٧\٥\٢٠٢٠
با تۆڕەکانی
ھاوکارییکردنی کۆمەلایەتی بە خەڵکی کوردستان فراوان بکەین!
ئەمرۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا سەراپای جیھانی تەنیوەتەوە و سەرەڕای گیان
لەدەستدانی دەیان ھەزار مرۆڤ ھاوکات بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە بەناچار
ئەو خەڵکە لە (کەرەنتینە)دا ماونەتەوە. بەھەمان شێوە خەڵکی کوردستانیش
بەمەبەستی خۆپاراستن لە ماڵەکانی خۆیاندا ماونەتەوە. بەلام کێشەیەکی
گەورە لەم ماوەدا ئەوەبووە کەبەھۆی نەبوونی موچەو ھیچ جۆرە بیمەو
ھاوکاری کردنیکی مادیەوە لەلایەن حکومەتەوە، دەیان ھەزار خێزان
لەھەژاری وبرسیەتی ونەداریدا ژیان بەسەردەبەن و کەمنین ئەوانەی کەژەمە
خۆراکێکی منداڵەکانیان بۆ دەستەبەر نەکراوە!
ئاشکرایە کە دەورو جێگەوڕێگەی ئەم دەسەلاتە لەوەلامدانەوە بەکێشەکانی
ئەو خەلکە بۆ دابینکردنی لایەنی کەمی پێداویستیەکانیان چیەو چۆنە، کە
لە ڕاستیدا سەلماندنیان چەند بێباکن لەبەرامبەر بە ئاکامەکانی ئەم
ڤایرۆسەو کاریگەرو ڕەنگدانەوەی لە ژیانی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا،
ئەگەر حکومەت بەھەر ئەندازەیەکیش خۆی بەشەریک بزانی لەڕێگرتن بە فراوان
نەبوونەوەی ڕێژەی تووشبوان، ئەوا بەدیوێکی تردا نموونەی
نابەرپرسیارترین دەسەڵات بوو لەبەرامبەر چارەنووسی ئەو بەشە لەخەڵکی
کرێکارو زەحمەتکێشدا کە بەھۆی کەرەنتینەوە نزیک بە دوو مانگە لە
سەخترین بارودۆخدا ژیانێگی پڕ لە کولەمەرگی بەسەردەبەن.
دروست لەم بارودۆخەدا کۆمەلێک کەسانی خۆبەخش لە ھەندەران وکوردستان
بیرمان لە ھەنگاوێکی ئەوتۆ کردەوە کە بتوانین ھەر لەڕێگەی پشت بەستن
بەو خەلکە خۆیەوە، ھاوپشتی و ھاودڵیەکی کۆمەلایەتی پێکبھێنن، تا
لەڕێگەی کۆمەک کۆکردنەوە وە بەشێک لە پیداویستیە سەرەتایەکانی ئەو
خیزانە ھەژارو کەمدەرامەتانە پەیدا بکەین کە سەرچاوەیەکی تریان نەبوو
بۆ ژیانیان، بۆیە دەستمان برد بۆ دروستکردنی تۆڕی ھاوکاری کۆمەلایەتی
کە لەماوەیەکی کەمدا لە چەندین شارو ناوچەو وولاتانی ئەوروپا، کەندا،
استرالیاو چەند شاری کوردستان لەوانە لە کەرکوک، سلێمانی، گەرمیان
بەھەمان شێوە ئەم تۆڕانە لەلایەن کەسانێکی خۆبەخشەوە پێکھێنرا!
ھاوکات مەبەستمانە بۆ ڕاوەستانەوە لە بەرامبەر مەترسیەکانی تری
داھاتوودا کە بەھۆی کاریگەریەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرۆکمان پێدەگرن
لەھەوڵی بەھێزکردنی ھاودڵی وھاوپشتیەکی زیاتردابین، نەک تەنیا لە
بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی کوردستان بەڵکو ھاوکات ئاگادارکردنەوەی
نیھادە نێودەولەتیەکان و حیزب و ڕێکخراوە کرێکاری و مرۆڤدۆستەکانیش،
کاری ئێمەیە تا پێکەوە بتوانین گوشارێکی گەورە لەسەر ئەم دەسەلاتە
بێباکە دروست بکەین و ناچاربکرێت بەوەی کەوەڵام بە ماف وداخوازیەکانی
ئەو خەڵکە بداتەوە!
ئەگەرچی ئێمە لەسەرەتای دەست بەکاربوونمانەوە لە ھەوڵی فراوانکردنەوەی
ئەم تۆڕەدا بووین، بەلام لەڕاستیدا مەترسیەکانی تائێستەی ئەم ڤایرۆسەو
کاریگەریەکانی لە ئایندەیەکی نزیکدا چ لە کوردستان وناوچەکەدا، چ
لەئاست نیودەوڵەتیدا بەداخەوە دەبێتە مایەی بێکاری و ھەژاری و
ناعەدالەتیەکی چەند بەرامبەر کە تائێستە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن خەڵکی
بێکارکردووە لە جیھاندا. بۆیە دەبێت پێشوەخت لە ئەنجام و کاریگەریەکانی
ئەم بارۆدۆخە مەترسیدارە حاڵی بین کە چۆن ئەم دەسەڵاتە تەواوی ئەو
قەیرانە سیاسی وئیداری وئابووری یە، وەک پیشەی ڕابردویان دەشکێنێتەوە
بەسەر خەلکی ستەمدیدە و کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم ولاتەدا!
بۆیە لە دۆخێکی بەم شێوەدا نەک تەنیا بۆ تەنگ پێھەلچنین بەم دەسەڵاتە،
بەڵکو بۆ خۆئامادەکردن و دوورکەوتنەوە لە ھەموو کارەساتەکانیتری
بەردەممان، بۆ گەورەتر کردنەوەی بازنەی ناڕەزیەتیەکانی خەڵکی کوردستان
و دەبارزبوون لە تونێلی پڕ تراژیدیای ئەو ئایندە ناڕوون و مەترسیدارەی
کە ھەڕەشە لە ھەموو کۆمەڵگا دەکات. پێویستە لەھەوڵی فراوان کردنەوەی
ئەم تۆڕانەدابین لە ھەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان و ھەندەران. بۆیە
ڕوومان لەھەر مرۆڤێکی ئازادیخوازە کەھەوڵی فراوانکردنەوەی لەم تۆڕی
ھاوکاریە کۆمەلایەتیەدا ھاوکارو ھاورسەنگەرمان بێت. ھاوکات جێگەی
خۆیەتی کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن تا ئەو شوێنەی کە بلندگۆی بانگەشەکردنی
ئەم حیزب و حکومەتە نین گرنگی بدەن بە کار و چالاکییەکانی ئەم تۆڕە و
خەڵکی کوردستان لە ھەنگاوەکانی دواتری ئاگاداربکەنەوە!
بۆ زانیاریی پتر دەتوانن پەیوەندیی بکەن بەم ژمارە تەلەفۆن و ئیمەیلەوە
٠٠٥٣٥٨٤٤٠٤٦٤٩٠٥
bahaomar94@yahoo.com
وتەبیژی تۆڕی ھاوکاریی کۆمەلایەتی
بەھادین حاجی بەکرد دارتاش،
ناسراو بە (رێبوار عارف).
٦\٥\٢٠٢٠
|