په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١٢\٢٠١١

بارەگا سووتاوەکەی یەکگرتوو ناو بنێن: رێکخراوی خێرخوازیی پارتی..!


موحسین جوامێر    


کاتێ گەندەڵی تەشەنەی سەند و ئەزموونی حەڕامخۆری، دنیاخۆری، مەغرووری، لێنەپرسینەوە و بێویژدانی گەشەی سەند و قانوونی پێت دەوەستم و لە هیچ کەتنێ ناپرینگێمەوە و ڕاناوەستم، بووە دەستوور و سەرپشک و پەرەی سەند، ئەو حەلە چاکەکردن و پیاوەتیکردن بە ماڵی خەڵک و منەت بەسەر ڕەشوڕووتی وڵاتێکدا کە دەوڵەمەندە و خەڵکێکی زۆری لێ هەژار کراوە، دەخرێتە قاوغە و دەفری خێرخوازییەوە و ڕەنگبێ نوشتەی پڕ نەزیلۆکەیشی پێوە شۆڕ بکرێتەوە، وەک گوللـەبەندەکەی قەزافی.. ئا ئەم حاڵەتە ئێستە خۆی لە دەزگەیەک قاڵ کردووەتەوە کە تەنانەت نان و پیاز بەناوی ناسراوان دەخوا و ناو لەخۆی دەنێ: دەزگەی خێرخوازیی بارزانی.


کوردستان، بەو بودجە پڕ خێروبەرەکەتەی لە بەغداوە بۆی دێ، هاوڕێ لەگەڵ ئەو داهاتەی لە ئاودیوکردنی نەوتی تازە دۆزراو و دزراوەی نێو ڕەحمی خاکەکەی زەوت دەکرێ، کە وای کردووە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دەوڵەمەندتر بێ و هی ئەوەیە هەموو سکێ تێر بێ، هەموو گەنجێ ژنی هەبێ و حەوجە نەبێ بچێتە مەساجخانە بۆ پشتشێلانێ، هەموو خێزانێک خانوو و بەلانی کەمەوە سەیارەیەکی هەبێ و ژیان لەهەموو ڕوویەکەوە بۆ هەمووان دابین بکرێ، بگرە بەو پارەیە چاکە و خێریش بکرێ و شوێنی دیکەیش ئاوەدان بکرێتەوە، کەچی دەسەڵات زۆر بێڕووانە چوو بە سیناریۆیەک هیلالی ئەحمەری ئیماڕاتی فریواند و بێی ڕەچاوکردنی هیچ بەهایەکی کۆمەڵایەتی و کوردایەتی لە ڕابیتەی ئیسلامیی زەوت کرد و قلووفی کرد، لە کاتێکدا ڕابیتە دەیان ساڵە ئەرکی بەخێوکردنی چەندین خێزانی هەتیوباری دەئەستۆ گرتووە، کە زۆر لەوان لێقەوماوانی شەڕی نەگریسی ناوەخۆن.


هەر دەڵێی مەعیدەی ئەو دەسەڵاتە بەو هەموو داهاتەوە، کە کەس نازانێ چۆن دێ و چۆن دەچێتە قورگی عفریتەوە و تەنانەت بێئەدەبییە لێیشی بپرسی، عەمبارە و تێر نابێ، ئەوجا قەپاڵ دەگرێتە ئەو ماڵ و یارمەتییەی لەڕێگەی ئەوانیدیکەوە بەسەر خەڵکی هەژار و بەلەنگازدا دابەش دەکرێ، بەو خەیاڵەی دەنگ و پشتیوانیی چینێک لەخۆی خڕ بکاتەوە، دەشقەم ڕۆژی هەڵبژاردن بە ئیمتیاز گرەو دەباتەوە.. وەلێ پێدەچێ سەردەمی کڵاونانەسەر لە کوردستاندا بەڕێوە بێ ئۆغر بکا و پرسیارە ڕەسەنەکەی (من این لک هذا؟ - ئەمەت لەکوێ هانیوە؟) لێکدالێکدا بکرێتە مەشخەڵی رێگەی جەماوەرێک کە دەسەڵاتەکەی کۆ لە کردنی هیچ ناهەقییەک لە بەرانبەریدا ناکا و بەهیچ نەولێک جێی چاوانی تێدا نەماوە، بگرە عەلی عەوڵا ساڵح ئاسا منەتی بە کەسیش نەماوە .


ئەم شیکردنەوە و گازاندە خێرایەش هی بابایەکە سەربەخۆ، لە کوردستانخوازی بەولاوە خاوەن هیچ چالاکییەکی سیاسی نییە کە بۆنی حیزب و لایەنێکی لێ بێ، هاوکات بڕوای بەوەیە هەر لایەنێک حوکمداریی کرد، خۆی نەکاتە بتی سەر ئەرز، چونکە قانوونی دنیا حەوسەڵەی ئەو دیاردەیەی نییە و ململانێ لەگەڵیدا ئەستەمە، شایەدی ئەم بانگەشەیەش ئەو زنجیرە داڕمان و داڕووخانەیە کە لە فیرعەونەوە دەستی پێ کرد و تا ئیستە و جارێ لە قەزافی پشوویەکی دا.


وەلێ بەر لەوەی ڕەوشی چاکتر و لەبەردڵانتر بێتە پێشەوە، خەڵکی زیاتر هۆشیار بن و بچنە پێشەوە، بۆ داهاتوو پەند لەو هەڵەیە وەربگیرێ و لایەنەکان خۆ نەخەنە کێشەوە، بلا ئەو بارەگایەی لە تۆڵەی مەیخانە و شوێنی پشتشێلان و نازانم کوێشێلاندا لە بادینان سووتاندیان، هەر بۆ تفەڕک و بەیادی کوردایەتی، هاوکات بە هەلهەلە و ستران و چەپڵەڕێزان و لاوکەوە، ناوی بنێن : بارەگای خێرخوازیی پارتی.
 

ماڵپه‌ڕی موحسین جوامێر

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک