١١\١٠\٢٠٢٠
با سزای سێدارە لە
کوردستان ھەڵبوەشێتەوە.
ئەمڕۆ
١٠\١٠ رۆژی جیھانیی ھەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە
لە جیھان, کە لە ١٠٦ وڵاتدا بۆ ھەموو تاوانێک ھەڵوەشاوەتەوە ,تەنھا لە
٢٠ وڵات بە عەمەلی جێبەجێدەکرێت, ھەرچەندە بە داخەوە ھێشتا زیاتر لە
٦٠٪ی مرۆڤایەتی لەو وڵاتانە دەژێن سزایەکەیان ھەڵنەوەشاندۆتەوە
نموونەیان چین و ھیندستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو پاکستان و
نیجریاو میسرو ئێران و سعودیەو بەنگەلادیش و عێراق و ئەندەنوسیا
و...تد.
ساڵی ٢٠١٩ لە جیھان ٢٣٠٧ بڕیاری لەسێدارەدان دەرچووە لە ٥٦ وڵات, ٦٥٧
بڕیار لە ٢٠ وڵات جێبەجێکراوە, کە ٨٦٪یان لە چوار وڵاتی ئێران, سعودیە
و عێراق و میسر جێبەجێکراون, ئامارەکانی چینیش بڵاو نەکراونەتەوە, ھەر
ئێستا ٢٦٦٠٤ مرۆڤ لەسەرتاسەری جیھان چاوەڕوانی سێدارەن.
ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی ئەو وڵاتانەی پەیوەست دەبن بە ھەڵوەشاندنەوەی
سزای سێدارە روو لە زیاد بوونن, ئێمە لەم رۆژەدا شان بە شانی ھەزاران
رێکخراوی پشتیوان لە ھەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە, داواکارین ئەم سزایە
زاڵمانەیە لە کوردستان ھەڵبوەشێتەوە, بۆ سزادانی ھیچ کەسێک وە بە ھەر
بەھانەیەک و لە ژێر ھەر فشارێک جێبەجێ نەکرێت و کوردستان پەیوەست بێت
بەو وڵاتانەی کە ئەم سزایەیان ھەڵوەشاندۆتەوە.
سزادان لە رێگای سەندنەوەی مافی ژیان سزایەکی قێزەون و دڕندانەیە, با
کوردستان بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە زاڵمانەیە جوان بکەین.
- ھەڵمەتی ژیان نا بۆ سێدارە لە
کوردستان
- رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
- تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان بۆ دادگای تاوانی
نێو دەوڵەتی
- تۆڕی ئایکان کوردستان
- رێکخراوی بەرەنگاربونەوەی چەکی کۆکوژ لە کوردستان
- ھەڵمەتی دادپەروەری
١٠\١٠\٢٠٢٠
alimahmud2001@yahoo.com
|