١٠\١٠\٢٠١١
بانگەوازی
(دیموکراسی راستەقینە، ئێستا).

وهرگێڕانی: سهڵام
عهبدوڵا
ئێمە وەک تۆ خەڵکی ئاسایین و هەموو بیانییەک بۆ قوتابخانە، سەرکار یان
بۆ کارکردن دەگەڕێین، کەسانێکین خیزان و برادەرمان هەیە. ئێمە
کەسانێکین هەموو رۆژێک بە باشی کاردەکەین تا دوارۆژێکی باشتر بۆ
دەوروبەرمان دابین بکەین.
هەندێکمان خۆی بە پێشکەوتنخواز دەزانێ و، هەندێکمان کۆزەرڤاتیف،
هەندێکمان ئیماندارن و هەندێکمان بێئیمان. هەندێکمان ئیدۆلۆژییەکی
روونی هەیە و هەندێکمان ناسیاسییە، بەڵام هەموومان لەم بارودۆخی سیاسی
و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرۆکمانی گرتووە، نائارام و ناڕازین: خاوەن
کار و بانقەکان وایانپێکردووین توانای وتنیشمان نەبێ. ئەم واقعە بووە
بە واقعێکی ئاسایی و موعاناتی رۆژانەی و بێ هیوایی، بەڵام ئەگەر
یەکگرین دەتوانین گۆڕانکاری ئەنجام بدەین.
کاتی گۆڕان هاتووە، ئەو کاتە کە پێکەوە دەتوانین کۆمەڵگەیەکی باشتر
درووستبکەین، بۆیە بە سووربوونەوە کاردەکەین بۆ:
1- یەکسانی و پێشکەوتن و ئازادی ررۆشنبیری و گەشەپێدانی درێژخایەن و
خۆشگوزەرانی و خۆشبەختی مرۆڤ ببێ بە خاڵی یەکەم بۆ هەر کۆمەڵگەیەکی
هاوچەرخ.
2- مافی بنەڕەتی هەیە و دەبێ بۆ کۆمەڵگە دابینبکرێ وەک: مافی
نیشتەجێبوون و کار و بیمەی تەندرووستی و دەستکەوتنی رۆشنبیری و فێربوون
و مافی یەشداریکردن لە سیاسەت و گەشەکردنی ئازادانەی کەسایەتی و، مافی
دەستخستنی کاڵا پێویستەکان بۆ ژیان بە تەندرووستی و خۆشبەختی.
3- لەم کاتەدا حکومەتەکەمان و سیستێمی ئابووری ئەو مافانە بۆ ئێمە
پڕناکاتەوە. و بەشێوازی جۆربەجۆر رێگری دەکەن لە پێشکەوتنی مرۆیی.
4- دیموکراسی واتە دەسەڵاتی گەل و حکومەت لەهەر یەکێک لە ئێمە
پێکهاتووە، بەڵام لەگەل ئەوەشدا بەشی زۆری سیاسییەکان لە ئەسپانیا
هەرگیز گوێ لە ئێمە ناگرن. دەبێ سیاسەتمەداران لەپێناو سوودمەندی بۆ
کۆمەڵگە، دەنگی ئێمە بە دەزگاکان بگەیەنن و بەڕێگای کەناڵەکانی
پەیوەندییە راستەوخۆکان بەشداری سیاسی هاوڵاتیان جێبەجێ بکەن و نابێ
خۆیان لەسەر حیسابی ئێمە دەوڵەمەند بکەن و تەنها بایەخ بدەن بە
قۆرخکردنیان بۆ ئابووری بە گوێری سیستێمی دوو حزبی(حزبی گەل و حزبی
سۆسیالیست).
5- چاوچنۆکی لە دەسەڵات لەلایەن چەند کەسێکەوە بەرەو زوڵم و نائارامی
دەمانبات کە ئەمیش دەبێتە هۆی توندوتیژی کە ئێمە قبووڵی ناکەین.
نموونەی ئابووری کە رۆژگار دەستی لێ شۆردووە، گۆمەڵگە بەرەو گێژاوەی
توند دەبات کە وای لێدێت لەخۆیەوە بڕوخێت ئەگەر دەوڵەمەندی بە چەند
کەسێک بدا و زۆربە بخاتە ناو چنگی هەژاری.
6- ئامانجی سیستێمی ئێستا کەڵەکەکردنی پارەیە بەبێ گوێدان بە توانای
ئابووری و خۆشگوزەرانی گۆمەڵگە و داهاتەکان بەهەدەر دەدا و وێرانکردنی
زەوی و بەرهەمهێنانی بێکاری و بێزاری لەلایەن بەکاربەران.
7- هاوڵاتیان داینەمۆی ئەم سیستێمەن کە بۆ یارمەتیدانی کەمایەتی بۆ
دەوڵەمەندبوونە و بایەخ بە پێداویستییەکانمان نادا. ئێمە ئەو
نەناسراوەین کە بەبێ ئێمە ئەم سیستێمە بوونی نابێت و، لەدواییدا ئێمەین
بزوێنەری ئەم جیهانە.
8- کاتێ ئێمە وەک کۆمەڵگە فێردەبین دواڕۆژمان بەدەست سیستێمێکی ئابووری
موجەرەد نەدەین و متمانەی پێنەکەین کە هیچ سوودێک بە زۆربە ناگەیەنێت،
ئەو کات دەتوانین ئەو زیادەرووییانە لەناوببەین کە بەدەستیانەوە
دەناڵێنین.
9- ئێمە پێویستیمان بە شۆڕشێکی ئەخلاقییە کە لەبری ئەوەی پارە لە خەڵک
بەبەرزتر بزانرێ، دەبێ بخرێتە خزمەتمان. ئێمە خەڵکین، کاڵا نیین. من
بەرهەمی ئەو شتانە نیم کە دەیکڕم و هۆی کڕین و سەرچاوەکەی نازانم.
لەسەر بنەمای ئەم خاڵانە سەرپێچی خۆم رادەگەیەنم و بڕوام وایە کە
دەتوانم هەندێ گۆڕانکاری بەدەستبهێنم.
بڕوام وایە دەتوانم دەستی یارمەتیدان درێژبکەم، دەزانم ئێمە پێکەوە چی
بەدەستدەهێنین.....وەرە لەگەلمان بۆ سەر شەقام، ئەمە مافی خۆتە.
(ئەمە بانگەوازی لاوان، بێکار و هەژارەکانی ئەسپانیایە لە ئایاری/2011)
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|