٢٦\٨\٢٠١٠
با قەدەغەکردن
قەدەغە بکرێ.
با مەیخانە و مزگەوتەکان کراوەبن.

ئاکۆ خەلیلزاد
پارساڵ بەهۆى کێشمەکێشى ناشەریفانەى بزووتنەوەى گۆران و پارتى و یەکێتى
لە پێش هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان، کۆمەڵێک رێکخراوەى ئیسلامى
داوایەکیان بۆ داخستنى یانەکانى مەیخواردنەوە و قەدەغەکردنى مەیفرۆشتن
ئاراستەى دەسەڵاتە عیلمانیەکەى یەکێتى و پارتى کردو لە ئەنجامدا
برایانى ئیسلامى گۆڵى خۆیان لە برایانى بەناو عیلمانى کردو سەرئەنجام
بە فەرمانى هەرسێ پارێزگارەکانى هەولێر سلێمانى دهۆک ،فرۆشتن و
خواردنەوە مەی قەدەغەکراو ئەمساڵیش بێ سێ و دوو ،دەروێشە عیلمانیەکانى
دەسەلات چەند رۆژپێشتر بەفەرمانى رەسمى بریارەکەى پاریان زاخاوکردەوەو
رۆژانەش بە لیژنە موخلیسەکانیان بەدواى سەرپێچى کەراندا ئەگەرێن و
راوەدوى مەینۆشەکان ئەکەن، کۆلانەو کۆلان و نادى بەنادى هەڵوەداى پێکێک
مەشروبى رۆحیانکردون. بەدەرکردنى ئەم بریارە قەرەقوشیە لەلایەن
موریدەکانى ئیسلام و خوێنەوارە عەلمانیەکانەوە لەبارى ئازادى
مەیخواردنەوەدا کوردستان گەرایەوە بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر، وەک هەمیشە
دەسەلاتداران و بزوتنەوە سیاسیەکان لەم هەرێمەدا بەخاترى بەرژەوەندى و
قازانجە قێزەونەکانى خۆیان ساتوسەودایان بە ماف و ئازادییەکانى خەڵکەوە
کردوە و لەپێناو بەرژەوەندى و سەفەقاتى سیاسى و ئابورى خۆیاندا
بەکاریان هێناوە.
داخستنى شوێنەکانى مەیفرۆشى و خواردنەوە کحولیەکان بەبریارى پارێزگارە
روسپیەکانى ساێمانى و هەولێر و دهۆک جگە لە تۆمارکردنى شورەییەکیتر بۆ
دەسەڵاتە میزاجیەکەى یەکێتى و پارتى، دەرفەتێکیترى لەبەردەم رەوت و
بزوتنەوە ئیسلامیەکاندا کردەوە و بە بیانوى رێزگرتن لە ئاینەکەیان
ئازادی و مافى هەزاران خەڵکى کوردستان پێشێلکرد و بەچەندین ساڵ
کوردستانیان گەراندەوە بۆ دواوە، هاوشێوەى ولاتانى ئیسلامى کیشوەرەکە
فەزاى ئازادى بیروباوەریان بەرتەسک کردەوە،وە ئەیانەوێت بەزۆرى زۆردار
ناچاربە ملکەچکردنمان بکەن لەبەرامبەر ئسوڵیەتى ئاینى ئیسلامداو لە
خواردن و خواردنەوەى سەر ئەم زەمینە بێبەش و سنوردارمان بکەن، تەنها
بەبیانوى رێزگرتن لە مانگى رەمەزان.
بریارەکەى پیاوانى دەسەلاتدارو عیلمانى سونى مەزهەب تەنها پێشێلکردنى
مافى ئەوانە نیە کە مەیخواردنەوە بەلایانەوە ئارامبەخشە یان ئیلهامهێن
و ئارەزوە یاخود رێگەچارەیە بۆ هەڵهاتن لەدەست نابوتى و جەنجاڵى ژیان
لەم هەرێمەدا، بەڵکو بێکارکردنى هەزاران خێزان و کرێکارو فرۆشیارە کە
بەدرێژاى مانگى رەمەزان دەبێت خەمى نان پەیداکردنیان بێت بۆ
منداڵەکانیان ، یان لەخەمى کرێى مانگانەى دوکان و شوێنەکانیاندا توشى
دەیان کێشەو بارى خراپى دەرونیبن. ئەمە جگە لە سزادانى هەزاران خەڵکى
ناوەخۆى و میوانى بیانى و کەسانێکى تر کە سەر بەئاین و ئاینزایەکى ترن
یان سەر بە هیچ ئاینێک نین ،ناچارکردن بە نەخواردنەوەى مەى ئەبێتە هۆى
ناشرین ترکردنى سیستەمى یاساى و کۆمەڵایەتى و سیاسى ئەم هەرێمە.
برایانى ئیسلامى و رێکخراو و دەست و پێوەندەکانیان ئەرکى خۆیانە نەک
فرۆشتن و خواردنەوەى مەی قەدەغە بکەن ،بەڵکو ئەوەش بەرەوا ببینن کە
بەردباران و بەرشەلاقمانبدەن و بەشمشیرى ئاینەکەیان رەوانەى گۆرستانمان
بکەن، بەڵام هەرگیز کارى پارت و رێکخراوێکى عیلمانى ئەوە نیە کە بە
خاترى ساتو سەوداى سیاسى و مەرامى تایبەتى پارتەکەى یان گەمەی سیاسى و
گاڵتەجارى هەڵبژاردن پێَچەوانەى دەستورو رێساکاى رێکخراوێکى مۆدێرن و
عیلمانى بریاربدات و لە پێناو مافى ئاین و ئاینزایەک مافى زۆرێک لە
ئینسانەکانى ترى ئەم کۆمەڵگا پێشێلبکات.خەجاڵەتیەکە ى دەسەڵات دارانى
ئەم هەرێمە تادێت زیاتروزیاترئەبێت.ئەوەى بەرپرسەى ئەمرۆ خواردنەوەى
کحولیەکان لەژێربیانوى رێزگرتن لە ئاین بەبریارێکى سیاسى قەدەغە ئەکات،
هەر خۆى شەوێک نیە لەم مانگەدا مەست و حەیران نەبێت و سەرقاڵى گاڵتە و
گەپ و شەوەسورەکانى خۆى نەبێت ، هەر بۆ ئەم پیاوانە کردنەوەى یانە و
بارە شەخسیەکانى خۆیان رێگەپێدرا وحەڵاڵە، بەڵام بۆ کەسانێکى بێدەسەلات
قەدەغەکراوەو سەرپێچەیە،بۆیە بە ناچارى دەبێت کۆلان بەکۆلان بەدواى
پێکێک مەیدا گەرۆک بێت.
بۆیە من لێرەوە بانگەوازى خەڵکى ئازادیخواز و رێکخراو کەسایەتى و
کرێکارانى خاوەن دوکان و یانەکانى مەیخواردنەوە ئەکەم، کە بێ هیچ ترس و
شەرمێک پێکەوە بێنە مەیدان و بۆدەربرینى نارەزایەتى و هەڵوەشانەوەى ئەو
بریارە بێ مانایەى دەسەلات کە لەپێناو گەمەى سیاسى و بەرژەوەندى
ئەمرۆیدا شەرعیەت بە ئسوڵیەتى ئیسلامى و پێشێلکردنى ماف و بیروباوەرى
تاکەکانى کۆمەڵگاو ئاینەکانى ترئەدات. بۆیە با لەمرۆوە لەبرى خۆ
ئامادەکردن بۆ کرین و هەلگرتنى بیرە و ویسکى و عارەق ، بۆ رەمەزانى
داهاتو وەک لەناو خەڵکە بێدەسەڵاتەکەدا مقۆمقۆى ئەو پلانەیانە، برژێینە
سەر شەقامەکان و بە فشارى مهدهنى بریارى قەدەغەکردنى مەخواردنەوە
قەدەغەکە بن و بلێن، با لەپێناو رێزگرتن لە ماف و بیروباوەر و
ئازادییهکانی تاک قەدەغەکردن قەدەغە بکرێ.
Khalil_zada@yahoo.com
|