٢٧\١٢\٢٠١٦
"باخەکەی باوکم"ی
"شوان عەتووف" لە کەنەدا خەڵاتکرا.
مەنسوور جیهانی
کورتە
فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" لە
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کەنەدا" خەڵاتکرا.
کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان
عەتووف" بە تیشک خستنەسەر شێعرێکی "مەولانا جەلالەدین ڕۆمی" لە نوێترین
بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کەنەدا" نمایشکرا و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی
لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەی بە ناونیشانی "خەڵاتی باشترین"ی
پێبەخشرا.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کەنەدا" یەکێکە لە فیستیڤاڵە
گرینگەکانی ئەم وڵاتە و ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە بە
بینینی کورتە فیلمی کوردیی "باخەکەی باوکم" سەرسامبوون و بڕیاریش درا
لەبەر گرینگی بابەتەکەی لە چەندین بۆنەی دیکەی فیستیڤاڵەکە و ھەروەھا
وڵاتی کەنەدا نمایش بکریت.
"باخەکەی باوکم" کە بە سپۆنسەریی سەرەکیی ھۆتێل "ڕامادا" لە شاری
سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان سازکراوە و لە ڕێگای کۆمپانیای "ئای لۆڤ
فیلم" لە ئاستی جیھاندا بڵاودەکرێتەوە، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی
خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆھر" لە
میانەی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی لە وڵاتی
ئیماڕات و ھەروەھا لە درێژەی بەشدارییە جیھانییەکانی خۆیدا لە بەشی
پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆتایی تەکساس" لە
ویلایەتی تەکساس لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
ئەم فیلمە کوردییە ١٣ خولەکییە لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی
خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی مۆنتاژ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
"قووڵایی گۆڕەپان" لە ویلایەتی دیلەوێر لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
کورتە فیلمی کوردیی "باخەکەی باوکم" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی
خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی "کورتە فیلمەکان" لە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "کامێڕای عەڕەبی" رۆتێردام لە وڵاتی ھۆڵەندا چووە سەر
پەردەی سینەماکان.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی
جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشیڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی
٢٩ی ئەیلوول تا ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە شاری رۆتێردام لە وڵاتی
ھۆڵەندا بەڕێوەچوو.
ستافی ئامادەکردنیی کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" بریتین لە:
نووسین و دەرھێنان: شوان عەتووف، نواندن: شانۆ عومەر، کامەران مەنسوور،
بەھائەدین عزەبانی و شاڵاو جەمال، فۆتۆ گرافەر: ھەرێم جەمال،
بەڕێوەبەریی بەرھەم: ئازاد پێنجوێنی، ڕووناکی: دانا جەمال، دەنگ:
کاسیان عەلی، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیھانی،
بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: ھەردی سەلامی، مونتاژ و پاش بەرھەمھێنان (ئای
لۆڤ فیلم): دانەر عومەر، یاریدەدەریی دەرھێنەر: ئەژین کاوە و بڕیار
بەختیار، بەرھەمھێنەر: شوان عەتووف و نزار سەلامی، کۆمپانیای جێی بەجێی
کار: گرافیکا بلو، کۆمپانیای دابەشکردن: ئای لۆڤ فیلم و سپۆنسەریی
سەرەکیی: ھۆتێل ڕامادا.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|