په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٨

باوکی ھەژاران بناسن!


عەلی مەحمود محەمەد  


١٤ ی ئەم مانگە "ئابی ٢٠١٨" سەرۆکی پێشووی ئۆرۆگوای مۆخیکا ناسراو بە بیبی، وەک ھەمیشە، جارێکی دیکە خۆی ئۆتۆمبێلە شینە بۆقییەکەی بونەوە سەردێری ھەواڵەکانی جیھان، وەک سیاسییەک جیا لەوانی دی نیشان درایەوە، پاش ئەوەی دەستی لە ئەندامێتی ئەنجومەنی پیران کێشایەوە بێ وەرگرتنی خانەنشینی، کە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە بوە ئەندامی ئەنجومەنەکەیە، ھەرچەندە خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی ئەنجومەنی پیران خۆی لە خۆیدا نیشانەی سادەیی ئەم سیاسەتمەدارەیە کە بە باوکی ھەژاران لە وڵاتەکەیدا ناسراوە، ناوبراو رایگەیاند لە ئێستا بەدواوە خۆی تەرخان دەکات بۆ کاری سیاسی بزووتنەوەی بەشداری گەل (MPP)، چونکە توانای شەڕی بیروباوەڕەکانی ماوە، (MPP)، بزووتنەوەیەکی چەپی سۆسیالستی مارکسیستی دژ بە کاپیتالستیە، ێژەریلایی تۆبامارۆسە، لە ساڵی ١٩٨٩ دامەزراوە، بزوتنەوەی بەشداری گەل لە ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٨٩ دا توانی کورسیەک لە کۆی ٩٩ کورسی پەرلەمانی ئۆرۆگوای بەدەست بھێنێت، لە ئێستادا گەورەترین ھێزی وڵاتە و خاوەند ٢٥ کورسییە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، لە گەڵ لایەنە چەپگەراکان دی بەرەی بەرفراوانی پێک ھێناوە لە سۆسیالست و شیوعی و کریستانە چەپگەراکان، لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە حوکمڕانی وڵات دە کەن، وێڕای پۆستی سەرۆک کۆماری خاوەند ٥٠ کورسی پەرلەمانیشن "کە ھاوسەرەکەی مۆخیکا (لویسا تۆبۆلۆنسک) سەرۆکایەتی دەکات" ٢٥-٩-١٩٤٤ لە دایک بووە، بەشداری خەباتی گەریلایی تۆبامارۆسی کردووە، لە خەباتی چەکداریا خاوەند ئیرادەی پۆڵاین و لەکاروباری س ربازیدا یەکلا کەرەوەو و بە جەرگ و دڵ رەق بووە، لە ساڵی ١٩٦٧ ەوە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ مۆخیکا دەبەستێت و پێکەوە ژیاون، جگە لە ١٣ ساڵ دابڕانی سەردەمی زیندانی مۆخیکا، لە ساڵی ٢٠٠٥ ھاوسەرگیرییان کردووە، لە ھەڵبژاردنی ٣١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤ دا، سەرۆکایەتی لیستی چەپی بەرەی بەرفراوانی کردووەو و بە تەنھا زیاتر لە پارتی کورالادۆی دەسەڵاتداری ئەوکات دەنگی ھێناوەتەوە "حزبی کۆرۆلادۆ لە ساڵی ١٨٣٦ دامەزراوە، حیزبێکی راستڕەوە لە نێوان ساڵانی ١٨٦٥ بۆ ١٩٥٩ حوکمڕانی وڵات بووە بێدابڕان، لە ئێستادا ١٣ پەرلەمانتار و ٤ ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ھەیە" لە ١٣ ی سەپتەمبەری ٢٠١٧ ەوە جێگیری سەرۆک کۆماری وڵاتەو یەکەم ژنە ئەم پۆستە وەردەگرێت لە وڵاتەکەی، پاش ئەوەی جێگیری پێشوو راول سادیک بەھۆی تێوە گلانی بەکاری گەندەڵییەوە لەوکاتەی سەرۆکی کۆمپانیای نەوت بوو دەستی لەکار کێشایەوە، ئەویش ھاوشێوەی ھاوسەرەکەی بەشێک لە م چەکەی دەبەخشێت، وەک دەیگێڕێتەوە بیبی بەدەستی ئەو نەبێت خواردن ناخوات ".

یەکێک لە دیاریەکانی چەپ لە ئەمەریکای لاتین پێشکەش بە مرۆڤایەتیان کردووە, لە پاڵ جیڤارا جوانی سەرۆکی ھەژاران بیبی سەرۆک کۆماری پێشووی "٢٠٠٥-٢٠١٠" ئۆرۆگوایە, جوانیەکەشی نەک لە بوێری و دەستوبردی و خۆڕاگری سەردەمی گەریلاییەکەیەوە بێت, بەڵکە لەو ژیانە سادەیەوەیە لە دوای بەدەسەڵات گەیشتنی ھەڵی بژاردووە, لەو رێگایەوە ھەیبەتی سەرۆکایەتی ستەمکاری تێکشکاندووە , تا ئاستی گەل ھێناویەتیە خوار,تەنانەت لە راپرسیەکانی دەزگا سەرمایەدارییەکانیشەوە لە تۆپی لوتکەی باشترین سەرۆکەکانی جیھان ناسێنراوە.

بیبی کێیە؟؟؟

خوسی ئەلبەرتۆ مۆخیکا کوردانۆ ناسراو بە بیبی لە باوکێکی بە رەچەڵەک باسکی بە ناوی لدمتریۆ و دایکێکی ئیتاڵی بەناوی ولوسی کوردانۆ لە ٢٠ی ئایاری ساڵی ١٩٣٥ لە شاری مۆنتفیدیۆی پایتەختی ئۆرۆگوای لە دایک بووە, لە تەمەنی ٦ ساڵی باوکی مردووە, بۆ ھاوکاری خێزانەکەی ملی کارکردن دەگرێتە بەر, لە تەمەنی ١٣ ساڵیەوە خولیای پاسکیل سواری بووەو پەیوەست بووە بە چەندین یانەی وەرزشیەوە, لە تەمەنی لاویدا پەیوەست دەبێت بە پارتی یەکێتی گەلەوەو تێکەڵاو بە بزووتنەوە چەپگەراکان دەبێت, لە گەشتی سیاسی بۆ کوبا جیڤارا دەبینێت , لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە چووە ریزی بزاڤی تۆبامارۆسەوە, دوای ٨ ساڵ لە پێشینەی کاری سیاسی لە ریزی بزاڤی چەپ , لە نۆڤەمبەری ھەمان ساڵدا بزووتنەوەکە بە شێوەی فەرمی خۆی راگەیاند, کەلەساڵی ١٩٦٠ دامەزرابوو لە لایەن راول ساندیکەوە دامەزرابوو وە لە ٢ ساڵی پێشوتر لە لایەن دامەزرێنەرانییەوە کاری سەربازی ئەنجامدرابوو, وەلێ وەک رێکخراو بە فەرمی خۆی رانەگەیاندبوو, مۆخیکا جەنگاوەرێکی گەنجی بزوتنەوەی رزگاری نیشتمانی تۆبامارۆس بوو, بە توندی داکۆکی لێدەکرد و باوەڕی پێ بوو .

بیبی لە ژیانی گەریلاییدا ٤ جار زیندانی کراوەو ٦ گولەی پێوەیە, لە چەندین چالاکی سەربازییدا لە ناوجەرگەی پایتەخت بەشداری کردووە, کە سروشتی بزووتنەەکەو وڵاتەکە وابوو خەباتی ناو شار ھەڵبژێرن, بەھۆی ئەوەی وڵات شاخی تێدا نەبوو, گەریلا مارکسیستەکانی تۆبامارۆس تێکۆشانە چەکدارییەکەیان زۆرجار لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان ئەنجام دەدا بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانیان, ئەمە جیای دەکردنەوە لە بزاڤە چەکدارییەکان دی, بۆیە گۆڤاری تایمی ئەمەریکی نووسی ئەمانە لەسەر شێوازی رۆبن ھود خەبات دەکەن , لە ساڵی ١٩٧٠ بیبی لە گازینۆیەک دوای ئاشکرا بوونی لە لایەن پۆلیسەوە, لە شەڕێکی دەستەویەخەدا دوو پۆلیس بریندار دە کات و خۆشی ٦ گولەی بەر دەکەوێت, دەستگیری دەکەن و دەنێردرێت بۆ زیندانی بۆنتا کاریتاس , مۆخیکا دووجار لەو زیندانە ھەڵدێت, مۆخیکا لە ئابی ١٩٧٢ , لە کاتێک خەوتبوو لەو دەشتە, بە رەشاس و بۆمبێکی دەستییەوە دەستگیرکرا, ١٠ساڵ لە زیندانی تاکە کەسییدا بوو, خۆی و ھاوڕێکانی ھیچ کەسێکیان نابینی, ٧ ساڵ پەرتوکیشیان پێی نەدا بیخوێنێتەوە, زیندانەکان میزی خۆیان دەخواردەوە, گەورەترین کێشەیان میز کردن بوو, تا دایکی میزدانێکی بۆ ھێنا,وەلێ پۆلیسەکان نەیاندا پێی, تا رۆژێک لە بەردەم شاندێکی بیانی ناڕەزایەتی دەربڕی و بووە خاوەند جێیەک تا میزی تێدا بکات, کە لە زیندان ئازاد کرا لە ساڵی ١٩٨٥ میزدانەکە بەشانییەوە بوو ,بەخۆی میزدانەکەیەوە لە دەرگای زیندان ھاتە دەرەوە بەرەو ئازادی و خەباتی سیاسی پاش ئەوەی وڵات گۆڕا بۆ دیموکراسیەت.

بیبی لە ساڵی ١٩٦٩ بەشداریکردووە لە گرتنی شاری باندۆی نزیک پایتەخت , بەھۆی ئەوەی چەندین جار لە زیندان ھەڵات و گرترایەوە, بۆ زیندانی ژوری تاکە کەسی لە ناو بیرە قوڵەکان گواسترایەوەو ٢ ساڵ لەو جھەنەمە بە تەنھا مایەوە, لە ساڵی ١٩٧١ یەکێک بووە لەو زیندانییە سیاسیانەی بەشداری لە ھەڵاتن لە زیندنانی یونتا کارتاس کرد کە بە یەکێک لە نەبەردییە گەورەکان دێتە ژماردن و کراوە بە فلیمی بەناو بانگی ز دۆگ, بیبی بەردەوام لە زندانەوە لە پەیوەندیدا بوو لە گەڵ راول ساندیکی دامەزرێنەری تۆبامارۆس, لە ساڵی ١٩٨٥ لەو کاتەی لێبوردنی گشتی درا بۆ زیندانیان درا و دیموکراتیەت گەڕایەوە بۆ وڵات لە گەڵ راول ساندیک و ١١ لە سەرکردەکانی دی تۆبامارۆس بە یەکەوە ئازاد کران, ئیتر لێرەوە قۆناغێکی دیکە خەباتی گەریلایی ناو شار دەستی پێکرد ئەویش شەڕی فکرە کە وەک ١٤ی مانگ دوبارەی کردەوە.

لە ساڵی ١٩٩٤ دوو ئەندامی پارتەکەی چوونە پەرلەمانەوە یەکیان بیبی بوو, ئەو سەردەمە بەوە ناسرا بە ماتۆڕ ھاتوچۆی پەرلەمانی دەکرد,لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٨ وەزیری کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی ئۆرۆگوای بوو لە یەکەم حکومەتی چەپگەرای لە مێژووی ئۆرۆگوایدا, پاشان لە پۆستەکەی دەستی کێشایەوە بۆ جێگیرەکەی وتی من شارەزایم لێ نییەو ھەموو کارەکان ئەو دەیان کات با بۆ خۆی وەزیر بێت, لە مارسی ٢٠١٠ەشەوە سەرۆکی ئیکوادۆرە, کاتە بەتاڵەکانیان لەگەڵ ھاوسەرەکەی کە لە روی حیزبییەوە بەرپرسی بیبیە خەریکی چاندن و پەروەردە کردنی گوڵن بۆ باشتر کردنی باری ئابوورییان, بیبی باوەڕی بە بیری ئاینی نییە, بۆینباخ نابەستێت و بەرگی فەرمی سەرۆکایەتی لە بەرناکات , بە شێوازە سادەییەکەی سەردانی وڵاتانی دەوروبەر و سەرۆکەکانیان دەکات, بەمەش بۆتە یەکێک لەسەرکردە ئاوازەکان .

بیبی ھیچ ژمارەیەکی بانکی نییە بۆیە قەرزاریش نییە, ئەمە گەورەترین بەختەوەرییە بۆ ئەو, بە نرخترین شت کە ھەیبێت سەگەکەیەتی بەناوی مانوێلا و ئەو ئۆتۆمۆبیلە بۆقیە فۆلکس واگن بیتڵەکەیەتی کە نرخەکەی لە بازاڕی وڵاتەکەی بایی ١٩٤٥ دۆلارە و لە وڵاتانی بیانی بە تایبەت یەکێتی ئەوروپا چەند سەد دۆلارێکی کەم زیاتر ناکات, لە موچە مانگانەکەشی کە ١٢٥٠٠ دۆلارە تەنھا ٧٧٥ دۆلاری بۆ خۆی ھەڵدە گرێت ئەوی دیکە وەک سەردەمی گەریلاییەکەی بەسەر رێکخراوە خێرخوازییەکان و ھەژاراندا دابەشی دەکات, رۆڵی رۆبن ھودییەکەی لە دەستبەسەردا گرتنی بانکەکانەوە گۆڕیوە بۆ دابەشکردنی داھاتی خود, لە دابەشکردنی گیرانی سەرمایەدارانەوە بۆ دابەشکردنی گیرفانی خود.ئەو دەڵێت ئەوەندەم بەسە زیاترە لە داھاتی زۆر لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەم چونکە زۆربەی گەلەکەم بە برسیەتی دەژێن, بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شەرافەتمەندانە بژێم بەسمە.

لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی بیبیدا گەندەڵی بە ئەندازەیەکی زۆر بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی لە ئۆرۆگوای دابەزیووە, ئێستا ئۆرۆگوای یەکەم وڵاتە لە بواری کەمی گەندەڵی لە ناو وڵاتانی ئەمەریکا لاتین و ناوەنددا, لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ھەژاری لە ٣٨٪ ەوە دابەزی بۆ ١١٪ , لانی کەمی کرێ بە رێژەی ١٠٠٪ زیاد کرد.

لەو ستۆدیۆ ٤٥ مەترییەی ھاوسەرەکەی کە تێیدا دەژێت کە کەوتۆتە ناو کێڵگە کشتوکاڵییەکەی ھاوسەرەکەیەوە, ١٤ پیاوی پیری دیکە دەژێن, لە دەوروبەری خانویان دروست کردووە, وەک پیرخانەی لێھاتووە, بیبی لە ناو گەڕەکەکان لە گەڵ مناڵان یاری دەکات, سەماو قسەی خۆش لەگەڵ ھاووڵاتیانی سەر رێگاکەی دەکات, ھیچ پارێزەر و شوفێرێکی نییە, تەنانەت رێگای ماڵەکەی خۆڵەو قیرتاو نەکراوە, لە روی بیروباوەڕەوە ئەو خۆی بە چەپێکی نیمچە ئانارشیست دەزانێت, وێڕای ئەوەی قسەکەرێکی لێھاتوو زیرەک و وردە لە سیاسەت و خوێنەرێکی جدییە, ھاوکات ئەفسانەیەکی ئەرێنی سیاسییە جیگواراو گاندی و ماندێلا لە کەسایەتی ئەودا ھەموو رەنگ دەدەنەوە, وەک جیگوارا جەنگاوەر بوو, پاڵەوانی شەڕی شەقامەکان بوو, عاشقی پەرتووکە سورەکان بوو, وەک گاندی سادەیە بە ئیمتیازەوە چونکە باوەڕی بە سستەمی نەگریسی چینایەتی نییە کە گاندی لە براھما بوو داکۆکیشی لێدەکرد, وەک ماندێلا لێبوردەیە کە بووە سەرەک کۆمار لێپرسینەوەی لەوانە نەکرد ١٣ ساڵ بە ئەشکەنجەوە لە زیندان ھێشتیانەوە, تەنانەت داوای لێیان نەکرد دان بەتاوانەکانیان بنێن و داوای لێبوردن بکەن وەک پرۆسەی داننان بە راستییەکانی باشوری ئەفریقا.

بیبی دژ جگەرە کێشانە, لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا کەوتە کێشەوە لەگەڵ کۆمپانیای فیلیپ مۆریس, ھاوکات لەسەردەمی حوکمڕانی ئەودا , بڕیاری مافی لە باربردن, زەواجی ھاوڕەگەزەکان , چاندنی مەرەگۆنا بە ئاشکرا درا, لە گەڵ ئەمانەشدا مرۆڤ دۆستێکی نێونەتەوەییە , بە شێوازی جیا پێشوازی کرد لە قوربانیانی شەڕی ناوخۆیی سوریا, لە کۆشکی کۆماری پێشوازیکرد لە ١٠٠ منداڵی ھەتیوی سوری, ھەرچەندە گەریلا بوو, بەشداری شەڕی شەقامەکانی دەکرد, لێ دژ بە جەنگە, نەک تەنھا لە ناو وڵاتەکەی لە دەرەوەش سادەو ساکارە, لەسەردەمی حوکمڕانیدا فرۆکەی و ئۆتۆمۆبیلی تایبەتی و قافڵەی پاسەوانی ئاشکراو نھێنی وەک سەرۆکەکانی دیکەی نەبوو, تەنھا ئۆتۆمۆبیلە بۆقییەکەی ئامرازی گواستنەوەی بوو, لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ کە چووە ئەستەمبوڵ لە میوانخانەیەکی ٣ ئەستێرەیی خۆی و ھاوسەرەکەی دابەزین, ھەرچەندە کار بۆ ھاووڵاتیانی ئۆرۆگوای دەکات وەلێ ھاوکات سۆسیالستێکی نێونەتەوەییشە, یەکێکە لە ئەستێرەکانی کۆڕبەندی ساوپاولۆ , کە پارت و بزووتنەوە چەپەکانی ئەمەریکای لاتین لە ژێر چەترەکەیدا خۆیان رێکخستووە, ھەرچەندە قسە لە روەوەو زۆر لێدوانی توندی دژ بە سەرکردە چەپەکانی ئەمەریکای لاتین داوە بە بزنی شێت و کوێرەو شتی وا ناوزەدیانی کردووە, لێ لە کاتی کێشەکاندا ھاوڕێیەکی بەوەفایان بووە, لە زیندان سەردانی لۆلای کرد و پشتیوانی بۆ دەربڕی, پشتیوانی حکومومەتی فەنزویلای کرد بەرامبەر شەڕی ئۆلیگارشییەکانی ناوخۆو ئەمەریکا, تا گەیشتە ھاوسۆزی دەربڕین بۆ گەلی کورد لە باکوری کوردستان, لە ھەرکوێیەک پێویست بکات ئەو ئامادەیە.

مۆخیکا لە ساڵی ١٩٩٤ وەک ئەندامی پارلەمان ھەڵبژێردرا, لە ساڵی ١٩٩٩ وەک ئەندامی ئەنجومەنی پیران , لە ساڵی ٢٠٠٤ زۆرترین دەنگی لە لیستی بەرەی بەرفراوان ھینایەوە ,لە ساڵی٢٠٠٥ بووە وەزیری سامانی ئاژەڵ, لە ساڵی ٢٠٠٨ لە وەزیری دەستیکێشایەوەو گەڕایەوە ئەنجومەنی پیران .

مۆخیکا لە ھەڵبژاردنی ٢٥ی ئۆکتۆبەری سەرۆکایەتی ئۆرۆگوای کە ٨٩,٩٪ی دەنگدەران بەشداریان تێیدا کرد لە کۆی ٢٥٦٣٣٩٧ دەنگدەر ٢٣٠٣٣٣٦ کەس پشکداریان کرد لە خولی یەکەمی ھەڵبژاردنەکاندا ١٠٩٣٨٦٩ کەس کە دەیکردە ٤٩,٦٪ی دەنگدەران دەنگیان پێی داو نزیکترین پاڵێوراو نیوەی دەنگەکانی ئەوی ھێنایەوە لە ناو ٥ پالێوراوەکەی سەرۆکایەتی, لە خولی دووەمدا کە لە ٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٩ ئەنجامدرا توانی بەھێنانی ١١٨٣٥٠٣ دەنگ کە دەیکردە ٥٤,٨٪ دەنگدەران بیباتەوە, ھەرچەندە زۆربەی کاندیدەکان لە دژی ھاوپەیمانیەتی موقەدەسیان پێک ھێنا, ئێستاش دوای دەست لەکار کێشانەوەی لە پۆستی ئەنجومەنی پیران راستگەراکان ترسیان لێنیشتووە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ کاندید بکاتەوە, کە بزاڤی چەپ بە تەمەنی ٨٢ ساڵییەوە پێویستی پێیەتی.

بیبی و بزوتنەوەی تۆبامارۆس.

مۆخیکا لە دوای دانیال ئۆرتیگا و سانشێز سەرۆکی سلفادۆر دیلما رۆسێف سەرۆکی بەرازیل چوارەم گەریلای چەکداری مارکسیە لە ئەمەریکای لاتین دەگات بە تەختی دەسەڵات پاش گەڕانەوەی دیموکراسی بۆ کیشوەرەکە, وێڕای کاسترۆو لۆلا, بیبی لە زیندانەکان ناو بیرە شێدارو تاریک و قولەکانی وڵاتەوە گەیشتووە بە بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی لە وڵات.

تۆبامارۆس یەکێک لە گروپە چەکدارە ئەفساناوییەکانی ئەمەریکای لاتین , کە لە سەرتاسەری جیھان لایەنگر و بزاڤ و کەسانی سەرسوڕمانی خۆی ھەبوو, ئەم رێکخراوە بەناوی تۆباک ئەمارۆی دووەم (ھیندییە سورەکانە) ناو نرا کە سەرکردەیەکی ئەلینکای ئەمەریکای لاتین بوو لە ساڵی ١٥٧٢ بە دەستی ئیسپانیەکان کوژرا.

بەرەی رزگاری نیشتمانی FLN ناسراو بە (Tupamaros ) لە ساڵی ١٩٦٠ لە ئۆرۆگوای لە لایەن گروپێک کەسانی مارکسیەوە بە سەرۆکایەتی راول ساندیکی مارکسیستی پارێزەرەوە دامەزرا ("راول ساندیک ئەنتۆناکسیۆ لە بەرواری ١٦-٣-١٩٢٥ لە دایک بووە لە بەرواری ٢٧-٤-١٩٨٩ کۆچی دوایی کردووە, بە پسپۆری پارێزەر, وەلێ نەیان ھێشت ببێتە خاوەند پیشەکە, لە پەنجاکان پەیوەست بوو بە پارتی سۆسیالستی ئۆرۆگوایەوەو وەک پارێزەرانی کرێکارانی کشتوکاڵی دەستی بەکار کرد,لە کۆتایی پەنجاکان بزووتنەوەیەکی دروست کرد بەناوی لە گەڵ ساندیکا دەبینە خاوەند زەوی, لە ساڵی ١٩٥٨ نوێنەرایەتی سۆسیالستەکانی ئۆرۆگوای کرد لە کۆنگرەی سۆسیالستی جیھانی لە کوبا, بووە پارێزەری یاسایی کرێکارانی پیشەسازی شەکر, باوەڕی بە نا ناوەندی لە بەڕێوەبردن ھەبوو لە ژێر کاریگەری فکری برۆدۆندا, ھەرچەندە لە خەباتی چینایەتی پەیڕەوی لە بۆچونەکانی مارکس دەکرد, لەساڵی ١٩٦٢ گروپی کاری راستەوخۆی دروستکرد, دوایی گۆڕا بۆ کۆمەڵەی تەنسیق, پاشان بوو بە تۆبامارۆس, لە ساڵی ١٩٦٢ لە گەڵ کرێکارانی قامیشی شەکر پەلاماری یەکێتی ئۆرۆگوایان دا لە شاری مۆنتینیگرۆی پایتەخت و سوتاندیان , ئەمە یەکەم چالاکی رێکخراوەکە بوو, لە ساڵی ١٩٦٣ش پەلاماری یانەی سویسرایان دایەوە لە پایتەخت و چەند چەکێکیان بە دەستکەوت گرت کە بووە ھەوێنی بزوتنەوە چەکدارییەکەی تۆبامارۆس, مێژووی چالاکیەکەش بە بەرواری دامەزراندنی تۆبامارۆس داریکرا, لە ساڵی ١٩٦٣ بەھۆی ھەوڵی گرتنی راول سادیکەوە لە لایەن حکومەتەوەو خۆشاردنەوەو یاخی بوونی سەرۆکەکەیەوە, رێکخراوەکە چووە قۆناغی خەباتی ژێر زەمینییەوە, بەشێک لە ھاوەڵانی ساندیک خۆیان تەرخان کرد بۆ پاراستنی راول سادیک و بەشەکەی تریان بۆ راھێنانی سەربازی چوون بۆ کوبا, لە ئابی ١٩٧٠ دەستگیر کرا, لە سەپتەمبەری ١٩٧١ لە گەڵ ١٠٥ تۆبامارۆس کە بیبیشی لە گەڵدا بوو, لبە یاوەری ٦ زیندانی دیکە ھەڵاتن.لە یەکی سەپتەمبەری ١٩٧٢ لە روبەروبونەوە لە گەڵ پۆلیس لە شاری مۆنتیفیدیۆی پایتەخت, پاش برینداربوونی بە سەختی لە دەموچاوی دەستگیر دەکرێت, دوای ١٣ ساڵ زیندانی لە ئازاری ١٩٨٥ لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی تۆبامارۆس بە لێبوردنی گشتی ئازاد بوو ") .

بەھۆی ئەوەی ئەو کات ٨٠٪دانیشتوانی ئۆرۆگوای شارنشینی بوون و نزیک بە نیوەیان لە شاری مۆنتینیگرۆدا دەژیان و لایەنگرانیان لە پایتەختدا بوون, ھاوکات وڵات شاخی تێدا نەبوو وەک ئەو وڵاتانەی ئەوکات چەپەکان تیایاندا دەستیان دابووە خەباتی چەکداری دژ بە زەبروزەنگی سوپاس و حکومەتە راستگەراکانی پاشکۆی ئەمەریکا, بۆیە تۆبامارۆسییەکان خەباتی خۆیان لە شارەکانەوە دەستپێکرد بەتایبەت پایتەخت کرایە چەقی خەباتی چەکدارییان.

ئەم رێکخراوە لە یەکگرتنی چەندین گروپی مارکسیستی سەر بە دەستە و بۆچونی جیاجیا پێک ھات ژمارەیان لەسەروبەندی گەشەکردندا بە ٦٠٠٠ بۆ ١٠٠٠٠ گەریلا دیاریدەکرا, کە پێک دەھاتن لە سۆسیالستەکان و ماوی و ئانارشیستەکان ......, ھێزەکانی دەوڵەتیش لە ١٢٠٠٠ سەرباز و ٢٢٠٠٠ پۆلیس پێک دەھات.

ئامانجیان لە خەباتی چەکداری ناو شار ئەوەبوو زەمینەی شۆرشی سۆسیالستی خۆش بکەن, کە ئیلھامیان لە شۆڕشی کوباوە وەردەگرت,چالاکی تۆبامارۆسییەکان لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان زیادی کرد کە بریتی بوو لە رفاندنی کەسانی کاریگەر لە ریزی حکومەت لە پێناو ئاڵوگۆڕپێکردنیان بە بەندکراوەکانی رێکخراوەکە و دەستبەسەردا گرتنی بانک و خۆراک و دابەشکردنی بەسەر ھەژاراندا,رفاندنی کەسانی گەندەڵ لەناو حکومەت, سوتاندنی لقی کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆڕ, رفاندنی فەرمانبەرانی پلە باڵای بانکەکان, چالاکیەکانی رێکخراوەکە لە ساڵی ١٩٧٢ سنوری ئۆرۆگوای تێپەڕاند و پەڕیوەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و مەترسی لەسەر وڵاتانی راستگەرای نۆکەرو پاشکۆی ئەمەریکای لەناوچەکە دروستکرد, لە مەکسیک بزووتنەوەی ٢٣ی سەپتەمبەری کۆمۆنیستی و چەپی شۆرشگێر لە شیلی و سوپای سور لە یابان و گروپی سوپای سور ناسراو بە راف لە ئەلمانیا و ئەلویەی سور لە ئیتاڵیاو گەریلا چەپگەراکانی تورکیا و فەنزوێلا .....ئیلھامیان لە تۆبامارۆسەکان وەردەگرت و ھەمان رێچکەی تێکۆشانیان گرتە بەر, بەھۆی ئەو چالاکییە سەرکەوتوانەی تۆبامارۆسییەکان ئەنجامیان دەدا کە لە بەرژەوەندی خەڵکدا بوو .

بزووتنەوەکە چالاکییەکانی بە پەلامار بۆ سەر بانکەکان و کۆمپانیاو ئەو شوێنانە دەست پێکرد کە خواردنی زۆر لێبوو پاشان بەسەر ھەژاندا دابەشیان دەکرد , بۆیە لەسەرەتاوە وێنای رۆبن ھودی بەخۆوە بینی کە ئێستا بۆتە ئارمی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکانی ھەژاران کە بە بزووتنەوەی ٩٩٪ ناسراوە لە سەرتاسەری جیھان.

لە ساڵی ١٩٦٩ ئەمەریکا دان میتریۆنی لە ئێف بی ئایەوە نارد بۆ ئۆرۆگوای تا بە ناوی رێکخراوی ئەی ئای دی مرۆڤ دۆستەوە کار بکات, بۆ راھێنانی پۆلیسی ئۆرۆگوای بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی تۆبامارۆس, کە پێشتر ناوبراو لە سەرەتای شەستەکان لە پێکھێنانی تیمەکانی مەرگ لە بەرازیل دژ بە چەپگەراکان ھەمان رۆڵی ھەبوو, لێ لە ئۆرۆگوای کاری ناوبراو راھێنانی پۆلیس بوو بۆ ئەشکەنجە دان بە کارەبا, تۆبامارۆسییەکان توانیان ناوبراو برفێنن و لە بەرامبەریدا داوای بەردانی زیندانییەکان بکەن, بەڵام کە وەڵامیان نەدرایەوە کوشتیان, بەھەمان شێوە باڵوێزی بەریتانیاشیان رفاند.

بەھۆی قەیرانی دارایی و گەندەڵی حکومەت لە ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧١ حکومەتی ئۆرۆگوای پشتیوانی گەلی لە پشت نەما و کەوتە ناو قەیرانەوە, لە مانگی نۆڤەمبەری ١٩٧١ بڕیاردرا ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکان چەپەکان بە تۆبامارۆسییەکانەوە بەرەی بەرفراوان (ئەمپیلۆ)یان دامەزراند, سەرجەم پارت و رێکخراوە چەپگەراکانی ئۆرۆگوای لە ریزەکانی خۆی کۆکردەوە لە سۆسیالست و شیوعییەکانەوە تا لاھوتی ئازادیبەخش , توانیان ١٨,٦٪ی دەنگەکان بھیننەوە, ئەمە یەکەم بەشداری تۆبامارۆسییەکان بوو لە ھەڵبژاردنەکان, لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پارتی سور توانی ٤٠,٣٪ی دەنگەکان بھێنێتەوەو حکومەت پێک بھێنن و بەدوایدا بڕیاری شەڕی تۆبامارۆسی دا و تێسرەواندنی کاریگەریان لە بزووتنەوەکە دا و سەرۆک و ١٢ سەرکردەی دیکەیان لە ناویاندا بیبی کەوتنە زیندانەوە تا لە ساڵی ١٩٨٥ ئازادکران, ھاوکات لە بەرواری ٢٧-٥-١٩٧٢ زیندانی گەل کە دیلەکانی تۆبامارۆسییەکانی تێدا بوو لە پایتەخت ئاشکرا بوو کە باڵوێزی بەریتانیا جیفری جاکسۆن لەناو دیلەکاندا بوو, پەلاماری زیندانەکە درا, بەدوای شکستھێنانی سەربازی بەسەر تۆبامارۆسدا کودەتای سەربازی ئەنجامدراو پارتە سیاسییەکان قەدەغەکران و پەرلەمان ھەڵوەشایەوە .

لە ساڵی ١٩٨٩ کە ساڵی مردنی راول ساندیکی دامەزرێنەرە, تۆبامارۆسییەکان بزووتنەوەی بەشداری خەڵکیان دامەزراند کە لە گەریلاکانی پێشوو و چەند گروپێکی دیکە پێک دەھات, بۆ ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٤ بەرەی بەرفرانیان راگەیاند کە لە ١٨ پارت و رێکخراوی سیاسی پێک دێت لە گەریلاکانی تۆبامارۆسەوە بۆ شوعیەکانی سەر بە سۆڤیەت و سۆسیالستەکان و سۆسیال دیموکراتەکان و دیموکراتە کریستانەکان و لاھوتی رزگاریبەخش ......... .

لە کۆتایدا یادگارییەکی رۆبون ھودیانەی تۆبامارۆسییەکانتان بۆ دەگێڕمەوە, شەوێک تۆبامارۆسییەکان دەدەن بەسەر یانەیەکی دەوڵەمەندەکاندا یەکێک لە دروشمە ھەرە بەناو بانگەکانیان لەسەر دیواری یانەکە دەنووسنەوە ((یان ھەموو سەما دەکەن, یان کەس سەما ناکات)), لەوساوە ئەم درووشمە بە سەرتاسەری جیھاندا بڵاو بوەوە, بە پێچەوانەی سەرمایەدارەکانی کوردەوە کە دەڵێن خەبات دەکەین لە داھاتوودا ئێوەش وەک ئێمەتان لێبێت, نەک لە ئێستادا ھەموو وەک یەک بین و پێکەوە سەما بکەین, وەک لە خشتە بردنێکی خەڵک, ئەمان وتیان یان ئێستا ھەموو سەما دەکەین یان کەس سەما ناکات.

لە کۆتا رستەدا دەڵێم تۆبامارۆسییەکان خاوەند ویژدانێکی زیندوو بوون وەک کۆمۆنارەکان, بەڵام سیاسەت دەبێت ریالیستیانە بچێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بەردەوام و سەرکەوتوو بێت.

چەپ و حوکمڕانی لە ئۆرۆگوای.

ئۆرۆگوای لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٢ بەھۆی دابەزینی ریالی بەرازیلی ونەخۆشی تای مانگاو قەیرانی دارایی ئەرجەنتینەوە تووشی داڕمانی ئابووری ھات, داھاتی نەتەوەیی بە رێژی ١١٪دابەزی ,بێکاری بە رێژەی ٢٠٪ بەرز بوەوە بە تایبەت لە ناوچە لادێیەکان , ٤٠٪ی ھاووڵاتیان باری ژیانیان بۆ ژێر ھێڵی ھەژراری دابەزی, لە ساڵب ١٩٣٠ دا ئۆرۆگوای یەکێک بوو لە ١٠ وڵاتە دەوڵەمەندەکەی جیھان, ھاوکات یاسای گرنگی ھەبوو وەک ٨ سەعات کار لە رۆژێک, پشوی دایکایەتی ,بۆیە ناونرابوو سویسرای ئەمەریکا, داھاتی تاک لە دابەزینی بەردەوامدا بوو, بە ناچاری وڵات ٣,٢ ملیار دۆلاری لە سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی قەرز کرد, ئەم قەیرانە ئابورییە رێگای بۆ چەپگەراکان خۆش کرد تا تاباری فاسکۆیزی پزیشک و سۆسیالست خوازی مارکسیست لە ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤ سەرۆکایەتی بەرەی بەرین بکات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات, ناوبراو لایەنگرێکی سەرسەختی ھەژاران و پێشتر پارێزگاری شاری مۆنتینیگرۆی پایتەخت بوو, کە گەیشتە دەسەڵات دەرگای کۆشکی کۆماری بۆ ھەژاران خستە سەر پشت, ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی ١٩٩٤ ھەردوو پارتی رکابەری سەرمایەداری دەسەڵاتداری پێشوو یەکیان گرت دژ بە بەرەی بەرفراوان بۆ ئەوەی نەگات بەدەسەڵات کاتێک تاباری فاسکۆیز مایەوە بۆ خولی دووەمی ھەڵبژاردن.

خۆسێکا مۆخیکا ناسراو بە بیبی پشتیوانی فاسکۆیز بوو, تەنانەت ئەم گەریلایە لە کاتی سوێندخواردنەکەی لە تەنیشتییەوە بوو, چەپەکان پاش بە دەسەڵات گەیشتنیان لە نۆفەمبەری ٢٠٠٦ ھەموو قەرزەکانی سندوقی دراوی جیھانیان دایەوە و رێککەوتننامەکەی لە گەڵیا ھەڵوەشاندەوەو بێکارییان کەمکردەوە , ھاوکات لەسەردەمی فاسکوێزدا سەرۆکی پێشووی وڵات ماریا بوردابیری و جەنەرال غریغۆریۆ ئەلزاریز زیندانیکران بەھۆی پێشیلکاری مافی مرۆڤەوە دژ بە تۆبامرۆسیەکان و چالاکانی سیاسی, ئەمەش پاش بڵاوبونەوەی پەرتووکی لۆس ئەنیۆس ئۆسکۆرۆس ١٩٦٧-١٩٨٧ لە نووسینی مێژوونووسی ئەمەریکی سکوت مایرز رویدا.

کاتێک خۆسیە مۆخیکا خۆی پاڵاوت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری راستگەراکانی ئۆرۆگوای ترسیان لێ نیشت ئەم گەریلا مارکسیستە بگات بە دەسەڵات, تەنانەت رکابەرە سەرەکیەکەی لویس لاکای لە ھەڵمەتەکەیدا بە رابردووی تۆبامارۆسیەکەی ویستی نەیارەکانی بترسێنێت و لە خۆی کۆیانبکاتەوە , لێ ھاووڵاتیانی ئۆرۆگوای سەیری مۆخیکایان وەک گەریلای تۆبامارۆس و وەک سیاسیەکی میانەڕەو دەکرد لەم نێوەدا دابەش ببوون بەسەر دووبەرەدا, توندڕەو و میانەڕەو , بە تایبەت لایەنگرانی ئەو لە کرێکاران و جوتیاران پێک دەھاتن و چاوەڕوانی گرتنە بەری سیاسەتێکی ئابووریانەی رادیکاڵیان لێدەکرد , مۆخیکا وتی من وەک تۆبامارۆس ھەڵنەبژێردراوم, وەلێ نکۆڵی لە رابردووم ناکەم, کە راستگەراکان دەسەڵاتیان بەجێ ھێشت پاش ئەو قەیرانەی وڵاتی تێکەوت, بەرھەمی نەتەوەیی داڕمابوو بۆ ١٢,٠٦٧ ملیار دۆلار لە ساڵێک,کە بیبی کورسی سەرۆک کۆماری جێ ھێشت بەرھەمی نەتەوەیی وڵات گەیشتە ٤٠,٢٨٥ ملیار دۆلار , ئەمساڵ گەیشتە ٦٣,٣٧٠ ملیار دۆلار , ھاوکات کە دەسەڵاتی وەرگرت داھاتی تاک ٣٦٥٣ دۆلار بوو لە ساڵێکدا, کە بەجێی ھێشت گەیشتبووەە ١١٥٧٣ دۆلار لە ساڵێکدا, واتا زیاتر لە ٣ جار چووە سەر,

ھاوکات لانی کەمی کرێ گەیشتە ٣٩٠ دۆلار بۆ مانگێک, ھەژاریش بە رادەی زۆر دابەزی ,تەنھا ٠,١٪ی دانیشتوان بە کەمتر لە ١,٩ دۆلار لە رۆژێک دەژیان, ٠,٥٪یش بە ٣,٢دۆلار لە رۆژێک, ٣,٧٪یش بە ٥,٥ دۆلار لە رۆژێک.

بیبی تەنھا ژیانی خۆی چاک نەکرد, باری ژیای ھەمووانی گۆڕی, بۆیە جێی خۆیەتی بە باوکی راستەقینەی گەل ناوببردرێت, ئەو ناوە تەنھا پڕ بە پێسستێتی سیاسییەکی ئەفسوناوی ئاوایە.

زانیاری لەسەر وڵاتی ئۆرۆگوای.

ئۆرۆگوای وڵاتێکی ئیسپانی زمانی بچوکی ١٧٦٢١٥ کم دوجایە و خاوەند خاکێکی بەرینی کشتوکاڵییە کە ٨٧,٦٥٪ی خاکەکەی بە کەڵکی کشتوکاڵ دێت, دەکەوێتە نیوان بەرازیل و ئەرجەنتینەوە, لە ٢٤ی ئۆکتۆبەری ١٨٣٠ وەک دەوڵەت خۆی راگەیاندووە, لە ٢٥ی ئۆگستسی ١٨٢٥ سەربەخۆیی خۆی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ راگەیاندووە .

٥ ساڵ جارێک لەم وڵاتە سەرۆک کۆمار راستەوخۆ لە لایەن گەلەوە ھەڵدەبژێردرێت, لە گەڵ ٩٩ پارلەمانتار و ٣٠ ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی وڵات.

ئۆرۆگوای ئێستا لە لایەن بەرەی (بەرفراون )ی چەپگەراوە بەڕێوە دەچێت , بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٠ بەرەی ناوبراو توانی شاری مۆنتنیگۆی پایتەخت بباتەوە کە نیوەی ھاووڵاتیان لەو شارە دەژێن, ھاوکات لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە حوکمی وڵات دەکات .

ھەردوو پارتی نیو لیبراڵ و راستی ئۆرۆگوای کە پارتی سپی و پارتی سور ناسراون, بە تایبەت پارتی سور لە دوای ١٨٣٦ەوە حوکمی ئەم وڵاتە دەکەن تاساڵی ٢٠٠٠.

ھاووڵاتیانی ئۆرۆگوای ٨٨٪یان بە بنەچە ئەوروپین بە تایبەت ئیسپانی و ئیتاڵی و بە دوایدا فەرەنسی و ئەڵمانی و پورتوگالی و سکۆتلەندی و ئەرمەنی و ئێرلەندی و ماڵتی و سویسری و روس و پۆلەندی و کروات و بولگار و مەجەر و لیتوانی وئەستۆنی و......ن , ٦٪ یشیان مستیزۆنن و , ٤٪یشیان کۆیلە بوونە کە زۆربەیان ئەنگۆلین , ١ بۆ ٢٪یان عەرەبی لوبنانی و سورین ...,ھاوکات لە ٩٤٪یان بە ئیسپانی قسە دەکەن .

ئۆرۆگواییەکان لە ھاووڵاتیانی دیکەی ئەمەریکای لاتین عەلمانیترن , ٤٧٪ کاسۆلیکن , ١١,١٪ پرۆتستانتن , ٠,٣٪ جولەکە و ٢٣,٢٪ یان باوەڕیان بە خودا ھەیە بەڵام بە ھیچ کام لە ئاینەکان نا و ١٧,٢٪یشیان بێدینن.. , لە ساڵی ١٩١٦ەوە لەم وڵاتە دین و دەوڵەت لە یەک جیاکراونەتەوە و ژنان لە ساڵی ١٩١٧ەوە بەشداری دەنگدان دەکەن .

رێژەی ھەژاری لە ساڵی ٢٠٠٩ گەیشتۆتە ٢٠,٥٪ , لە ساڵی ٢٠١٠ دابەزیووە بۆ ١٨,٦٪ , لە ٢٠٠٦ دوای ئەوەی چەپەکان ھاتنە سەر حوکم بە ماوەیەکی کەم لە ٤٠٪ ھاووڵاتیان ھەژاربوون , دایان بەزاند بۆ ١٠٪,ساڵ بە ساڵیش لەسایەی حوکمڕانی باشی چەپگەراکان رێژەکە لە دابەزیندایە, بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠٠٧ , ١٠٪ی ھاووڵاتیانی زۆر ھەژار ١,٦٪ سامانی وڵاتیان ھەیە و ١٠٪ی دەوڵەمەندترین خاوەندی ٣٥,٥٪ سامانی وڵاتن, ریشەی ئەم نایەکسانیەش لە کۆمەڵگای سەرمایەداری و سیاسەتی نیو لیبراڵی حوکمڕانەکانی پێشودایە, بە پێی , داھاتی تاک ١٦,٧٢٢ دۆلارە لە ساڵێک , لە ریزی ٤٦ەمینی جیھاندایە, زیاترە لە شیلی و ئەرجەنتین کە ریزبەندی ٥٤ و ٥٥ یان گرتووە.

ئەم وڵاتە کشتوکاڵ ٩,١٪ی داھاتی نەتەوەییەکەی و پیشەسازی ٢٢,٥٪ و خزمەتگوزاری ٦٩,٣٪ی ئابووری ئەم وڵاتە پێک دەھێنن.

ژمارەی ھێزی کار ١٦٣٧٠٠٠ کەس بووە بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٠ , لەوانە ٤٢,٢٪ی لە ژنان پێک ھاتوونە , کە ١٣٪لە کەرتی کشتوکاڵ و ١٤٪ لە کەرتی پیشەسازی و ٧٣٪ لە کەرتی خزمەتگوزاری کاردەکەن,لەو ژمارەیە ١٥٪ لە فەرمانبەرانی کەرتی گشتین و ئەوانی دیکە لە کەرتی تایبەتن , بە پێی ئاماری ٢٠١٠ بێت ٦,٢٪ی ھاووڵاتیان بێکارن.

ئەزموون لە بیبییەوە.

بیبی باوەڕی وایە , ئەوەی عاشقی پارەیە جێگای نییە لە سیاسەت, منیش ئەوەی بۆ زیاد دەکەم بەتایبەت لە بزاڤی چەپدا جێگای عاشقانی پارە نابێتەوە, لە نێوان گیرفانی خود و گیرفانی گەلدا دەبێت وەک بیبی گیرفانی گەل ھەڵبژێردرێت, چەپەیاتی تەنھا ریزکردنی وشەی دادپەروەری و یەکسانی نییە, تەنھا بوون بە ئەندام لە پارتێکی شیوعی یان مارکسی یاخود سۆسیالستی نییە,بەڵکە سەرەتا کوشتنی ئارەزوە شەخسییەکانە و تاواندنەوەیەتی لەناو داخوازەکانی خەڵک, پێش ئەوەی فکر بێت پەیمانێکی ئەخلاقییە, دیارە بە بێ تێۆری شۆڕشگێڕانە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە دروست نابێت, بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەش ئەگەر ئاکارو رەوشت و ھەڵسوکەوتی شۆڕشگیِڕانە بەرھەم نەھێنێت ئاکامی داڕمانە, بۆیە بیبی و جیفاراکانمان لە پاڵ مارکس و قوتابییەکانی ھەمیشە پێویستە تا بزوتنەوەکەمان بە جوانی رو لە دەرەوە راگرن .

ئەگەر مارکس باوکی تیۆرییەکان بێت , ئەگەر جیڤارا باوکی شۆرشگیِڕان بێت, ئەگەر کۆمۆنارەکان قیبلەی رۆمانسیەت بن, ئەوا بیبیش باوکی راستەقینەی ھەژارانە, بۆ ھەڵسانەوە پێویستمان بە ھەمووانە.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک