٣\٨\٢٠١١
بانۆ...

شوان عوسمان
"بەدەم
خوڕەی دەنگی ئاو، لە پێپلیکەی یەکەم و
دووەمی نۆتەیەک لە مۆسیقادا، رێت ئەکرد و بە
سەر هەورازی سەختی دوێنێکەت سەرئەکەوتی، تا لە بن دەواری رەشی نێوان
چوار دیوارتدا، حەز و تاسەی ژنێکی هەرچوار
دەور دیوارو بەدبەختی سبەینێکەت لە چارەنووسێکی بەخت تاریک لەبییر بکەی..
ئەگەرچی لەبیرکردن لە فەرهەنگی تۆ و
کەلتووری هەمبانە بۆرینەی نەنکەکانت شتێکی ئاستەم بوو... بەلای تۆوە
خۆلەبیرکردن نەبوو، بەڵام لە بیرخۆبردنەوە
بوو..
نەفرەت لە خۆکوشتن..
تۆ هەر زوو نەفرەتت لەوەکرد، کۆتایی بە خۆت بێنی و
لە تاو رەوی پیاودا رەوتت بگۆڕی و
خۆبکوژی..بەڵام تۆ ئەو هەوارەت جێهێڵا، تا لە خۆکوشتن و
کوشتنی خۆو کوژرانی هەناسەدا دوور کەویتەوە..
بانۆ...خۆت مەکوژە...
هێشتا من و تۆ وەکو منداڵی شیرمژەین، بێ داک
هەرگیز ناتوانین بژین، ئەو وڵاتە داکمانە خۆداماڵین لێی ئاسان نیەو لە
شیروئاهو ئاوی ئەبین، هەنەسەمان سارد ئەبێت، هەموو شتمان لێ حەرام
ئەبێت...بەڵام ئەتوو ئەتگووت :
" ژیان خۆشە منیش حەزم لێیە زیاتر بژیم.. "
ئەتوو کە ئەڕۆی ئەدی ئەمن چ بکەم، خۆ منیش ئەمەوێ لێتەوە نزیک بم..با
تاوێکی دیکە لەگەلت بژیم...بمێنەوە با بە یەکەوە بین...
نەفرەت لە خۆکوشتن..
تف لە خۆکوشتن..
ئێمە لۆ ئەوە نەهاتووین لەیهکتر داببڕێین و
بکوژرێین یاخود بیر لە گوڵی سەر گۆڕی مردنی یەکتر بکەینەوە...
دە گۆرانیەک لۆ ژیان بلێ باشترە، نەک سەردولکەیەک لۆ سەر لە
گۆرنان ئەو رێگایە بە هەڵاتنمان چۆل ئەبێت
دوور مەکەوە لێمان، ئەو خۆرە لەگەل خۆت ئەبەی، دەرکە لۆ دەعباکانی ئەو
جەنگەڵە ئەکەوێتە سەر پشت..
بانۆ.....
لە نۆتی پیتەکانی تۆوە، حەزم لە تامی مۆسیقا بوو، لە تریقەی
خەندەیەکتەوە حەزم لە تریفە دیتینی مانگ کرد...ئەگەر هەر ئەڕۆیت و
ناگەڕێیتەوە بیرێک لە منیش بکەوەو لەگەل خۆتم ببە، ئەگەر لە
جانتایەکی سەفەریشت جێم نابێتەوە لە سەر باڵی پەپوولەیەک، لە بن باڵی
خاڵخاڵی خاڵخالۆکەیەک بارم بکە و بمبە لەگەل
خۆت، با هاودەمت بم، چونکە ناتوانم هاودەمت نەبم، منیش ئەمەوێ لەگەل
گوڵ وماسی ومەلە بەختەوەرەکانی (نەرویج) چاوبڕکێ بکەم وهەناسەیەکی تەڕ
هەڵکێشم تا سەرمەست ببم وئازارەکانی خۆم لە بیر بچێت....
دەبا پێکەوە لە دۆزەخ بفڕین و لە فڕگەی ئەو
بەهەشتەدا پێکەوە بنیشین، ئەو هەوارە چۆل کەین کە جێگەی پێ وپێڵاوەکانی
ئێمەی تێدا نابێتەوە، چاویان بە باڵ وخەندەو خەونەکانمانی ئێمە
هەڵنایەت..لەو هەوارە خەراباتەدا لە سەر حیکایەتێکی دڵ گۆڕینەوە دڵ بە
چەقۆ لەت ئەکرێ وبە بەرد رەجممان ئەکەن، تا ئەمرین، بە خاکەناس سەرمان
پان ئەکەنەوە..بە قژ هەتکمان ئەکەن..جوانیمان دەرخواردی تیزاب
ئەدەن..ناسکیمان بە حیجاب ودەستکێش پیر ئەکەن..لە هەموو کونجێکی خۆش،
لە بڕی فریادرەسێک، ریشپان وعەمام بەسەرێک لێمان ئەبێتە موو وبە
کەپوومان رائەچێت، مامۆتکێکمان لێ قیت ئەبێتەوەو ئەبێتە باب وبراگەورەو
مێرد...
من لەگەل تۆدا ئەبم بانۆ... دێم و
بەجێم مێلە ...نامەوێت چیتر لەو جەنگەلە بمێنمەوەو بکوژرێم.. من
ئەمەوێت بژیم زیاتر لەوەی ژیاوم پێش ئەوەی بیر لە مەرگ بکەمەوە ئەمەوێت
بیر لە فرینێک بکەمەوە بە زگەخشێیەکیش بێت رازیم، نەک بە ژەهر خواردن
وخۆسوتان وغاز هەڵمژین کۆتایی بە ژیانم بێت، لە سەر کێل وقەبرێک ناوم
لەگەل مردووان دەرکەوێت...
ئەتوو ئەڕۆی وئەدی ئەمن چ بکەم لێرە، تا کەنگی گێم بەو ئاوازەی گیزە
گیزی گوللەوە هەراسان بێت ونەتوانم سەرخەوێکی ئارامی بە چاوەکانم
ببەخشم...ئەوەندەی بۆنی خوێن وبارووت ئەکەم، بۆنی گوڵ وماچ ناکەم، حەز
لە هەوا هەڵمژینێک ئەکەم ئایندەم بۆنخۆش بکات، نامەوێت لە سەر بۆنێک
وماچێک بێ وەسیەت لە بڕی رەحمەتی بارانی گوڵێک گوللەبارانم کەن،
نامەوێت لە دووری باڵای تۆوە، ژیانی داهاتووم لە بەرامبەر باڵای تفەنگی
تفەنگ سوارەکان، عومری لەڕولاوازی بێگوڵم لێرە تەواو بکەم...
بانۆ.... ئەتوو رۆیشتی ومنیش لەو هەوارە وێرانە بەجێمام..شەوانە لەترسی
بۆرەپیاوەکان هەموو سەرەساتێکم مردنێکەو لەگەل تەقەی مشک وسیسرکەشدا
رائەچەنم وشێرێکم لێ پەیدا ئەبێت...لێرە هەمیشە ترس راوت ئەنێت
وبەوەفاترین هاوەلتەو لێت جودا نابێتەوە...
ئەگەر بە چاوە سۆر و جەمەدانیە سۆر
و رەشەکانیان نەمانترسێنن ئەوا بێ
سێودوو بە قیامەت و رۆژی عیقاب و
حیسابەوە زەندەقمان لەبەر ئەبڕن، ئەگەر مسمان لە سەر بتوێننەوە
دوو شت ئەبینیت عەمەمایهکی پڕ نارنجۆک و
سمێلێکی دەسکە کەرەوز، خۆزگەم بە تۆ... خۆ ئەتوو خۆت لەو هەموو
هەڕەشەو خۆگیف کردنەوانەی سمێلانە راپسکاندو ئازاد بوویت...بەڵام کێ
ئەیزانی لەو بەر دەڤەری ئازادیەوە، کە نە عەمام بەسەرو نە سمێلی بابڕ
هەیە، ترسێک دەرئەکەوێت، بەرۆکت ئەگرێت ولە بڕی گوڵێکی ئال لە سەر سنگت
بچێنێت، گوللەیەک لە دەستی بێ سمێلێکەوە دەرئەچێت وبە سەر سنگتەوە
ئەچەقێت وبە دڵتەوە ئەنوسێت...
من حەسوود بووم و لێرەوە ئێرەییم بە تۆوە
ئەبرد، هەمیشە لە خەونمدا ئەتووم بە سوارچاکێکی بەختەوەر ئەزانی وتۆشم
وەکو مانگێکی چواردەی ئاسمانێکی خۆشبەختی خۆمان ئەبینی...وامئەزانی
پێناسەی بەختەوەری تەنیا ئەوەیە کە لە دووری وڵاتەوە بژیت وبەو باڵانەی
ئەوێ ئەتوانی بە شاخی ئاسودەیی هەڵکشێیت..بە چ بزانم لەو بەهەشتەی
دوورەوڵاتیشدا پیاوکوژو ژنکوژ هەنە..لە بەرەنگار بوونەوەی دەنگێکی
نادژدا سام ئەیانگرێ وسام ئەبارێنن..بە چ بزانم لە ناو شانەهەنگی پڕ
هەنگوینیشدا، زەرگەتەی شەڕانگێز هەیە لە بڕی هەنگێکی ئاشتیخواز نامەی
رق وخۆکوژی سامڕژێن ئەنێرێت، لە پاداشتی مژینی گوڵدا هەنگوین ببەخشێت،
بارووت وژەهر ئەبەشێتەوە...
خەندەکان ئەپوکێنێتەوەو فوو لە چراکان ئەکات..من لە کوژانەوەی تۆوە
هەموو ئەستێرەکانی ئەوێم لێ کوژانەوە و
چراکانم چاویان لێکنا و چیتر نایانەوێت
بەرپێی خۆیان رووناک بکەنەوە..ئێمە بانۆمان ئەویست گوڵ بچنێت وگوڵ فڕێ
بداتە سەر سەرمان لە وڵاتەوە، نەک ئێمە گوڵ فڕێ بدەینە سەر لاشەیەکی
ساردوسڕی بە گوللە سمڕاوی بانۆ لە دوورەوڵاتیەوە.... ".
وەکو چۆڕە ئاوێکی ساف و
سپی بێگەرد ،
نەرم نەرم ئەخزی و
لە زبری عاردی گڕن گڕنی ،
بنی جۆگەلەی کەلتووری کۆمەڵەکەت ،
پێت هەلئەزنی و
پێستت شەقار شەقار ئەبوو..
تاسەر بەو کەوتنە ،
لە پڕمەی گریانت نەئەدا..
هەروا نەئەکەوتی و
سەرئاو ئەکەوتی و
قیت ئەبوویەوە...
بە کەفوکوڵی داخی ئەوەی ،
ئەتوو (مێ)ی و لە (مێ)یەک بووی ،
نابێت وەکو (نێر)ێ لەو رووبارەی خوادا ،
خۆت رووت کەیەوە و
خۆت تەڕ کەیەوە...
وەکو ئەویش دڵی تەرت نابێت ،
لە سەر تەنافێک هەڵواسی ،
تا دڵخوازێک بێت و
دڵت بناسی...
چونکە لە نێوانتان چەند کونێک و چەند
گردۆلکەیەکی ،
جیاواز لە قەوارەدا هەیە...
بەمە کەفت دەرئەدا و
دەردی کەفچڕانیشت یەکبینە ئەچڕی...
بە گژ شەرمێک رائەچوویت ،
کە لە شەپۆڵی بەر لە بوونت بە (مێ) ،
ئەو میراتەی بۆ تۆ داکرد بوو..
لە داکشانی خۆری ئاوابووی بەختی ،
سپی رەگەزەکەت ،
چەندین فرسەخ بە دوای فاڵ و بەختی ،
قاوەی ناو فنجانێک راتئەکرد ....
ئەوەندە مێژووی بە قرپۆک بووی تلیە ترێی ،
تەمەنی تۆیان ،
لەو گۆڕەساتە راکرد بوو..
نەیانئەهێلا بە ئاسانی وەکو مێوژێکی ،
چاورەش و خڕپن دەرکەویت و
بزەی بەرائەتی منداڵیت ،
سەردەرکات...
لە دژ ئەو زریان و شەپۆلانەی ،
سام و ترسیان دائەباران...
بە لەقە دارتووی تۆیان دائەتەکان و
بەسەر خاکی تێنووی لەزەتی تۆیان ،
تۆویان دائەتەکان..
تا بڕکەنێرێکی بیژی شین بێتەوە و
ماڵێک بە قەدەمی ئەو ئاوەدان ببێتەوە..
لەو گۆڕەوە گۆڕی تۆ بۆنی ئەهات و
گۆڕەتووی کۆمەڵی نێریش ،
باڵای هەڵئەچوو و
سێبەری گرانتر و
ئێسکی قورستر و
هێزی دڕندەتر ،
ناسکی تۆیان بە رەشەبا تاو ئەدا و
تاوی ئەوانیش بوو ،
تارمایی تۆیان تاو ئەدا...
وەکو ماسیەکی سرک و ساوا ،
کە داو و راوچی کونەمشکیان لێ کرد بێتە
قەیسەری ،
نەتئەتوانی نە لە دەریا ببیت و
نە لە دەریاش بمێنیەوە...
تۆ لە نێوان وڵات و
دوورەوڵاتیدا ،
مان و نەمانت لە خاک و
دەریادا ،
چ دەریایەکت هەلبژارد بوو..
واتئەزانی مەلە کردن لە ئاودا ،
وەکو ژیان نابێت لە وشکانیدا ،
لە وشکی هەناسەی هیشکوبریشکت ،
پێت هەڵگرت تا چیتر لە دەرەوەی ئاو ،
لە بێ هەوایی تووشی خنکان نەبیت ..
تۆ لە ئاوی بێ ئامان و
بێ بنی پڕ کارەساتی وڵاتدا ،
هەرچەندە مەلەوانێکی چاوکراوە نەبووی ،
لەبەر ئەوەی داروبەردەکەت وابوون ،
ئەوان لە گەورە بووندا بوون ،
بواریشیان نەئەدا قەد و
لقی تۆ گەورە بێت ....
بۆیە لەوێ ژیان نەبوو ،
دۆزەخێک بوو ئەو ژیانەت ،
ژیانیشت ژیانی کەنگرێک ئاسا بوو ،
هێشتا خۆی لە ئەستریەکان دانەماڵی بوو ،
بە دەستێکی خوراو
ئەخورا..
لە بن یەک دەواردا سێبەریان لە شەیتان مارە کردی و
کەپرێکی ئەهریمەنیان لۆ دابەستیت..
ئەتوو وابووی و
وا مەمرەو مەژیە ئەژیای...
و
نەئەمردی و
نەئەخنکای....
تۆ لە قەیسەری بن قەراتێکی کۆن و
وڵاتێکی تەنگ و دڵتەنگەوە ،
بە کراسی گوڵهەنار و
کەوێی گوڵئاگرەوە..
لە عەتری ژنانەی خۆت ئەگەڕای...
بەلام جگە لە بازاڕی چەرچی پیاوە عەتار و
عەیارە دۆخین شل و
داوێن تەڕەکانی زەمانێکی پڕ لە غەدر ،
پیری ئاخیرشەڕ جێ بە زاوا ،
چۆل ئەکات و خۆی ئەکاتە زاوا...
لە کونێک هەناسە ئەدەن و
لە کوندا ئەژین و
جگە لە دونیای کونی خۆیشیان ،
دونیایەکی دیکە لەو دیو نابینن..
شەرەفیان لە کونێکەوە سەر دەردێنێ ،
لەو کونەش هەموو قرێژی عەقلیان سپی ئەکەنەوە...
لە گەرووی کونەوە هەناسە ئەدەن و
بە تارمایی سۆمای ئەو کونەوە ،
لە زەردەبزەی خۆر ئەڕوانن...
لەو کونەش تا مەست نەبن دەست هەڵناگرن ،
هەر ئەخۆنەوە تا ئەڕشێنەوە..
بە خوای ئەو کونە سوێند ئەخۆن و
بە گوناحی ئەو کونەش کوفر ئەکەن..
لە فراوین و بەرچایی بەیانیاندا ،
نانیان بە کەرە و مورەبای خوێنە
و
خوێنیش وەکو چایەکی گەرم ،
بە ئیشتها ئەخۆنەوە...
لە سەر یەک دوو تنۆک خوێنی ،
ناو لینگییش ،
ئەگەر دەریایەک خوێن بڕێژن ،
هێشتا کەمەو هیچ نیە ،
هەر خەنجەرەکەی کەمەریان شاهێدە و
ئەزانێت....
کو خوێنیان ئەشۆنەوە....
بانۆ .....
ئەتوو لە سەر دەریای شەپۆڵی ئەو خوێنەوە..
لە پەنای سێبەری ئەو خەنجەرانەوە ،
سەرت دەرئەهێنا...
لە بن ساباتی رێژنەی تەقەو گوللە و
زریکەی خوێنرژاندا ،
فرچکت ئەگرت و
گڕوگالت ئەکرد...
ئەتوو لە پشت پەراسووی میحراب و ،
لاپەڕە زەردێکی فتوا رەشێکی ،
دەرپێ تەڕو
دەروێشێکی جامبازی تەریقەتی ،
سەرلێشێواوی وڵاتەکەمدا ،
پێکی خوێنت حەلال کرا...
لەوێ کیژو ئاو خواردنەوە ،
ئاوو کیژ خواردنەوە...
لە فڕ کردنی دیشلەمەیەک ئاساییتر بوو..
کیژ و سەرفترەی سەرچاککردنەوە ،
کیژ و سەرکزی و
سەر پانکردنەوە..
لە سەر یەک وەتەری حەساسی سازێکدا ،
مۆسیقایەکی خەمناک و
بەستەیەکی مەرگەسات بوون...
لە یەک وسڵی خۆپاککردنەوەدا ،
دەستی بە خوێن و
دەستی بە (تۆ)ی نێرایەتی ،
بە ئاوێک پاک ئەبوونەوە...
زریکەو ترینگە ئەبوونە حەیرانێک و
لە مەقامێکی بەیاتی مەئساویدا ،
جەستەتان ئەکرا بە دەف و
سنگی پڕ مەمکتان ئەکرا بە ،
پیانۆ ...
بانۆ..بانۆ..
ئەتوو....
ئەتەویست بە شەونمی سەر خونچەیەکی ،
بزەیەکتەوە ،
نەفرەت لە رق و
تۆڵەی خوێنین بکەیتەوە..
بە گوڵ وەلامی گوللە بدەیەوە..
کێ ئەیزانی لە وڵاتێکی پڕ گوڵ و ماسیدا ،
لە کاتێکدا دەمت بۆ ماچ و
بۆنی گوڵێک ئەبەی ،
بە دەستی گوللەیەکدا دڵت سارد ئەبێتەوە...
لەوێدا لە وڵاتی بەجێماوت ،
تاپەنجەرەیەکت بە سەر کۆڵان ئەکردەوە ،
چاوت سپی ئەبوون...
لێرەشدا هەموو پەنجەرەکان چاوچاوێنیان
لەگەل جادەکانت ئەکرد ...
کەس نەبوو بلێ چاو مەگێڕە ،
ئەگینا چاوت ئەبڕین...
تا لەو کونەوە شەبەنگی خۆرێکی دزراوت ،
ببینی...
هەناسەیەک لۆ زاوا راکردووەکان و
بووکە رەدوو کەوتووەکان ،
بڕنیەوە...
نیگایەک لۆ سەر خەرمانی سوتاوی ،
بەر باهۆزە سەرشێتەکانی...
ئەو بیابانەی ،
پێپەتیەکی دەمراستی لێ قیت کردنەوە...
جگە لە گوناهو دشدایەکی بێ دەرپێ و
جیهادو بۆنی خوێن ،
موژدەی بەرەبەیانێکی تازەی نەئەدانێ...
لەو بەهارەی تەمنەتدا ،
خۆت دا بەر شنەبای غوربەت...
بەهیوای جەستەکەت لە خوێن و
گوناهو کوفر و گوللە
و ئارەقەی پیاوێک ،
کە رەزی جەستەو رۆحی هەڵکروزاند بووی ،
کزر کەیتەوە...
لۆ خەونی دەستەخوشکەکانی گەڕەکی منداڵیت...
لەتە سێوێک لە رەزی ئەو ئادەمە دزانە ،
بدزیت ،
کە چیتر نایانەوێت بە بە خواردنی سێوێک ،
تاوانی فریودانی پیاو لە ئەستۆ بگرن و
خۆیان لە بەهەشت وخوا بکەن.....
بەڵام ئاشزانن کە ئێوەیان نەبێت ،
هەموو شتێکیان لە دەست ئەچێت ،
ئەو کاتەش نە خوا و نە بەهەشتیش تامێک ،
لۆ ژیانیان نەئەدات...
وەک کارمامزێکی بەلەز ،
پێت لە گژوگیایەکی بۆگەو جوانی ،
هەردوو کۆمەڵ ،
ئەنا ،
ئەتەویست هەناسەیەکی بۆنخۆش ،
هەلکێشی و
بلێی ئەمن هەر پێکێک نیم ،
کەنگی بتانەوێت هەڵمدەن بەیەک تاوە ،
سێوی ژنایەتیم توێکل توێکل کەن و
تا لە تامم تێر ئەبن ،
ئنجا فڕێم بدەن..
ئەگەر ئەمن نەبم ئێوەش قەت نابن و
نابن بەو پیاوە...
کە ئێستا بەرسنگمان لێ ئەکەن ،
بە بێژینگی سێرەیەکی بە خوێنی ،
پەنجە دۆشاوە ..
٢٩\٧\٢٠١١
- هۆلەندە
ماڵپهڕی شوان عوسمان
|