په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١١

باوەڕ بە سازشکاره‌کان مەکەن.

 

ئەنوەر نەجمەدین نوری


ئەوا سەرلەنوێ سازشکاره‌کان هەروەک سالانی شەستەکان وحەفتاکان وهەشتاکان ونەوەدەکان، دەستیان کردەوە بە مفاوەزە. بۆیە دەبیت هەر لە ئیستاوە ئەو مفاوەزەچیانە بخرێنەوە ژێر پرسیار: ئایا مفاوەزە لەودیو دیوارە نەبیستراوەکانەوە، وە یان تەنانەت لەبەرچاوی کامیرایشدا، هیچمان پیشکەش دەکات جگە لە رەتووشی دەموچاوەکان لە ستودیوی جوانکاریدا؟

هەموومان بینیمان لە نیوان دواین هەلبژاردن وهەلبژاردنەکانی رابووروودا ژیان قورسترو گرانتر بووە، بنکەی کۆمەلایەتیی هەژاری و بیکاری و کەمدەرامەتی بەر فراوانتر بووە. وە دەبینین لە دواین هەلبژاردنیشەوە تا ئیستا دەستەلات، بە گۆڕانیشەوە کە بەشێکی پێکهێنەری پارلەمانن، هیچ شتیکی نوێیان پیشکەش بە کۆمەلانی خەلکی کوردستان نەکردووە. وە ئەو هەولانەی ئیستایشیان هیچ نین دووبارەبوونەوەی هەمان تێزی سیاسی رابووردوو نەبێت.


بۆیە دەبێ بیرسین: ئایا سازشکاره‌کان دەتوانن چارەسەرێکی بنەرەتیی نەخۆشیە کۆمەلایەتیەکان بکەن؟ وە بەتایبەتی ڕووی دەممان دەکەینە سەرانی (گۆران) و دەپرسین: کامەیە جیاوازیی نیوان بەرنامەکەی ئەمساڵتان و بەرنامەکەی پارتان؟ کامەیە ئەو بەرنامەیەی گەرەنتی ئەوەمان دەداتێ جاریکی تر ژمارەی بیکارەو کەمدەرامەتەکان زیاد ناکەن؟

ئیمە لە پیشنیارەکانی ئیستادا هیچ نابینین ئەوە نەبیت کە سازشکاره‌کان دەیانەویت مزایەدە بە خوێنی خەلکیکی راپەریوەوە بکەن کە هیچ پەیوەندیەکی بەوانەوە نیە، بەلکو لە راستیدا دژی ئەو پەرلەمانە هاتۆتە گۆڕێ کە ئەوان بەشیکی گەورەی پێکدەهێنن. سازشکاره‌کان دەیانەوێت ئەو ژمارە زۆرەی لە جەماوەر لە مەیدانی ئازادیی شارو شارۆچکەکاندا گردبوونەتەوە، وە بە شیوازی جەماوەریی خۆیان خواستەکانیان دەخەنەروو، بەکار بهێنن بۆ پێداگریی لە مفاوەزەکانیاندا بە مەبەستی دابەشکردنی کورسیەکانی دەستەلات لەبەرژەوەندیی خۆیان.


لیرەدا دەپرسین: ئایا ئەوان هەلبژیردراوی خەلکن تا بەناوی خەلکەوە مفاوەزە بکەن؟ ئایا لە مفاوەزەکانی سالانی کۆنیان هیچمان دەستکەوت جگە لە نەهامەتی؟

ئیمە لیرەوە بە جەماوەری راپەریوی کوردستانی رادەگەیەنین کە سازشکاره‌کان لە هیچ زروف و زەمانیکدا هیچ شتیکی باشیان پیشکەش بە کۆمەلانی خەلکی کوردستان نەکردووە، ئیتر بۆچی ئیستا چاوەرێ بین گوایە لەم مفاوەزەیەیاندا شتیک پیشکەش دەکەن لە بەرژەوەندیی هەموو خەلکی کوردستان! ئیمە -خەلکی هەژارو کەمدەرامەت- هیچ جۆرە چارەسەریک لەبەردەمماندا نیە ئیرادەی یەکگرتووی کۆمەلانی خەلکی کوردستان خۆیان نەبیت. بۆیە نابیت چارەنووسی خۆمان بدەینە دەست سازشکاره‌کان. راپەرینی جەماوەری کوردستانیش سەلماندی ئەوان بە هیچ جۆریک نوینەرایەتی خەلکی کوردستان ناکەن، وە هەتا ئیستایش هیچ جۆرە چارەسەریک لە هەگبەکەیەندا نیە بۆ داهاتوو، بەلکو تەنیا خەریکی جووینەوەی چەند قسەیەکی بێمانان لە بەرژەوەندیی خۆیان و بەس. بۆیە ناکریت ئیمە چارەنووسی خۆمان ببەستین بە چارەنووسی ئەوانەوە، ئەوان لە دۆلێکن و جەماوەر لە دۆلێکی تر، ئەوان تا ئیستا هیچیان پێ نەگووتووین تەنها ئەوە نەبیت کە گوایە ئەوان لە دەستەلاتدارانی ئیستا دڵسۆز ترن و لە مەسیح خاوێن تر. بەلام ئایا خەلکی هەژارو نەدارای ئەم کوردستانە پیویستیان بە مەسیحیکی پاک و بێگوناهە یان چارەسەریکی ئابووریی؟ لە سازشکاره‌کان دەپرسین: کامەیە ئەو پیشنیارە ئابووریەتان کە گەرەنتی لەناوبردنی بێکاریمان دەداتێ هەرکات حکومەت هەلوەشینرایەوەو ئیوە چوونە جیگایان؟ کامەیە ئەو پیشنیارە ئابووریەی ئازادیەکمان بۆ دەرەخسینیت کە لە سایەیدا خۆمان ببینە بریار بەدەست لە دیاری کردنی ژیان و گوزەرانی رۆژانەماندا؟ کامەیە پیشنیاری ئابووریتان بۆ بنجبەست کردنی ئەو کۆڵەکە بەهیزانەی گوایە ئاشتی کۆمەلایەتی لەسەر دەوەستێت و ئیتر لە شەڕو ناکۆکی دوورمان دەخاتەوە؟ ئایا چارەسەر ئەوەیە کە ئێوە خۆتان دەستەلاتدار بن؟ ئەی هەر ئیوە نەبوون لە هەلبژاردنی رابووردوودا گفتی ئەوەتان بە خەلکیدا کە بەبوونی ئیوە لە پارلەماندا گۆران روودەدات؟ بەچیدا بزانین ئیوە لە داهاتوودا هەمان باری ئابووری بەریوە نابەن کە بیکاری و کەمدەرامەتی بەرهەم دینیت؟ ئیوە چ گەرەنتیەکمان دەدەنێ کە گوایە لە باری ژیانی خەلکی دەگۆڕن لە کاتیکا کە کەم تا زۆر توانای پیشکەش کردنی پرۆگرامیکی سادەی ئابووریتان نیەو هەموو بۆچوونەکانتان لە چەند گووتاریکی بێ بنەمادا بەند بووە؟


نەخێر، هەتا ئەم ساتەوەختەیش سازشکاره‌کان تاکە چارەسەریکی ئابوورییان نەخستۆتە بەردەم کە پەیوەندیی بە ژیانی هەژارو نەدارای کوردستانەوە بیت. بۆیە هیچ نیازێک لە پشت مفاوەزەکانیانەوە نیە سەپاندنی دەستەلاتی خۆیان نەبیت بەسەر خەلکیدا. ئەوان تا ئیستا لە ووشەی جوان زیاتر هیچیان نەخستۆتە بەردەم کۆمەلگا، وە بەبێ هیچ شک و گومانێک لە هەگبەیەکی خاڵیدا هیچ نادۆزینەوە ووشەی خاڵی نەبێت، بۆیە رێ بە سازشکاره‌کان مەدەن بە ناوی ئیوەوە مفاوەزە بکەن و برینەکانی دەستەلات ساریژ بکەن.


ئیمە لە لای خۆمانەوە دڵنیاتان دەکەینەوە هیچ جۆرە ئامانجیک لە پشت پەردەی مفاوەزە نیە بەرژەوەندی تایبەتی نەبێت. بۆیە نابیت چارەنووسی خۆمان ببەستین بە چارەنووسی سازشکاره‌کانەوە. وە دەبیت بەدەستی خۆمان بەرنامەی داهاتووی ژیانمان دابریژین، بەرنامەیەک کە ئامانجی گۆرینی ژیانی ئابووریمان بیت نەک گۆرانگاریەکی سیاسی کە هیچی لێناکەوێتەوە گۆرێنی چەند دەموچاوێک نەبێت بە چەند دەموچاوێکی تر. گرفتی سازشکاره‌کان لە کارەباو ئاوو ریگاوبانەوە دەست پیدەکات. بۆیە ئەوان هەرگیز ناگەنە ئاستی خواستە جەماوەریەکان، ئەو خواستانەی لە دواینجاردا جەماوەر ناچار دەکات شیوازی تر بدۆزنەوە بۆ پەرەدان بە بزووتنەوەکەیان، جونکە ئەم شیوازەی سازشکاره‌کان بە ئالترناتیڤ نازانن بۆ گەیشتن بە ئامانج، وە هەر ئا لەوێشدا لێک جیابوونەوەی یەکجارەکی روودەدات لە نیوان خەلکی و سازشکاره‌کاندا.


وە لەم رۆژگارەیشدا خەلکی کوردستان تەنیا نەماوەتەوە لەم جیهانە پان وبەرینەدا. هەر لە ئیرانەوە تا بە تونس ومیسرو لیبیا دەگات، جەماوەری شۆرشگیر، هەروەک پلنگێکی مەلاس خواردوو، لە ریکخستنی دواین هیرشەکانیاندان بۆ هەلگیرانەوەی سیستمی زولم و زۆرداری. شۆرشگیرانی کوردستانیش هەروەک شۆرشگیرانی سەدەی رابووردوو هاتوونەتەوە مەیدان و دەلین ئیمە ئاژاوەگیر نین، ئیمە:


شیری دەستی لێقەوماوین ، لەرووی زولما هەلکیشراوین.
_________________________________________
ئەو بابەتەی سەرەوە کورتەی تیروانینی ژمارەیەکە لە (کۆمەلە) ییەکانی سالانی حەفتاکان و (کارگەران) ی سالانی حەفتاکان و چەند دەستەیەکی تر لەوانە کە هەر بەم زووانە رای خۆیان بۆ جەماوەری راپەریو ئاشکرا دەکەن دەربارەی ئیستاو ئەو داهاتووە چاوەروانکراوەی لە بزووتنەوەی ئەمرۆی جەماوەردا بەدی دەکریت. وە هەر لیرەوە داوا لە هەموو ئەو کۆمەلەیی و کارگەران و دەستانە دەکەین کە لە هیچ زروف و سەردەمیکدا لەکەی دەستەلاتیان بەر نەکەوتووە، بەو ئیمەیلەی سەرەوە پەیوەندیمان پیوە بکەن تا سەرلەنوێ لە ریکخستنێکی نوێدا، ببینەوە بە پشت وپەنای جەماوەری رەنجکیشی کوردستان، جەماوەریک کە لە هەمووکات زیاتر هانمان ئەدات بۆ چوونە ریزەکانیانەوە، جەماوەریک کە پیشرەوی خەباتمانن و هەرخۆشیان بەرنامەی داهاتووی خەباتمان دیاری دەکەن.

 


anwar.nori@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک