرایە. بێجگە لەوەش، ئەمریکا دەیەوێ مەشق بە
لەشکری عێراق بکات و، بایی دە ملیارد دۆلار چەک بەم لەشکرە بفرۆشێ،
ئەوجا بای بای لە عێراق بکات، بۆ ئەوەی ئەم لەشکرە جارەکی دی ئەنفال لە
خەلکی کوردستان بکاتەوە. سەرەتاکەشی ئەوەتا دەرکەوتووە کە دەیانەوێ
لەشکر بنێرنە کەرکووک. خۆ ئەگەر ئەوە سەریگرت بۆیان، ئەوسا بۆ هەولێر
وسلیمانیش "خوا کەریمە".
بەڕێزینە: ئەوەی ئەوڕۆ بە سەر کورد وخەلکی کوردستان دێ، ساڵانێک لە
مەوبەر هێنامە بەر چاوتان و پێتانمگوت کە ئەمریکا وزلهێزەکان برای
باوکی کەس نین و، هەر لە بەرژەوەندیی ماکی (مادی) خۆیان دەگەڕێن و،
نابێ باوەڕ بکرێ پێیان، هەروەها گوتم پشت بە دەستووری وڵاتێک نابەسترێ،
کە گەلەکەی فێرنە بووبێ رێز لە دەستوور بگرێ. بەڵام ئێوە، بێ چاوێنی بن،
گوێ نادەنە قسەی کەس و، لە هەڵەیەکەوە دەچن بۆ هەڵەیەکی دی. گەورەترین
هەڵەتان ئەوە بوو عێراقی داتەپیوتان جارەکی دی و بێ هیچ هەل و مەرجێک
دروستکردەوە. پێداگیریی ئەوەتان نەکرد، کە دەوڵەتی عێراق و، دەوڵەتە
عەرەبەکانی "کۆگەی عەرەبی" دانبنێن بە گەلکوژیی لە کورددا. کە نووری
مالیکی هاوپەیمانتان هاتە بەرلین ولە بەر دەمی رەهەند (جالیە) ی
عێراقدا قسەیکرد، بەیەک وشە نێوی هەڵەبجە وگەلکوژیی لە کورد نەهانی
وتەنانەت وشەی کوردستانیشی بە دەمدا نەهات، ئەگەرچی وەزیرەکەتان هۆشیار
زێباری لەو شوێنەدا ئامادەبوو، ئێستەش بێ باکانە داوای بە هێز کردنی
نێوەند و لاوازکردنی هەرێمەکان دەکات. لە بەر ئەوەپێویستە رێنەدرێ پێی
و، ئەگەر لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کێشەی کەرکووک ونێوچە داگیرکراوەکانی
یەکسەرەنەکردەوە، دەبێ حکوومەتەکەی بڕووخێنرێ. بە راستی کورد تاقەتی
ئەوەی نەماوە بۆ هەزار ویەک جار کۆپانەکەی دەجاڵ بدوورێتەوە.
پەیماننامەی نێوان ئەمریکا وعێراقیش دەبێ بخرێتە دەنگدانەوە لە هەرێمی
کوردستاندا، نەبا ببێتە "سەعدئاباد"ێکی دی.
رەشە کوژیی لە ژنان ودەسدرێژیی بۆ سەر ژیانی رۆژنامەنووسان و
هەڕەشەکردن لە نووسەران و رۆشنبیران ورەخنەگران، بە داخەوە، هەموو
سنوورێکی بەزاندووە. حکوومەتی کوردستان و بەڕێوەبەرانی هەرێم
بەرپرسیارن لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتان. شەرم وشوورەییە ئەگەر
فەرمانی سەرشانی خۆیان بەجێنەهێنن. دەشێ خەلکی کوردستان وا
پەروەردەبکەن، کە لە مانای راستینەی رۆمەت (شەرەف) بگەن و، بزانن هیچ
پیاوێک بە کوشتنی ژن نابێتە خاوەن "شەرەف"، بەلکو شەرەف تایبەتکارێکی
مرۆڤی ئازادە. وەرامی نووسینیش هەر بە نووسین دەدرێتەوە، نەک بە چەقۆ
وگوللە. بە کوشتنی نووسەرێَک، یان رۆژنامەوانێک، کارکردی نووسینەکەی
هەر دەمێنێ و لە نێو ناچێ، بەڵام دوورنییە وەرامێکی بابەتانە و رێکوپێک،
تەزووی نووسینەکەی نەهێڵێ یان خاویبکاتەوە. عبدولخالیق مەعرووف وسۆرانی
مامە حەمە، دوو نووسەر بوون کە بە لەش کوژران، بەڵام نووسینەکانیان
زیندوون وپتر لە جاران دەخوێندرێنەوە. ئەوەی خومەینی بە فتواکەی لە دژی
سەلمان روشدی توانی بیکات، ئەوەبوو سەلمان روشدی لە نووسەرێکی نە
ناسراوەوە کرد بە خاوەن نێوبانگێکی جیهانی وهێندە لە پەرتۆکەکەی فرۆشرا،
ئێستە بووە بە ملوێنێر وچەند مدالیاییەکیشی پێبەخشراوە. ئێدی تێبگەن...
پێشینان گوتوویانە: "ئەو کەسە کەسە، کە ئەلفێکی بەسە".
ئەلمانیا - بەرلین
2/8/2008
www.jemalnebez.com
|