په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١١

 باشوورى کوردستان بەرەو مافی چاره‌نووس؟؟


عومه‌ر حوسێن قادر


دروستبوونى ئیرادە بۆ دەستەبەرکردنى بریاردان بۆ مافى چاره‌نووس بۆ هەرێمى کوردستان دەگەڕێته‌وه‌وە بۆ سەرکردایەتى سیاسى کوردستان چونەکە ئەوان ئەمرۆ نوینەرایەتى گەلى کورد دەکەن بۆ بەدیهێنانى ئامانجە ستراتیژى یەکانى گەلى کورد لە باشوورى کوردستان پێویستە هەمو وزەیەکى مادیی و مەعنەوى خۆیان و گەلى کوردستان بخەنە گەڕ بۆ ئەم مەبەستە چونکە بۆ ئیمەى کورد یش وەکو هەر نەتەوەیکى دى لەسەر ئەم زەمینە خەباتى دیموکراسیانەى هاوچەرخ و مەدەنى بۆ ئەمرۆى ئێمە بە کاریگەرترین چەک دەزانین بۆ رووبەڕووبونەوەى سیاسەتى داگیرکەران.

 

ئەمرو پێویستە کەسایەتیە سیاسیەکانمان ببنە سنبول و پێشەوا بۆ پاڵپشتى داخوازییه‌ رەواکانى گەله‌کەمان بۆ بریاردانى مافى چاره‌نووس و پەرەپێدان و پێشخستنى تێکۆشانى گەلى کوردستان و پاراستنى ئەو دەسکەوتانەى کە گەلى کوردستان لە باشوورى کوردستان بە دەستى هێناون و پێویستە لەم بەشەى کوردستان ریزى تەواو لە هەموو بنەماکانى مافى مرۆڤ و چەسپاندنى بنەما دیموکراتیەکان و ریزگرتنى ئازادییە سیاسی و ریکخراوەیی و راگەیاندن و تەواوى ئازادییەکانى تر هەبێت وەکو رێپیوان و خۆپیشاندان و گوێگرتن لە نارەزایەتیەکانى خەڵک و ئۆپۆزسیۆن، حکومەت زۆر شەفاف بێت لە کاروبارى بەریوەبردنى وڵاتدا، ئەمانە واده‌کا ببنە پالپشتێکى بەهیز له‌ لایەن کۆمەلگەى نیودەوڵەتیەوە بۆ مافى چاره‌نووس بۆ هەرێمى کوردستان.

 

هەموو گەلى کوردستان سەربەخۆیى دەوێ تەنها ماوەتەوە سەر سەرکردایەتى سیاسى کوردستان سنبولیک هەڵبکەویت و جورئەتى ئەوە بکا و بلێ بەسە وەختى ئەوە هاتووە ئیمەش وەکو هەر نەتەوەیەکى دى مافى بریاردانى سەربەخۆیی خۆمان لەدەست خۆماندابێ وەکو ئەوەى ئەمرۆ لە باشوورى سودان دەبیسترێ و دەبیندرێ چۆن بریار لەچارەنووسى خۆیان دەدەن بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ یان پێکەوەژیان و مانەوە لەگەڵ سودان. ئیمەی کورد کۆنترین و زۆرترین نەتەوەین لە رۆژهەلاتى ناوەراستدا خاوەنى خاک و دابونەریت و زمان و کەلەپوور و مێژووى تایبەتى خۆمانین بەلام بەداخەوە خاکەکەى بەبێ پرس و بەبێ وستى خۆى دابەشکراوە بەسەر دەوڵەتانی داگیرکەرى دراوسێیدا بەزۆرەملى کردیانە چوار پارچە و لە هەر چوارپارچەکەش داگیرکەران بە هەموو شێوازێکى سەربازیی و سیاسیى خەریکى لەناوبردنى نەتەوەى کوردن، خەریکن سەروەت و سامانى ئابووریی و شارستانى و رۆشنبیریى و زانستى لە کوردستاندا بە تالان دەبەن و سەرەتایترین مافیان لێ داگیرکردوون کە خوێندنە بە زمانی دایک.

 

راستە باشووری کوردستان جیاوازییەکى هەیە لەگەڵ پارچەکانى ترى کوردستان کە خاوەنى پەرله‌مان و حکومەتێکى هەرێمیین بەلام هیچ زەمانەتێکی نێودەوڵتیمان نییە ئەمە هەتاسەر بمێنێتەوە و جارێکی دى شۆڤینیە عەربەکان لووشمان نه‌ده‌نه‌وه‌ بە بیانووى یه‌کێتی عێراق. بۆیە تەنها چارەسەر بۆ کوردان مافی چاره‌نووسە ئەمەش خەباتێکى ئاشتیانە و دیموکراسیانەى دوێ، ئەم خەباتەش پێویستە سەرکردایەتى کورد زۆر بە حەکیمانە ئەنجامى بدا چونکە ئەمرۆ بێ یا سبەى ئامانجى بنەڕەتى هەموو کوردیکى دلسۆز و نیشتمانپەروەر دروستبوونى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستانه‌ و هەموو هەوڵێکمان لەو پێناوەدایە.

 
ماڵپه‌ڕی عومه‌ر حوسێن قادر