| 
			٢\١٠\٢٠١٢ 
			باری ئابووریی 
			بەریتانیا لە خراپەوە بۆ خراپتر دەچێ. 
			
			 سالار حەمەسەعید
 
			یەکێک لە ڕۆژنامە پڕتیراژەکانی ئەمڕۆی بەریتانیا ٢٤ ی ئەیلولی ٢٠١٢ بەم 
			شێوەیە بارودۆخی بەریتانیا وەسف دەکات: "هەژاران باجی چاککردنەوەی 
			بەریتانیای تێکشکاو دەدەن"، رۆژنامەکە دەڵێ کە ژیان و گوزەرانی خەڵک 
			بەردەوام دژوار و دژوارتر دەبێت و ڕۆژ بەدوای ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچی.
 
			ئەم بارودۆخە چەند نووسراوێکی( فردریک ئەنگلز) مان دەهینێتەوە یاد کاتێ 
			وەسفی قەیرانی بازرگانی ساڵەکانی پاش ١٨٤٥دەکات و دەڵێ: "ئەو قەیرانە 
			بازرگانیەی کە ئینگلتەرە ئێستا گیرۆدەی بووە لەڕاستیدا زۆر دژوارترە لە 
			هەرقەیرانێکی پێشووتر" (ئەنگلز، ١٨٤٧:٥٩). لە هەمان سەرچاوەدا بەردەوام 
			دەبێت و دەڵێ: "ئەم کەسادو داکەوتنەی ئێستا نە لەساڵی ١٨٣٧ و نە لەسالی 
			١٨٤٢ دا هێندەی ئێستا سەراسەری و هەمەگیرنەبووە، تەواوی بەشەکانی 
			پیشەسازی و سەنعەتی بەرینی ئینگلتەرەی لەپەلوپۆ خستووە، لە ئەوپەڕی 
			پەرەسەندن و گەشەکردنی دا(ئێستا) لەمەنگی دایە، لەهەرجێگەیەک کەسێک 
			بڕوانێ کرێکارانی دەرکراو بۆ سەرشۆستەکان بەولاوە چیدی نابینێ" ( 
			ئەنگلز،هەمان سەرچاوە).
 
			لەئێستادا بەپێی ڕاپۆرتەکان کۆمەک و یارمەتیەکانی کەدەدرێ بەخەڵکانی 
			بێکار یاپەککەوتەوە لەلایەن دەوڵەتەوە دەبڕدرێ وە یا کەمدەکرێتەوە و 
			باجی دەرامەت (ماڵیات یاخود زەریبە) بەرزدەبێتەوە و دەبێتە مایەی کەم 
			بوونەوەی دەرامەتی خێزانەکان بە ڕێژەی ١٥% لە ساڵی ٢٠٢٠ دا. هەرلەم 
			راپۆرتانەدا هاتووە کە بەهای دەرامەتی ٢٣ هەزار پاوەندی ساڵی ٢٠٠٨ 
			دەکاتە ٢٢هەزارو دووسەد پاوەند لەساڵی ٢٠٢٠دا. هەروەها و پێشبینی 
			دەکرێت کە ئاستی گوزەرانی خەڵک بێتەخوارەوە وە ئەمەش پشت ئەستوورە بەو 
			لێکدانەوەیەی کە گوایە ئابووری ووڵات دەگەڕێتەوە بۆ حاڵی گەشەکردن 
			لەساڵی ٢٠١٥دا و بەردەوام دەبێ لەگەشەو نەشونماکردن تا ساڵی ٢٠٢٠.
 
			کلیلی ئەم پێشبینی هاتنە خوارەوەی ئاستی دەرامەتەکان و ژیان و گوزەرانی 
			زۆرینەی خەڵکی ئینگلتەرە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاریەک کە دەگونجێ لە 
			بازاری کاردا ڕووبدات. بەپێی ڕاپۆرتێک کە دەرچووە بەناوی "کێ 
			لەگەشەکردنی ئابووری سوودمەند دەبێت؟ " دەڵێ: نزیکەی دووملیۆن کاری 
			ئاست بەرز لە دەرامەت دا دەبێت دەستەبەربکرێ و سەعات کارەکان زیادبکرێ 
			بۆ بەڕێوەبەران. کاری ئیداری وکاری مەهارەتی (شارەزایی) کارگەو 
			مانیفاکتۆری کەم دەکرێت یا نامینێت وکاری کەم شارەزایی لەبوارەکانی 
			فرۆشتن و چاودێری ( کارکردن لە بواری رعایەت و چاودێری کردن) و 
			گەشتوگوزاردا پەیدادەکرێ.
 
			لە پەیوەند بەم جۆرە قەیرانانەدا ئەنگلز دروست ئاماژەی پێداوە 
			لەووتارێکی دا کە لە ساڵی ١٨٨٥دا بلاوکراوەتەوە دەربارەی رەوشی ئابووری 
			سالانی ١٨٤٥ لە ئینگلتەرەدا و دەڵێ: "هەر دەساڵ جارێک ڕەوتی پێشکەوتنی 
			سەنعەت و پیشەسازی بەشێوەیەکی توند بەری پێدەگیرێ بە داڕمانی گشتی 
			بازرگانی پاش کەسادو داکەوتنێکی بەردەوام و دوورودرێژ و چەند ساڵێکی 
			کورت نەشونمای ئابووری و هەمیشەش کۆتایی پێدێت بەفرە بەرهەمهێنانێکی 
			تاودار و داروخانێکی نوێی بەدوادا هاتووە" (ئەنگلز، ١٨٨٥: ٣٨٦). لێرەدا 
			دەردەکەوێ کە ئابووری بەریتانیا بەگشتی و ئینگلتەرە بە تایبەتی زیاتر 
			لە قەیراندا بووە و ماوەی ئێجگار کورت گەشەو نەش و نمای بەخۆیەوە 
			بینیوە وە دوبارە کەوتۆتەوە قەیرانێکی نوێی ترەوە.
 ____________________________________________
 - ئەنگلز، ف (١٨٤٧). قەیرانی بازرگانی لە ئینگلتەرە، بزوتنەوەی 
			چارتیستی، ئیرلەندە.
 - لە ناو زنجیرە ووتارەکانی مارکس و ئەنگلز دەربارەی بەریتانیا. مۆسکۆ: 
			دەزگای پرۆگرێس/چاپی ئینگلیزی.
 - ئەنگلز، ف (١٨٨٥). ئینگلتەرە لە ساڵی ١٨٤٥ و ساڵی ١٨٨٥ دا. لە زنجیرە 
			ووتارەکانی مارکس و ئەنگلز دەربارەی بەریتانیا و بلاوکراوەتەوە لە (کۆمۆن 
			وێڵدا).مۆسکۆ: دەزگای پرۆگرێس.
 
			  
			  
			
			
			
			salar2000uk@yahoo.co.uk 
			  
			  
			  
			  |