٢٥\٤\٢٠١٥
باخچەیەک لە شیعر.
- خوێندنەوەیەکی شیعری
"شیعر و نەغمەی بولبولێکی سپی"ی کەژاڵ ئیبراھیم خدر -

سەباح
کەژاڵ
ئیبراھیم خدر، دەنگێکی شیعری دوای ڕاپەرینە، بە جورئەتەوە دەدەوێت و
دەنووسێت. ڕوژێک لە ڕۆژان بەر لەوەی خۆی بۆ شیعر یەکلایی بکاتەوە وەک
ئەکتەرێک لە سەر تەختەی شانۆ بووە. دووان لە ھەر بەرھەمێکی مەزنی وەک:
ئەدەب، فەلسەفە، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی....تاد، بە تایبەتیش دونیا
ئێسکسووک و ڕۆحە ئەویندارەکەی ئەدەب و لەسەرووی ئەوانیشەوە ژانری شیعر
کە لە ھەردوو حاڵەتی دیاردەی خۆشی و کارەساتی خەماوی و تراژیدیایدا
ئارامی بە ڕۆحی مرۆڤ دەبەخشێ. بڕوام وایە کە بەرھەمی ئەدەبی خۆراکێکی
ڕۆحییە بۆ مرۆڤ. کەژاڵ ھەمیشە شیعر بۆ شتە جوانەکان و عیشق و پیاو
دەنووسێت، ھاوکات دژی دیاردە دزێو و نەشیاوەکانی نێو کۆمەڵگەیە. ئێمەی
مرۆڤ ھەر لەگەڵ لە دایکبوونمان ھەست و سۆزێک لە ناخی ئێمەدا بوونی
ھەیە، کەژاڵ شیعرەکانی بە زمانێک دەنووسێت، کە ھەموو ئاشقێک ڕووی تێ
بکات .
لەمەودوا
قەڵەمەکەم دەدەمە دەست تۆ
تۆ لەبری من، شیعر دانێ
تابزانی دڵی تۆش، وەکوو من
ناونیشانی، بەفرو باران و
عەشق و، خۆشەویستی پێ دەزانێ.
خەسڵەت و زمانی شیعرەکانی ئەو شاعیرە، زمانێکی تایبەتە، کەژاڵ ھەوڵ
دەدات لەڕێی شیعرەوە کۆمەڵێک پرسیار بخاتە روو، دەیەوێت ڕەگەزی مێ
ڕاشکاوانە ناخی خۆی دەربڕێ. تێکستی باش، ئەو تێکستەیە کە دەرەوەی خۆی
جوان دەکات.
لە سەوزایی شیعرێکما
ویستم وێنەی تۆ بنووسمەوە
لەخۆم بچێ
دوور لەخەم و بۆ ھەمیشە
پێ بکەنێ
شیعر گریاو لێم توڕەبوو
ئەو چۆن دەتوانێ
ببێ بەتۆ
تۆ ھەمیشە لەگەڵمایت و
ئەو تەنھا وەرزی پایزان دێ.
ڕەخنەگری ڕاستەقینە، دەقی ئەدەبی، وەک کیمیاگەرێک شی دەکاتەوە، بێ
پیاھەڵدان و ستایشکردن، یان ناووناتۆرە، ئەرکەکەی تەنیا شیکردنەوەیەکی
پوختە. ئەوە ڕەخنەو لێکۆڵینەوەیە ڕۆح بە بەر ئەدەبدا دەکات. کاتێک ھەر
دەقێکی ئەدەبی: چیرۆک، شیعر، لێکۆڵینەوە ،.... تاد پێشکەش بە خوێنەر
دەکرێت، پێویستە ڕِەخنە ھەبێت تا دەستنیشانی لایەنی ئێستێتیکاو
کەموکووڕییەکانی دەق بکرێت، کەچی بە شێوەیەکی گشتی لە ئەدەبی کوردیدا
چەمکی ڕەخنە وا لە ھزرو بیری خوێنەری کورد دا جێگیر بووە کە بە تەنیا
دەستنیشانی لایەنە کەموکوڕییەکان دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا گەر بمانەوێت
پێناسەیەکی ڕەخنە بکەین دەتوانین لە سادەترین پێناسەدا بێژین: ڕەخنە
بڕیاردان، شیکردنەوە، خوێندنەوەو قسەکردنە لەسەر دەقێک بە ھەر دوو
لایەنی جوان و ناشیرینیەوە. ڕەخنەگر لە قۆناغی یەکەمدا، وەک ھەر
خوێنەرێکی دیکە دەق دەخوێنێتەوە، لەم خوێندنەوەیەدا یا ئەوەتا پەسندی
دەکات، یاخود لێی ڕازی نابێت. "پاوڵۆکۆیلۆ" کە نووسەرێکی بەرازیلیاییە
دەبێژێت: "کاتێ دەنووسم ھەوڵدەدەم خۆم باشتر بناسم.".
کە دێی لەسەر
کورسییەکە دادەنیشی
کورسییەکە دەبێت بە تەختی
پاشایەتی و
لەبەردەمتا شەرم دەکەم
گوڵێک دەدەیت لە بەرۆکم و
لە کەناری رۆحما دەیچێنم
بۆ ھەمیشە بۆنی دەکەم
کە دەمیش دێنیت ماچم بکەیت
ھەڵم دەبڕی تا تینوێتیت بخۆمەوە
بەڵام من فریای ھیچ ناکەوم
لە بەردەمتا دەتوێمەوە.
فەرووغ فەرووخزاد (١٩٣٥-١٩٦٧) گوتەنی: " کەسێک چەند ڕێز لە بیڕوباوەری
خۆی دەگرێ، منیش بەھەمان ڕادە ڕێز لە شیعر دەگرم." شاعیر ھەمیشە لە
خەیاڵ و، بیرکردنەوە و ئەندێشەی خۆیدا دەژی، ئەو بە تەنیا خەمی خۆی
نەکردۆتە پێوەرێک، ئەو ھەموو خەم و ئازارەکانی وڵات و نیشتمانی لە کۆڵ
ناوە بۆیە شیعری کردۆتە پەناگەیەک تا ئارامیی پێ ببەخشێت. شیعر ئەو
دەفرەیە کە لە توانایدا ھەیە لە نێو خۆیدا جێگەی ھەموو شتێک بکاتەوە.
شیعر لای من
نەغمەی بولبولێکی سپی و
باڵی پەپولەیەکی ڕەنگاوڕەنگ و
چاوی باران و بەفر و
پرشنگی ئەستێرەیە
لەدەشتی ساماڵی دڵما
دەڕوێ
لە سنگە فراوانەکەیدا
ھەموو شتێ ھەڵدەگرێ
لەخامۆشی دڵی مندا
ھەرچەند ھاوار دەکاو، دەنگ ھەڵ
دەبڕێ
دەستەمۆیەو،
ھیچی پێ ناکرێ؟
کەژاڵ خاوەنی "١٧" دیوانە شیعرە، بەشێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە
سەر زمانەکانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی. کەژاڵ باخچەیەکە لە شیعر،
شیعرەکانی پڕن لەچێژو دەیەوێت لەڕێی تێکستە شیعرییەکانییەوە ھەموو ئەو
دیوارانەی کۆمەڵیان پێ داخراوە بڕوخێنێ.
|