په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٣\٢٠١١

رێگه‌یەکی تر بۆ یادکردنەوە.
با یادی ئەنفال بکەینە رۆژی سەرنەبڕین، رۆژی گۆشت نەخواردن.


کارێکی کەم‌و واتایەکی گەورە:


دەبوایە لەدوای تاوانی ئەنفال‌و هەڵەبجە، هەروەها پێش ئەوانیش هەردووک تاوانی کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی‌و دەرکردنیان لەوڵات‌و تاوانی کۆمەڵکوژی بارزانیەکان، لەسەدەی ڕابودودا پەندی گەورەیان لێوەرگیرابا، لەسەرئاستی نێودەوڵەتی کورد مافی ئەوەی هەبوو (ئێستاش هەیەتى) وەک نەتەوەیەکی جینۆسایدکراوشکۆی بۆ بگەرایەتەوەولەسەرئاستی ناوخۆش بەتایبەتی لەدوای یەکلایی کردنەوەی دۆسێی ئەوتاوانانە دەوڵەتی عێراق بەئەرکی یاسایی‌و سیاسی‌وئەخلاقی خۆیەوە پابەندبوایەوبەفەرمی داوای لێبوردنی لەگەلی کورد بکردایە، گەلی کوردیش نەک هەربەهیچ پاساوێک بیری لەشەڕی ناوخۆو یەکتری کوشتن نەکردایەتەوە..بەڵکورێزی لەهەموو زیندەوەرێک بگرتایە. بەڵام ئەفسووس.


ئێستاش لەدوای 23 ساڵی تاوانی کۆمەلکوژی شاری هەڵەبجەو گوندەکانی سێوسێنان‌وگۆپتەپەوعەسکەرودۆڵی بالیسان‌وکۆمەڵکوژی ئەنفال، جگەلەوەی لەیادەوەری ئەوتاوانانەدا مەراسیم دەگێڕدرێت، پێویستمان بەپەیامێکی کۆمەڵایەتی گشتگیرترهەیە، کەهەم گوزارشت لە هەستێکی بەرزى کۆمەڵایەتی بکات‌و رێزگرتنێکی بەکردەوەش بێت لەژیانی زیندوان‌وقوربانیەکان، هەم ببێتەمایەی شەرمەزاریش بۆ هەرجۆرە تاوانێک،لەم بارەیەوە گۆڤاری ئەنفالستان کەساڵنامەیەکی تایبەتە بەتاوانی ئەنفال‌وجینۆساید چەند پێشنیارێک دەخاتە بەردەست هەرتاکێکی کورد، تاوەک ئەرکێکی ئینسانی‌ونەتەوەیی بەکردەوە رۆژێک بۆ(سەرنەبرین)‌ورێزگرتن لەبەهای ژیان‌وخۆشەویستی‌و قوربانیەکانی دابنێت .


پێشنیـارەکان:


یەکەم: لەهەردوو یادەوەری 16/3 و 14/4 هەمووتاکێکی کورد گۆشتخواردن لەخۆی قەدەغە بکات، واتە لەو دوو رۆژەدا هیچ پەلەوەرو ئاژەلێک سەرنەبڕدرێت‌و قەسابخانەکان‌و چێشتخانەکان پابەندبن بەم پەیامە کۆمەڵایەتیەوە‌وگۆشت نەفرۆشن.
دووهەم: هەرتاوانێکی خوێن رشتن لەدژی مرۆڤ حوکمەکەی دووئەوەندەی برگە یاساییەکان بێت کە لەیاسای دەولەتدا هاتووەو لەدەست‌وریشدا جیگەی بۆبکرێتەوە.
سێهەم: رۆیشتن بۆسەرمەزاری قوربانیەکان لەهەڵەبجەوبالیسان‌وبانی مەقانی چەمچەماڵ‌ودێبنەی ناحێی رزگاری لەسەنتری شارەکانیانەوە رۆیشتن بەئۆتۆمبیل یاساغ بێت‌وبەپیادە برۆنە سەرمەزاری قوربانیانی ئەنفال‌وکیمیاباران.


ئامانجی پێشنیارەکان:


1- وەک کاردانەو پەرچەکردارێکی ئاشتیخوازانە دژبەکۆمەڵکوژی‌و جینۆسایدی گەلی کورد.
2-بێگومان هەموومان دەزانین لەجیهانی ئیسلامیدا رۆژانی جەژنی قوربان دەبێتە ڕۆژی سەربرین‌وکوشتارولەپێناوی سفرەی خانەوادەکان زۆرترین ئاژەڵ‌وپەلەوەرسەردەبڕدرێت. بەڵام لەساڵی 1988 دا بەتایبەتی کەتاوانی ئەنفال لەناوچەی گەرمیاندا کەوتە مانگی رەمەزانەوەوئەنفالی قۆناغی چوارەمیش ناوچەی شوان‌وقەڵاسێوکەو شێخ بزێنی‌ودەشتی کۆیەی گرتەوە لەنیوان ئەو دووجەژنەدا دەیان هەزارخەڵک نەک هەرفریای جەژن‌وگۆشتخواردن نەکەوتن بەڵکو، سەرباری برسیکردنیان لەکەمپی تۆپزاوا پۆلێنکران بۆ کۆمەڵکوژی‌، بەپێی قسەی دەربازبووەکانی گۆری بەکۆمەڵ دوای برسیکردن‌و تینوکردن‌و بێهێزکردنیان پرۆسەی کۆمەڵکوژیەکە ئەنجامدراوە، ئەوانەشی برابوون بۆ نوگرەسەلمان شەش مانگی ژیانیان بەبرسێتی بەسەربرد.
3- هەلەبجەیی‌و بالیسانیەکانیش لەئێوارەی 16/3 ‌و16/4 دا لەبری ژەمە نانخواردن ژەهریان دەردخوارددرا. بۆیە لەو رۆژەدا دەتوانین بەحەرامکردنی گۆشتخواردن رێز لە قوربانیانی ئەو تاوانە بگرین.
2- گۆشت نەخواردن لەو رۆژانەدا، بەواتای ڕۆژی رێزگرتن لە ژیان‌ بەواتایەکی تر رۆژی سەرنەبرین‌
4- ئەمە رەنگە ببێتە مایەی سەرنجی میدیای جیهانی‌و پشتیوانیەکی گەورەی نێونەتەویی بۆناساندنی تاوانی جینۆساید لەجیهاندا‌و هەنگاوێکیش بێت بۆ چارەسەری کێشەی سیاسی کورد.
5- لەداهاتووشدا کۆمەڵگەی کوردی بەکردەوە دەباتە سەر رێگاکانی ژیاندۆستی‌و تەندروستر مامەڵە لەگەڵ ناکۆکی‌و ململانێ‌ سیاسیەکانی دەکات .‌و رەگەزەکانی دڵرەقی‌و توندرەفتاری کاڵدەکاتەوە.


تێبینی:


ئەم پرۆژەیە لەئەنجامی ئەو بەدواداچوون‌و دیدارە رۆژنامەوانیانەی ئەنفالستانەوە هاتوون لەماوەی ئەو حەوت ساڵەی دەرچوونیدا، دەردەکەوێت کە زۆربەی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان تائەو کاتەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە موچەیان بۆ براوەتەوە لەجەژندا توانای گۆشت کرینیان نەبووە، هەروەها زۆربەیان دوای هاوسەر گیری‌و ماڵپێکەوە نانەوەش ئەگەر تواناشیان هەبووبێ‌ گۆشتیان بۆجەژن نەکریووە تا ئەوکاتەی منداڵەکانیان گەورەبوون‌و هەتا ئێستاش، زۆربەیان لەبەرخاتری پیرۆزی بۆنەکەو هەستی مندالەکانیان رۆژانی جەژن گۆشت دەخۆن.


کەوایە دەتوانین ئیمەی کورد لەو دوو رۆژەدا هەم هاوخەمی قوربانیانی ئەنفال‌وکیمیاباران‌و هەم وەک بەرچەکردارێکی کۆمەڵکوژی ئەو رۆژە دژی سەربرین بین‌و ژیاندۆست‌و تەندروست بین . تۆش وەک تاکێک پابەندبە بەم ئەرکە کۆمەڵایەتیەوە .
 


omer_m0287@yahoo.com

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک