په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٢

باشتر وایە پارتی مەلا بەشیر بێدەنگ بکا.


شاخەوان برایم عەبدوڵا  


دوای ئەوەی لە دەزگە رۆژنامەوانییەکانی کوردستاندا بڵاوبۆیەوە کە نزیکەی ٣٦ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان واژۆیانکردووە لەسەر تاپۆکردنی ئەو شوقەکانی پەرلەمان، ئەوەبوو کاردانەوەکان بەوە گەیشتن کە بزوتنەوەی گۆڕان فشاری خستە سەر ئەو چوار ئەندام پەرلەمانەی لیسی گۆڕان کە واژۆیان لەسەر پێشنیاری تاپۆکردنی شوقەکان کردبوو، ھاوکات ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیش لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری ئەوەیاندا دەبێت ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتی داوای لیبَبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەن لەسەر ئەم پرسە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان تاوەکو ئێستاکە بەشێوەیەکی ئاشکرا ھیچ فشارێکی بۆ سەر ئەندام پەرلەمانەکانی نەھێناوە کە دەبوایە بەتوندی فشاری بۆ سەریان بھێنابایە لەسەر ئەو نیەتە پاوانخوازیی و گەندەڵییەی کە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە سەرجەم لیستە جیاوازەکانی پەرلەمان تێوەگڵاون.


لە ژمارەی ٨٠ی رۆژنامەی (باس)دا مەلا بەشیر حەداد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان تاپۆکردنی شوقەکانی پەرلەمان بەکارێکی یاسایی دەزانێت و پاڵپشت بۆ ئەم پرسەش بۆ یاسای ژمارە ٣٢ی ساڵی ١٩٨٦ی سەردەمی بەعس دەگەڕێتەوە کە ناوی یاساکە ( یاسای بەکرێدان و فرۆشتنی موڵکی دەوڵەت)ە، دیارە مەلا بەشیر بیری چووە لەسەردەمی بەعسدا ھیچ یاسایەک کاری پێنەکراوە ئەگەر بەجۆرێک لەجۆرەکان لەبەرژەوەندی رەفیق حیزبییەکاندا نەبووبوایە، لەلایەکی تریشەوە خەڵکی بەردەوام فشار بۆ سەر حکومەت و پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی رێکخراو و سەنتەر و رۆژنامەکانەوە دروست دەکەن کەوا چیتر کار بە یاساکانی سەردەمی بەعس نەکرێت و یاسای تازە دەربکرێت کە لەگەڵ پەرەسەندن و مافە مەدەنی و دیموکراسییەکاندا بگونجێت، خێرە ئێستاکە بەشیر حەداد، دێت شەکری وا دەشکێنێت و بەپاڵپشتی یاسای ژمارە ٣٢ی ساڵی ١٩٨٦ی بەعسەوە داوای تاپۆکردنی شوقەکانی پەرلەمان دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کەئەم شوقانە لەسەر بودجەی گشتی دروستکراوە بۆ ئەو ئەندام پەرلەمانانەی ماڵیان لە شوێنی کارەکەیانەوە دوورە یان خانوویان نییە، ئەمە چەندین جارە بەشیر حەدادی کۆنە مەلا و ئەندام پەرلەمان پێشنیاری تاپۆکردنی شوقەکان بەکارێکی یاسایی دەزانێت و لەرێگەی میدیاکانەوە شەکری لەم شێوەیە دەشکێنێت و پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی گەورەترین پێگەی سیاسی و جەماوەری و کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرە کوردەکانی پەرلەمانی عێراقەو سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتە ھەستیارەکانی حکومەتەو لەم نزیکانەش کابینەی حکومەت وەردەگرێتەوە بۆیە پێویستە رێز لەم پۆست و پێگە جەماوەرییەی ھەیەتی بگرێت و فشارێکی توند بکاتە سەر بەشیر حەدادی کۆنە مەلاو ئەندام پەرلەمانی ئێستاکە، ئەمەش بەو پێیەی لەسەر لیستی پارتی و بەدەنگی جەماوەری پارتی چۆتە پەرلەمان و بەم کارەش پارتی متمانەی جەماوەری بەدەست دھێنێتەوەو ھاوکات فشاریش بخاتە سەر ئەو ئەندام پەرلەمانانەی لیستی پارتی کە واژۆیان کردووە بۆ تاپۆکردنی شوقەکان.


بەشیر حەدادی کۆنە مەلاو پەرلەمانتاری خاوەن بیرۆکەی وەبیرھێنانەوەی یاسای ژمارە ٣٢ی رژێمی بەعس بەوەش نەوەستاوە، دێت رەوایەتی بەوە دەدات شوقەکانی نازستی و ڤێلاکانی گوندی ئیتالی ئاساییە ئەگەر پەرلەمانتاران بیانکڕنەوە، ئەوە بەڵگەیەکی زۆر ئاشکرایە لەوەی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان ھێندەی خەرێکی دابینکردنی خانوو و سەروەت و سامانی خەیالین بۆ خۆیان و منداڵەکانیان نیو ھێندە لەخەمی میللەتدا نین، بەشیر حەداد مادام ئاوا لەسەر ئەندام پەرلەمانەکان دێتە دەنگ و داوای مافیان بۆ دەکات، بۆچی واژۆ بۆ دووبارە دەست پێکردنەوەی سولفەی عەقارو ھاوسەرگیری کۆناکاتەوە کە ماوەی چوار مانگە خەڵکی ھەژارو کەمدەرامەتی کوردستان چاوەرێی وەرگرتنی ئەو چەند ملیۆنە کەمەیە کە ھێندەی موچەکەی مەلا بەشیرو پاسەوانەکانێتی، کەچی زیاتر لە دوو مانگیش دەبێت تەنیا خەریکی مامەلەی وەرگرتنی پارەکەبن و دواتریش دوو مانگ چاوەرێی پشکنین بکەن و ئیدی بەھەزار دەردەسەری ئینجاکە پارەکە وەردەگرن و تەنیا سەقفی خانووەکەی پێتەواودەبێت، مەلا بەشیر بیری چۆتەوە ماوەیەکە ئەو پێنج ملیۆنەی کە پارەی دوو داوەتی مەلایە، بۆ سولفەی ھاوسەرگیری سەرف دەکرا وەستاوەو رێژەی ھاوسەرگیری کەمی کردووەو بەردەوامیش لە ئایینەکەیدا باس لە ئەنجامدانی ھاوسەرگیری دەکرێتەوە بەبیانووی ئەوەی تاوەکو گەنجان دوور بکەونەوە لەکاری خراپ ( بێگومان بەباوەری ئایینی و پیاوەکانی ئایین) یان مەلا بەشیر ئێستاکە پەرلەمانتارەو زۆر ئاگاداری کاروباری ئایینی نییەو ئەو ماوە کەمەی ماویەتی دەیەوێت شتێک بۆ منداڵەکانی بکات و دواتریش بەو پارە خەیاڵییەی کە لەرووە ئایینییەکەوە حەرامەو لەرووە ئابوورییەکەوەش گەندەڵییە وەک خانەنشین وەریدەگرێت و لەناو شوقە جوانەکان یان گوندی ئیتالی بژیەت، مەلا گیان تۆ پێم ناڵێیت چیتداوە لە گوندی ئیتاڵی، ئێ خۆ ئیتاڵییەکان موسڵمان نین و ئێوەی پیاوی ئایینی ئیسڵامیش ھەزاران ساڵە تۆوی دووبەرەکی لەنێوان ئایینەکان دەچێنن و خەڵکی رەش و رووتی کورد بانگی مزگەوتەکان دەکەن بۆ ئەوەی دواتر لەرێگەی ئەم خەڵکەوە بە دەسەڵات بڵێن ئێمەش خاوەن جەماوەرین و چاوێکتان لێمان بێت و بەشداری سیاسەتمان بکەن بۆ ئەوەی خۆمان و خانەوادەکەمان دەوڵەمەندبکەین.
 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک