په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

با نووکى خامەکانمان بۆ جوانکردنى یەکتربێ ... نەک !!!


بەهرەوەر مەرزانى


هەر لەسەرەتاى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى کوردستانەوە جۆرێک لە گرژى و ناکۆکى قوڵى نێوان پارت و لایەنە سیاسیەکان خزایە نێو نووسەران و رۆشنبیرانى گەلەکەمان کە لەبرى ئینتیما بوونیان بۆ نیشتمان و نەوتەوەکەیان بەرژەوەندیییە تایبەتیەکانى خۆیان خستە پێشەوەى هەموو دڵسۆزیەک بۆ گەل و نیشتمان و کەوتنە نێو گێژاوى شەڕى ناو زڕاندن و جنێودان و لەکەدار کردنى خەبات و تێکۆشانى یەکترى .


ئەوەى مایەى خۆشحاڵى من و هەموو خەڵکى کوردستان بوو ئەو چەند رۆژەى بانگەشەى هەڵبژاردنەکان بوو کە هەر یەکەو بەجۆرێک گوزارشتى لە راى خۆى و بانگەشەى بۆ لیستەکەى دەکرد ، وەلێ ئەفسوس ئەوەى من بۆى نیگەران بووم و ئەسەفى زۆرم بۆ دەخوارد ئەو نووسەرو رۆشنبیرە لاوازانە بوون کە بەنووکى خامەکانیان کەوتبوونە وێزەى یەکترى و لەبرى هۆشیارکردنەوەى خەڵکى ستەمدیدەى کوردستان و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان بەشمشێرو تەورى وشەکانیان یەکتریان دەبڕیەوە .


لێرەدا من مەبەستم هەموو نووسەران و رۆشنبیرانى وڵاتەکەم نییە چونکە هەر یەکێک لە ئێمە لە پاڵ ئینتیماى نیشتمانى و نەتەوەییمان ئینیما یان سۆزمان بۆ پارت و لایەنێک هەیەو ئەمەش مافێکى سروشتى هەموو مرۆڤێکە ، بەڵکو مەبەستم ئەو نووسەرە سەقەت و کەم ئەزموومانەیە کە نەیاندەتوانى بەشێوەیەکى شارستانى و مەدەنیانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن و پڕو پاگەندە بۆ لیستى خوازراوى خۆیان بکەن ، لەبەرامبەردا ناچار دەکەوتنە جنێودان و شتى سەیرو سەمەرەو دروستکردنى ناکۆکى لەنێوان خەڵکى کوردستان و نانەوەى دووبەرەکى کە هەموو ئەمانەش جگە لەبەرژەوەندى داگیرکەرانى کوردستان هیچى ترى بۆ گەلەکەمان تێدا بەدیناکرێت .


ئەوەى جێگەى نیگەرانى زیاترە دواى تەواو بوونى پرۆسەکەش کە لە پاڵ هەموو کەم و کوڕیەکانى سیمایەکى شارستانیانەو سەردەمیانەى بە میللەتەکەمان بەخشى کەچى تا ئێستا خامەى هەندێ لەنووسەران لەجنێودان و شەڕ فرۆشتن نەکەوتوون و هەر بە زمانى زبر مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا دەکەن ، بێگومان ئەمەش مەترسیەکى گەورەیە بۆسەر ئەزموونى گەلەکەمان و دیموکراتیەت لەو بەشە بچوکەى کوردستان کە بەخوێنى هەزاران لە رۆڵەکانى گەلەکەمان بەدیهاتووە ، بۆیە پێویستە نووسەران و رۆشنبیرانى کورد وەک ئەرکێکى نیشتمانى و نەتەوەیى لە برى وشەى ناشیرین و بریندار کردنى یەکترى قۆڵى کوردانەى لێهەڵکەن و نووسین و وشەکانیان بۆ پاراستنى دەسکەوتەکانى خەڵکى کوردستان بێت ، با هەموومان نوکى خامەکانمان بۆ جوانکردنى یەکتربێت نەک ئەزموونەکەمان بخەینە ژێر تانەى دوژمنان و ناحەزانى گەلەکەمان .
 

 

Bahrawar_s@yahoo.com