٢٣\٩\٢٠١٥
بانگەوازێک بۆ ئەو
ھاوڵاتییانەی
کەسوکاریان بە
نیازی پەنابەریی روویان لە ئەوروپا کردوە!
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی کۆچو
کۆچبەرانی حکومەتی ھەرێم بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەو پەنابەرانە دەکات کە
وونبوون، یان لە زیندانەکانی ووڵاتانی ئەوروپا دەستبەسەرکراون، بە
مەبەستی دۆزینەوەو ھاوکاریکردنیانو ئازادکردنی
دەستگیرکراوەکان.ھەروەھا کاردەکات بۆ گێڕانەوەی تەرمی ئەو پەنابەرانەی
کە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی دووشەمە٢١-٩-٢٠١٥ لەسەر داوای بەڕێوبەرایەتی گشتی کۆچ و کۆچبەران
لە حکومەتی ھەرێم، وەفدێکی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
لەگەڵ بەرپرسانی ئەو بەڕێوبەرایەتییە کۆبوەوە. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو
بە ئامادەکردنی پرۆژەیەک بۆ ھاوکاری و بەدوادا چوونی ئەو پەنابەرانەی
وون بووان وەیان لە زیندانیەکان وگرتوخانەکانی ئەوروپادا
دەستبەسەرکراون، یاخود بەداخەوە لەریگای ھات و نەھاتی پەنابەریدا
گیانیان لەدەستداوە.
وەفدی فیدراسیۆن پێک ھاتبوو لەدەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری
پەنابەران،ئامانج عبدولا بەرپرسی لقی کوردستانی فیدراسیۆن. وەفدی
بەڕێوبەرایەتی گشتی کۆچو کۆچبەران پێکھاتبوون لە (شادان عبدول کریم
بەرپرسی ھۆبەی پەنابەرانی ڕەوەندی کوردی لە بەریوەبەرایەتی کۆچ
وکۆچبەران، نەزھەت حسین بەرپرسی بەشی پەنابەرانی رەوەندی کوردی و
ئیبراھیم خچر لە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم )
کۆبوونەوەکە لەنوسینگەی بەڕێوبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لەشاری ھەولێر
بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە قسەوباسکرا کەلەلایەن
بەریوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە خرایە بەردەم وەفدی فیدراسیۆن:
١-سەردانی پەنابەرە زیندانیەکان بکرێ بەمەبەستی ھاوکاریکردنیان لە
ولاتی یونان،تورکیا،ولاتانی تری ئەوروپا.
٢-ئەوپەنابەرانەی لەرێگای ھاتو نەھاتی پەنابەریدا بێ سەروشۆێنن. ھەوڵ
بدرێن بدۆزرێنەوە.
٣-ئەوپەنابەرانەی گیانیان لەدەستداوە تەرمەکانیان بگەرێنرێتەوە باوەشی
کەسوکاریان. وفەرمانگە خەرجی ناردنەوەکەی لە ئەستۆ بگرێت.
سەرەتا شادان خان وردەکاری پرۆژەکەی خۆیانی روون کردەوەو دەربارەی
ھەنگاوەکان و بەرپرسیارێتیەکانی حکومەت لەو بوارەدا قسەوباسی کرد.
پاشان وەفدی فیدراسیۆن لەسەر کێشەو گیروگرفتەکانی پەنابەران لە
گرتوخانە دەستبەسەرەکان، ئەو پەنابەرانەی بێسەروشوێنن وئەوھەوڵانەی
فیدراسیۆن لەدەورەی رابردودا ئەنجامی داوە قسەوباسیان کرد و ھەروەھا
باسی ئەو پەنابەرانەیان کرد کە گیانیان لەدەستداوەو بەھۆی دەستکورتی
کەسوکاریانەوە نەتوانراوە تەرمەکانین رەوانەی کوردستان بکرێتەوەو
بەناچاری لە تورکیاو قوبرس وئیتالیا شوێنەکانی دیکە نێژراون.
دوای ئەوەی وەفدی فیدراسیۆن دڵنیابوو لە ھەنگاوە عەمەلیەکانی پرۆژەکەو
ئامادەیی بەریوەبەرایەتی ناوبراو بۆ ھاوکاری ئەو کێشەیە، بڕیاری دا کە
لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی ھەرێم لیژنەیەکی ھاوبەش
پێک بھێنێت لە پیناو بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ئەو تەوەرانەی
ئاماژەیان پێدراوە لەسەرەوە.
بەریزان!
وەک ھەموو لایەک ئاگادارن لەماوەی چەند سالی ڕابردوودا. فیدراسیۆنی
پەنابەران وەک تەنھا ڕێکخراوی داکۆکیکار لەژیانی پەنابەران و
کیشەکانیان، بەپشتیوانی ریکخراوە پەنابەریەکان وکۆروکۆمەڵی ئینسانی
لەسەراسەری ئەوروپا ولە کوردستاندا توانیویەتی نوێنەرایەتی دەنگی
ئەوانو خواستەکانیان بکات ولەم پێناوەشدا لەھەوڵەکانیدا بەردەوام بووەو
سەدان پەنابەر لە ئاکامی کاری خۆبەخشانەی ھەڵسوڕاوانی فیدراسیۆنی
پەنابەرانی عێراقیدا مافی پەنابەرێتییان وەرگرتوە، یان لە زیندانەکاندا
ئازادکراون و ھاوکاریان کراوە بۆ گەڕانەوەیان بۆسەر ژیانی ئاسایی خۆیان.
لەسۆنگەی ئەم بەھاو پرەنسیپانەی فیدراسۆنەوە، ئەم ھەنگاوە ئێستا
بەسەرەتایەک دەزانین بۆ ئاوڕدانەوە لەژیانی پەنابەرانو خێزانەکانیان
و کۆمەک کردن بە چارەسەری کێشەو گرفتەکانیان و رزگارکردنیان لەو
میحنەتەی کە تێی کەوتون.
بۆیە داواتان لیدەکەین وەک ھەمیشە ئەوخێزانانەی کەسیان بەھەر ھۆیەکەوە
بیت لە زیندانن یان لە گرتووخانەکاندا دەستبەسەرکراون، یان کەسیان بی
سەروشۆینە یاخود بەھۆی کەمدەرامەتیەوە نەتوانراوە تەرمی ڕۆلەکانیان
بھێننەوە بۆ کوردستان، لە زووترین کاتدا پەیوەندی بە نوسینگەکانی
فیدراسیۆن و ھەڵسوراوانی فیدراسیۆنەوە بکەن لەدەرەوە وەیان لە ناوخۆی
کوردستان.
بۆ پەیوەندییکردن بە ھەڵسوڕاوانی فیدراسیۆنەوە لەم وڵاتانە پەیوەندیی
بکەن بەم ژمارانەی خوارەوە.
بەریتانیا - ئاسۆ گۆران (٠٠٤٤٧٨٩٥٦٣٦٦٣٣ - دەشتی جمال ( ٠٠٤٤٧٨٥٦٠٣٢٩٩١
)
سویسرا - ئەحمەد عەلی ( ٠٠٤١٧٨٨٥٣٢٠٠٤ )
فینلاند - رێبوار عارف ( ٠٠٣٥٨٤٠٣٢٧٨١٢٥ )
ئەڵمانیا - بەکر حەمەد ( ٠٠٤٩١٧٢٥٧٩٩١٧٠ )
کەنەدا - جەلال سەعید ( ٠٠١٥١٩٨٤١١٨١٦ )
تورکیا - رۆژ عەزیز ( ٠٠٩٠٥٣٥٣٨٧٧٤٢١ )
لە کوردستانیش دەتوانن لە رێگای ژمارە تەلەفۆنی ٠٧٥٠١٧٣٠٧٠٧ ئاری جلال
یان ئامانج عەبدولا ٠٧٧٠٢٢٠٤٨٤٤ پەیوەندیی بکەن بە فیدراسیۆنەوە یان
ئەوانەی لە سلێمانی و دەوروبەری دەژین دەتوانن سەردانی نووسینگەی
سلیمانی لقی کوردستانی فیدراسیۆن بکەن لە گەڕەکی عەقاری یان لە رێگای
ئەو ئیمێلانەوە پەیوەندیی بکەن:
ifir@hotmail.co.uk -
ifirbk@hotmail.com تا بە دواداچوون و ھاوکاریی پێویست
بکرێن بۆ وەلامدانەوە بە کیشەکانتان.
لقی کوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی
عێراقی
٢٢\٩\٢٠١٥
________________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk,
00447856032991, 07895976547
Fax: 08715288651,
www.federationifir.com
|