په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٢\٢٠١١

بانگەوازێک بۆ پەرلەمانتارەکانی عێراق و پەرلەمانتارانی کوردستان.


‌بەڕێزان پەرلەمانتارانی عێراق و کوردستان:

دوای سلاو..

ھەروەک ئاگادارن لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە حکومەتە ئەوروپیەکان کەوتونەتە زەخت و زۆرھێنان و فشاری رۆحی و دەروونی بۆ پەنابەرانی عێراقی بە گشتی و پەنابەرانی کورد بەتایبەتی لەگرتن وڕاونان و زیندانیکردن، پاشان دیپورت کردنەوەیان بەزۆرە ملی بۆ فروکەخانەی بەغداد، مامەڵەی بەردەوامی ئەم دەوڵەتانە ‌بووە.


ناردنەوەی ئەو پەنابەرانە پێچەوانەیە بە ھەموو یاساو پێوەرە نێودەوڵەتێکان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی پەنابەرانەوە. تەنانەت لەنێو پەنابەرە دیپۆرتکراوەکاندا ژمارەیەک لەژنانی دووگیان و منداڵ و پیروپەکەوتە و ھەیە. بەشێک لەم پەنابەرانە ڕاستەوخۆ بۆ کوردستان وبەشێکی تریشان لەڕێگای فڕۆکەخانەی بەغداوە ‌بەزۆر و بەبێ بڕیاری پەنابەرەکان خۆیان ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کراونەتەوە. ئەم پەنابەرانە ‌دوای چەندین ساڵ ژیانکردن لە ئەوروپاو پێکھێنانی خیزان، دامەزراندنی کارو پیشەو پڕۆژەی ئابووری، ئێستا دەستبەتاڵ ڕەوانەی کوردستان کراونەتەوە کە ‌خاوەنی کەمترین پێداویستییەکانی دوبارە ‌دەستپێکردنەوەی ژیان و تێکەڵ بوونەوە ‌بەکۆمەڵگا نین. جێگای ئاماژەیە کە فیدراسیۆنی پەنابەران تا ئێستا زیاتر لە٢٠٠٠ فایلی ئەم پەنابەرە دیپۆرتی کراوانەمان لایە، کەگوزارشت لەکێشەکانیان دەکا و ئامادەشین بۆ چارەسەرکردنیان بیخەینە ‌بەردەست ئێوە ودەزگا بەرپرسەکان بۆ تێگەیشتن لەم کێشانە و چارەسەر کردنیان..


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سەرباری ناردنی چەندین جارەی یاداشتنامەو ئاگادارکردنەوەی حکومەتی عێراقی و حکومەتی ھەرێم کوردستان لەکێشەی ئەم ھاولاتیانە، کەچی تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی بەکردەوە بۆچارەسەرکردنی کێشەکانیان نەگیراوەتەبەرە.


بۆیە ئێمە لەئەرکی بەرپرسیارێتیمانەوە و بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنابەران لەھاندەران ولەناوخۆی وڵاتدا و بەمەبەستی خستنەڕووی رێگایەکی کارساز و عەمەلی، پڕۆژە ‌بڕیارێکمان ئامادەکردوە تا بتوانین بە ھەوڵو کۆششی ھەموولایەک، حکومەتی عێراق وحکومەتی ھەرێم وادار بکەین بەجێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە بڕیارە. بەتایبەتی کە ھاوکاری وھەڵوێستی بەکردەوەتان دەتوانێت پەنابەران لەم میحنەتە دەربھێنێت و کێشەی ‌پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان چارەسەر بکات. بۆیە داواتان لێدەکەین کە واژووی خۆتان بدەن لەم پرۆژە بریارە تا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بێگومان ھاوکاری وبەدەنگەوە ھاتنی ئێوە، جێگایەکی دڵسۆزانەیە لەڕاستای خزمەتکردن بە ھاوڵاتیان و لەلای ئێمە وپەنابەرانیش جێگای پێزانینێکی زۆرە.


فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی
١١\١٢\٢٠١١


ھاوپێچ:
پڕۆژەبڕیاری ئامادەکراو:
پەرلەمانی کوردستان- عێراق

(پرۆژە ‌بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنابەرانی دیپۆرتکراوە)


بۆ ھەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە( )ی ساڵی ( ) به‌ پشتبه‌ستن بە حوکمی بڕگەی (١) لەماددەی (٥٦)ی یاسای ژمارە(١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموار کراوو لەسەر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، پەرلەمانی کوردستان- عێراق لەدانیشتنی ئاسایی ژمارە( )ی رۆژی / /٢٠١٢ دا کەتایبەتە ‌بە کێشەکانی ئەو پەنابەرانەی بەزۆری زۆردارەکی لەلایەن حکومەتی وڵاتانی بیانییەوە رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، بڕیاری دەرچوواندنی ئەم بڕیارەی دا:

١. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست لەبوارەکانی پزیشکی، پەروەردە، پیشەیی، دەروونی.
٢. گێڕانەوەی دووبارەی ئەو کەسانەی کارمەندبوون یان پیشەیان ھەیەبۆ سەر کارەکانیان.
٣. دانی سلفەیان قەرەبوو کردنەوەیان یان دانی بیمەی بێکاری.
٤. دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو.
٥. یاسای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرو خەڵکانی کەم دەرامەت بیانگرێتەوە.
٦. رەخساندی ھەلیکار.
٧. ھاوکاریکردنی ئەو پەنابەرانەی مومتەلەکاتیان لەدوای خۆیان دوای دیپۆرتیان لێجێماوە لە ‌رێگای نوسینگەو باڵوێزخانەکانی عێراق، ھەرێمەوە.
٨. ھاریکاریکردنی ئەو پەنابەرانەی ھاوسەرو منداڵیان لەدوای خۆیان جێھێشتوەو دۆزینەوەی ڕێگای گونجاو بۆ پێکگەیشتنەوەیان بەھاوسەرو مناڵەکانیان ھەڵگرتنی دۆخی دابڕان لەنێوانیاندا.
٩. دەرھێنانی بەڵگەنامەو رەگەزنامەو ناسنامەی باری کەسێتی بۆ ئەو منداڵەپەنابەرانەی لەگەڵ کەسوکاریان دیپۆرتکراونەتەوە.
١٠. بەدواداچوونی ئەو رێکخراوو دامەزراوەبیانی نێودەوڵەتیانەی پرۆژەیان ھەیە ‌سەبارەت بەھاوکاریکردنی دیپۆرتکراوەکان.
١١. ھاوکاریکردنی ئەو پەنابەرانەی بەزۆر دیپۆرتی کوردستان کراونەتەوە ‌بۆ دووبارە ‌دامەزراندنەوەی ژیانیان لەکۆمەڵگادا.
١٢. پاراستنی بەرگریکردن لەو ژنانەی لەلایەن مێردەکانیانەوە دەھێنرێنەوە ھەرێمی کوردستان بەجێیان دەھێڵن، لەگەڵ سزدانی یاسای ئەو کەسانەی بەو کارەھەڵدەستن.
١٣. سەفەری ھاوڵاتیانی کوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپایی یاسایی بکرێتەوەو وەک مافێک لەپەیوەندییە ‌دیبلۆماسی نێودەوڵەتیەکاندا ڕەسمیەت وەربگرێت.
١٤. حکومەتی ھەرێم ھیچ کارئاسانییەک لەسەر حسابی گرێبەستە بازرگانی، ئابورییەکان، دانانی قۆنسوڵگەرییەکان بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران نەگرێتەبەرو بەشێک نەبێت لە بردنە پێشەوەی سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی کوردستان کەلەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە دەگیرێتەبەر.
١٥. حکومەتی ھەرێم پشتیوانی پەنابەران بێت ھەموو ڕێگاو شوێنێکی گونجاو بۆ بەدەستھێنانی مافی پەنابەران لەوڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا بگرێتەبەر و داوابکات کە سیاسەتی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران ڕابگرن. ھەروەھا ئەم مەسەلەیەش بەھەمان شێوە ‌لە ‌پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیدا داوا بکات، تا ھەڵوێستێکی چوونیەک بگیرێتەبەر.
١٦. حکومەتی ھەرێم داوا لە ‌وڵاتە ئەوروپاییەکان بکات کە بەپێی یاساو بڕیارو پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەمافی مرۆڤ مامەڵە ‌لەگەڵ پەنابەرانی کوردستان لەوڵاتەکانی خۆیاندا بگرنەبەر.


ھۆکاری دەرچوونی ئەم بڕیارە:


لەماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ‌پەنابەری کوردستان کە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانن، لەلایەن وڵاتانێکی ئەوروپاوە،‌دیپۆرت کراونەتەوە. بەشێک لەم پەنابەرانە ڕاستەوخۆ بۆ کوردستان بەشێکی تریشان لەڕێگای فڕۆکەخانەی بەغداوە ‌بەزۆر و بەبێ بڕیاری پەنابەرەکان خۆیان ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کراونەتەوە. ئەم پەنابەرانە ‌دوای چەندین ساڵ ژیانکردن لە ئەوروپاو پێکھێنانی خیزان، دامەزراندنی کارو پیشەو پڕۆژەی ئابووری، ئێستا دەستبەتاڵ ڕەوانەی کوردستان کراونەتەوە کە ‌خاوەنی پێداویستییەکانی دوبارە ‌دەستپێکردنەوەی ژیان، تێکەڵ بوونەوە ‌بەکۆمەڵگا نین، ئەم بڕیارە دەرچووێندرا.

______________________________________________________
تێبینیی: ئەم پرۆژەبڕیارە لە لایەن (فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی)ەوە پێشکەشکراوە.
 

 

فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی

___________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk ،00447856032991

www.federationifir.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک