٢\٨\٢٠١٨
باسی کام ئازادیی
ئەکەن؟

ئهحمهد رهجهب
لە پاش راپەرینە شکۆدارەکەی ساڵی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان حیزبەکانی
سەر گۆرەپانی خەبات و تێکۆشان دژ بە رژێمی دیکتاتۆر سەدام حسەێن وحیزبی
بەعسی عەرەبی لە شاخەوە خۆیان گەیاندە شارو شارۆچکەکانی کوردستان و ھەر
زوو خۆیان کرد بە پێشەواو سەرکردەی راپەرینەکە وئەوەی شایانی ئاماژەیە
رۆڵی درەوشاوەی حیزبی شیوعی و پێشمەرگەکانی لەو راپەرینەدا دیارەو بە
خوێن لە گەڵ خەڵکی بە شەرەف لە ھەڵگیرسانی راپەرینەکە لە دەڤەری رانیە
کە بووە دەروازەی راپەرین بەشدار بوون.
لە گەڵ سەرکەوتنی راپەرینەکە ""حیزبە گەورەکان"" پارتی دیموکراتی
کوردستان و یەکێتی کوردستان شەقیان لە بەرەی کوردستانیدا، ئەو بەرەیە
کە لە پاش شکستەکانی رۆژانی ئەنفالی بەدناو مۆریانکردو، داوای
پشتگیریان لە جەماوەری کوردستان کرد بەڵام رۆژگار دەرخستی راستگۆ
نەبوون و ھەریەک بە دوای بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی کەوت و، بەبێ
گوێدان بە حیزبەکانی تر خۆیان کرد بە خاوەنی کوردستان.
ھەردوو " زلھێزەکە " کەوتوونەتە لاف و گەزافی ئازادیی وەک قەوان شەوو
رۆژ لێیئەدەنەوەو باسی ئەکەن و، لە ناو ئەم درۆو دەلەسەیە بە بیانووی
بێ مۆڵەتی کەناڵی { ئازادییان} داخست بۆ کپکردنی دەنگی دلێرو زوڵاڵی
شیوعی و چەپەکانی کوردستان، وەک چۆن بە ئارەزوو بەبێ ( موڵەت ) پۆلێ
ئەستێرەیان لەناو بردو، بە ھوێ ئەو تاوانانە لە ناو گۆمەڵگا سەرشۆرو
ریسوا بوون و تا ئێستا بکوژەکانیان بە شەقامەکاندا سەربەستانە تەراتێن
ئەکەن.
دوو زلھێزەکەو حکومەتە شکستخواردووەکەیان باسی کام ئازادیی ئەکەن؟
ئازادیی کوشتنی سۆرانی مامە حەمە، ئازادیی کوشتنی سەردەشت عوسمان،
ئازادیی کوشتنی کاوە گەرمیانی، ئازادیی لەناوبردنی رۆژنامەنووسانی
بوێرو ئەکتیڤ و بەتواناو خاوەن قەڵەمەکان، ئازادیی تیرۆرکردنی
ھاورییانی چەپ و شیوعی بە پێی یاساکانی دارستان و، بەوەش خەڵک چەواشە
ئەکەن و، ئەڵێن: یاسا سەروەرە!!!!؟؟؟
داخستنی کەناڵی { ئازادیی } پەیوەست نییە بە نەبوونی مۆڵەتەوە، بەڵکو
پابەندە بە لوتبەرزی بەشێک لە بەرپرسانی دەسەڵاتی شکستخواردوو،
ھێرشکردنە بۆ سەر ئازادیی دەربرین و،سەرکوتکردنی ئازادییخوازان و
سەرجەم ھاوڵاتیان بۆ ئەوەی چیتر بەرگری لە مافە رەواکانیان نەکەن و،
دەست بۆ گەندەڵی و دزییەکانیان نەبەن و، جێی ئاماژەیە ئەم کەناڵە
چەندین جار ھەوڵیداوە مۆڵەت وەربگرێت و، لە ساڵی ١٩٩٢ وە ئەم کەناڵە لە
کوردستان کار ئەکات و، نازانم کەناڵەکانی خۆیان کە بە پارەی ھاوڵاتیان
کار ئەکەن مۆڵەتیان ھەیە؟ و، کێ موڵەتی پێداون؟
باسی کام ئازادیی ئەکەن؟ باسی کەناڵی ئازادیی ئەکەن یان ئەو ئازادیییەی
درا بەو فەرماندەو بەرپرسانەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە شەنگال
ھەڵاتن و، بوونە ھوێ شەھیدکردنی ھەزاران کورو پیاوی ئێزدی و، بردنی
ھەزاران کچ و ژنی کوردی ئێزدی بە کەنیزەک بۆ موسڵ و سوریاو فرۆشتنیان
لە بازارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی – داعشی - بۆگن ودێز.
ئازادیی بۆ تاوانبارانی ھەڵاتوو بەرپرس و فەرماندە گەورەکانی پارتی لە
شەنگال : سەربەست باپیری، موسا گەردی، شیخ عەلۆ، سەعید کیستەیی
وژمارەیەکی تری ئەفسەری پلە بەرز، کە سەرجەم ئەو بەرپرسە سەربازی و
حیزبییانەی پارتی لەلایەن مەسرور بارزانی سەرپەرشتی ئەکران، ئەگەر
ئازادیی بۆ ئەو تاوانیارانە نییە، کوا بەڵێنەکانی مەسعود بارزانی کاتێ
رایگەیاند: ( ئەو کەس و بەرپرسانەی ئەرکی پاراستنی شەنگالیان لە ئەستۆ
بوو لە سەر کارەکانیان لادەبرێن و لێکۆڵینەوەیان لە گەڵ دەکرێت لە سەر
کەمتەرخەمیان) ، بارزانی وتی: (دەبوو ئەو بەرپرسانە خۆیان فیدا بکردایە،
نەک شەنگالیان بەجێھیشتایە).
باسی کام ئازادیی ئەکەن؟ ئازادیی کەناڵی ئازادیی یان ئازادیی بکوژەکەی
بارزان رەشید بە ھوێ ھەڵکردنی فوللایت، کام ئازادیی؟ ئازادیی بۆ
ئەفسەرە پیاو کوژەکە کە بە بەر چاوی خەڵک لە ترافیکلایتێکی ھەولێر بە
دەمانچە تەقەی کردو، کۆتایی بە ژیانی گەنجێکی بێتاوان ھێناو، چونکە
بکوژەکە خزمی ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتییە خوێ رادەستی دادگا نەکردو
ئەڵێن : یاسا سەروەرە!.
باسی کام ئازادیی ئەکەن؟، ئازادیی رێکەوتنی ٥٠ ساڵەی ھەرێم و تورکیا،
ئەو رێکەوتنە نھێنییە جێی گومانە، نە تەنھا خەڵکی کوردستان بەڵکو
پەرلەمانی کوردستانیش ئاگایان لەناورۆکەکەی نییەو، ئەو کەسانەی
ئازادیییان ( پێ بەخشراوە) ئەڵێن: ئامانجی سەرەکی لەو رێکەوتنە
بتەوکردنی بواری بازرگانییە لە نێوان ھەرێم و تورکیا، ئەگەر باسی
ئازادیی ئەکەن با سەرۆک وەزیران وئاشتی ھەورامی ناورۆکی رێکەوتنەکە بۆ
رای گشتی بڵاوبکەنەوە.
پارتی باسی کام ئازادیی ئەکات؟ ئازادیی بدرێت بە تورکیا بۆ داگیرکردن و
قرکردنی کوردستان، ئازادیی بەزاندنی سنووری کوردستان و، زیادکردنی
موڵگەکانی تورکیا، ئازادییەک دەستی رژێمی رەگەزپەرستی تورکیا واڵا بکات
بۆ توپبارانکردنی دێھات و شاخ و سامانی کوردستان، فرۆکەی جەنگی و
ھەلیکۆپتەر ئارەزوومەندانە بومبارانی ھەموو شوێنێک بکەن و، خەڵکی سڤیل
وبێ تاوانی ھەرێم بکوژن و، خوێنی شەھیدان بەفیرۆ بروات و، سەبارەت بەم
پرسە پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی خۆیدا بڕیاری دەرکرد کە بارەگا
سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان دابخرێن، بەڵام
ئەو بڕیارە ھەرگیز نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوەو، تورکیا لە کوردستان
بێباکانەو بە ئازادیی پەرە بەکارە گڵاوەکانی ئەدات.
کام ئازادیی؟ تورکیا بە ئاشکەرا رۆژ لە دوای رۆژ ھێزو تەقەمەنی وتفاقی
شەرو چەکی قورس و مۆدیرن و تانک و ھەلیکۆپتر رەوانەی کوردستان ئەکات و،
راشکاوانە و بێ شەرمانە بەرپرسانی تورک ئەڵێن نیازمان لێدان و
داگیرکردنی قەندیلەو، ئازادانە بەرپرسانی پارتی پێشوازییان لە سوپای
تورکیا کردو، لە مانگی رەمەزان خوانیان بۆ ئامادە کردو، پێکەوە نانیان
خوارد.
بارتی باسی کام ئازادیی ئەکات؟ ھەر لە دھۆکەوە تا ئەگاتە پیرمام و سەری
رەش و ناوچەکانی تر بە کەسانی ھەواڵگیری مێت تەنراوەو، مەبەستی
سەرەکییان مۆڵەتی ھەناسە بە دانیشتوانی کوردستان نەدەن.
بژی ئازادیی، نا بۆ داخستنی کەناڵی ئازادیی.
٢٨\٧\٢٠١٨
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|