په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٨\٢٠٢٢

    باغەوانان.

دارا خونچە

باغ خۆی

حەوجەی بەو دووپێگەلە هیشکانە نییە

              نێویان لەخۆ نایە مرۆ و

                       زەوی چەمەنتۆڕێژ دەکەن!

باغەوان هەن

بیر و بازوویان

        هەست و سۆزیان

                   یەک بست لە باغ دانابڕێن..

      دەگەڵ سیسبوونی یەک کوریک

            داهێزرانی یەک پنجە گیا

            پەژموردەبوونی یەک نەمام

                               گیانیان دەردێ..

باغەوانیش هەن

وە پێی مەژیی و چلکی دەستی خاوەن باغان

   گوڵان گۆشاوگۆش سەردەبڕن

       لە بنوبۆتکەوە دەریاندەکێشن

       دە نێو زیندانی گوڵدانێ بەندیان دەکەن!

   چیمەنان پاکتاودەکەن

       لە شوێنیاندا (باغە)ی کەسکی لێڕادەخەن!

   دار دەبڕن و

   ئامادەنە وە فەرمانی خاوەن باغان

             شاپ لە قوونی خۆیان هەڵدەن

                  دار لە خودی خۆیان ببڕن!

دە ئاخر ئەوانەی یەکەم

              هەر چی باغە

                   وە سەرمایەی خۆ دەزانن..

        ئەوانەی دووەمیش خوازیارن

          پیچەک لەو دزییە بپچڕن

              خاوەن باغان (خیت)ی دەکەن!

 

سەرەتای ئابی ٢٠٢٢

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک