په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١\٢٠١٢

بارزانی دوایین چرکەسات حکومەت وەرناگرێتەوە.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


ڕەنگە ئەم مانشێتە بەلای هەندێ کەسەوە سەرسوڕهێنەرترین مانشێتێک بێت و خوێندنەوەی هەڵەی بۆ بکرێت بەو پێیەی گوایە پارتی و یەکێتی ڕێککەوتوون لەسەر رادەستکردنەوەی حکومەت لەلایەن یەکێتییەوە بە پارتی.


ئێستاکە زۆرترین قسە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی حکومەت دەکرێت لەلایەن پارتییەوەو پێکهێنانی کابینەیەکی تر کە گوایە پارتی لە هەوڵی ئەوەدایە کابینەکە کابینەیەکی بنکەفراوان بێت و ئۆپۆزسیۆن و تەواوی لایەنە سیاسییەکان بەشداری تێدابکەن و بەپێی پێگەی جەماوەری خۆیان قورساییان لەم کابینەیەدا بەرکەوێت، ئەم بۆچوونانە بۆچوونی سادەی شاشەو رووپەڕی رۆژنامەو گۆڤارەکانەو هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیش تارادەیەک رازیی بوونە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی حکومەت لە یەکێتی. بەپێچەوانەی هەموو بۆچوونە سیاسیانەوە کە ئێستاکە لە میدیاکانەوە دەبیسترێن من پێموایە پارتی حکومەت وەرناگرێتەوە، ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی حەزی بەحوکمڕانێتی کوردستان نەبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە پارتی هەمیشە هەوڵیداوە ئەو داڕێژەری سیاسەتی کوردستان بێت و تەنانەت راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانیش لەسەر دەستی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت کە لەهەمان کاتیشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشە، هەروەها فاکتەرگەلێک هەن چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت بەهۆی دوایین جار بارزانی بەپیادەکردنی سیاسەتێکی جیاوازتر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی کە بەپێی ئەو سەرچاوانەی دەریدەخەن بارزانی سەرۆک لەسەر هەندێ‌ لێدوان و نەشارەزایی هەندێ‌ لە بەرپرسانی حیزبەکەی لەرووی زمانی دیالۆگ و دیموکراسییەوە کە بوونەتە هۆی فشار دروستکردن لەسەر پارتی، ئیدی بارزانی توورەبووەو زیاتر پشت بەخۆی دەبەستێت لەبڕیارە سیاسی و ستراتیژییەکان کە چارەنووسی پارتی پێوەبەندە، هەروەها بەدیوەکەی تریشەوە ئەگەر سەیری بکەین یەکێتی سەرکەوتنی لەبەرێوەبردنی حکومەتدا بەدەست نەهێناوەو کابینەکەی دکتۆر بەرهەم رووبەرووی زۆرترین رەخنەی جەماوەر بۆتەوەو لەلایەکی دیکەشەوە جۆرێک لەجیاوازی بەدیدەکرێت لەبواری خزمەتگوزاری نێوان هەولێر کە هەیمەنەی پارتی تێدا زاڵەو سلێمانی کە وەختی خۆی هەیمەنەی یەکێتی لەو شارەدا زاڵ بووەو ئێستاکەش ئەو هەیمەنەیە بەنارۆشنی ماوەتەوە بەهۆی دروستبوونی گۆڕان و بەرپاکردنی شەڕی میدیایی لەدژی یەکێتی و بردنی زۆرترین دەنگەکانی یەکێتی و بەدەستهێنانی 25 کورسی پەرلەمانی لەناوچەکانی ژێر نفوزی یەکێتی، بۆیەش یەکێتی ویستووێتی لەماوەی حوکمڕانێتی خۆیدا لەکابینەی شەشەمدا حکومەت بخاتە خزمەتی بەرژەوەندی حیزبی و ئەمەش زیاتر هەولێرییەکانی نیگەران کردووەو ئیدی چاوەڕێ دەکرێت پارتی دوای کۆتایی هاتنی کابینەی شەشەم ئەمە بەجەماوەری کوردستان بگەیەنێت لەوەی یەکێتی جیاوازی کردووە لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان بەهۆی جیاوازی ئینتیمای حیزبییەوەو حکومەتی بۆ بەرژەوەندی و هەڵساندنەوەی یەکێتی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی یەکێتی لەو قەیرانەی تێیکەوتووە رزگار بکات.


ئەوەی من چاوەڕێ‌ دەکەم دوایین چرکەساتەکان بارزانی راستەوخۆ و تاکلایەنانە حکومەت دووبارە رادەستی یەکێتی دەکاتەوە، ئەمەش دواتر بەزیانی یەکێتی و بەقازانجی پارتی دەکەوێتەوە بەوپێیەی ماوەیەکی کەم ماوە لە کاتی یاسایی کابینەکەو پارتیش لەو ماوە کەمەدا ناتوانێت دووبارە حکومەت بخاتەوە سەرپێی خۆی بەو مانایەی سیاسەتی خۆی پەیڕەو بکات لەبەڕێوەبردنی حکومەتداو یەکێتیش ئەگەر لەم کابینەیەدا فەشەل بهێنێت ئیدی چیتر حیزبی دووەم نییە لەسەر ئاستی کوردستان و لەسەر ئاستی سلێمانیش لەدوای گۆڕانەوە دێت و ئەمەش ئاوابوونی خۆری یەکێتییەو هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە بەرێز تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە رەنگە چیتر نەتوانێت وەکو پێویست سەرپەرشتی یەکێتی بکات و ئەمەش کارەساتە گەورەکەیە دوای تاڵەبانی یەکێتی بەئاقارێکی تردا دەبات.
 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک