١٧\١٢\٢٠١٤
باری ژیان و کاری
کرێکارانی کۆچەر لە هەرێمی کوردستان.
ئامادەکردنی: هەژێن
چەن ساڵێکە هاوردنی کرێکارانی کۆچەر لە وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت لە
وڵاتانی کیشوەرەکانی دیکەشەوە بۆ بەهرەکێشیی زیاتر لە هێزی کاریان وەك
کرێکاری بیمەنەکراو و ناچار، بووەتە دیاردەیەکی بەرچاوی کۆمەڵ و
تەنانەت لەنێو کرێکارانی ناهوشیاریی خۆجێیشدا ناڕەزایەتی دروستکردووە و
ئەوانیش بەهۆکاری بێکاریی و بێمافیی و کەمیی مووچە و خراپی هەلی کاری
خۆیانیان دەزانن؛ لەبەرئەوە کرێکارانی کۆچەر کە بەهیوای کار و کرێیەکی
باشتر لەو شوێنەی کە لێوەی هاتوون، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە،
لەلایەك لەلایەن خاوەنکارانەوە ستەمیان لێ دەکرێت و کرێیان پێنادرێت و
شوێنی نیشەجێبوونیان نییە و دەردەکرێن و مۆڵەتی کارکردنیان، کە بە
مۆڵەتی مانەوەیان گرێدراوە و ئەوەش لە دەستی خاوەنکارەکاندایە و
خاوەنکارەکانیش بۆ نەدانی کرێی کرێکارەکان، ڕەزامەندینامە بۆ مۆڵەتی
مانەوەیان پێنادەن و بەو جۆرە ڕۆژانە چەندنین کرێکار ناچار بە گەڕانەوە
دەبن و بە قەرزاری و بێکرێییەوە دەگەڕێنەوە نێو خێزان و شوێنێك، کە
لێوەی هاتوون، هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە لەلایەن کرێکارانی ناهوشیار و
کەسانی نەژادپەرستەوە دژایەتیی و سووکایەتییان پێدەکرت و لەلایەن گروپە
ناسیونالیست و دژەبیاننیەوە خەڵکیان لێ هاندەدرێت و دژایەتیدەکرێن.
یەکێك لەو کۆمپانییانەی کە زۆربەی کرێکارەکانی لە دەرەوەی هەرێمی
کوردستان هاتوون، کۆمپانیای ( رائد تعمیر)ە کە بنکەی لە شاری سلێمانیی
(پایتەختی ڕۆشنبیری)ە و ئەم کۆمپانییە سەد و پەنجا (١٥٠) کرێکاری هەیە
و کە زۆربەیان لەم شوێنانەوە هاتوون: کرێکارانی ئیزیدی کوردستانی بەشی
عیراق، ئێران [زۆربە کوردانی مەریوان و سنە و کرماشانن]، سوریە [زۆربە
کوردن و خەڵکی کۆبانی)شیان تێدایە، کە خوشك و برا و دایك و باوکیان
لەوێندەرێ لە جەنگدان]، عەرەبی عیراقی [زۆربە شیعەی فەلوجەن] و ئەوانی
دیکە خەڵکی شارەکە و دەروبەری شارەکەن.

چەند وێنەیەک لە شوێنی پشوو
و خواردن و خەوتنی کرێکارانی تەلارسازیی لە کۆمپانیای (رائد تعمیر).
ئەو کرێکارە کۆچەرانەی کە لەو شوێنانەوە هاتوون، شوێنی نیشتەجێبوونیان
نییە و کەس ناناسن و ژیان بۆیان زۆر سەختە و لەبەر گرانی کرێخانوو،
توانای بەکرێگرتنی سەرپەنایان نییە و لەبەر گرانی کرێخانوو و کەشی دژە
کۆچەریی و دژە پەنابەریی لە هەرێمی کوردستانیشدا بەئاسانی ناتوانن
خانوو بەدەستبهێنن، لەبەرئەوە لەو تەلار و خانووانانەدا دەژیان، کە
نیوە تەواودەبوون، بەڵام کۆمپانییەکە ئەوەشی پێڕەوانەبینین و لە خانووە
دەرگە و پەنجەرەدارەکاندا دەریکردوون و کردوونیەتە چوار کەلاوە [خانووی
ناتەواوی بێ دەرگە و پەنجەرە] و وەك لە وێنەکاندا دەبینن؛ دەرکرێت
جێگەی هەموو شتێك بێت، بێجگە لە جێگەی ژیانی مرۆڤێکی سەرەتای هەزارەی
سێیەم لە "پایتەختی ڕۆشنبیری"دا. هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بگوترێ، کە
ئەمە لە هەزاردا یەکی دەرد و مەینەتەییەکانی کرێکارانی کۆچەرە لە
هەرێمی کوردستان، هەرێمێك کە چەندین دەهە کرێکارانی خۆی لە ئێران و
تورکیە و عیراق و سوریە و وڵاتانی ئەوروپی کۆچەربوون و بەو نەهامەتیانە
ئاشنان، بەڵام بەم ڕادە و بەو جۆرە نا، کە هەر ئێستا لەم هەرێمە و لەم
شارە ڕوودەدات.
ئەو شوێنەی کە کرێکارەکان بۆ خۆشگوزەرانان تێدا تەلار و ڤێلا چێدەکەن،
ناوی "چوار چرا"یە، تەمەنی کرێکارەکان بەزۆریی لە خوار (٣٠)
ساڵییەوەیە، کرێکارەکان کۆنتراکتی هەمیشەیی کارکردنیان نییە و هەر سات
لەبەردەم مەترسی دەرکردن و ناردنەوەیانن بۆ وڵات و شارانێك، کە لێوەی
هاتوون. هەروەها هیچ جۆرە بیمەیەکیان نییە؛ نە بیمەی دەرمانی و نە
بیمەی بێکاریی و نە بیمەی کۆمەلایەتی. هەرچەندە خودی کرێکارانی هەرێمی
کوردستان بەخۆشیان لە زۆرێك لەو بیمانە بێبەشن، بەراورد بە کرێکارانی
کۆچەر بەلایەنیکەمەوە لە تەنگانە و لە ناهەمووارییدا هاریکاریی و
پشتیوانی کۆمەڵایەتیی خزم و دۆست و هاوکاریان هەیە، بەڵام کرێکارانی
کۆچەر هەموو ساتێك لەبەردەم مەترسی نەخۆشکەوتن و ڕەقبوونەوە لەو
کەلاوانەدا و نەدانی کرێی کارەکانیان و دەرکردن و ناردنەوەیان بۆ
وڵاتانێك کە لێوەی هاتوون، چونکە مافی مانەوە و نیشتەجێبوونی ماوەی
کارکردنی کرێکارانی کۆچەر لە هەرێمی کوردستان بەهەبوونی نامەی پشتیوانی
یا ڕەزامەندی خاوەنکارەوە پەیوەستە و نەبوونی مافی مانەوە و مۆڵەتی
فەرمی وەك چەکێك دراوەتە دەستی خاوەنکارەکان و ئەوانیش بۆ ناچارکردن و
بەهرەکیشیی زیاتر و نەدانی کرێی کرێکارەکان بەکاریدەبەن و بەوە
ناڕەزایەتی کرێکاران تێکدەشکێنن. لەبەرئەوە زۆڕێك لە کرێکارانی کۆچەر
بەتایبەت کرێکارانی کۆچەر، کە لە ئێرانەوە هاتوون، بەهۆی نەدانی کرێی
کارەکانیان و تازەنەکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەیان لەم وڵاتەدا، ناچار بە
برسیەتی و بەبێ پارە دەگەرێنەوە ئێران.
شایانی باسە هەندێك لە کرێکارەکان ماوەی (٣) سێ مانگە کرێی کارەکارنیان
وەرنەگرتووە و هەندێكیشیان ماوەی (٢) دوو مانگە خۆیان نەشتووە و
گەرماویان نەدیتووە، ئەمەش پەیوەندی بە شوێنی ژیانیانەوە هەیە، کە هیچ
بنەمایەکی ژیان و گوزەرانی تیدانییە، پێشتر کە کارەبایەکی بێئاساییش و
بێپاراستنیان هەبوو، لەو کاتەوەی کە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای
باشترکردنی شوێنی ژیان و دانی کرێکارنیان کردووە، لە بەرانبەردا
خاوەنکارە کە داوای (١٠) ڕۆژ ماوەی کردبوو، تاوەکو وەڵامی
داواکارییەکان بدەنەوە، بەڵام ئەوە ماوەی (١٥) ڕۆژە هیچ وەڵامێکی بە
داواکارییەکان نەداتەوە و هەروەها نزیکەی هەفتەیەکیشە کارەبای شوێنی
ژیانی کرێکارەکانی بڕیوە و کرێکارەکان لە خراپترین باری ژیاندا لە
کەلاوەی بێ[دەرگە و پەنجەرە]دا و گوزەراندەکەن و ئەگەر بارودۆخی ژیانی
کرێکارەکان بەو جۆرە بڕوات، لەوانەیە ڕووداوی ڕەقبوونەوە لەتاو سەرما و
نەخۆشکەوتن بەهۆی خۆنەشتن و نەبوونی پێداویستی خۆپاراستن لە سەرما و
لەنێو ئەو کۆما زبلانەدا، ببێتەهۆی ڕووداوی شەرمەزارکەر بۆ هەرێمی
کوردستان و "پایتەختی ڕۆشنبیرییەکەی"!
وەها بارودۆخێك و وەها بێمافییەك ئاوای کردووە، کە کرێکارانی کوردی
خۆرهەڵات، کە ڕۆژگارێك بەوپەڕی هیواوە هاتوونەتە ئەم بەشەی کوردستان و
خۆشباوەڕیی نەتەوەیی ئەو خەیاڵەی لەلا خۆشکردوون، کە هاتنیان بۆ بەشێکی
دیکەی "نیشتمان" لە چوونیان بۆ تاران و شارە ناکوردییەکانی دیکەی ئێران
باشترە و خاوەنکارە کوردەکان باشتر ڕەفتاریان لەتەکدا دەکەن و مافیان
ناخۆن، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەدا بۆچوون و خۆشباوەییەکەیان سەد و هەشتا
پلە ئاوەژوودەبێتەوە و دەڵێن هەر چۆنێك بێت لە ئێران بیمەکانی کار هەن
و دادگەیەك هەیە، کە سکالای لەلا بکەن و کەسیش ناتوانێت بەناوی "بیانی/
خارجی" لەو وڵاتە دەریانبکات. ئەمە لەبارەی کرێکارانی ئێزیدی و کوردانی
"ڕۆژاوا / کۆبانی"یشەوە هەر هەمان سەرەنجامی هەیە، هەڵبەتە کرێکارانی
ئێزیدی لەبەر جیاوازی ئایینیان خراپتر ڕەفتاریان لەتەکدا دەکرێت و لە
پێش هەموو کرێکارە کۆچەرەکانی دیکەوە لەم شارەدا بەر سووکایەتی و
بێمافیی کەوتوون، لەوانیش بەدبەختر کرێکارانی عەرەبی عیراقی [بەتایبەت
شیعەکانی فەلوجە]ن، کە بێجگە لە کۆچەربوون و جیایی ئایین، جیایی ئێتنیی
"نەتەوەیی"ش دەیانخاتە ڕێوشوێنی نالەبارتر و بە خراپترین شێوە
ڕەفتاریان لەتەکدا دەکرێت و مافیان دەخورێت. وەها بارێك تووريی و
نائومێدی کرێکارەکانی بە لوتکە گەیاندووە و دوا ئومێدیان، کە هاوپشتی و
هاودەنگی خەڵك و کرێکارانی هەرێمی کوردستان بوو و هەیە، خەریکە
لەدەستیدەدەن.
ئەمە گۆشەیەکی بچووکی ژیانی کرێکارانی کۆچەری بواری تەلارسازییە و
بەدڵنیاییەوە باری ژیان و مافی کرێکارانی کۆچەری بواری خزمەتکاریی
ماڵان و چێشتخانە و نانەواخانە و ..تد لەوە باشتر نییە، ئەگەر خراپتر
نەبێت. کرێکارانی کۆچەر کە زۆرێکیان بە بەڵێنی بێبنەما و فڕوفێڵی
کۆمپانییەکانی دەڵاڵی هاوردنی کرێکارانی کۆچەر دێنە ئەم هەرێمە، لە
هەموو مافێکی ئاسایی کرێکارانی کۆچەر لە وڵاتانی جیهان و ناوچەکەش
بێبەشن؛ مافی خۆرێکخستن و ناڕەزایەتی و بەهرەمەندبوون لە بیمەکانیان
نییە و داواکارکردنی هەر یەك لەو مافانە لەتەك و نامەی پشتیوانی بۆ
مۆڵەتی مانەوە ڕووبەڕوویاندەکاتەوە و بێدەنگەکردنیش لەو بارە لەتەك
نەدانی کرێی کارەکانیان و نالەباریی ڕێوشوێنی کار و نیشتەجێبوونیان
ڕووبەڕوویاندەکاتەوە. ئەم بارە تاکەی دەخایێنێت و تاکەی کۆمەڵی
کوردستان [کە زۆر کەسی لە ئەزموونی کۆچەریی و کرێکاریی لە وڵاتانی دیکە
بەهرەمەندن و دەزانن ژیان و گوزەران و مەرجەکانی تەندروستی و ئاساییشی
کارکردن بۆ کرێکارانی کۆچەر لە هەرێمی کوردستان و "پایتەختی
ڕۆشنبیرییەکەی" بوونیان نییە] بێدەنگ دەمێنێتەوە، کە بێدەنگمانەوە و
هاریکارینەکردن و پشتیوانینەکردنی کرێکارانی کۆچەر چ وەك پرسێکی مرۆیی
بۆ هەموو دانیشتووانەکەی و چ وەك پرسێكی چێنایەتی بۆ کرێکارانی هەرێمی
کوردستان، بەرهەم و نیشانەی هەڵوەشاندنەوە و لەدەستدانی هەموو بنەما
مۆڕاڵیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆمەڵەیە، کە بەهۆی ڕامیاریی و
بازارئازادی سیستەمی نیئۆلیبراڵی سەرمایەدارییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە
پەرەسەندایە.
١٦\١٢\٢٠١٤
ماڵپهڕی ههژێن
|