په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٥\٢٠١١

بەیاننامە:

با یاسا سەروەر بێ و کۆتایی بە هەڕه‌شە و پێشێلکاریی بهێنرێ.

 


سلێمانی، 30ی ئایاری 2011: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، سەرکۆنەی هەڕەشەکانی بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەر سەرنووسەری گۆڤاری هۆنیا دەکات.

ئارام مەلا محەمەد سەرنووسەری گۆڤاری هۆنیا بەسەنتەری میترۆی راگەیاند، "شەوی یەکشەممە (295) سەرپەرشتیاری ناوچەی سەیدسادقی پارتی دیموکراتى کوردستان پەیوەندی پێوەکردم و هەڕەشەی کوشتنی لێکردم.".


ئارام وتی "دەنگی ئەو بەرپرسەم تۆمار کردووە کە پێم دەڵێت: بەخوێنی شەهیدان لەسەر ئەو بابەتە لە پشتە ملەوە سەرت دەبڕم."

ئارام روونیکردەوە، "ئەو هەڕەشانە لەئەنجامی بڵاوکردنەوەی بابەتێکەوە هاتووە کە لەژمارە (51)ی گۆڤاری (هۆنیا) لەژێر ناونیشانی (لەدەزگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر کچە خوێنکارێک) بڵاوکراوەتەوە، ئامادەکاری راپۆرتەکەمان لێدوانی هەر یەک لە خوێندکارەکە و کادرێکی راگەیاندنی پارتی وەرگرتووە." ئارام جەختیکردەوە"ئێمە نەهاتووین چیرۆک دروست بکەین."

دلێر حەمە کەریم بەرپرسى ناوچەی سەیدسادقی پارتی دیموکراتى کوردستان بە سەنتەری میترۆی وت "هۆنیا بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە پڕە لەبوختان و تەشهیرو قسەی ناشایستە بەرامبەر کارمەندێکی راگەیانمان و داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەین." جەختیکردەوە"سەرتاپای راپۆرتەکە لەڕیگەی خەڵکی بەکرێگیراوەوە هۆنراونەتەوە، بۆ شکاندنی سومعەی راگەیاندنی پارتی لەو ناوچەیە."

سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی خۆى لە شەوی یەکشەممە لەگەڵ سەرنوسەری گۆڤاری هۆنیا، بەرپرسى ناوچەی سەیدسادقی پارتی دیموکراتى کوردستان وتى "ئەوە دەرئەنجامە و بچن لێکۆلینەوە لەهۆکارەکان بکەن. ئێمە لەڕێگەی یاساوە یەکلایدەکەینەوە."

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت "سەرکۆنەی هەڕەشەکردن لەسەرنووسەری گۆڤاری هۆنیا دەکەین. با یاسای کاری رۆژنامەنووسی دادوەر بێت لە یەکلاکردنەوەی لەکێشەکانی نێوان رۆژنامەنووسان و دەسەڵاتی حزبی و حکومی نەک هەڕەشە و پێشێلکاری."
___________________________________________________________
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنووسان و مافەکانیان. ئەم رێکخراوە، لە هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان (JFO) دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.


بۆ زانیاریی زیاتر، پەیوەندیی بکەن بە:

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ: 07701523300 rahmangarib@yahoo.com
نیاز عەبدوڵا، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێر: 0704617014  niyazabdulla@yahoo.com
ئاوات عەلى، ئەندامى بۆردى سەنتەرى میترۆ 07701435822
 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک