په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٩\٢٠١٥

باشترین چارەسەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی کۆچ.


ستار محەمەد قادر   


بە دڵنیاییەوە کەس ناتوانێت بەر لەدیاردەی کۆچ بگرێت تا ئەم سیستمە حیزبۆکراتیەی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ نەیاو نیشتیمان لەژێر چەپۆکی نەگریسی حیزب رزگار نەکرێ و مافی هاوڵاتی پارێزراو نەبێت، دیاردەی کۆچ رۆژ لەدوای رۆژ کێرڤی بەرزتر دەبێتەوەو خەڵکی زیاتر بەئومێدەوە رووی تێ دەکەن، دەسەڵاتی کوردی دەبێت ئەوە باش بزانێت، خەڵکی نا ئومێدن لەوان بۆیە لەداخی ئەوان سەری خۆیان هەڵدەگرن، ئیدی کەس ناتوانێت بەنێوی نیشتیمانێکەوە قسە بکات بۆ خەڵکانێک بەهەشت و بۆ خەڵکی بەشمەینەتیش لەدۆزەخێک زیاتر نەبووە، نیشتیمان فرۆشی و پرۆژەو پرۆسەی درووستکردنی دەوڵەت لای خەڵکی هیچ بەهایەکی نەماوە، چونکە زۆر چاوەڕوانی ئەوەیان لەم دەسەڵاتە دەکرد تا خۆی بگۆڕێ و لەوەزیاتر خەڵکی سیڤیل نەخاتە پەراوێزەوە.


حکومەتێک لەتوانایدا نەبێت موچەی فەرمانبەران دابین بکاو نەتوانێت خەڵکی دابمەزرێنێ و تەئمینی ژیانیان بکات، بۆ چی باشە؟


حکومەتێک خودی خۆی هۆکار بێت بۆ درووستکردنی شەبەقێکی گەورە لەنێوان ئەو هاوڵاتیانداو لەئێش و ئازاری ئەو خەڵکە هیچ شتێک نەزانێت، دەبێت چۆن خەمی بەڕێوەبردنی وڵات لەلای بەرجەستە بووبێت؟


حکومەتێک بەرێژەی نەگۆڕ مامەڵە لەگەڵ پۆست و کورسیەکەی ژێریدا بکات، ناتوانێت خەم لەخەڵکی بخواو مافی هاوڵاتی بپارێزێت، ئەم حکومەتە، حکومەتی گیرفانە زلەکەیە بۆ خاوەن پۆستەکان و گیرفانە بەتاڵەکەیش بۆ هاوڵاتییان، خەڵکی بەتایبەتی گەنجان بەدیار چیەوە دابنیشن؟ بەدیار ئەو وڵاتەوە کەبەدەست ئەقڵیەتی پاوانخوازی ئەو حیزبانەوە بووە بەسینەما، حکومەتێک سەرۆکەکەی و شالیارەکانی تەنها سەرقاڵی قیافەی خۆیان ببن و گەنجێتی خۆیان بەو خەڵکە هەژارە بفرۆشنەوە، شایانی ئەوەیە ئینسان قێزی لێ بکاتەوەو بەجێیبهێڵێت، بەراستی بەلامەوە سەیرە خەڵکانێک بیر لەوە بکەنەوە کەداوا لەحکومەت بکەن میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ بەرگرتن لەدیاردەی کۆچ، ئەو خەڵکە بۆ ئەوە کۆچ دەکات بۆ ئەوەی بژێ و شکۆی پارێزراو بێت، ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانیَ ئەلتەرناتیڤی کۆچکردن بدۆزێتەوەو لەسەر ئەرز دیفالکتۆی بکات؟ بێ گومان نەخێر، هەر ئەو هۆکارەشە وای لەحکومەت کردووە بێدەنكی بکات بەمژاری خۆی و وەکو نەعامە سەری شۆڕ بکاتەوە، چونکە باش لەوە گەیشتووە مانەوەی ئەو خەڵکە رەنگە بەهەڕەشە بۆ سەر خۆی بیبینێت، تا قسەی سواو لەنیشتیمانێک بکرێت کە تەنها هیی دەسەڵاتدران بێت؟ تا ئەوان خاوەنی کۆمپانیاو یاری بەقووتی خەڵکیەوە بکەن؟ ئەمە نابێت ناوی لێ بنرێت نیشتیمان!


چونکە چەمکی نیشتیمان چەمکێکە گرێدراوی ئەو پێدراوەیە دەبێت هاوڵاتی هەستی پێ بکات، نەک بەرپرسان ناوی لێ بنێن و بەخەڵکی نامۆ بێت، تا رەوشی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بێت، دیاردەی کۆچ لەبرەوداندا دەبێت و هەمووان ئامادەن ماڵئاوایی تا هەتایی لەنیشتیمانێک بکەن کەنێوی کوردستانەو بۆ بەرپرسە باڵاکان چۆڵی بکەن!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک