١٤\٧\٢٠١١
باخچەیەکی قەفەسی،
وەرزێک لە تەنهایی.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
1
لەنێو باخچەیەکی
پەمەیی دەریادا
لەنێو شەپۆلێکی سەرشێتی بەربادا
لەناو پەرداخێک لە تریفەی
بەجێماوی سێبەری بەرهەتاوی ئاودا
بۆت دەگەڕێم
تاکو ناسکترین وشەى نووری وەرزت
لەخوێنی بەفر
بۆ بکەمە باخێک لە قەفەسی
سەفەری تەنهایی
تاکو پەلکەزێرینەیەکی بەهار و
گۆمێک لە سەمای رەنگاڵەیی ئاو و
گوڵاڵەیەک لەتیشکی هەتاو
بکەمە دیاری دڵشکاوی سیمای
پەنجەرەى رۆحت
تاکو دڵتەنگى خەمى باران و
کڕێوەی شەرابی سووری
بەفری زستان و
پەپولەى هیوای بیرباتەوە.
2
بۆت دەگەڕێم
لە نێو پەرچەمی فریشتەی
شەوەزەنگى ڕۆحما
لەنێو کۆرپەی گوڵێکى جوان
بە پێدەشتی دڵما
دەگەێنمە نێرگزی پایزی
هەڵوەریووی سووتان و
شانۆی روناکى کازیوەى بەربەیان
تاکو مەستى ببەخشێتە
دەروازەی دڵی رووبارت.
3
بۆت دەگەڕێم
لەنێو داگیرسانی تیشکی مۆمێک و
لەنێو کتێبێک لە تەمی ئێواران و
لەنێو دەشتی وەرزی جەستەی پڕ گریان و
تیشکى شانەی سەمای
نەرمى بەرە بەیان
تاکوو گەڵایەک لە چیمەنی
سنەوبەری رەنگی سەوز و
سەرمای چەپکێک لە کوڵمی سوور
بە وێنەی زەردەپەڕ دەکرێتەوە.
4
بۆت دەگەڕێم
لەنێو نیگای بەهەشتێکی وون بوودا
لەنێو زەریایەکی بەلم داپۆشراوی
سەرهەڵگرتوودا
کە پڕ بێت لە ئازاری ماچی گەڵا و
کۆچی مانگە شەوی پایز و
قەدەری پەژارەی
چەپکە گیایەکى سەوز
بەهەناسەی تاساوی
ژیانێکى غەمگین
وەک پەپولەى سەمای نێوان خۆر و
تەمی سپی ئاسمان
گوڵەکانیش پێ نازانێ
دەریا چۆن سەری خۆی هەڵدەگرێ.
5
بۆت دەگەڕێم
لەنێو باخچەیەکی زەردی غەریبی
کە ژیان تێدا بێهودەیە و رادەچڵەکێ
لە نێوان سەفەرى چارەنوس و
چڵى تریفەى مانگدا
هەواڵی ئەستێرەی بێ کەسی
چرۆی رۆحم هەر ناپرسێ
هەر ئەوکاتە دەبمە خەونی سەوزی
ڕێبوارێکى ئاوارە و ماندوو
کەشتیەکی دەریا لە چۆڵى و
درەختێکى تەرەی سوتاوی پایز و
خەیاڵى سەرشێتی مەستی
شمشێرى ناو خوێنى دڵم
دەبنە سەفەرێک تەنهایی.
6
ئەى نەسیمى ڕۆحى من
ئەى درەختی پەرچەم ئاڵۆزاوی
گەڵا وەریوەکانى دڵتەنگى
کاتێ رۆژ و وەرزەکانی
شەقامی ساڵ دڵتەنگ دەبن و
ئاوێنەى دڵیان تێک دەشکێ
مەرگیش بە ئەسپایی
لەنێو تابوتێکى سپى
لە سێبەری پەڵە هەور و
بێزار دەبێ
مەلی باڵشکاوی شیعر
وەرزى رەنگاورەنگی
پەنجەرەی سپی دەبینێ ؟
7
بۆت دەگەرێم
وەکو ئاوێنەی قەدەری رووی خۆم
وەکو مۆمی دڵ بەخەندە و
زەردەخەنەی بەجێماوی زامی بەسیۆم
کاتێ ئاسمان پەرژینى خۆی
واڵا دەکا و
جوانى نیگا ناناسێتەوە
سێبەرى گەڵایەک دەبینم
کەوتۆتە سەر زەوی پرچی تەمەن
هەر ئەوکاتە ماچەکانی رابردوو
پڕ دەبن لە شەپۆڵی دەریا و
لێزمەى باران تووڕە و
دۆزەخێک لە سپیەتی بەفر.
8
بۆت دەگەرێم
ئێوارەیەک تاڤگەی چۆڕاوگەی
تەڵخ دەبینم
بە وێنەی کۆشکێکی
دەرگای ژوورێکی تێکشکاو
بە وێنەی پەرچەمێکی سپی ئاڵۆزکاو
بە وێنەی کەشتیەکى ون بوو
لاپەڕەى شەپۆڵهکانی هەڵدەداتەوە
کە پڕە لە رۆحی تەڵخ و
دووڕیانێکی سەهۆڵبەندان و
رەنگاوڕەنگ لە خەمێکى بێدەنگى.
9
چەند بگەرێم
دەبمەوە پەپولەیەکی ناسک
فەرامۆش بە تەمەنى باخچەیەکى رەش
شکاو بە شووشەی خەون
دەبمە چرکەی گزنگی بەیانی
دەبمە تنۆکێ لە باران
دەبمە چۆڕاوگەی زستان و
خونچەی پشکوتووی
چوار وەرزی ساڵی دابڕان.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|