په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠٢٢

بارزانی لە لاپەڕەکانی ویکیلیکسدا.

 

ئومێد محەمەد فەرەج  


نامەوێ خۆم بە ناساندنی ویکیلیکسەوە خەریک بکەم. چونکە هەموو لایەک دەزانن کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا ویکیلیکس هەزاران بەڵگەی لەسەر زۆربەی حکومەتەکانی جیهان بڵاوکردۆتەوە و هەمووانیش دانیان بە راستیی بەڵگەکان ناوە و کەس گومانی لەوە نییە، کە بەڵگەکان دروسکراو و ساختە بن. تەنیا لایەنێک دانی نەناوە بەو بەڵگانە کە سایتی ویکیلیکس لەسەری بڵاوکردۆتەوە ئەویش دەسەڵاتدارانی کوردستانن بە تایبەتیی بنەماڵەی خاوەن دەسەڵاتی بارزانییەکان. بەڵام لە راستییدا ئەوان دانی پێدابنێن یان رەتیبکەنەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ، چونکە سەرچاوەی بەڵگەکان وەکو رۆژ دەدرەوشێتەوە و کەس ناتوانێ بەر بەدەرکەوتنی رووناکییەکەی بگرێ.


لەم چەند ساڵەی ڕابردودا و دوای كوده‌تا شكستخواردوه‌كه‌ی توركیا، سایتی ناوداری جیهانی (ویكیلیكس) چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی له‌سه‌ر پارتی و په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و ئەردۆگان، لەگەڵ ناوی چەند خۆفرۆشێکی میدیاکاری کوردی وەکو رێبوار وەلی و توانا عوسمانی ئێن ئاڕتی و شیڤا گەردی و حەمکۆ و دلبەخوین و شاهۆ ئەمین و زۆری دیکەی هاوشێوەکانیان بڵاوكرده‌وه‌. هەڵبەت ئەمە لای میللەتی کورد، هەروا بە ئاسانیی گوزەردەکا و پاش ماوەیەک لە بیرچوویەوە، ناهەقی ئەو خەڵکەش ناگرم کە ئاوا خەمساردن و شتیان زوو لە بیر دەچێتەوە. یان لە بیر خۆیانی دەبەنەوە. ئەمەش بەشێکی بۆ ناهۆشیاریی سیاسیی میللەت دەگەڕێتەوە و بەشێکیشی بۆ ترس لە دەسەڵات. لە راستییدا بەداخەوە کوردستان لە سایەی دوو کۆمپانیای مافیایی و سیاسیی یاخود بڵێین دوو بنەماڵەی دیکتاتۆر، بووە بە کۆریای باکوور و تەنیا لە ناو و لۆگۆ و دروشمدا خۆی لە بەرگی هەرێمێکی دیموکراتیدا پێشاندەدا، ئەگینا لە راستییدا کوردستان هاوشێوەی کۆریای باکوورە لە دیکتاتۆری و ترس و تۆقاندنی هاوڵاتیانی خۆی.


هەر چۆنێک هەیە با دوورنەکەومەوە لە باسەکە. خۆی لە خۆیدا خستنەڕووی ئەم جۆرە باسە و هەڵدانەوەی مەلەفەکانی سەرکردە ناپاک و خۆفرۆشەکانی کورد و حیزبەکانیان وای کردوە، ئەوەی لە ویکیلیکسدا بڵاوکرایەوە دڵۆپێکە لەم هەزاران ناپاکییەی سەرکردەکانی کورد، کە لە رابردودا کردوویانە. بۆیە ناهەقی ئەو خەڵکە ناگرم کە ئاوای لێهاتوە و هیچ کاردانەوەیەکی نییە، چونکە رۆژانە لە نیشتیمانی ئێمەدا دەیان ناپاکیی دووبارە و دەبارە دەبنەوە. دوایی هیچ روونادا، چونکە ناپاکیی لای پارتی و یەکێتی بووە بە شتێکی رۆژانە و میللەتی کورد لەگەڵی راهاتووە و لایان بووە بە شتێکی ئاسایی. هەرچەندە سه‌رجه‌می به‌ڵگه‌کان راستییه‌كی نكوڵیی لێنه‌كراون، به‌ڵام پارتی هه‌میشه‌ بە کۆمەڵێک وەڵامی نابەجێ باوەڕپێنەکراو دێتە وەڵام و هەموو بەڵگەکان رەتدەکاتەوە و لایەنی بەرامبەریش بە تێکدەرو سیخوڕ و دەستی دەرەکیی دەخاتەڕوو. ‌هێشتاش خه‌ڵكانێك هه‌ن بڕوا بە پارتی دەکەن و بەڵگەکان رەتدەکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڵگەکانی ویکیلیکس جیهانی هەژاندوە و چەندین سەرکردە و دەسەڵاتدار لە جیهاندا دەستیان لەکارکێشایەوە و وەکو بەڵگەی شەرمەزارکەر بۆ خۆیان و بۆ خانەوادەکەیان لەقەڵەمدا. تەنانەت خودی حکومەتی ئەمەریکا بە فەرمیی دانی بە راستیی بەڵگەکاندا نا و گوتی بەڵگەکان دزەیان پێکراوە.


بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لە لایەن ویكیلیكسەوە دزەیان پێکراوە‌ خودی مه‌سعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان (٨٨٢) ئیمه‌یڵی بۆ ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا ناردوه‌. سه‌یره‌! ئه‌ی بۆچی ده‌ڵێن مەسعود خوێنده‌واریی نییه‌؟! لە ئیمەیڵەکاندا مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، کە ٣٠٠٠ پێشمەرگەی کوردیان لە پێناو تورکیا و لە شەڕی دژی پەکەکە بەکوشتداوە. لە یەکێک لە ئیمەیڵەکان تەنانەت وشەی قوربانیی بەکارهاتوە، کە مەسعود دەڵێ قوربانییمان بە پێشمەرگەکانمان داوە بۆ پشتیوانییکردنی تورکیای دۆستمان. ئاخر جەنابی سەرۆک بۆچی قوربانیی؟ ئاخر قوربانیی واتا کەسێکی خۆت بەکوشت دەدەی یاخود بە دەستی خۆت سەری دەبڕی لە پێناو خودادا یان لە پێناو دەسەڵاتدارێکی ستەمگەر و دیکتاتۆردا. ئاخر جەنابی سەرۆک تورکیا رۆژانە کوردەکانی باکوور دەکوژێ و دەیانچەوسێنێتەوە. تەنانەت بە بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە کە تانکی سوپای تورکیا ژنێکی کورد بە زیندوویی دەشێلێ و پانیدەکاتەوە و بە شێوەیەکی تراژیدیا دەیکوژێ. پەکەکە تەنیا حیزبی کوردییە کە ٣٨ ساڵە دژی ئەم ستەمەی تورکیا شەڕدەکا، کەچی تورکیا کورد دەکوژێ و ئێوەش بە فەرمانی تورکیا هێرش دەکەنە سەر پەکەکە و لەو شەڕەشدا کە بریکاریی بۆ تورکیا کردووتانە ٣٠٠٠ پێشمەرگەی خۆتان بەکوشتداوە.


لە بەشێکیتری ئیمەیڵەکانی بارزانیدا ئەوە ئاشکرابووە کە تورکیا پیلانێکی مەترسییداری هەیە کە بە هێواشیی دەستبگرێ بەسەر بەشێکی موسڵ و بەرزاییەکانی چیای شەنگال و بەشێکی کوردستان لە ناوچەی بادینان و چیای خواکورک. لەم پیلانەشدا تەنیا لایەنی کوردی پارتی و بنەماڵەی بارزانی هاوکاریی تورکیا دەکەن. لە بەرانبەریشدا تورکیا هاوکاریی پارتی دەکا بۆ نەمانی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانییەکان. هاوکات پارتی و تورکیا هەردووکیان پەکەکە بە دوژمنی هاوبەشی خۆیان دەزانن و بەیەکەوە پەکەکە لەناودەبەن. لە ئیمەیڵەکاندا پەکەکە بە مەترسییەکی راشکاوانە و گەورە بۆ سەر پارتی و تورکیا دەخاتەڕوو، هەروا ئاماژە بەوەش کراوە کە لەناوبردنی پەکەکە هێندەش ئاسان نییە. بەڵام لەناوبردنی یەکێتی شتێکی ئاسانترە و پێویستی بە کاتی کەمترە. بەڵام بە لەناوبردنی یەکێتی و دەسەڵاتی تاڵەبانییەکان دەستی ئێران و شیعە لە کوردستان و بەشێکی عێراق دەشکێنین.


لێرەدا مەبەست ئەوەیە، کە چۆن بارزانییەکان رۆبۆتی دەستی تورکیان، ئاوهاش تاڵەبانییەکان لە لایەن ئێرانەوە دەجوولێندرێن و تاڵەبانییەکانیش کوڕی ئێرانن. ئەگەر ئەم پیلانگێڕیەی سەرکەوتوبێ، ئەوا پارتی دەبێ بە دەسەڵاتی یەکەمی بەشێکی کوردستان و بەشێکیش دەکەوێتە دەستی تورکیا. راستە پارتی ئێستا دۆخی باشترە و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هی ئەوانە. بەڵام چونکە حیزبێکی ناپاکە و ئامانجی ئەوە نییە کورد ببێتە خاوەنی وڵات و سەروەریی خۆی، بەڵکو بۆ پارتی گرنگ ئەوەیە کە جگە لە بنەماڵەی بارزانی هیچ کەس و لایەنێکی دیکە خاوەن دەسەڵات نەبێ. جا بۆ پارتی گرنگ نییە ئەو کات کورد پێگە و دەسەڵاتی چۆن و چەند دەبێ، بەڵکو دەسەڵاتێکی نێوخۆیی لە شێوەی خۆسەریی و میرنشینی و ئاغایەتی دەوێ کە تەنیا بارزانییەکان دەسەڵاتدار بن.


لە بەشێکیتری ئیمەیڵەکانی بارزانی بۆ ئەردۆگان، ویکیلیکس ئەوەی ئاشکرا کردوە. کە پارتی بە ناچاریی رازیی بووە بە داواکاریی تورکیا، کە بۆ ماوەی پەنجا ساڵ تورکیا پشکی هەبێ لە نەوتی کوردستان. هەرچەند لێرەدا مەسعود بارزانی ناڕازیی بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا کەسێکی لاواز و بێهەڵوێست بووە و بوێریی ئەوەی نەبووە کە بە تورکیا بڵێ ئەوە قبوڵ ناکەم. چونکە هەرچی تورکیا پێشنیاری کرد دەبێ پارتی قبوڵی بکا، لەبەرئەوەی ڕێککەوتن کراوە لە نێوانیاندا. کە پارتی خۆی وەکو هەرێمێکی خۆسەر ناساندوە، کە بە فەرمیی لە چوارچێوەی عێڕاقدایە، لە ژێرەوە فەرمان لە تورکیا وەردەگرێ. هەروا تورکیا هەڕەشەی ئەوەی لە پارتی کردوە، کە ئەگەر بەمە رازیی نەبێ ئەوا بژاردەی دووەم ئەوەیە تورکیا تاکو ساڵی ٢٠٢٤ تەواوی هەرێمی کوردستانی عێراق دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و یەکێتی و پارتی و پەکەکەش لەناودەبا. بەڵام ئەگەر پارتی بە بژاردەی یەکەم رازیی بێ و هاوکاری تورکیا بێ بۆ لەناوبردنی پەکەکە و یەکێتی و تاڵەبانییەکان وە پشکێکی باشی نەوتی کوردستان بە تورکیا بدا ئەوا لە داهاتوودا دەسەڵاتێکی نێوخۆیی و خۆسەریی بۆ بنەماڵەی بارزانی مسۆگەر دەبێ و بارزانییەکان دەتوانن حوکمی بەشێکی ناوچەکانی بادینان، رانیە، گەرمیان و سلێمانی بکەن، بەڵام بەو مەرجەی لە ژێر فەرمان و دەسەڵاتی تورکیادابن و نابێ هیچ هێزێکی چەکداریان هەبێ و دەبێ تەواویی هێزەکانی پێشمەرگە هەڵبوەشێننەوە، بێجگە لە پۆلیس. هەروا ئەوەش ئاماژەی پێکراوە کە هەولێر و کەرکوک بە تەواویی دەخرێنە سەر تورکیا، چونکە بەشێکی دانیشتوانی ئەم دوو شارە گەورە تورکمانن و لە خەڵکە رەسەنەکەی سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیەکانن و تورکی رەسەنن.


هەڵبەتە پارتی بەم مەرجانە رازیی بووە و لە پێناو مانەوەی بنەماڵەی بارزانییەکاندا، ئەگەر تەنانەت وەکو ئاغا و سەرۆک هۆزیش بن.


تێبینی: ئەو بەڵگانەی کە ویکیلیکس لەسەر بنەماڵەی بارزانی و ئەردۆگان بڵاویکردنەوە، زۆر نهێنیی دیکەی تێدایە، بەڵام ئەوانەی سەرەوە هەرە گرنگەکانیانن و زۆر مەترسیدارن بۆ داهاتووی کورد. من خۆم ئەو ئینگلیزییە باشە نازانم، بەڵام هەر کەسێک ئینگلیزی زۆر بە باشیی دەزانێ دەتوانێ لە ویکیلیکس بەڵگەکان بخوێنێتەوە. من ئەوەی دەیزانم هەر ئەوەیە کە وەکو هەر کوردێکیتر پێش چەند ساڵیک کە بەڵگەکان بڵاوبوونەوە بەڵگەکانم بینین و بیستن. تەنانەت ئەو کات لە ژوورەکانی پاڵتاکدا چەند رۆژ قسەیان لەسەر کرا و دەیان کاتژمێر من گوێم گرتوە لەو بەڵگانە. هەروا ئەمەی من باسی دەکەم شتێکی تازە نییە، بەس ئەوەندەی من بیرم ماوە ویستم جارێکیتر بیخەمەوە بەر چاوی تاکی کورد و بیری کوردانی بخەمەوە کە دەسەڵاتێکی چەند قێزەون و ناپاک حوکمی کوردستان دەکا و داهاتوویەکی چەندە مەترسییدار چاوەڕێی خەڵکی کوردستان دەکا، ئەگەر پیلانگێڕییەکە سەربگرێ.. بەڵام هیوادارم پارتی و تورکیا سەرکەوتوو نەبن لەو پیلانگێڕییە و گەنجانی کورد هۆشیار ببنەوە و لەوە تێبگەن بە لابردنی بارزانییەکان لە دەسەڵات لووتی ئەردۆگان دەشکێنن و خەونەکەی لە گۆڕ دەنێن.

 

omeed.faraj@hotmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک