په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٨\٢٠١٤

باشترین هەلی مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد.

جەمالی عەلیالی   

 

ڕووداوەکانی باشووری کوردستان بە چڕی کەوتە سەر مێدیاکانی جیهانی. نەتەوەیەک کە لە کۆنەوە لە دەست داگیرکەر دەناڵێ کەوتە بەر ژێنۆسایدێکیتر و ئەنفالێکیتر. هێرشی ئەمجارەیان نەک هەر بە یارمەتی قورئان و ئایینە بەڵکوو لە لایەن پیاوانی ئایین و قورئانە لە کاتێکدا کە چەکدارەکانی داگیرکەری ئێرانی بە گۆێرەی هەواڵەکان لە نزیکی کەرکوک دامەزراون! ئەوە، تایبەتمەندێکی گرینگە کە پێویستی بە شڕۆڤەی تێر و تەوتەسەلی هەیە. بەڵام هەر لەو چوارچێوەیەدا هەواڵی گەیشتنی هێزەکانی ی پ گ لە ڕۆژئاوا و گریلاکانی قەندیل لە باشوور بۆ دەڤەری شەنگاڵ جێگەی سرنجی تایبەتییە. گوزارەی کۆتایی جێگەی هومێدە، هەوڵی نووسەر شیکارێکی بەپەلەیە لەسەر کارتێکەری ئەو بابەتە.


پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەیشتنی هێزی یارمەتیدەر لە چەند لایەوە بۆ دەڤەری شەنگاڵ، هێندێک لایەن وەکوو بەراز بە بێ چاووڕووییەوە نکۆڵیان لەو ڕاستی ئەو هەواڵانە کرد. ئەو هەواڵە تیژبوونەوەی هیوای نەتەوەیەکە کە لە مێژە خەونی یێکێتی نەتەوەیی دەبینێ. یێکێتی نەتەوەیی دەتوانێ لە قازانجی زۆر کەسان بێت بەڵام هەرگیز لە قازنجی داگیرکەران نیە، کەواتە تەنیا داگیرکەران لەو مەسەلە زیان دەبینن. ئێستا دەکرێ گۆمان بکەین کە چ لایەن و کەسانێک هەوڵیان لەو چەواشەکارییەدا هەبوو.


هەر ئێستا باشترین هەلە بۆ بەهێزکردنی یێکێتی نەتەوەی، بۆ یەکریزی ماڵی کورد، بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. ئەو هەواڵە ئەوە بۆ جارێکیتر دەسەلمێنێ کە جگە لە کورد کەس ناتوانێ خێراتر و لە دڵەوە بە یارمەتی کورد هەستێ. ئەوە هەلێکی مێژووییە کە کورد جارێکیتر بە داگیرکەران بسەلمێنێ کە ئیتر ئەو نەتەوەیە مەیلی سەرکووت و نکۆڵیکردن لە لایەن داگیرکەرانی نەماوە و ئیزن نادات چیتر سەرکووت بکرێ!


ئەگەر گرووپێک/کۆمیتەیەک/کۆمیسیۆنێک یا هەر پێکهاتەیەکی سەربەخۆ لە کەسانی ئازادیخواز، ڕووناکبیر، پسپۆری سەربەخۆ... پێک بێت و "کاری بێ وچان بۆ یێکێتی نەتەوەیی" وەکوو تاقە ئەرکی سەرەکی بۆ خۆی دیاری بکات، ئەوکات هومێدێک هەیە کە یێکێتی نەتەوەیی قۆناخێکی تازە ببڕێ.


پێشنیاری نووسەر ئەوەیە کە کەسانی لێزان وپسپۆر، کەسانی ئازادیخواز و ڕۆناکبیر، شارەزایانی بواری خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان لێک کۆببنەوە و کۆمیتەیەک پێک بێنن بۆ ئەوەی کە مەسەلەی یێکێتی نەتەوەیی بە کراوەیی و شەفافی دەگەڵ هێزەکانی سیاسی پانتای کوردستان باس بکەن بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی. بە ڕای نووسەر هەڵگرتنی ئەو هەنگاوە دەبێتە بە هەنگاوێکی زانستییانەی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە سەردەمی نۆێدا لە لایەن جڤاکی سڤیل.


بۆ جێبەجێکردنی پێشنیارێکی لەو چەشنە یاخود هەر پێشنیارێک بە مەبەستی دابینکردنی دوواڕۆژێکی پڕ لە هێمنی و ئاسایش بۆ نەتەوەی کورد، دوو کەرەستە پیویستە: یەکەم مێدیای بە هێز کە بە خۆشییەوە کورد هەیەتی، دووهەم "عەزمی جەزم" لە لایەن زانایان، پسپۆران، تێکۆشەران و ئازادیخوازانی کورد. ئاخاوتن و وردە بێژی بەسە! ئێستا ئیتر کاتی هەنگاوی بە کردەوەیە! فەرموون قۆڵی لێ هەڵماڵن و کاری بۆ بکەن، ئێستا ئیتر کاتی هەنگاونانی بە کردەوەیە و چیتر نابێ چاوەڕوانی ئەو و ئەم بکەین بۆ ئەوەی کە بە هانامان بێن!


٥\٨\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک