بارانی
خۆزگە.
بۆ: سپیدە.

ک.ج هەڵوەدا
هاوڕێی
دوێشەوم تا بەری بەیان
یادی بەژنی تۆ و خوڕەی باران بوو
ئەوەی سوکنایی بە دڵم دەبەخشی
وێنەی سەر دیدە و خۆزگەی جاران بوو
شوێنی سپیبووی ئارەقی هاوین
مەگەر رەنگی خەم لەبیر باتەوە
دایکردە باران خۆزگەم بە زەوی
بەژنی خۆڵاوی جوان دەشواتەوە
تەتەری باران لە ئاسمانەوە
دڵڕوونی و پاکی بۆ زەوی هانای
کە شار نووستن و ماڵ بێئەغیار بوون
بە خوڕڕەم دایکرد تا لای بەیانی
خۆزگە سەدخۆزگە منیش وەک زەوی
لە تاریکایی نیوە شەوێکا
تیرێژی تیژی چاوی روونی تۆ
رەشایی ناخی دڵمی دەپێکا
خۆزگە سەدخۆزگە منیش وەک زەوی
دارستانی خەمم روو لە نوستن با
دوابەدوای خشەی زەردە گەڵای خەم
بێدەنگی سپیم بۆت راخستبا
خۆزگە سەدخۆزگە منیش وەک زەوی
خوڕەی دەنگی تۆم بێتەوە ماڵێ
بارانی بەژنت بەسەرما داکا
پووش و پەڵاشی خەفەت راماڵێ
خۆزگە سەدخۆزگە منیش وەک زەوی
پرچی تاریکیت بکشێ بەسەرما
چرپەی دڵۆپەی بارانی دەنگت
بزرنگێتەوە لە نیوە شەوما
خۆزگە سەدخۆزگە منیش وەک زەوی
بێتە سەردانم لێزمەکەی باران
لە تاریکایی و بێدەنگی شەوا
ئاوێتەی یەک بین وەک جاری جاران
خۆزگە سەدخۆزگە منیش وەک زەوی
تەپ و تۆزی خەم بەرۆکم بەردا
لە بەر پەنجەرەی یادی جارانت
شۆلاوگەی شادیم بڕژێ بەسەردا
خۆزگە سەدخۆزگە منیش وەک زەوی
خەزانی خەمم بە تاڵان دەچوو
بارانی پەڵە سەر لەنوێ جارێک
پاتەی کرباوە ساڵەکەی پێشوو
خۆزگە سەدخۆزگە ئاسمان ئاسا
تۆش بارانێکت دەناردە ماڵێ
ناڵێم وەک زەوی بمبووژێنەوە
حەز دەکەی با بێ و یەکسەر رامماڵێ
حەز دەکەی با بێ و بمباتوو بڕوا
روو بە زەریاچە و گێژاوی ون بوون
حەز دەکەی با بێ و تەفرووتوونا کا
پشتم لە مان و روو لە بەسەرچوون
حەز دەکەی خەندەی لەگەڵدا نەبێ
حەز دەکەی با بێ و هەلاهەلام کا
گلەیی ناکەم چۆن دەڵێی وابێ
گرینگ ئەوەیە بارانێک داکا...
بەرەبەیانی باراناویی
30/8/87
www.halvada.blogfa.com
kjhalvada@gmail.com
|