په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠٢١

بارزانییە بچووکەکە و شانۆگەریی دیداری ''تاون ھۆڵ''.


عامر سابیر       


مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە میلیشیایی و عەشیرەتێکەی کوردایەتی لە ٣٠/٩/٢٠٢١دا بە ئامادەبوونی کەناڵەکەی خۆی (کەی ٢٤)، لە ھۆڵێکدا جەمعێک لە ئەندامانی حیزبەکەی خۆی کۆکردۆتەوە و بە کۆمەڵێک پرسیاری پوچ و پێشتر داڕێژراو و سانسۆرکراوەوە، لەم وەرزی گاڵتەجاڕی ھەڵبژاردنەدا (ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق -١٠/١٠/٢٠٢١) خەرکی پروپاگەندە و ستایشکردنی خۆی و حیزبە سەرکوتکەر و تاڵانچێکەیەتی.

مەسرور بارزانی بەم شانۆگەرییە پوچ و ساولکانەیە ئەیەوێ پێمان بڵێ کە گوایە کەسێکی مۆدرێنە و وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی تر ڕەفتار ئەکات و ئامادەیە گوێ لە خەڵکی ئاسایی بگرێ و وەڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە. ئەم تیرۆریستە ڕۆژنامەنووس کوژە کە گولە ئەنێت بەناو دەمی سەردەشت عوسمانەوە. ئەم دکتاتۆرە کە ئەڵقەلەگوێی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەیە و لە بەرژەوەندی ئەوان سیاسەت ئەکات. ئەم کابرا بێزراوە کە تەنانەت ڕێز بۆ دادگا کارتۆنییەکەی خۆشیان دانانێ و پێش بڕیاری دادگا، حوکمی زیندانی سەدان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی دەڤەری بادینان دەردەکات و دڕندانەتر لە بەعس ئەشکەنجەی نەیارانی ئەدات و خەریکی ئازادی خنکاندنە لە بادینان و کوردستاندا. لە ڕێگەی ئەم دیداری (تاون ھۆڵ)ەوە ئەیەوێ بڵێ کە ئەو خۆی لە پرسیار و نیگەرانی دانیشتوان نادزێتەوە و گوێیان لێ ئەگرێ!

بارزانی بچوک ئەڵێ من لە بەرپرسیارێتی ڕاناکەم و مەسئولییەت لە ئەستۆ ئەگرم، بەڵام پێمان ناڵێ کە تا ئێستا نەک ھەر خۆی بەڵکو باو و باپیریشی چی مەسئولییەتێکیان لە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستاندا لە ئەستۆ گرتووە؟ لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان بەھۆی کۆرۆناوە وەک گەڵای دار ئەوەرێ ، بەڵام ئەم کابرایە یەکێک لەو پرسیارانەی لەم دیداری تاون ھۆڵەدا کە بۆخۆی داناوە تا لێی بکرێ، لەسەر زاری شەوبۆ ناوێکەوە کە گوایە لە سلێمانییەوە چووە بۆ دیداری، ئەوەیە کە "سەرۆک تا چەند گرنگی ئەدات بە تەندرووستی خۆی". مەسروریش لە وەڵامدا باسی وەرزش و مەلە و ئەسپ سواری و نیگارکێشانی خۆی ئەکات. ئەمە لە کاتێکدا کە خۆی و حیزبەکەی و بەناو حکومەتەکەی ھیچ مەسئولییەتێکیان لە خۆیان نیشان نەداوە بەرانبەر بەم لێشاوی مردنە کە بە ھۆی کۆرۆناوە خەڵکی کوردستان لەناو ئەبات؟!

مەسرور بارزانی بەم کەسانەی کە کۆیکردۆتەوە و وەک نووێنەری خەڵکی کوردستان ئەیانناسێنێ، ئەڵی ئێمە دژی گەندەڵین و ئەگەر گەندەڵیتان بینی، پێمان بڵێن تا ئێمە چارەسەری بکەین. جەناب، تۆ کە خۆت و خانەوادەکەت گەورەترین دز و گەندەڵکار و تاوانبارن و لە ھیچەوە تەنانەت منداڵانی خانەوادەکەشتان بوونەتە ملیاردێر و ھەرچی داھات و سەروەتی کۆمەڵگایە دەستان بەسەردا گرتووە و وەک موڵکی خۆتان تەسەروفی پێوە ئەکەن. ئەوە تۆ و ھاوشێوەکانتن کە پێویستە لە دادگای جەماوەری خەڵکدا دادگایی بکرێن لەسەر تاڵانچێنتی و ھەڵلوشین و بەھەدەردانی سەروەتی کۆمەڵگا. ئەوە ئێوەن کە ئەبێت وەڵامی خەڵک بدەنەوە.

ئیوە لەوە قێزەونتر و بودەڵەترن کە خەڵکی کوردستان تەوەقوعی لێتان ھەبێت کە ژیانی لە سایەی دەسەڵاتی ڕەشتاندا باش ببێت. لای خەڵکی کوردستان چاکسازی ڕاستەقینە بەندە بە نەمانی ئێوە و دەسەڵاتی ڕەشتان. ئێوە بە کەمکردنەوەی مووچەی چەند سەد کەسێک لە ئەندامەکانی خۆتان کە بۆ چەندین دەیە بە پلەی وەزیر خانەنشینتان کردووە، ناتوانن بەمە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و خۆتمان بە دژی دزێتی و گەندەڵی پێ نباسێنی. ئەگەر شەھامەتتان ھەبوایە ئەبوایە ئیستیقالەتان بکردایە کە ئەم گەندەڵییە لە سایەی حیزبەکەتاندا چەندین دەیەیە پیادە ئەکرێت. ئەمەی باسی ئەکەن تەنھا دڵۆپێکە لە دەریای تاڵانچێتی و جەردەییتان.

ئێوە سەرەڕای ئەم ھەموو باجەی سەپاندووتانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا. ئێوە سەرەڕای قاچاخچێتی و فرۆشتنی سەروەت و موقەدەراتی ئەم کۆمەڵگایە. ئێوە سەرەڕای تەفروتووناکردنی کەرتی گشتی و قوتکردنەوەی کەرتی تایبەت بەناوی کۆمپانیاکانی سەربەخۆتان و مژینی زیاتری ژیلەی گیانی دانیشتوانی کوردستان و بازرگانیکردن بە ژیان و تەندرووستی و خواردن و پیداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکەوە. ئێوە تاکە کارێک کە بۆ خۆیان داناوە و لەم کۆبوونەوەیەدا دووبارەتان کردەوە، کاری حەواڵەیە. گوایە ئەگەر حکومەتی عێراق پارەبنێرێ ئەوا ئێوەش ئامادەن موچەی خەڵک بدەن! خەڵکی کوردستان پێویستی بە حەواڵەچی نییە. ئێوە بارن بەسەر خەڵکی کوردستانەوە. ئێوە کەمینەن و لەسەر بورکانی ناڕەزایەتی خەڵک ڕاوەستاون کە زوو یا درەنگ ئەتەقیتەوە و خۆتان و دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتکەرتان کۆتایی پێ دێنێ.

_______________________________________________
ئەمە لینکی دیداری تاون ھۆڵەکەی مەسرور بارزانییە:

www.youtube.com/watch?v=MMbHgrkQ-tA&t=19s


٤\١٠\٢٠٢١
ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک